با کرێکارانی کارگەی ئاسن و پۆڵای ماس و نوێنەرەکانیان لەتەنهاییدا بەجێ نەهێڵین! ڕاگەیاندنێک لەبڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە بۆ ڕای گشتی؛

0

با کرێکارانی کارگەی ئاسن و پۆڵای ماس و نوێنەرەکانیان لەتەنهاییدا بەجێ نەهێڵین!

ڕاگەیاندنێک لەبڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە بۆ ڕای گشتی؛

دوای ئەوەی٤٠ کرێکاری بەشی ئینتاجیەی کارگەی ئاسن و پۆڵای ماس لەکۆبوونەوەیەکی گشتیدا، سێ کرێکاریان بەنوێنەرایەتی خۆیان هەڵبژارد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر خواستەکانیان و لەئەنجامدا ئەم نوێنەرانەی کرێکاران لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کارگەدا لە٢٦/٦/٢٠٢١دا کۆبونەوە و داوایانکرد کە موچەکانیان زیادبکرێت، بیمەی خانەنشینیان بۆ جێگیر بکرێت، کرێکارانێکیتر بۆبەشی ئینتاج زیاد بکرێت وچەند داوایەکیتریش، بەلام بەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەو گفتوگۆی هەردوولا، حاجی عمر ئیسماعیل، خاونی کارگەکە بڕیاریدا ئەو سێ کرێکارەی کە بەنوێنەرایەتی کرێکاران لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کار لەکارگەدا گفتوگۆیان کردوە، بگوازرێنەوە بۆ بەشی سکرابی کارگەکە، کەئەمەش بەمانای سزادانی نوێنەرانی کرێکاران و سەرکوتی هەرهەوڵیکی ئەوانە لەپێناو خواستە بەرهەق و ڕەواکانیاندا. بەلام لەبەرامبەر ئەم بڕیارەی خاون کارگەدا، ئەمرۆ٢٧/٦/٢٠٢١ گشت کرێکارانی ئەو بەشە ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە بڕیاری گواستنەوەی نوێنەرەکانیان لەبەشی ئینتاج بۆ بەشی سکراب دەربڕی و دەستیان لەکار هەڵگرت و داوایان کرد کەبڕیارەکەی بەڕیوەبەرایەتی کارگە هەڵوەشێتەوە و نوێنەرەکانیان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

بەدڵنیاییەوە لەدۆخی قەیران گرتووی ئێستای کوردستان و ئەو هەمووگرانی و بێکاری و بێدەرەتانیەدا، کەیەخەی بەکرێکاران و خێزانەکانیان گرتووە، خواستەکانی کرێکارانی کارگەی ئاسن و پۆڵای ماس بۆ باشکردنی ژیانیان بەرهەقە و شێوازێکی خەباتکارانەی ڕەوایەو قابیلی ئەوپەڕی پشتیوانیە. ئەو بڕیارەی کە حاجی عومەر ئێسماعیل لەدژی نوێنەرانی کرێکاران داویەتی، بڕیارێکی زاڵمانە وسزایەکی نایاساییەو تەنها بۆ سەرکوتکردنی کرێکاران و بێدەنگ کردنیانە.

ئەم ڕوداوانەی کە لەکارگەی ئاسنو پۆڵای ماسدا بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدایە کەیاسای کارێک لەکوردستاندا نییە، کەمافو ئازادییەکانی کرێکارانی بەڕەسمی ناسیبێ وسنورێکی بۆ دەستدرێژیەکانی خاوەنکارو کۆمپانیاکان دانابێت، کەچی لەولاشەوە وەزارەتی کارو دادگای کار وسەندیکا بەناو کرێکاریەکانی سەربە ئەحزابی دەسەڵاتدار، سەرەڕای ئاگاداربوونیان لەدۆخەکە، گوێیان لێخەواندووە وکاردانەوەیەک نیشان نادەن. بێگومان ئەمەش تەنها بەمانای ئەوە دێت کەئەم دامو دەزگایانە لەپشتی خاوەنکارو کۆمپانیاکان راوەستاون. بۆیە ئەوەی لەبەردەم کرێکاراندا دەمێنێتەوە، یەکڕیزی وخەباتی هاوبەشی خۆیان و پشتیوانی هاوچارەنوسەکانیانە. هەربۆیە نابێت کرێکارانی بەشی ئینتاجی کارگەی ئاسن و پۆڵای ماس ونوێنەرەکانیان بەتەنها بەجێبهێڵین، بەڵکو دەبی بەگوێرەی توانا هەموو کرێکاران پشتیوانی بکەن و بەشێوەی گونجاوی خۆیان بەرامبەر بەبەڕیوەبەرایەتی کارگەی ناو براو وحاجی عومەر ئیسماعیل ناڕەزایەتی دەرببڕن.

بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەگەڵ ئەوەدا ئەو بڕیارەی خاوەن کارگە بەسزایەکی نایاسایی و زوڵمێک دەزانێت کەدەرهەق بەکرێکارانی کارگەو نوێنەرانیان کراوە، هاوکات وەزارەتی کارو سەندیکانی سەربەدەسەلات بەبەرپرسیاری ئەم دۆخە دەزانێت. بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار بانگەوازی سەرجەم کرێکارانی بەشەکانی کارگەی ناوبراو دەکات کە بەدڵسۆزیەوە لەپشتی نوێنەرانی خۆیان راوەستن و لەسەر داخوازیەکانیان سوربن.

بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار

٢٧/٦/٢٠٢١

پێشینەی ڕووداوەکە:

کارگەی ئاسن و پۆڵای ماس یەکێك لە پرۆژە پیشەسازیەکانی هەرێمی کوردستانە، هەڵکەوتو لە ناوچەی بازیانی سەربەپارێزگای سلێمانیە. ئەم کارگەیە ٦٠٠کرێکار کاری تێدا دەکاو بەسەر چەند بەشێکێدا دابەشبوون. “بەشی دەرفەلە- یەك، واتە ئینتاجی یەك ٤٠ کرێکار کاری تێدا دەکەن. ئەم کرێکارانە ماوەیەکی زۆرە داوایان لە ئیدارەی کارگە کردووە کە موچەکانیان زیاد بکات، بەڵام ئیدارەی ئەم کارگەیە بەبیانوی جۆراجۆر داواکەیان دوا دەخاو ئامادە نییە کە زیادی بکات، کرێکارەکان دەڵین ئاخرین جار چوینە لای ئیدارە و وەعدیاندا کە لەناوەراستی مانگی ٥ دوای ١ئایاری ئەمساڵ، موچەکانیان زیاد بکەن.

دوو ڕۆژ پێش یەکی ئایار بەرێوەبەری بەشەکەیان داوایان لێدەکات ڕۆژی یەکی ئایار کەپشوی رەسمیە بچنەوە سەرکار ئەوان دەڵێن ناچینەوە سەرکار چونکە ساڵی پار لەیەکی ئایاردا کارمانکرد وتمان زیادەکەمان بدەنێ، کەچی وتیان ئەوە خێرە کردوتانە و گاڵتەیان بەکرێکارەکان کرد. بۆیە ئەمساڵ نەچونەوە سەرکار و کردیانە پشوی رەسمی. بەڵام بەڕێوەبەری کارگە بەبیانوی ئەوەی کە داواکەی رەتکراوەتەوە، رۆژی دوایی ئەمرێکی ئیداری دەرکرد و لە لەوحەی ئیعلانات هەڵواسرا و تێیدا هاتبو هەر٤٠ کرێکارەکەی بەشی ئینتاجی / یەك، بۆماوەیەی یەکساڵ هیچ ئیمتیازات و زیادکردن و پاداشتێك شمولیان ناکات. چونکی سەرپێچیان لە داواکەی بەرێوەبەری بەشی ئینتاج کردووە. ئەمە لەکاتێکدا بەڕێوەبەری کارگە بەڵێنی دابوو لە١٥/٥/٢٠٢١ موچەی کرێکاران زیاد بکات.

کرێکارانی کارگەی ئاسن و پۆڵای ماس هەرئەوکات رای گشتیان لەم دۆخە ئاگادار کردەوە و وەزارەتی کار بەیانێکی بڵاوکردەوە و راگەیاند کە سزاکەیان بەکۆمپانیای ماس هەڵوەشاندۆتەوە، بەڵام کاتێ دەرکەوت سزاکە لەشوێنی خۆیدا ماوە و دواتریش بۆ تۆڵەسەندنەوە بریاری گواستنەوەی هەرسێ نوێنەرەکەی کرێکارانیاندا بۆ بەشی سکراب….

Leave A Reply

Your email address will not be published.