بزوتنەوەی کرێکاری وەک هەمیشە پێشڕەو لە نارەزایەتییەکان!  نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

0

بزوتنەوەی کرێکاری وەک هەمیشە پێشڕەو لە نارەزایەتییەکان!

 نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

هەنووکە پێشرەویی و خۆڕاگری بزوتنەوەی ڕادیکاڵ و مافخوازیی کرێکاری وەک پرسێکی حاشا هەڵنەگر هاتووەتەوە مەیدانی کایەی سیاسیەوە و رۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ. بزوتنەوەیەک کە بە داخوازیی ڕادیکاڵ و رێکخستنێکی هەمەلایانە و بە بوونی ڕێبەرانی ڕاستەقینەی کرێکاری ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ بەهێزتر دەبێ و هەموو چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ خۆی هاوتەریب دەکات، چونکە داخوازی ئەو هیزە داخوازی رەوای هەموو خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانە کە قوربانی سیاسەتی ملهورانە و شەرانگێزانە و ناکارامەیی سیاسی و ئابووری دەسەلاتی کۆماری ئیسلامییە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەهۆی سەرەرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری پیتاندنی یۆرانیوم و ملهوڕییەکانی لە بەرامبەر دنیای دەرەوە گەمارۆ یەک لە دوای یەکەکان بە دژی ئیران و بەرپرسانی لەلایەن ولاتانی زلهێزەوە سەراپا دوکەڵی ئەو گەمارۆ و ملهوریانە تەنیا و تەنیا چووە چاوی خەڵکی ئەو وڵاتە بە تایبەت چینی کرێکارەوە. بزوتنەوەی کرێکاری لە ئێران بەهۆی چالاکی هێزی چەپ لەو ناوچە و روانگەی چەپ لە ناو خەڵک دا و بوونی ئەحزابی چەپ و ڕادیکاڵ سەرەرای بەرزی و نزمی زۆر، بەلام هەمیشە لە سەر پێی بوە و لە هەر قۆناغێک بە داخوازیی بەڕۆژ و ڕادیکال هاتۆتە کایەی مەیدانی ساسیەوە و خۆی بە ڕێکخستن کردووە. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و دوای داڕمانی ئابووری ئەو وڵاتە و چوونە سەرەوەی نرخی شتومەک و نەبوونی هەلی کاری لەبار بۆ خەڵک و پەرەسەندنی هێڵی هەژاری، بزوتنەوەی کرێکاری هەردەم لە ریزی پێشەوە خەبات دا بووە و هەموو چین وتوێژەکانی لەگەڵ خۆی هاوتەریب کردووە. لە ناو ئەو بزوتنەوەدا ئەوەی جێگای خۆشحاڵیە بوونی ژنانی پێشرەوکە تەنانەت لەرادەی ڕیبەری بزوتنەوە بەرچاو دەکەوێ. کۆماری ئیسلامی کە لە بواری کوشتن و بڕین مێژوویەکی ڕەشی هەیە دیسان بە زیندان وئەشکەنجە وەلامی دانەوە و ئەو شێوازە لە سەرکوتە تا بە هەنووکەش هەربەردەوامە. ڕژیمی هاری ئیسلامی کە هەموو کات بە زیندان وئەشکەنجە و کوشتن و بڕین وەلامی داخوازیی ڕەوای خەڵکی داوەتەوە جارێکی تر بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک دەستی دایە گرتن و رەشبگیری و کەسانی دیاری ناو بزوتنەوەکە کە ڕۆڵی ڕیبەرانی کرێکاریان هەبوو دەست بەسەر کرد و حوکمی ناعادلانەی بەسەردا سەپاندن. کۆماری ئیسلامی بە خەیاڵی خاوی پێی وا بوو بە گرتن و زیندانی کاراکتەرە بەرچاوەکان و رێبەرانی بزوتنەوەکە دەتوانێ ئەو شەپۆلە لە نارەزایەتی تێک بشکێنێ و فەزایەکی ترس و تۆقاندن بزوتنەوەکە لەبار دەبا، کە بە پێچەوانەی پێشبینیەکانی دەسەلات بە دەستانی ڕژیم بزوتنەوەی کرێکاری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێ و لە هەموو شار و ناوچەکانەوە رێکخستنی پتەو و تر و داخوازیی ڕادیکاڵتر دەبێ. لە تازەترین ناڕەزایەتیەکانی بزوتنەوەی کرێکاری کە زیاتر لە دە رۆژە بەڕێوە دەچی و رۆژ بە ڕۆژ لە هەموو شار و شارۆچکەکان پەرەدەستێنێ مانگرتنی گشتی کرێکارانی