بەڕێکخراوبوونی خەڵکی ناڕازی کۆتایی بەدەسەڵاتی شەقاوەکان دێت   نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ

0

بەڕێکخراوبوونی خەڵکی ناڕازی کۆتایی بەدەسەڵاتی شەقاوەکان دێت

 

نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ

شەقاوەکان بەوە ناسراون کە حیساب بۆهیچ یاسایەک ناکەن کە نرخ و بەهای ئینسانی بپارێزێت و هەرگیز ڕەچاوی مافەکانی مرۆڤ ناکەن، هیچ ڕێنمایی وپێشنیارێکیش گرینگی پێنادەن ئەگەر لەسەدا سەد دەسەڵات و بەرژەوەندی شەقاوەییان نەپارێزێت و گەشەی پێنەدات، هیچ جۆرە ڕەخنەیەک نەک قبوڵ ناکەن، بەڵکو هەبوونی ڕەخنە بەمەترسی لەسەرخۆیان دەزانن، هەر لەبەرئەمەشە ڕەخنەگران بەدوژمنی سەرسەختی خۆیان وبەرژەوەندییەکانیان دەزانن. خودی هەبوونی ئازادیش تا ئەو شوێنە ڕێگای پێدراوە کە بەرژەوەندی و دەسەڵاتی شەقاوەییان بپارێزێت. دەرئەنجامی ئەمە هەر جوڵە و فشارێک لەلایەن دڵسۆزانی کۆمەڵگەوە بۆسەر دەسەڵاتی شەقاوەییان هەبێت بەو ئامانجەی کە سنوورێک بۆ گەشەی هێزی شەقاوەییان دابنێت ئەم جۆرە هێزە بەڵتەچی و شەقاوەییە لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتی شەقاوەییدا وێڕای سەرکوتکردنی بەهەر جۆرو شێوازێک بۆی بکرێت درێغی ناکات لەهەمانکاتیشدا لەناو کۆمەڵگەدا پڕوپاگەندە دەکات کە ئەو جۆرە فشارەی لەکۆمەڵگەوە لەسەرییانە ئەوە هێزی خەڵک نییە، بەڵکو دەستی دەرەکی و دوژمنان و ئاژاوەچین دەیانەوێت کۆمەڵگە تێک بدەن و وێرانی بکەن. زۆرجاریش ئەم پڕوپاگەندانەی هێزی میدیایی شەقاوەکان کاریگەری سلبی و خراپی و نەرێنی خستۆتە سەر بەشێک لەدەروونی تاکەکانی کۆمەڵگە. لەهەمووی خراپتر کاریگەری ئەرێنی خستۆتە سەر زەهنێت و بیرکردنەوەی بەشێک لەڕۆشنبیران و نوسەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و کەسانی سیاسی لەوەش خراپتر کاریگەری نەرێنێ وخراپی خستۆتە سەر کەسانی کۆمۆنیست وشیوعی و ئازادیخوازو یەکسانیخوازانی کۆمەڵگە کە هەر بەشەو بەجۆرێک دیسان سیاسەت وچالاکی لەبەرژەوەندی دەسەڵاتی شەقاوەکان درێژە پێدەدات. ئەم هێزانە لەبەرئەوەی کاریگەری ئەرێنییان نییە لەڕێکخستنی کۆمەڵگە و ئاراستەکردنی دا بەئاراستەی بەرژەوەندی و سوودی هێنانەدی مافەکانی خەڵکی کرێکارو هەژارو زەحمەتکێش و کرانەوەی زیاتری کۆمەڵگە بەرەڕووی پێشکەتنخوازی و ئازادیخوازی ویەکسانیخوازیدا. شێوازی پڕوپاگەندەی دەسەڵاتی شەقاوەکان جۆراوجۆرە لەهەر بەش وچین وتوێژێکدا بەجۆرێکی لێزانانەو وشیارانە پڕوپاگەندە دەکات بە ڕاوێژ لەگەڵ کەسانی شارەزا لەتێکشکاندنی ئیرادەی تاکدا وەک مرۆڤ کە لە هەنگاوەکاندا تەسلیم ببێت و بەهۆی کاریگەری پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندنەکانییەوە ئەم تەسلیم بوونەش بۆ زیاتر چەمانەوەبێت بۆ یاساکانی شەقاوەیی و سیستەمی کۆنەپارێزی وچەوسانەوەیان. کەئەمەشیان زۆر ڕوون دیارە ساڵ لەدوایی ساڵ کۆمەڵگە بەرەو کۆنەخوازی وجەهل و بێمافییەکان دەگێڕنەوە وهەرچی سیمای جوانییەکانی مەدەنییەت و شارستانیەتە لەناوی دەبەن یان دەیشێوێن، لەمەیاندا بەقۆناغ بەندی بەپێی بەرژەوەندی دەسەڵاتی شەقاوەییان و شەق وەشێنەکانیان درێژەی پێدەدەن.
