ئازادی بەبێ ڕزگاری چەوساوەکانبەدی نایە! نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ

0

ئازادی بەبێ ڕزگاری چەوساوەکانبەدی نایە!

نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ

هەر لەسەرەتاوە بەئیفلاسی لەدایک بوو حکومەت:
دەسەڵات لە باشووری کوردستان لەڕووی سیاسی و ئێدارەدانەوە ئیفلاسی هێناوە، بەڵام بەزەبری هێزی چەکدارو چاوسوورکردنەوە خۆی ڕاگرتووە. ئەم چاوسوورکردنەوەش کاریگەری سلبی خستۆتە سەر زۆرێک لەحیزب و کەسایەتییە ڕۆشنبیری وسیاسییەکان، بەهەمان شێوەی دەسەڵاتی حیزبی بەعس لەپێش ١٩٩١ هەرچەندە لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتیش بەکردەوەی توندوتیژو کردەوەی دژە ئینسانی و دژە دیموکراسی بناغەی ئەو جۆرە حکومەت و دەسەڵاتە چەوسێنەرو کۆنەخۆزایاندا ناوە، کەوایە بەئیفلاسی لەڕوویی نەبوونی شارەزایی کارگێڕی و ئیدارەدانێکی پێشکەوتوو لەدایک بوو. هەر لەسەرەتای ساڵی ١٩٩١ یەکەمین کاریان سەرکوتی بزووتنەوەی شوراکان بوو کەبزووتنەوەیەکی ئینسانی هەقخوازانەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بوو چەندین تێکۆشەری گەنج ولاویان کردە قوربانی. بەزەبری کوشتن و هەڕەشەو هێرشی چەکدارانە بۆسەریان نووسینگەو بنکەکانیان داخست.
لە دوای ساڵی ١٩٩١ شێوەی ئیدارەدانی کوردستانی عێراق بەپێی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک کۆمەڵگەیەکەی ئاوارەی ناسێندرا کە نەتواندرێت سەربەخۆ دەوڵەت دابمەزرێنێت نە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراقیش بەتەواوی یەک جۆرو شێوازی ئیدارەدانی لەخۆی گرتووە. دەرئەنجامی ئەم شێوازە مامەڵەکردنە بووە هۆی ئەوەی کە لەکوردستان زۆر دواکەوتوانە و دژە ئینسانیانە ئیدارەی کۆمەڵگە بدرێت لەڕوویی کارگێڕی وخزمەتگوزارییەوە. لەڕوویی کارگێڕی ئیدارەدانەوە کوردستان لەدوایی ساڵی ١٩٩١ دابەشکرا بەچەند ناوچەیەکی حیزبی کەشێوازی ئیدارەدان بەهەموو جۆرێک دوور بووە لەیاسا و بنەماکانی نەک مافی مرۆڤ بەڵکو دووریش بووە لەیاساو بنەماکانی دیموکراسی بۆرژوازی و سەرمایەداریش ڕاستەوخۆ سەرجەم جومگەگانی دەسەڵات پاوەن کراوە و دەستی بەسەرگیراوە لەلایەن حیزبە خێڵگەراکانەوە. هەربۆیەش لەدوای ساڵی ١٩٩١ وێڕایی ئەوەی بەناو هەڵبژاردن کرا و خەڵک دەنگیدا، بەڵام بەهیچ جۆرێک نەک هیچ جۆرە یاسایەکی دیموکراسی و مەدەنی جێبەجێ نەکرا هەروەک هەڵبژاردنەکانی حیزبی بەعسی فاشیزم هەمان جۆر سیستەمی کۆنەخوازو چەوسێنەری دژە ئینسانیان درێژەپێدا. بەڵکو ئەو جۆرە کرانەوەی لەدوایی ساڵی ١٩٩١ خەڵکی هەنگاوی بۆدەنا بەسروشتی خۆی لەڕوویی کۆمەڵایەتییەوە لەناویان برد و بەرەو ڕاپێچکردنی خەڵک بەمل کەچکردن بە یاسا حیزبییە خێڵایەتییەکانیان ئاراستەی کۆمەڵگەیان زۆر بەخراپی گۆڕی. دەرئەنجامی ئەمەش بۆوە هۆکاری سازکردنی شەڕی حیزبەکان لەناو کوردستان تەنانەت ململانێی ئەوەیان دەکرد کامیان هەرچی زووترە سوپایی داگیرکەری دەوڵەتانی فاشیزمی ناوچەکەی وەک ئێران وعێراق و تورکیا بهێنێتە کوردستان فەڕشی سووریان بۆ ڕابخات. بەهۆی هاوکاری ئێرانەوە لەناوچەی هەڵەبجەو بیارە و چەند شارو گوندێک لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامییەکاندا بوو، کە هەرچی ئازادی و ڕیفاهێیەت و مافی ژن ومافی مرۆڤ هەبوو ڕاستەوخۆ زیندەبەچاڵ کرابوو، دوای شەڕێکی سەخت و قوربانی دانێکی زۆری کوڕە هەژار و زەحمەتکێش کەچەکداری ئیسلامییەکان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون ئەوجا ئەوناوچانە کەوتنەوە دەست یەکێتی .
ئەم حیزبە خێڵەکییانە بەردەوام شەڕیان سازکردووە بۆ زیادبوونی دەسەڵاتی پاوانەخوازییان. لەشەڕی نێوان پارتی ویەکێتیدا هەزاران گەنج و لاو بوونە قوربانی یان بەدیلی کوژران یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا، تەنانەت ئێستاش بەشێک کادرو ئەندامانی یەکێتی و پارتی لەلای یەکتری بێ سەروشوێنن کەلەسەردەمی شەڕی حیزبیاندا زیندانی کراون یان بەدیلی گرتوویانن، کەس نازانێت چارەنووسوویان چییان لێ بەسەرهاتووە و چۆن کوژراون ئێستاش خانەوادەو خێزانی ئەو قوربانییانە ساڵانە سەردانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکانی یەکێتی وپارتی دەکەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان. دواتر شەڕی نێوان پارتی کرێکاران و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە خەڵکێکی زۆر بووە قوربانی. یەکێتی و پارتی و ئیسلامییەکان بەم جۆرە ئیدارەی کوردستانیان داوە بەردەوام شەڕیان کردووە لەسەر دەسەڵات و خوێنی گەنجان و لاوانی کوردستانیان ڕشتووە لەپێناوی بەرژەوەندی و دەسەڵاتی حیزبیاندا .
