یەکگرتوویی و رێکخستن وانەی حەفت تەپە بۆ کرێکاران! نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

0

یەکگرتوویی و رێکخستن وانەی حەفت تەپە بۆ کرێکاران!

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

بارودۆخی ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێ، زیاد بوونی مەودای چینایەتی، زۆر بوونی هێڵی هەژاری، نەبوونی ئەمنیەتی ماڵی و دارایی، هەروەها بارودۆخی سیاسی و نەبوونی هیچ ئەمنیەتێکی گیانی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە. خەڵک بە تایبەتی لە سالانی رابردوودا بۆ دابینکردنی ژەمە نانێک ماونەتەوە و تێچووی ڕۆژانەیان بە ئەستەم بە دەست دێنن. زۆربەی خەڵک ژیانێکی مەمرە و مەژیان هەیە، ئەوە لە حالێکدایە کە بەردەوام بەرپرسانی جینایەتکار و لایەنگرانی ئەو ڕژیمە سەروەت و سامانیان دەچێتە سەر و وەلامی هەموو داخوازیەکانی خەڵکی وەزالەهاتوو بە زیندان و ئەشکەنجە و گوللە دەدەنەوە و هەر تاکێکی ئازادیخواز لە بەرامبەر ئەو ناعەدالەتییە سیستماتیکە دەنگی هەڵبڕیبێ، دەنگی لە گەروودا کپ کراوە. ئاکامی ئەو مەودا چینایەتی و هەژارییە زیادبوونی دیاردە کۆمەلایەتیەکانی وەک مادەی سڕکەر، خەمۆکی بە تایبەت بۆ نەوەی نوێی، توندوتیژی، ژن کوشتن، هاوسەرگیری پێش لە تەمەنی یاسایی و دەیان دیاردەی نالەباری ترە کە هەموو کۆمەڵگەی تەنیوە و شیرازەی کۆمەلایەتی کۆمەڵگە تووشی داڕمان بووە. ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی خۆکوژی و کوشتن و قەتڵی ناموسی ڕوو لە زیاد بوونە تەنانەت تەمەنی  گیرۆدە بووان بە مادەی سڕکەر و خۆکوژی هاتووە ژێر تەمەنی دە سالان کە ئەوە مەترسیدارترین کارەسات لە هەر ولاتێکە. بە هۆی دزی  وگەندەڵی بەرپرسان وناکارامەیی و ملهوریەکانی ڕژیم لە بەرامبەر دنیای دەرەوە نرخی شتومەک ڕۆژ بە ڕۆژ روو لە زیاد بونەو خەڵک توانای دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستی ژیانیان نەماوە.