هەر بۆهۆی ئەم جۆرە کاریگەرییە نیگەتیڤی وخراپەوە ئیرادەی تاک لاواز دەبێت وتەمەنی دەسەڵاتی شەقاوەیی درێژتردەبێت.

لەزۆرێک لەوڵاتەکانی سیستەمی سەرمایەداری بەگشتی و سیستەم ودەسەڵاتە قەومی و دینییەکاندا زۆربە ئاگایییەوە کار لەسەر گەشەی دەسەڵاتی شەقاوەییان دەکەن. نموونەش وەک ئێران، عێراق، کوردستان، تورکیا و سووریا و یەمەن و ئەفغانستان و …هیتد. بۆئەوەی بەرژەوەندی سەرمایەو مەعنەوەییان بپارێزن، لەڕاستای ئەمەشدا ڕاستەوخۆ بەهاوکاری دەوڵەتانی سەرمایەداری جیهانی کە پشت و پەنای ئەم جۆرە دەسەڵاتە شەقاوەییانەن لەپێناو پاراستنی ماددی وسیاسیدا، بەڵام ئەم دەسەڵاتە شەقاوەیەش هەتا هەتایە درێژەی نابێت،  بەڵکو تەمەنی بەندە بە گەشەی وشیاری تاکی چەوساوە بۆ ڕێکخراوبوونی لەبزووتنەوەی چینایەتی خۆی دا.
مایەی دڵخۆشییە سەربارەی ئەو هەموو میدیا و ڕاگەیاندنانەی دەسەڵاتی شەقاوەکان بۆ پاراستن وگەشەدانی ملهوڕییان بۆ دزی وچەوسانەوە، بەڵام گەشەی وشیاری چینایەتیش هەنگاو بە هەنگاو سەرلەقۆزاغی هێلکەدانی چەوسانەوە و ئازارەکانی دەردەهێنێت. ئەگەرچی پڕشوبڵاوە، بەڵام ئومێدی کۆکردنەوەش بۆ زریان و گەردەلولی شۆڕشی چەوساوەکان بەندە بەگەشەی وشیاری ڕێکخراوبوونەوە و دەرکەوتن و لەدایکبوونی لەهێلکەدانی ڕەوتی شۆڕشگێڕیی دا.
