بەفر هەتا چۆکان باریبوو

0

بەفر هەتا چۆکان باریبوو

هێشتا کەڵەبابە خەوخۆشەکان وەخەبەر نەهاتبوون، کزەیەک سەرژمێری شوێنپێی ئەو سوێسکانەی دەکرد کە نیوەشەو کەوتبوونە سەر ڕوومەتی زستان، چۆلەکەکان بەدەست بۆڵەبۆڵی سەرماوسۆڵەوە وەڕەس بوون، دەست و پەنجەی سروشت بەستبووی، نازی سەهۆڵ… تەوقەئاسا لە قژی سەرمابردووی درەختەکان هاڵابوو، سەروگوێلاکی تاشەبەرد بە ئاستەم دەبینرا، هێشتا لێوی کانیاوەکان خاو نەبوبوونەوە، نسارەکان پڕبوون لە تەرمی خۆزگەی گێلاخە، کەروێشکێکی دەستگیراندار لەنێو تەمومژی خەیاڵدا چاوی بڕیبووە دڵڕەقیی بەفر، شەوگار پەلوپۆی شەوی دەتەکاند، لە کەلی کۆترە هەتیوبارەکە، پیرەهەڵۆیەک بە ڕازیکردنی دڵی تەوارێکی عازەبەوە خەریکبوو، لە شانی شیلانە زڕەکە، سمۆرەیەکی دەم بەگلەیی گوێیدابووە دەردەدڵی کەڵەکێویەکی بە کەسیرەکەوتوو، لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم تاڵەمووی پەرچەمی هەتاو، لە ملەی گزنگە لارەملەکانەوە، بەدیوی ئەمدیوی چاڵە ئومێدەکاندا، بە گولـلەی ڕاوچیەک مەڕاڵێکی تازەپێگەیشتووی عاشق کوژرا..

٭گێلاخە: گیایەکی بەهارییە لە توخمی کنگر، گۆزڕوان، تۆڵەکەو تادوایی..

٭شیلان: درەختێکی کورتەباڵایە وەک بەڵاڵوک، گوڵی سپی دەگرێ و  بەرەکەی وەک گۆیژ وایە..

٭مەڕاڵ: مامز، ئاسک..

ــــــــــــــــــــــ

ئارام حەسەن

Leave A Reply

Your email address will not be published.