ئەم جۆرە حیزبانەبوون هاوکارو یارمەتی دەربوون بۆ هاتنی دەزگاکانی ئیتڵاعات و میت و جاسوسەکانی ئێران و تورکیا بۆ تیرۆرکردنی هەلسوڕاوانی سیاسی لەئوپۆزیسیۆنی ئێران وتورکیا لەکوردستانی عێراق، ئەزیزانی خوێنەر لەئێستاشدا کوردستانی عێراق لەڕوویی ئیدارەدانەوە دابەشکراوە بەسەر سێ ناوچەی حیزبی دا ئەویش ناوچەیەک ناسراوە بەپارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و ناوچەیەکی تریش ناسێندراوە بە ناوچەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و هەروەها ناوچەیەکی تریش قەندیل وچەندین گوند و شوێنی ترە کە ناسێندراوە بەناوچەی پارتی کرێکارانی کوردستان، هەرسێ ناوچەکەش بەبێ جیاوازی بەزەبری هێزی چەکداری دوور لەبنەماو یاسا مەدەنی و دیموکراسییەکان خۆیان بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا سەپاندووە باج زۆریشیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە لەژێر ناوی جۆراوجۆردا.
جۆری خزمەتگوزارییەکان بۆدەسەڵاتەنەک بۆخەڵک :
ئاکامی ئێدارەدانێکی بەوجۆرە کەلەژێر تەوژمی حیزبی خێڵایەتی وکۆنەپارێزی ودژەئینسانی دابێت بەدڵنییایییەوە دوور دەبێت لەشێوازی ئەندازەیی وخزمەتگوراری پێشکەوتنخوازی وشارستانی ومرۆڤ دۆستی ومرۆڤ پەروەری. چاوێکی خێرا بگێڕین بەسەر جۆری خزمەتگوزاری و شێوازی خزمەتگوزارییەکان باشتر ئەمە ڕوونتر دەبێتەوە، بواری پەروەردەو خوێندن و فێرکردن کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس وێڕایی ئەوەی دەوڵەتێکی دیکتاتوری لەعێراق هەبوو، بەڵام بۆ هەمووان یەک جۆر پەروەردەو خوێندن وفێرکردن هەبوو، ئەم بەشە ڕاستەوخۆ موڵکی گشتی بوو لەوەزیرو پلەباڵاکانی حکومی هەتا خەڵکی کرێکارو هەژار لەهەمان قوتابخانە و زانکۆی عێراق و هەمان جۆر وانەی دەخوێند وفێردەکرا، (هەرچەندە ڕەخنەمان هەیە لەسەرجۆری ناوەڕۆکی وانەکان). لەدوایی ساڵی ١٩٩١ ساڵ لە دوایی ساڵ بەجێبەجێکردنی نەخشەڕێگایەکی سەرمایەداری قۆناغ بەقۆناغ وهەنگاو بەهەنگاو گرینگی دان بەکەرتی گشتی پەروەردەو خوێندن وفێرکردن لەلایەن ئەم دەسەڵاتە کەم کرایەوە، لەبەرامبەردا لەڕێگای کادیرەکانی حیزبەوە هەروەک کۆمپانیایەکی بازرگانی بۆ بەتاڵانکردنی گیرفانی خەڵک گەشەیان بە کەرتی تایبەتی خوێندن وپەروەردە وفێربوون دا، لەهەرشاروناوچەیەک چەندین زانکۆ وپەیمانگایی تایبەتییان کردەوە و زۆرترین ڕیکلامیان لەڕاگەیاندنە حیزبی یەکانیان بۆ کردن. ئەزیزانی خوێنەر هەربۆیەشە لەئێستادا بەجۆرێک کەرتەکانی پەروەردە فەرامۆش دەکەن کە موچەی مامۆستایان وکارمەندانی دوادەخەن و نادەن و مامۆستایانی وانەبێژ وێڕای ئەوەی بەردەوام خۆپیشاندان وناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەڵام وەڵام بەخواست و داواکارییە ڕەواکانیان نادەنەوە. ئامانجی دەسەڵات ئەوەیە بەتەواوی کەرتی گشتی هەرەس پێبهێنێت و دەرگای زانکۆ وقوتابخانە گشتییەکان دابخات، ڕاستەوخۆ بیانکاتە کەرتی تایبەتی کە بازرگانە حیزبییەکان ڕوڵی تێداببینین بۆکۆکردنەوەی پارەی زیاتر. هەربۆیەشە زۆر بەخێرایی زانکۆو پەیمانگایی نوێ تر دەکاتەوەو بەگرینگی یەوە لەڕاگەیاندنەکان باسی دەکات و کاتی زۆر بۆ بانگەشەی کەرتی تایبەت تەرخان دەکات.
خزمەتگوزاری تەندروستی لەژێرپەرچەمی حیزبەکان:
ئەم جۆرە دەسەڵاتەی چەتەگەرییەی حیزبەکانی کوردستان کەرتی گشتی تەندروستی لەناوبرد، ساڵی پێش ١٩٩١دەوڵەتی عێراق بەیەکجۆر بەرنامە خزمەتگوزاری پێشکەشی نەخۆشخانەکان دەکرد و چارەسەر بۆ هەموو خەڵکی عێراق یەک شێوازو یەک جۆربوو، چونکە نەخۆشخانەکان موڵکی گشتی بوو. لەدوایی ١٩٩١ ئەم حیزبانە ملهوڕییەکانیان بردە ناو بواری تەندروستیش هەرچی کەرتی گشتی هەبوو بەتایبەت تەندروستی، بەجێبەجێکردنی بەرنامەیەکی نیولیبڕاڵی سەرمایەداری کەرتەگشتییەکانی تەندروستی لەناوبرد وئیفلیج کرد، پاش چەندەساڵ لەدەسەڵاتدارێتی ئەم هێزە مافیاگەرییانە خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی هەتا بڵێی زۆر وێرانە، دەتوانم بڵێم لەهەموو کوردستان یەک نەخۆشخانەی گشتی پێشکەوتوو شارستانی بوونی نییە، کەهاوڵاتی بۆچارەسەر ناچار نەبێت بچێتە وڵاتانی ئێران وتورکیا و ئەوروپا. بەڵام بەردەوام گەشەیان داوە بەنەخۆشخانە تایبەتییەکان، چونکە سەرجەمیان هی کادیرو بەرپرسە باڵاکانی ئەو حیزبە چەتانەیە لەکوردستان. هەتا لەدەسەڵاتیشدابن هەربەم جۆرە دەبن .
خزمەتگوزاری ڕێگاوبان وئاوەدانکردنەوە لەژێر دەسەڵاتێکی حیزبەخێڵگەراکاندا :