خۆشەویستانی خوێنەر دوو ڕووداوی گرینگ ڕوویی داوە لەم هەفتەیەدا کە هەردوو ڕووداوەکە نیزیکن لەڕووی ململانێی چینایەتییەوە کە ئەتواندرێت ئاگایی چینایەتی پێ بچێتە پێشێ و هەنگاو بندرێت بۆ گەشەی هاتنە کایەوەی شۆڕشی چینایەتی لەناو بزووتنەوەی جەماوەریدا، بەمەرجێک ئاراستەی ڕێکخراوبوونی جەماوەری لەخۆ بگرێت. لە ڕۆژی ١٢/٦/٢٠٢١ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپارێزگای زیقاری عێراق ڕووبەڕووی کاردانەوەو توڕەی خۆپیشاندەران بووەوە کە سەردانی کردبوون، کۆمەڵێکی زۆرلەخۆپیشاندەران بەردبارانی کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانی کازمیان کرد لەسەر ڕێگای چوونە ناو شاری زیقار، ئەمەش هەوڵێکە بۆ دەربڕینی توڕەیی خۆیان لەدۆخی شارەکەیان دژی کازمی لەسەردانەکانییدا بۆ پارێزگاکانی باشووری عێراق، کازمی سەردانی خانەوادەی دوو قوربانی کرد، یەکیان ناو هێزی حەشدی شەعبی بوو، ئەوی دیکەشیان لەکاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا بریندار بوو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، هەرچەندە مستەفا کازمی ئەو سەردانەی لەمیانەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە، بەڵام لەیەکەمین سەردانی ڕووبەڕووی کاردانەوەی جەماوەری بووەوە، ئەو بەردبارانەی کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆک وەزیران لەلایەن خەلکەوە نیشانەی گەشەی وشیاری چینایەتی خەڵکی عێراقە لەئاست دەسەلاتدارە شەق وەشێن و شەقاوەکانی فەرمانڕەوادا. خەڵک نایەوێت چیتر گوێ لەقسەو بەڵێنی فرێودەرو درۆزنانەبێت. ڕۆژی شەممە١٢/٦/٢٠٢١ بەهەزارەها خۆپیشاندەر لەسەرجەم شارەکانی فەڕەنسا بەیەکەوە لەتێکۆشانێکی یەکگرتوودا هاتنە سەر شەقامەکان. بەیەکەوەبەڕێگاوە بەرەو زیاتر هێنانەدی ماف و ئازادی دژی کردەوەو یاساکانی فاشیزم و ڕاست ڕەوەکان  هاتنە سەر شەقامەکان، بەگوێرەی زانیارییەکان کە زیاد لە ٧٥ هەزار هاوڵاتی فەرەنسا لەهەمو شارەکان هاتونەتە سەرشەقام دژی پارتی ڕاستڕەوی فەرەنسا، لەخۆپیشاندان وناڕەزایەتی دا بەبێ ئەوەی هیچ ئاژاوەیەک بنێنەوە و هەروەها هەموو جۆرە خەڵکێک بەگشتی وخەڵکی  بەتەمەنە بەشدار بوون.
هەروەها جان لویک میلانشۆ و پارتی  چەپڕەو لە ریزی پێشەوەی خۆپیشاندەراندا بوو. هەربەهۆی ئەوەی کە لەپێشەوەی ناڕەزایەتییەکاندا بوو  کەسێکی ڕاستڕەو ئاردی کرد بەسەر سکرتێری پارتی چەپ جان لویک. ئەمەش وەک گاڵتەپێکردن پێی.
ئەزیزانی خوێنەر ئەمە بەراوردکردنی کۆمەڵگەی عێراق بە کۆمەڵگەیەکی ئەوروپی وەک فەڕەنسا نییە. قسەی من ئەوەیە کە ڕێڕەوی تێکۆشانە ڕاستەقینەکە بۆ هێنانەدی ماف و ئازادییەکان کە مرۆڤەکان وەک مافێکی سادە و ئاسان دەستی ڕابگات بە نان، کار، ئازادی هەنگاوبنێت بۆ چەسپاندنی عەدالەت ویەکسانی و دادپەروەری لەکۆمەڵگادا. ئامانجەکە ئەوەیە کە وشیاربین سیستەمی سەرمایەداری و یاساکانی نیولیبڕالیزم لەهەر وڵات وکۆمەڵگەیەک هەبێت چەوسانەوە و هەژاری و برسێتی بەرهەم دەهێنێت و ژیانی هاوڵاتیان سەخت و نالەباردەبێت، وێڕای ئەوەی لەشێوازدا جیاوازن، بەڵام لەناوەڕۆکدا یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش کۆکردنەوەی قازانج و پارەی زیاتر بۆ کەمینەیەک لەپارێزەرانی دەسەڵات و بەرپرسەکان و خاوەن کۆمپانیاکانە. دەرئەنجامی بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتەشە کە لەگەڵ زیاتر دەوڵەمەندبوونی کەمینە زۆرینەش ڕاپێچی چەوسانەوە و هەژاری و بێکاری و ئاوارەیی زیاتر دەکات. من زۆر دڵنییام وشیاری گەنجانی کوردستان بەجۆرێکە کەئەگەر کەمێک ئازادی هەبێت لەکوردستان گیانی گەنجەکان پارێزراوبێت سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکان نەک وەکو کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرد باران دەکرێن و وەکو ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا گەنجێک زلەی لێدەدات، بەڵکو سەرجەمیان بەردباران و هێلکە باران وتف باران دەکات و دەیان خاتە ناو زەبڵ زێراب وخاشاکی گەڕەکەکانەوە.
