کاتێک دادگا و دادوەر رۆڵی جەلاد دەگێرن! لەپەراوێزی سەپاندنی سزا بەسەر گیراوەکانی بادیناندا…

0

کاتێک دادگا و دادوەر رۆڵی جەلاد دەگێرن! لەپەراوێزی سەپاندنی سزا بەسەر گیراوەکانی بادیناندا…

دادگای تەمیز، هەمان تۆمەتەکانی پێش دادگایی زیندانیەکانی بادینانی سەرۆکی حکومەتی، پشت راستکردەوە و بەو تۆمەتە پوچ و دروستکراوانەش ٥ لە زیندانییەکان سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا و ٢٣ ی ئەم مانگەش سزای ١٤ مانگ زیندانی و غرامەی ٢٤٠ هەزار دیناری بەسەر ئومێد بەروشکیدا سەپاند… هاوکات دەیان کەسی تر لە… هەڵسوڕاوان و چالاکوان و رۆژنامەنووسی تری بادینان لە زینداندا راگیراون، کە لەچاوەڕوانی حکومی دەسەڵاتی میلیشیایی و دادگای حزبیدان.

سەپاندنی ئەم سزا ناڕەوایە بەسەر چالاکوان و رۆژنامەنووسەکانی بادیناندا، رقی بێ ئەوپەری دەسەڵاتی بەرامبەر بە ئازادی و ئازادییەکان و هەلسورانی کاری سیاسیدا، سەلماندەوە. دۆسیەی گیراوەکانی بادینان کە بەشێکە لە دۆسیەی ئازادی و ئازادییەکان، هاوکات بەشیکیشە لە ململانێی دەسەڵاتی سیاسی حزبی و میلیشیایی لە دژی خەڵکی کوردستان… ئەم دەسەڵاتە کە ناشیرینترین و قێزەونترین دەسەڵاتی سیاسی ناو میژووی ئەم سەردەمەیە، لەلایەکەوە موچە دەبڕیت و تاڵانی سیستماتیک دریژە پێدەدات، لەلایەکی تریشەوە بۆ بێدەنگ کردنی دەنگی نارەزایەتی بەرووی ئەو جەهەنەمەی بۆ چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە خوڵقاندویەتی چەکی سەرکوت و داپلۆسینی بەدەستەوە گرتووە، دادگاو ئاسایش و دژە تیرۆرو زیرەڤانی و پۆلیس و نوسەری دەرباری بەرداوەتە گیانی ئازادیخوازانی کۆمەڵگەو دەنگە ئازاو تیکۆشەرەکان.

ئەم بریارە قەرەقوشییە زادەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیایی ناشەرعی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوبەشەکانیەتی لە یەکیتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، بریارێکە سەرچاوەکەی ترس و هەڵلەرزینە لە راسانی جەماوەری. ترسە لە کۆتاییهینان بەدەسەڵاتیان.

سەپاندی سزا بەسەر کەسانێکدا دژی گەندەڵی و بێ موچەیی جەنگاون، پێداگری دەسەڵاتە لەسەر دریژەدان بەدزی و گەندەڵی و لوشدانی قوتی هاولاتیان و موچەخۆرانی هەریمدا. دادگا و دادوەرە نۆکەر پیشەکان کە زوربەیان نانی حزب دەخۆن و بە پسوڵەی حزبی بۆنەتە هەمەکارە، رۆڵی جەلاد لەچوارچێوەی یاسا بنەماڵەیی و میلیشیاییدا، دەگێرن و لەبەرامبەر بە بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگەو هەر دادگا و دادوەرێکی ئینساندۆست و بێلایەندا، مەحکوم بەسزای یاسایین.

دوای ئەو هەموو بەڵگە زیندوانە کە نیشانی دەدەن گیراوەکانی بادینان، نەجاسوس و نۆکەری بیگانە! و نە تێکدەری ئاسایشی هەرێمن، بەڵکو تیکۆشەری دژە گەندەڵی و خەباتگێری گێرانەوەی موچە دزراوەکانی هاوڵاتیان و ماندوونەناسی دژی نۆکەر پیشەیی دەسەڵاتن… سزادانیان، بۆ ترساندنی کۆمەڵگەیە، بۆ خامۆشکردنەوەی ئەو رق و تورەییە فراوانە جەماوەریەی کە قوڵپ دەدات.

گوێ نەگرتن لە دەیان پاریزەر و ریزی بەرینی ئازادیخوازن و چاوداخستن لەبەرامبەر دەیان بەڵگە ئاشکرا بۆ بێتاوانی گیراوەکان، تادەگاتە بیدەنگ بوون لە داوای دەیان ریکخراوەی ئینسان دۆست و نێو دەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای گیراوەکانی بادینان، هەمان کەللە شەقی رژیمە دیکتاتۆرەکانی چەشنی سەدام حسێنی دیکتاتۆری گۆربەگۆڕ کراو، موئەمەر قەزافی لیبیا و ئاخوندەکانی ئیرانمان نیشان دەدات… گومان لەوەدا نییە، چارەنووسی دیکاتۆرەکان، یەک چارەنووسە… کەمەرگی دەسەڵاتیانە. لە کوردستاندا مەرگی ئەم دەسەڵاتە بە دەستی خودی جەماوەری ئازادیخوازو تیکۆشەر و ریکخراو زامنی، دامەرزاندنی دەسەڵاتێکی دادپەروەر و خۆشگوزەرانە. ئەم نەبەردە لە رێگایە و دەتوانێت بە مەنزڵ بگات، ئەوکاتەش کاتی لەقەفەز نانی تاوانبارانی دزی و گەندەڵی و سزای نارەوا سەپاندن بەسەر ئازادیخوازاندا، جەژن دەگرین.

عەبدوڵا مەحمود     

Leave A Reply

Your email address will not be published.