فشارەکانی خەڵک پێویستە بکرێتە هەوێنی ڕاپەڕین، نەک دامرکاندنەوەی..

0

فشارەکانی خەڵک پێویستە بکرێتە هەوێنی ڕاپەڕین، نەک دامرکاندنەوەی..

نووسینی: جەمال نوری

هەڵبەتە مەسەلەی هاوکاری و بەدەنگەوە چوون لەناو هەموو کۆمەڵگەیەک ڕێژەیی یەو لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر، لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر دەگۆڕێ، بەڵام لەناو کۆمەڵگەی ڕۆژئاواییدا زیاتر شوێنی خۆی گرتوەو دەبینرێ، بە جۆرێک لەجۆرەکان بۆتە کەلتور.

 بەڵام لەکۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا گەر بوونیشی هەبێت گرێیان داوەتەوە بە دینەوە، لە مرۆڤ بوون دادەماڵرێ و سۆز وعاتیفەو ڕەحمی نامێنێ، بەڵام بە پێچەوانەوە مەسەلەی بەدەنگەوە هاتن هیچ پەیوەست نییە بە دین وئیسلامگەراوە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆڤدۆستانەیەو هیچی تر، هەندێک هێزی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مەسەلەی بەدەنگچونیان کردووە بە کۆڵەکەکەی عەوڵا و لەسەری دەڕۆن لەکاتێکدا حزبی سیاسی هەر هەنگاوێکی ئیجابی بگرێتەبەر بەرامبەر هاوڵاتییەکانی ئەوا بۆ ئایندەی خۆی باشە، بەڵام ئەم کارانە نابێ ببێتە هۆی خۆبادانی حزب، بەڵکو حزبی سیاسی پێویستی بەوە هەیە گۆڕانکاری دروست بکات، واتە حزبی دەسەڵات کاتێک ناتوانێ خزمەتی هاوڵاتییەکانی بکات ئەوا حزبی ئۆپۆزیسیۆن پێویستە موعاناتی خەڵک وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنێت دژی دەسەڵات، وە دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بقۆزێتەوەو ببێتە پێشەنگیان.

خۆپیشاندانی جەماوەری بەرپا بکات وجومگەکانی دەسەڵات دووچاری شەلەل بکات تا بە تەواوەتی جەستەی ئەو دەسەڵاتە لە پەل وپۆ دەکەوێت. ئۆپۆزیسیۆن بە ڕێگەی ختوکەدانی عاتیفەی خەڵکی دێت، ئەو ناڕەحەتی و فشارە پەنگ خواردووەی خەڵک کەم دەکاتەوەو دەچێت دەبێتە مامە خەمەیان و تەنکەرە ئاو و بەنزین دەگەیەنێتە شارەکانی وەک سلێمانی و هەولێرو بەم هەنگاوە خزمەتێکی گەورە بە حزبە دەسەڵاتدارەکانی ناو حکومەتی هەرێم دەکات، وەک ئەوەی نەخۆشەکە پێویستی بە نەشتەرگەریی بە پەلەبێ بەڵام شاسوار عبدولواحید دێت کەپسولی ئازار شکێن بدات بە خەڵکی شارەکانی هەولێرو سلێمانی.

بەم کارەشی گوایە خزمەتی خەڵکی کردووە، لەکاتێکدا ئەم برادەرە لە بیری چۆتەوە کە نەوەی نوێ ڕێکخراوێکی خەیری نییە، بەڵکو خۆی وەک حزبی سیاسی و خاوەن ئەجێندای سیاسی ناساندوە لە هەرێمی کوردستاندا و بەشداری لەگەڵ هەر٣ هێزی سیاسی ناو حکومەت ناکات بەهۆی ئەوەی ئەوانە غەرقی گەندەڵی بوون.

دەپرسم کاتێک حزبێکی ئۆپۆزیسیۆن ئیدیعای ئەوە بکات کە گوایە کار بۆ ئەوە دەکات بچێتە سەر کورسی دەسەڵات، دەبێت بەدوای ئەو کەلێنانەدا بگەڕێ کە بەهۆیەوە حکومەت خاڵی لاوازی دەردەکەوێ و باشتر دەکرێت حزبی ئۆپۆزیسیۆنیش لەسەر ئەوە بکات ئەو درز وکەلێنە گەورەتر بکات و شەبەقێکی گەورە بخاتە جەستەی حکومەتەکەوە یان ببێتە فریاد ڕەس وگیان بکاتەوە بەبەریدا.

شاسوار عەبدولواحید لەبەرئەوەی ئەزمونی سیاسی نییە هاتوە بە پارەو سەروەتی خەڵکی چانسی خۆی لەناو سیاسەتدا تاقی دەکاتەوە، هەڵبەتە هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ٣٠  ساڵی پێشوو ئەزمونێکی جوانی تەندروستی لەبواری حوکمڕانیدا دروست نەکردوە، لەبەرئەوەی هەردوو حزبی حوکمڕانی کوردی بەناوی شەریعەتی شۆڕشگێڕییەوە هاتوون حوکمی خەڵک دەکەن ومۆڵەتی حزبەکانیشیان هەرخۆیان داویانە بە خۆیان، لەناو هەرێمی لەم چەشنەدا حزبی ئۆپۆزیسیۆن لەجیاتی ئەوەی دەنگی خەفەکراوی خەڵكی بکاتە نەعرەتەو تاج وتەختی حوکڕانی کوردی بهێنێتە خوارەوە، دێت هاوکاری و هەماهەنگی دەکات بەناوی ئەوەی خەڵکی گوناحەو حزبی دەسەڵات غەدریان لێ دەکات، ئاویان ناداتێ، کارەبایان لێ دەکوژێنێتەوە و جادەو بانیان قیرتاو ناکات، حزبی ئۆپۆزیسیۆن دێت لەجیاتی حکومەت ئەم کارانە دەکات تاوەکو خۆی شیرین بکات لای خەڵكی هەرێم.

بە پێچەوانەوە هەر مرۆڤێکی هۆشیارو هەر تاکێکی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگەی کوردستان ئەگەر نەختێک هۆشیاری سیاسی هەبێت ئیدی لەوە تێ دەگات کە ناتوانێت خەونەکانی بە بزوتنەوەیەکی سیاسی وەک نەوەی نوێ گرێ بدات.

چونکە دەزانێ ئەم بزوتنەوەیە هاتووە لە ڕێگەی ختوکەدانی عاتیفەی خەڵکەوە دەیەوێت ژمارەی کورسییەکانی زیاد بکات و دەسەڵات وەربگرێت، نەک گۆڕانکاریی ڕیشەی دروست بکات لەناو جومگەکانی دەسەڵاتدا، هەر بۆیە هێندە ناخایەتێ هەموو ئەو کارانە لە میدیاو ڕاگەیاندنەکانیەوە دەداتەوە بەچاوی ئەو خەڵکەدا کە هاوکار ودەستگیرۆیی کردووە. بۆیە ئەرکی حزبی سیاسی ڕەسەن پێویستە هەرچی فشارێک بۆسەر خەڵکی زەحمەتکێش هەیە ئاراستەیان بکات و بیقۆزێتەوە دژ بەدەسەڵات و حوکمڕانی کوردی بەکار بهێنێ و خۆی پێشەنگیان بێت بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری، نەک دامرکاننەوە کپکردنی دەنگە ناڕازییەکانی خەڵک…

Leave A Reply

Your email address will not be published.