پەیمانکاری شیرکەتی نەوت و پێترۆشیمی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێرانە کە لە بەرامبەر حەقدەستی کەم، نەبوونی مرەخەستی پێویست لە بەرامبەر کاری تاقەت پروکێن، بارودۆخی نالەباری کاری بێ هیچ جۆرە ستانداردێکی مرۆیی، هەروەها بارودۆخی نالەباری شوێنی مانەوەیان، دەستیان داوەتە نارەزایەتی و مانگرتنێکی بەربڵاو و داواکاری وەلام دانەوە بە داخوازییانن. ئەوەی جێگای خۆشحاڵیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کرێکارانێکی زیاتر لە پاڵاوگە و وزەخانەکان لە گەڵ ئەو نارەزایەتیە هاوتەریب دەبن و ڕیکخستن دەکەن. هەر چەند تا بە هەنووکەش کرێکارانی فەرمی ئەو شوێنانە پەیوەست بە نارەزایەتیەکان نەبوون، بەلام پشتگیری خۆیان لەو مانگرتنانە راگەیاندووە. کرێکاران خوازیاری نەمانی دەست تێوەردانی پەیمانکاران لەکارو باریان و نەمانی فەزای ئەمنیەتی لە شوێنی کارەکانیانن. بەرپرسانی حکومەتی و کاربەدەستان هەموو هەولەکانی خۆیان خستۆتە گەڕ تا بتوانن لە ڕیگای دوبەرەکی نانەوە لە نیوان کرێکاران ناڕەزایەتیەکە لەبار بەرن، بەڵام هاوکات ڕیبەرانی مانگرتنەکە بە شێوازێکی ئاشتیخوازانە و ڕوناکبیرانە هەول دەدەن کرێکارانی زیاتر بێننە ڕیزی خۆیانەوە و مانگرتنەکە بە هێزتر بکەن. هاوکات شورای رێکخستنی نارەزایەتیە کرێکاریەکانی کرێکارانی پەیمانکاری نەوت، داوای لە مانگرتووان کردووە شوێنی مانگرتنی خۆیان جێ نەهێڵن. ئەوان رایانگەیاندووە کە دەبێ خۆیان لە نیزیکەوە ئاگاداری وەلام دانەوە بە داخوازیەکانیان بن و لەو بوارەوە خۆیان بڕیاردەر بن. هەروەها لە بەشێکی تری راگەیاندنەکەدا هاتووە کە ئەو کرێکارانەی شوێنی مانگرتنیان جێهێشتوە لە لایەن ساحیب کارانەوە دەرکران و کرێکاری تر لە شوێنی ئەوان وەرگیراوە بۆیە مانەوەیان لە شوێنی کار باشترین رێگاچارەیە هەم بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەم بۆ رێکخستن و یەکگرتنی زیاتر تا کرێکارانی تریش بەو مانگرتنە پەیوەست بن. ئەوان هەروەها ڕایانگەیاند کە مانگرتنە کرێکاریەکانی نیشکری حەفت تەپە باشترین پارامێتر و ئەزمونە کە وانەیان لێ وەرگرتووە، ئەوەیش بڕیاردانی شورایی و بە کۆمەڵە کە بتوانن پێش بە دووبەرەکی نانەوەی کاربەدەستان لە مانگرتنەکە بگرن تا جارێکی تر بە وادە و بەڵینی درۆیینە هەڵیان فریوێنن و بارودۆخەکە نە تەنیا باشتر نەبێ، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر بێ. ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە ئێران لە حاڵێک دا هاتۆتە ئاراوە کە تازە شانۆی هەڵبژاردن و ئینتساباتی سەرکۆماری و شورای شارەکان کۆتایی پێ هاتووە و کۆماری ئیسلامی لە قەیرانێکی ناوخۆیی و شەری نێوان بالەکانی دەسەلات دایە. بوونی ئەوهێزە و ئەو ناڕەزایەتیە بەربلاوە ئەوە رادەگەیەنێ کە بزوتنەوەی کرێکاری بۆ نا وتن بە کۆماری ئیسلامی هەردەم پێشڕەو بووە و لە بەرامبەر دەسەلات و هیچ کات تووشی ڕاڕایی نەبووە و تەنیا و تەنیا پشتی بە خۆی بەستووە. مێژو دەری خستوە کە مانگرتنی گشتی و داخرانی کارگە و شەریکەکان باشترین ڕیگاچارەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەسەلات و لەناوبردنی دەسەلاتی زوڵم زۆر. بە هیوای بەردەوامی مانگرتنی کرێکاری و پەیوەست بوونی هەموو چین و توێژەکان بە تایبەتی بزوتنەوەی ژنان و لاوان کە دوو هیزی سەرەکی لە خەڵکن کە هەردەم پێشرەو و لە ڕیزی پێشەوەی خەبات دا بوون.

Leave A Reply

Your email address will not be published.