ئەم بەشە وێرانە ڕێگاکان لەبەرکۆنی وخراپیان زۆرترین ڕووداوی هاتوچۆ تێدا ڕوودەدات، ئەگەر ڕۆژانە سەیری ڕووداوەکانی هاتوچۆ بکەین زۆر زیاترە لەتوشبووانی نەخوشی کۆرۆنا. کەبەردەوامیش ئەم کۆمەڵکوژییەی هاتۆچۆ درێژەی دەبێت، ئامانجی ئەمەش ئەوەیە دەسەڵات لەداهاتوودا کەرتی هاتوچۆو ڕێگاکان بەخشکەیی تەسلیمی کەرتی بازرگانی و کۆمپانیاکانی حیزبەکان بکات. هەروەک کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە وخوێندن. کاڕڵ مارکس دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت ببی بەمرۆڤێکی خوێڕی و هیچ وپوچ تەنها پشت بکەرە خەم و کێشەکانی ئەوانی تر. ئەم بەرپرسە حیزبییانە هەر لەسەرەتاوە وتەکەی کاڕڵ مارکسیان جێبەجێ کردووە، هەربۆیە بێ باکن لەقوربانیدان بەخەڵکی کوردستان و زیاتر وێرانکردنی ژینگەی جوانی کوردستان.
هۆکاری بێ باکی دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر لەبەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان پێش ئەوەی دەسەڵات بێت خۆمانین :

