دڵشاد محەمەد عارف : من لەوباوەڕەدام هێرشەکانی سەرهەرێمی کوردستان چ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نادەوڵەتبونی ئەم قەوارەیەوە نییە، وابەستەیە بە خواستی سەرمایەداری ناوخۆیی و چواردەورەکەی… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز دڵشاد محمد مارف کۆمۆنیست و هاوخەباتی چینی کرێکار سەبارەت بە قەوارەی هەرێم و ئایندە سیاسییەکەی…

0

دڵشاد محەمەد عارف : من لەوباوەڕەدام هێرشەکانی سەرهەرێمی کوردستان چ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نادەوڵەتبونی ئەم قەوارەیەوە نییە، وابەستەیە بە خواستی سەرمایەداری ناوخۆیی و چواردەورەکەی…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز دڵشاد محمد مارف کۆمۆنیست و هاوخەباتی چینی کرێکار سەبارەت بە قەوارەی هەرێم و ئایندە سیاسییەکەی…

بۆپێشەوە: نەبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، تا چەندە هۆکارێکی بناغەییە، بۆ بوونی بەردەوامی هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان؟

دڵشاد مارف: من لەوباوەڕەدام هێرشەکانی سەرهەرێمی کوردستان چ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نادەوڵەتبونی ئەم قەوارەیەوە نییە وابەستەیە بە خواستی سەرمایەداری ناوخۆیی و چواردەورەکەی. ئەگەر چاوێک بخشێنین بە هێرشەکانی ١٦ئوکتۆبەر و ڕاوەستانی سوپا و حەشدی شەعبی دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەهەرێمی کوردستان لەهەر هێرشێک کەکراوەتە سەری تا ئەوڕادەیەیە کەبەرژەوەندی بۆرژوازی لەناوخۆ و دەرەوەی پێوەی گرێدراوە.

بۆپێشەوە: ئەگەر قەوارەی هەرێمی کوردستان بەم شێوەی ئێستای نەمێنی و ببێتەوە بە بەشێک لە عێراق یان ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق، دەتوانێت کۆتایی بەپرسی سیاسی خەڵکی کوردستان بهێنێت لە عێراقدا؟

دڵشاد مارف: دیارە هەرێمی کوردستان لەڕوی جیوپوڵەتیکیەوە گرێدراوی عێراقە. بەڵام نەهەرێم و نە حکومەتی ناوەندی ناتوانن وەڵامدەرەوەی خواستی میللی بۆ نەتەوەی کوردبن و چارەسەری پرسی نەتەوەی کورد لەئیرادەی حکومەتی ناوەند وهەرێمدا نییە. بەڵکو ئەوەی دەتوانێت وەڵام دەرەوەی واقعیانەی ئەم خواستە بێت تەنها و تەنها ئیرادە و بوونی باوەڕی هەردوو نەتەوەی سەردەست و ژێردەستە بە چارەسەرکردنی کێشەی میللی کورد.

بۆپێشەوە: گێرانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەژێر گوشاری سیاسی و سەربازییدا بۆ ژێرسایەی دەوڵەتی ئێستای عێراق، رۆڵی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی چی لێ دەکات؟

دڵشاد مارف: لە بارێکدا وەک گریمانەش بۆئەم دۆخە ناڕوانم. چونکە بەم شێوازەی ئێستا لەسود و بەرژەوندیەکانی هەردولا بە پارێزراوی دەهێڵێتەوە. بەڵام لەکاتێکدا وەک گریمانە ئەم دۆخەش بێتە پێش ئەحزابی بورژوازی کورد لەگەمە سیاسی و سەربازیەکانداجارێکیتر گرەو لەسەر ژیان و خوێنی ڕوڵەکانی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگە دەکەن و بەجوڵاندنی هەستی نەتەوەیی و ئاینیی دەکەونەوە گیانی چینی کرێکار لە هەر دوونەتەوەی سەردەست و ژێر دەست. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ زەمەنێک ئەحزابی سیاسی کورد لە هەرێم دەکەوێتە کەنارەوە.