زۆرگرینگە گەشە بەناڕەزایەتییەکانی ئێستای کۆمەڵگە بدرێت بەئاراستەی ڕێکخراوبوون کەخەڵک دوور بخرێتەوە لەپەرتەوازەییدا. ئەگەر کۆک و تەبابین لەسەر نەمانی دەسەڵاتی شەق وەشێن و شەقاوەکانی کۆمەڵگە پێویستە هێزی شۆڕشگێڕی بنیاتبنێین بۆ لەگۆڕنانی سیستەم و دەسەڵاتی کۆنەخوازی وچەوسێنەریان ،ئیتر بەسە. دەسەڵاتی شەقاوەکان جگە لەتێکشکانی ئێرادەی مرۆڤ و بەتاڵکردنی گیرفانی گەنج نەبێت، هیچ سوودی تری نییە و ئومێد بەتێکۆشان بەژیانێکی باشتر و خۆشتر چەندەها ساڵە لێیان زیندە بەچاڵ دەکات. ئیمکانی ماددی و مەعنەویان لێ دەدزرێ و بەفیڕۆ دەدات هەروەک چۆن ڕۆژانە سەرمایەدارەکانی ئەو دەسەڵاتە ڕۆژانە هێزی کرێکار بەتاڵان دەبەن و بەرهەمەکەشی دەدزن بەهەمان شێوەش هێزی جوان و پڕگەشەی گەنجان و لاوان خامۆش و بێ ئیرادە و دەهاڕن و تێکدەشکێنن، ئەمەش بۆئەوەیە گەنجانی ئەمڕۆ و داهاتوو ملکەچ وبچەمێنەوە لەئاست یاسا کۆنەپارێزو چەوسێنەرەکانیاندا. بەردەوام کڕنۆش بۆ سەرکردەی شەقاوەکانی کۆمەڵگە بەرن. هەربۆیەشە کە ژیانێکی ئاساییان لێزەوت دەکەن کە ڕێگە دەگرن لەبیرکردنەوەی ئازادییان و ڕەخنەگرتن لەهۆکاری بوونی ئازاری ڕۆژانەیان و تا ئەو ڕادەیەی مومکینە دەی چەوسێنێتەوە و سەرکوتیان دەکەن. هەر وەک پێشتر گوتم کاریگەری ڕیکلام و پڕوپاگەندەی دەسەڵاتی شەقاوەکانی هاوکات بەشێکی زۆر لەڕۆشنبیرو نووسەر وڕۆژنامەنووسی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە کە بە بەرهەمی نووسین و قسەکانیان بەناوی ئەکادیمی و شارەزا و پسپۆڕیییەوە بە ئاشکرا ئاسۆ و ئاڕاستەی بەرەنگاری لە گەنج دادەماڵێت، ماوەیەک ڕەخنە لەدەسەڵات دەگرن و بەحیسابی خۆیان ئازادیخوازو ڕۆشنبیرن دواتر بەشان وباڵی بەشەکانی دەسەڵات هەڵدەدەن یان بەناوی یەکبوون ویەکگرتوویی کوردەوە پاساو بۆ سەرکوت و چەوسانەوەکانی دەسەڵات دەهێنەوە، یان لەهەمووی وێرانتر دێن باسی گرینگی وبایەخی چاکسازی لەدەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەرو شەقوەشێنەکانی کۆمەڵگە دەکەن، هەر ئەو بەناو نووسەرو شاعیرو ڕۆشنبیرانەش پێشبڕکێیانە لەسەرئەوەی وتارو شیعرو چیرۆکەکانیان لە گۆڤارو ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی دەسەڵاتی ملهوڕدا بڵاوبکەنەوە لەپێناوی دەستخۆشی و پارەپێدانێکدا. بەڕاستی خۆڵکردنە چاوی گەنجان