سەرباری ئەو گشتە نەهامەتیە ڕژیم ماشێنی سەرکوت و کوشتاری خەڵکی وەگەڕ خستووە، رۆژ نییە کۆڵبەران کە بۆ ژەمە نانێک گیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە نەکەونە بەر دەسڕێژی گوللە و گیان لە دەست نەدەن. لەوەها بارودۆخێکدا ڕژیم بە ڕووهەڵماڵڕاوەیی لە ڕادەبەدەر شانۆی هەڵبژاردنەکانی بەڕێوە برد و خەڵک “نا” یەکی توندیان بەو ڕژێمە و هەموو پاڵێوراوەکان وت. خەڵک لە هەموو شارەکانی ئێران شانۆی هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد و نەچونە سەر سندوقەکانی دەنگ دان. وەک پێش بینی دەکرا رەئیسی یەکە جەلادی ڕژیم وەک سەرکۆماری کۆماری سیدارە و جینایەت لەلایەن خامنەیی و لایەنگرانی هەڵبژێرداو ئێستاکە ئەو جەلادە کە دەستی بە خوێنی سەدان لاو و ژن و پیاوی ئەو ولاتە سوورە و ڕۆڵێکی مەترسیدار و نەرێنی بووە لە کوشتاری خەڵک وەک نوێنەری راستەقینەی ڕژیم و رەوتی لایەنگرانی خومەینی جەلاد دەرکەوتووە. لە وەها بارودۆخێکدا ڕژیم گیرۆدەی ترسێک بووە واتە لەلایەن دژە خۆکەی واتە رەوتی کرێکاری تەنگی پێ هەڵچندراوە.  لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ئێران شایەتی مانگرتن و خۆپێشاندان و یەکگرتوویی کرێکاران و نا وتنیان بە زوڵم و زۆر بووە. کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە هەموو هەوڵەکانی لە ڕیگای ساحب کارانەوە خستە گەڕ تا بەڵکوو بە خەیاڵی خاوی خۆی  بتوانێ ئەو شەپۆلە لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتییە  لەبار بەرێ و کرێکاران بگەڕینەوە سەر کاری خۆیان. ڕژیم هەر لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی حەوت تەپە کە دەتوانین وەک پارامێتری بزوتنەوەی کرێکاری لە ناو دڵی دوژمنێکی دیکتاتۆر و دژە خەڵک ناوی لێ ببەین، دەستی لە هیچ پیلان و تاوانێک نەپاراست. ڕژیم زۆر زوو کەوتە خۆ و دەستیکرد بە ڕەشبگیری و دەرکردنی سیما ناسراوەکانی ناڕەزایەتیەکان. ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرانی ریکخستنەکەی خستە زیندان و حوکمی نارەوای بە سەردا سەپاندن. کۆماری ئیسلامی پێی وابوو بەو گرتن و ڕەشبگیریە دەتوانێ بزوتنەوەکە لەبار بەرێ و فەزایەکی ترس و تۆقاندن بخولقێنێ. ڕژیمی هار هەروەها دەستی کرد بە دەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی مان گرتنەکە و دامەزراندنی کەسانی دیکە، بەلام بە هەموو ئەو پیلانانەش نەیتوانی کرێکاران و ئەو شەپۆلە نارەزایەتیە چاوترسین بکات و ئەو نارەزایەتی و مانگرتنە تا بە هەنوکەش هەربەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژ بە رێکخستنی پتەوتر و داخوازیی ڕادیکاڵ تر کرێکاران دێنە مەیدانەوە. ئەوەی جێگای دڵخۆشیە ڕیک لە مانگی پوشپەڕ  کرێکارانی پەیمانکاری شیرکەتی نەوت و پێترۆشیمی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە بەرەبەری پڕوپاگەندەی ڕژیم بۆ شانۆی هەڵبژاردنەکان هاتنە مەیدان. ئەوە دەرخەری ئەو راستیە بوو کە رەوت  و بزوتنەوەی کرێکاری بێ راڕایی نا دەلێ بەو رژیمە و بە هیچ کام لە پڕوپاگەندەکانی فریو ناخوا و باوەری بەهێز و ئیرادەی خۆی و هاوچینەکانێتی. ئەو مانگرتنە بەرینە بەو رێکخستنە شکۆدارە درێژەی مانگرتنەکانی حەوت تەپە و دووپات بوونەوەی ئەزمونی ئەو نارەزایەتیە بەهێزانەیە. مانگرتنی کرێکارانی پەیمان کاری شیرکەتی نەوت و پێترۆشیمی لە بەرامبەر حەقدەستی کەم، نەبوونی مرەخەستی پێویست لە بەرامبەر کاری تاقەت پروکێن، بارودۆخی نالەباری کاری بەبێ هیچ جۆرە ستانداردێکی مرۆیی، هەروەها بارودۆخی نالەباری شوێنی مانەوەیان تا بە هەنووکەش هەربەردەوامە. ئیستاکە حەوت تەپەش جارێکی تر بەو مانگرتنانە پەیوەست بووە و گڕو تینێکی تازەی خستووە نارەزایەتیەکان. حەوت تەپە بە خۆڕاگری لە بەرامبەر ڕژیم توانیوێتی ببێتە ئۆلگویەک بۆ یەکگرتوویی و رێکخستنی کرێکاران، ئەزمونێک لە شەپۆلی بەرینی ناڕەزایەتی کە کۆماری ئیسلامی زراوی لێی چووە و بە هیج پیلانێک ناتوانێ لەباری  بەرێ. کرێکاران وانەی بڕیاردانی شورایی و بەکۆمەڵیان لە حەوت تەپە وەرگرتووە و هەر ئەوەش بووە بەرەمزی یەکگرتووییان. نارەزایەتیی کرێکاران لە لایەن هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران پشتگیری لێ کراوە و خەڵک دلخۆشن و ئاسۆی خەباتی کرێکاری بە ڕوونی دەبینن. کرێکاران باش دەزانن تەنیا بە یەکگرتوویی هێزی خۆیان دەتوانن لە بەرامبەر مۆتەکەی سەرمایەداری راوەستن. کرێکاران دەبێ تا ئەو جێگایەی بۆیان دەلوێ بە مانگرتنەکان پەیوەست بن، چوونکە سازماندهی و رێکخستن دەبێتە هۆی بەهێزبوونی زیاتریان لە بەرامبەر کاربەدەستان. کرێکاران بە یەکگرتوویی و رێکخستنیان دەتوانن خۆیان بڕیاردەری ژیانی خۆیان و هاوچینەکانیان بن…

Leave A Reply

Your email address will not be published.