ئاشکرایە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەگشتی ئازادیخوازو یەکسانیخوانی کوردستان باش دەزانن کە ملهوڕییەکانی دەسەڵاتی حیزبە خێڵەکێیەکان هەر لەسەرەتاوە بەم جۆرە ئاوازە بووە و زۆر بێ ڕوحمانە و شارەزایانە بەربونەتە گیانی هەر جوڵەیەکی ئازادیخوازو مرۆڤ دۆستانەو پێشکەوتنخوازانە لەکوردستان، هەربۆیەش ڕێگایان نەدا بەشاعیرو نووسەرانی وەک بەکر علی کە بەشیعرو هۆنراوەکانی خەمی چینەکەی خۆی بەیان بکات و دەنگ و سەدای هەقخوازانەی هەژاران و دانیشتووانی خانووە کۆن و ڕووخاوەکانیان بەیان بکات. هەربۆیە بەئاشکرا لەسلێمانی تیرۆریان کرد. لەدواتر محمد حەلاق و هاوڕێکانی تیرۆرکران و دواتر پێنچ لە هاوڕێیانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تیرۆر کرا، پێشتریش ڕێناس وئارام ونەزیر عمر و مامۆستا سەڵاح تیرۆرکرابوون، دواتر چەندین تێکۆشەری ئازادیخوازی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەکوردستان تیرۆرکران و دواترو بەردەوامیش لەم شارو ئەوشار ڕۆژنامەنووسانی وەک سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمە و کاوە گەرمیانی و ویدات حسێن و دواتریش خەڵکی خۆپیشاندەر کەداوای نان، کار، ئازادییان دەکرد بەئاشکرا بەرفیشەک دران لەشارەکان و کرانە قوربانی و بریندارکران. لە ١٦ـی شووباتی رابردوودا دادگەی تاوانەکانی دووی هەولێر لە دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادیناندا هەریەک لە ئه‌یاس کەرەم، شێروان شێروانی‌، شڤان سه‌عید بەڕۆژکی، گوهدار محەممەد زێباری‌ و هاریوان عیسای بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدا، بڕیارەکەش کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا. رۆژی ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان لەسەر داوای دادگەی تێهەڵچوونەوە، رەوانەی دادگەی پێداچوونەوە کرا. وێڕای هەبوونی ناڕەزایەتی زۆری ناوخۆیی کەچەندین خۆپیشاندان لەچەند شارو شارۆچکەیەک لەدژی ئەوبڕیارە ئەنجامدرا و وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتیش وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا لەبەرامبەر بڕیاری سزادانی چالاکوانانی مەدەنی ڕەخنەیان لەبڕیارەکەی دادگا گرت، بەڵام لە ٢٧/٦/٢٠٢١ دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی لەبارەی حوکمدراوانی بادینان دەرکرد، بەو پێیەش هەر یەکە لەو چالاکڤان و رۆژنامەڤانانە بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا دران. ئەم بڕیارەش نیشانی دا کە دەسەڵات و حکومەتی کوردستانی عێراق زیاتر هەنگاو دەنێت بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و ئازادی میدیایی و چالاکی ڕێکخراوەیی بەتایبەتی. بەکورتی ئەم دەسەڵاتە ملهوڕە سات لەدوای سات بەرەو ملهوڕو سەرکوتی زیاتر ملدەنێ.
من پێم وایە ئەو جۆرە لەخۆ ڕازیبوون و خۆ ڕاوەشاندنەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەتایبەت ڕەخنەگرانی سەری خۆی دەخوات و گۆڕ بۆخۆی هەڵدەکەنێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە خەڵکی کوردستان بەگشتی بەهۆی ئەو دابەشکارییەی لەڕوویی چوگرافیاوە لەنێوان ناوچەی زەرد وسەوزو پەکەکە کاریگەری نەرێنی زۆری هەیە لەلایەکی تریشەوە بەردەوام لەلایەن حیزبەکانی گۆڕان و ئیسلامییەکانیش و بەیەکێتییەوە زۆر فرێودراوە لەئێستا بۆخەڵک دەرکەوتووە کە هەموویان داکۆکی لەهەمان سیستەمی بنەماڵەیی و سەرمایەداری دەکەن دەرئەنجام خەڵکی تووشی بێ ئومێدی کردووە لەگۆڕانی سیستەم ودەسەڵات. بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان زۆر کاریگەری سلبی هەبوو. دەرئەنجامی ئەمەی گۆڕان و ئیسلامییەکان و یەکێتی دەبێتە هۆی چەند ساڵێک تەمەنی دەسەڵاتدارێتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان درێژبکات وێڕای ملهوڕی و سەرەڕۆکانی لەچەوسانەوە و سەرکوتەکانی.
 ڕێگاچارە بۆ هەڵتەکان ولەگۆڕنانی دەسەڵاتێکی لەوجۆرە تێکۆشانێکی جدی ودڵسۆزانەی کرداری پێویستە بەئەڵتەرناتیڤێکی پێچەوانەی سیستەمی کۆنەخوازو چەوسێنەری دەسەڵات. ب

