نا بۆ داخستنی هیواکان

0

نا بۆ داخستنی هیواکان

نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەری توشبوان بە شێرپەنجە لە ژێر هەڕەشە دایە و دەیانەوێ وەک هەربەش و لایەنێکی تری ژیان، لەسەر  بەشی  تایبەتی تاپۆی بکەن و بیسپێرن بە قازانجپەرەستی سەرمایە. ئیتر لیبڕاڵیزمی بازاڕ و سەرمایه، قیبلە ی ڕۆشنفکرانی دیموکرات و ناسیوناڵیست کە ڕۆژانێک شانامەیان لەسەر خێر و بەرەکەتی ئەومۆدێلە دەهۆنیەوە، گوڵی گرت. دەبێ بڵێین پیرۆزە ئەوەی کە خەوی ئێوە بوو وا لەژێرسایەی حوکمی چەک و میلیشیا و بێ پەردە لە کوردستانێک کە ئەو خەوەتان پێوە دەبینی هاتۆتە دی. هەموو شتێک بۆ سەرمایە ئازادە، سەرمایە و دەسەڵاتەکەی ئازادانە هەربەڵایەکیان بوێ بەسەر هاوڵاتی بە قەولی ئێوە (تاکی ئازاد)ی دێنن. بێکارەبای دەکەن، بێ ئاوی دەکەن، بێ نەخۆشانە و بیمەی تەندروستی و دەرمانی دەکەن و هەموو ئەوانەی لێ درێغ دەکەن. دواتر هەموو ئەوانە ئازادانە بە بێ ئەوەی لە کەس بپرسن لەسەر خۆیان تاپۆ دەکەن. ئیتر ئێرە بەهەشتی ئازادی سەرمایەیە و لە هیچ شوێنیکی دنیا دەستی سەرمایەو کۆمپانیا و دەسەڵات، لە کردن و نەکردنی هەرشتێک دەرهەق بەهاوڵاتی ئەوەندە ئازاد و ئاوەڵا نییە.

داخستنی نەخۆشانەی هیوا واتە بێبەشکردنی هەزاران ئینسانی توشبو بە نەخۆشی نەگریسی شێرپەنجە لە دەستڕاگەیشتن بەو لانیکەمانەی چارەسەر. واتە دەستدرێژی کردنە سەرمافی دەستڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی خۆڕایی و لانیکەم هەرزانی چارەسەر کە لە حاڵەتی بەردەست نەبوونی دەکاتە مەحکوکردنی هەزاران ئینسانی موبتەلا بە مەرگێکی شێنەیی و بە ژیانکردن لە ئازار و ڕەنجێکی هەر دەقە و سەعاتەدا.

ئەمە تەنیا مانای وێڵکردنی ئەو ئینسانە موبتەلایانە نییە لە بەرامبەر ئەو نەخۆشیە مەرگهێنەر و ئازاردەرە، بەڵکو خستنە تەنگانەی سەدان خێزانی کرێکار و دەستەنگە تا بە تەنهایی دەرد وڕەنج و خەمی ژاکان و هەڵوەرینی ئازیزانیان، هەر دەقە وسەعاتە ببینن و بەردەوام لە دڵەخورپەی ئەوەدا بژین لە کوێ و چۆن چارەسەر و دەرمانی پێویستیان بۆ پەیدا بکەن تا چەند بەیانیەکی تر مەرگی ئازیزانیان دوا بخەن و بۆ ماوەیەکی تریش وا بکەن کە بە ئازارێکی کەمترەوە بژین و وەک ئێمە بتوانن پێبکەنن و گوێ لە گۆرانی بگرن و خەیاڵ بکەن و دڵ بدەنە ژیان.

سەرمایە و قازانج پەرستی سەرمایە لەوە بەهێزتر و غەریزیتر و بێدڵترە کە بە بێ بوونی جوڵەیەکی جیددی و بەرگری و نەخوازەڵا پەلامارێکی جیددی لە کۆمەڵگە، بکرێ چاوڕوانی ئەوە بکرێ کە پاشەکشە بکەن ودەست هەڵبگرن.

دەسەڵاتە بۆرژواییەکانی ئەو مەملەکەتە لە سلێمانی و هەولێر لەوە بەرامبەر بە ژیان و گیان و سەلامەتی هاوڵاتیان بێ موبالاترن و لەوە دژە ژیانترن کە بکرێ شتێکیان لێ چاوەڕوان بکرێ، مەگەر ناچار بکرێن مل بدەن و ناچار بە تەسلیمبوون بە ئیرادەی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە بکرێن.

هەر بۆیە هەموو کۆمەڵگە، هەموو هاوڵاتیانی کۆمەڵگە، کرێکاران و بێبەشان و لاوان و هەموو ئەو ئینسانیەتەی کە دڵی لەو بەربەرییەتە تێک هەڵدێ، بۆ بەرگریکردن لەو ئینسانە توشبوانە بەشێرپەنجە و خێزانەکانیان و بۆ بەرگریکردن لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان وچارەسەری دروست وخۆڕایی  و بۆ هەوسارکردنی چاوچنۆکی و قازاج پەرەستی سەرمایە و کۆمپانیاکان و دەسەڵاتی حیزبە بۆرژواییەکانی پارێزەریان لە هەڕاجکردنی خەستەخانەی هیوا و دکتۆر و  دەرمان و چارەسەر بەسەرمایە، دەبێ بجوڵێ و  وبە خواستی مافی ژیانی سەلامەت و مافی تەندروستی وچارەسەری خۆڕایی گشتی، بۆ بەرگری لە نەحۆشانی شێرپەنجە و نەخۆشانەی هیوا بێتە دەنگ.

ئەمە دەتوانێ سەرەتای یەکێتیەکی چینایەتی و ئینسانی بێت، هیوایەکی تربێت.

ابراهیم حسێن

19.6.2021

Leave A Reply

Your email address will not be published.