لەمەولا كافرانە دەنووسم
لەمەولا كافرانە دەنووسم
لەخوار سەرمەوە دادەنیشم
هەناسەم دەپێچم لەباڵی پەپولەیەكی
ماتەوەو چرایەیەك لەبەرپێی
تەنیایی خۆمدا دادەگیرسێنم و
بەئەستێرەكان دەڵێم ئەگەر ئەتوانن وەرنە خوارەوەو باپێكەوە نوێژێك
لەسەر باڵی كۆترەباریكەیەك دابەستین و
دوعایەك بەسەر دڵتەنگیمانا بخوێنین
هیچ شتێكم بۆلەیەكتری جیاناكرێتەوە
تۆو باران لەیەك دەچن و لەیەكتریش
ناچن
ئەوەندە ئەو پرسیارەم لەخۆم كرد
خەریكە گومان لەخۆم دەكەم
ماوەیەكە چاوی چەپم زۆر دەفڕێ و
شەوانەش بەدەم خەوەوە ڕادەچڵەكم
عارەق لەتەپڵی سەرمەوە دێتە خوارەوە
تابەری پێم
ئەڵێی شتێكم لێ كەوتۆتە خوارەوەو
بۆم هەڵناگیرێتەوە
دەنگێك هەراسانی كردوم
لایەكی مێشكمی كون كون كردووەو
زو زو بەسەر مردنی خۆمدا دەكەوم
گەڕەكەكەی ئەوسای خۆمانم بۆنادۆزرێتەوە و
ژمارەی دەگای ماڵەكەمانم بیرنەماوە
وابزانم لەسفرەوە دەستی پێدەكردو
لەهەشتەوە كۆتای پێدەهات
من حەز لەفڕین ناكەم
بەڵام چیبكەم هەرشەوەی بەشێك لەجەستەم ئەپوكێتەوە و
بایەكی توڕەو تڕۆ یاری بەقەدەرم دەكات
نامەوێت لێرە بڕۆم
ئەزانم هەموو بارانەكان بەدواما دەگەڕێن
هەورەكان بێزارم دەكەن ئەوەندە نامەم بۆدەنێرن
لەخوا سەرمەوە دادەنیشم
ئەوەی بەدڵمابێت دەینوسمەوەو
دەیخەمە ژێر سەرینە ماتەكەم
بۆئەوەی ئەوەندە خەونی ترسناك نەبینم
من حەزم لەفڕین نەبوو بەس ڕەشەبایەكی
نەگریس شووشەی پەنجەرەی ژووری
نوستنەكەی شكاندم و بەناو خۆمدا هەڵیواسیم
شتێكم لێكەوتۆتە خوارەوەو
بۆم نادۆزرێتەوە
پێدەچێت ئاو لەگەڵ خۆیدا بردبێتی
بێزاریم سەد دەرەجە ژێر سفرەو
تەنیاییم خەریكە دەیبەستێت
لەمەولا كافرانە دەنوسم
شێتانە ئەخۆمەوە
مەستانە شەڕبەخۆم دەفرۆشم
لەم شێتیەم نایەمە خوارەوە
لەم مەستیەم دانابەزم
خۆچاك دەزانم نەبارانێك دەبارێت و
نە خۆشەویستەكەی
ئەوساشم
تەنیاییم ئەخاتە ڕستەوە
…………
میرزا
١٨/٦/٢٠٢١