بۆپێشەوە: هۆکار چییە چەپ و کۆمۆنیستەکان، نوێنەرایەتی چارەسەری سیاسی خەڵکی کوردستان ناکەن و بەکردەوە ئەم مەسەلەیان فەرامۆش کردووە؟

دڵشاد مارف: چەپ بۆخۆی بەشێکە لەهاوکێشەی پاراستنی خواست و قازانجی سەرمایە. بەدرێژای مێژویەک کە هەیبووە زوڕناژەنێکی دەستکەوت و خواستی سەرمایەداری بووە… وەبەشێک بووە لەئەجندای دەوڵەت و پاراستنی دەستور ویاساکانی هەروەک دەبینین باس لەدەوڵەتی کوردی. ڕیفراندۆم بۆسەربەخۆیی کوردستان لەلایەن چەپی وردەبۆرژوازی کۆمۆنیزمی بۆرژوازیەوە دەکرێت. بۆکۆمۆنیستەکان تاکە چارەسەر

بۆ ڕزگاربوون لە کێشەی میللی بەدەوڵەت و سەربەخۆی نەتەوەیەک کۆتایی بە کێشەکان نایەت، بەڵکو بۆچارەسەری ڕیشەیی دەبێت لەنێو هاوخەباتی چینایەتی چینی کرێکارەوە چارەسازی بۆ بێتە پێش و نەتەوە و ئاین و ڕەنگ و سنورەکان لەم رێگەیەوە لەبەین ببریت. نەک کۆمۆنیستەکان ببنە پاشکۆی بێ ئیرادەکردنی کۆمەڵگەیەک بەناوی نەتەوەو گیرکردنی لەژێر چەوسانەوەی بەدیوێکیتر لەلایەن بۆرژوازی نەتەوەییەوە.

بۆپێشەوە: بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمدا، چ رۆڵێکی هەیە، لە بەرگری لە قەوارەی سیاسی هەرێم و خستنەڕووی ئایندەیەکی سیاسی تر بۆ هەرێم؟

دڵشاد مارف: کاتێک دەوترێت بزووتنەوەی ناڕەزایەتی. دووجۆرلەخۆی دەگرێت؛ یەکەمیان: بەشێکە لە نوێنەرایەتی بۆرژوازی و لەژێر پەرچەمی بەناو ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، یان بەشێک لە ئۆپوزسیونی بۆرژوازی و رشتەکانی ماموستایان و فەرمانبەران وەک توێژێکی وردە بوژوازی لەنێۆگەمەکاندا بەشێکن لەپاریزەری واقعی لە ئیرادەی دەسەڵات، و نابنە فشار بۆسەر ئەم سستەمەی کەدەسەڵاتدارێتی لەئەستودایە وەخۆیان دەبیننەوە لە نێو ناڕەزایەتیەک کە ئاڕاستەی سوڕانەوەی خۆی لەنێو هەمان سیاسەتدا دەبینێتەوە و لەدوا هەنگاویدا دەیەوێت لەڕێگەی پەرلەمانەوە بەناو فشارێک بکات کەدواجار لەخزمەتی دەسەڵاتدایە. دووهەمیان ناڕەزایەتی واقعی چینی کرێکارە کەبتوانێت کاریگەری هەبێت بەمەرجێک ئاسۆیەکی ڕۆشن لە پێشیدا بوونی هەبێت کەبتوانێت بەئاگاییەوە دەست بۆخستنەڕوی ئایندەیەکی سیاسی جیاواز بەرێت. ئەم ئاسۆیە لەئێستادا بوونێکی گەورەی نییە و دەتوانم بڵێم لەکەناردایە. کەپێویستیەکی مێژوییە و دەبێت کۆمۆنیستەکان، مەبەستم لە کۆمۆنیستە واقعیەکانە بتوانن پێگەی خۆیان لەنێو ئەم چینەدا جێکەوتە بکەن هەتاکو بتوانرێت بە دیدگایەکی سوسیالستی چینی کرێکار بۆ ئەوئاڵوگۆڕە ئامادەبکرێت.

سوپاس بۆئێوەی ئازیز بۆپێدانی ئەم دەرفەتە هەتاکو بتوانم دیدی خۆم لەسەر ئە بابەتە بخەمەڕوو.

Leave A Reply

Your email address will not be published.