کۆماری ئیسلامی بە جێگای ئاو بۆ خەڵکی خوزستان ئەرتەشی ڕەوانەی ناوچەکە کرد نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی
کۆماری ئیسلامی بە جێگای ئاو بۆ خەڵکی خوزستان ئەرتەشی ڕەوانەی ناوچەکە کرد
نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی
دوای روخانی ڕژیمی پەهلەوی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، خەڵک بەردەوام هەر لە سەرەتاکانی خۆسەپاندنی ئەو ڕژیمە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانیان بەڕێوە بردووە و ئەو ناڕەزایەتیانە تا بە هەنووکەش هەر بەردەوامە. شەپۆلی نارەزایەتیەکان بەردەوام لە ئارا دا بووە کە دەتوانین باس لە یەکەم ناڕەزایەتی بە شکۆی ژنان لە ئێران، دوو مانگ دوای هاتنە سەرکاری کۆماری دژە ژن بکەین دژ بە پۆششی ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی هەردەم وەلامی خەڵکی بە گوللە و ئەشکەنجە و زیندان داوەتەوە. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شایەتی ناڕەزایەتیی بەربلاوی خەڵکی خوزستان و شارە عەرەب نشینەکانی ئێران لە نارەزایەتی دەربڕین بە نەبوونی ئاو و پێداویستی سەرەتایی ژیان بووین. خەڵکی خوزستان یەک دەنگ ڕژانە سەر شەقامەکان و هاواری نەمانی کۆماری ئیسلامیان بەرز کردەوە. خەڵک بەردەوام دروشمی نا بۆ دیکتاتۆر و مردن بۆ خامنەیی ڕیبەریی نیزامی دیکتاتۆریان دەوتەوە کە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگر دەردەخات کە کۆماری سێدارە هیچ مەشروعیەتێکی نەماوە و خەڵک بە هەموو چین و توێژەکانیەوە دژ بەو دەسەڵات و سیستمەن. خەڵکی ناوچە عەرەب نشینەکان وەکوو خەڵکی کوردستان قوربانی سیاسەتی فاشیستی ڕژیمی ئێرانن و بە هۆی پرسی ئێتنیکەوە هەردەم پەراوێز خراون و ساڵەهای سالە هیچ هەلێکی کاری لەو ناوچانە بۆ خەڵک پێک نایەت وخەڵک لە سەرەتاییترین پێداویستی ژیان بێ بەشن. رۆژ نییە کۆماری سێدارە لەژێر ناوی تاوانی داتاشراو وەک قاچاخچی مادەی سڕکەر و هتد…..لاوانی ئازادیخواز لە سێدارە نەدا و حوکمی ناڕەوایان بەسەردا نەسەپێنێ. ناڕەزایەتیەکان سەرەتا لە شاری فەلاحیە دەستی پێ کرد و کۆماری سێدارە وەک هەمیشە بە گوللە و کوشتن و بڕین وەلامی تینوێتی و بێ ئاویی خەڵکی داوە و لەو نێوەدا دوو کەس گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەکی زۆر بریندار بوون. زۆری نەخایاند خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران هاوتەریب بوون لەگەڵ ناڕەزایەتیەکان و وێرای خەڵکی خوزستان و ناوچە عەرەب نشینەکان دروشمی نا بۆ دیکتاتۆری و مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی جینایەتکاریان دەوتەوە. ئەم شەپۆلە لە نارەزایەتیە یەکەم جار نییە لە شارەکانی ئێران دێتە ئاراوە، بەڵکوو خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێران کە هیچ کات ئەو ڕژیمەیان بە مەشروع نەزانیوە لە هەر دەرفەتێک کە بۆیان لوابێ هاواری مافخوازیی خۆیان دەربڕیوە و نایان بە دیکتاتۆری وتووە. هۆکاری ئەو گشتە ناڕەزایەتیی و مانگ گرتنە هەڵاواردن، سەرکوتی خەڵک لەلایەن هێزە دژە مرۆڤ و سەرکوتکەرەکانی ڕژیم، هەژاری لە ڕادەبەدەر، هاتنە خوارەوەی هێڵی هەژاری، زۆربونی دیاردە کۆمەلایەتیەکان کە هەموو سەرچاوە گرتوو لە هەژارییە، دزی و گەندەڵی سەرانی ڕژیم و سیاسەتە شەرانگێزانەکانی کۆماری ئیسلامیە کە دوکەڵەکەی دەچێتە چاوی خەڵکەوە. ئەم ناڕەزایەتیانە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی شانۆی بەناو هەڵبژاردنەکانی ئێران و هاتنە سەر کاری رەئیسی گەورە تێرۆریست و جینایەتکاری ڕژیم کە دەستی بە خوێنی هەزاران ڕۆلەی ئەو خەڵە سوورە و ئێستاکە سەرۆکۆماری ئەو دەسەلاتە دیکتاتۆرەیە. ئەو شەپۆلە لە نارەزایەتی دەری دەخات خەڵک هیچ هیوایەکیان بەو ڕژیمە و مۆرەکانی دەسەلاتی بەهەموو باڵەکانیەوە نییەو باش لەوە تێگەیشتوون کە تەنیا رێگەچارەی ئازادی و نەمانی هەموو کێشەکانیان لەپێش هەموو شتێکدا لەناوچوونی کۆماری ئیسلامی و روخانی ئەو دەسەڵاتەیە. هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیی ناوچە عەرەب نشینەکان بۆ نەبوونی ئاو و پێداویستیی ژیان و ئیمکاناتیی مرۆڤی هەروەک ئاگادرین نیزیک بە دوو مانگە شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتیی و مانگرتن لە کارگە و شەریکە نەوتیەکان بەڕیوەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ کرێکارانی زۆرتر بەو مانگرتنە پەیوەست دەبن. هەفت تەپەش وەک هەمیشە پێشەنگ کە ئەزمون و پارامێترێکی نوێی لە خەباتی کرێکاری لە ئێران بۆ چینی کرێکار بەجێ هێشتووە، هەنووکە لە بیستەمین ڕۆژی مانگرتن و خەباتی لێبڕاوانەی کڕیکاری خۆی دایە. کۆماری ئیسلامی ساڵەهای ساڵە بە زیندان و ئەشکەنجە و ئیعدام و ڕەشبگیری هەوڵی لە باربردنی شٶرش و ناڕەزایەتیەکانی داوە، بەڵام خەڵکی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ بە داخوازیی رادیکاڵ و مافخوازانەی خۆیان دێنە سەر شەقامەکان و هاواری نا بۆ کۆماری ئیسلامی و نەمانی یەکجارەکی ئەو ڕژیمە بەرز دەکەنەوە. ئەوە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە خەڵکی ئێران لە هەرەشە و گوڕەشە و رەشبگیری ناترسێن و تا گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی خۆیان واتە نەمانی سیستم و دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خەبات سڵ ناکەن…