بۆئەمەشیان لەئێستادا هەنگاوی بۆ دەندرێت، بەڵام بەداخەوە لەزۆر بواردا بێ تەجروبەیە هەربۆیە پرشوبڵاوی بێ کاریگەری کردووە لەئاراستەکردنی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگەدا، دەرئەنجامی ئەم بێ کاریگەرییەش بۆتە هۆکاری بەلێشاوی کۆچی گەنجان لەدوایی هەر ناڕەزایەتی و قوربانی دانێک .
خوێنەرانی خۆشەویست لەجیاتی گەنجان و لاوان ڕێگای هات و نەهات بگرنە بەر لەجیاتی پرشوبڵاوی خەڵکی ناڕازی بەسەرکوتی ئازادییەکان وچەوسانەوە پێویستە هاوخەباتی لەتێکۆشانی چۆنایەتی نیشانبدەین وگەشەی پێبدەین، با وزەی ناڕازی ئاوارەیی نەبێت چیتر، چونکە تەمەنی زاڵم و چەوسێنەر زیاتر دەکات. گرەوی سەرکەوتن بەسەر هەر دەسەڵاتێکی چەوسێنەر لەڕێکخڕاوبوونی هێزی ناڕازیدایە، بەتەنها باسکردن لەتاوان و سەرکوتەکانی دەسەڵات سوودی ئەوتۆی نابێت بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر بەبێ ڕێکخراوبوون. تەواوی خەڵکی کۆمەڵگە زۆر باش دەزانێت تەواوی دەسەڵات لەکوردستان چەوسێنەرو دزو گەندەڵە، هەربۆیەش ئەوان کە کەمینەن بەردەوام دەوڵەمەند دەبن زیاتر دەبنەخاوەن پارەوکومپانیا زۆرینەی خەڵکیش زیاتر بەرەو هەژاری وبرسێتی ملدەنێ .
هەروەک کارڵ مارکس دەڵێت: کۆکردنەوەی سامان بەبێ دەست درێژی کردنە سەر مافی خەڵکی تر ئەستەمە.
هەروەها دیسان کاڕڵ مارکس دەڵێت: خۆ هەژارەکان کاری قورسیش دەکەن، بەڵام لەبەرئەوەی دزنین نابنە سەرمایەدارو بازرگان. کەوایە چارەسەر پێویسته چینی چەوساوە هێزی خۆی ڕێکخراو بکات و بەرەو ڕاپەرین و لەگۆڕنانی چەوسێنەرو دزەکان هەنگاوی دڵسۆزانە بنێت.
کارڵ مارکس دەڵێت: ئەو مرۆڤانەی کە گەورە دیارن، هۆکارەکەی ئەوەیە ئێمە دانیشتووین کەواتە باهەستین.! بەڵام کەهەستاین با دەستی یەکبگرین لەتێکۆشان بۆهێنانەدی نان، کار، ئازادی ئیدارەدانی شورایی…

Leave A Reply

Your email address will not be published.