و لاوان و خەڵکی ناڕازی گەمژەیی ئەو بەناو ڕۆشنبیرو شاعیرو نووسەرو ڕۆژنامەووس وسیاسییانە دەردەخات، چونکە دەیانەوێت خەڵک چەواشەبکەن لەلایەک لەناو گەنجان و خەڵکی ناڕازی ڕەخنە لەدەسەڵاتی شەق وەشێن و شەقاوەکان دەگرن لەلایەکی تریش ڕۆژنامەو گۆڤارو ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات بەنووسین و قسەکانیان دەڕازێننەوە. درۆکردن و فرێودانی خەڵکی هەژارو کرێکارو گەنجان و ژنان تاوانە هەروەک تاوانەکانی دەسەڵاتی چەوسێنەر. ئاخر بەم جۆرە ئەنجامی بەو جۆرەیە کەدەبیندرێت کە گەنجان و تەواوی مرۆڤە ناڕازییەکان ئاراستەی تا دوا سنور پاسیڤ و خەمۆکی دەکات، و دواجار دەیکات بە عارفێکی ڕۆمانتیک کە هەموو خەونی دەبێتە خۆخواردنەوە و خۆبەنەفرەتکردن و بێز لە خۆبوونەوە و نامۆبوون هەر بۆیەشە زۆر لەگەنجان ولاوان، زۆرێک لەژنان وکچان پەنا بۆ خۆکوشتن وخۆسووتاندن دەبەن یان وڵات بەجێ دەهێڵن بەرەو ئەوروپا وێڕایی هەبوونی مەترسی گیان لەدەستدانیان و تووشی چەندەها گرفت وکێشەی جۆراو جۆر دەبنەوە.
ئەزیزانم پێوستە ڕێگا ڕاست و دروستەکە بگرینە بەر هەموومان کەناڕازین لەچەوسانەوەوبێ مافییەکان. کۆمەڵگە پێویسته بەیەکەوە لەیەک سەنگەری تێکۆشانی ڕاستگۆیانەو دڵسۆزانەدا بین دژ بەسیستەم و دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەرو ملهوڕی شەقوەشێن و شەقاوەکان. ئیتر بەسە پەرتەوازەیی پێویستە هێزی ڕێکخراوەییمان بنیات بنێن بیکەینە بزووتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەری لەگەڵ هەر جوڵ وهەنگاوێکدا گۆڕانکاری کرداری بکات. با هەروەک مارکس شۆڕشگێڕ بین بۆڕزگاری چەوساوەکان و هەژارەکانی کۆمەڵگە. با هەریەکەمان ڕابەرێک بین بۆ ڕزگاری لەچەوسانەوە و و ڕاگرتنی وێرانکردنی کۆمەڵگەو بەدەست چەوسانەوە و داگیرکاری وملهوڕییەکانی شەق وەشێن و شەقاوەکان و ئاغاکانیان. هەموومان هاوشێوەی لینین تێکۆشان بکەین وەک ڕابەرێک گەشە بە شۆڕشی ڕزگاری چەوساوەکان بدەین. هەتا وەکو کۆمەڵگەیەکی باشترو نوێتر دروسبکەین، لەو کۆمەڵگەیەدا هەموومان زۆر بەئاسانی و وەکو هەرمافێکی سادە دەستمان بگات بە نان، کار، ئازادی و ژیانێکی خۆشگوزەرانی دوور لەچەوسانەوە.

قانعی شاعیر دەڵێت :
با هەموو جوتیارو پاڵە و ڕەنجبەران
یەکگرن تا دەبنە هێزو پشتیوان
هەڵگرن یەکسەر دروشمی هاوبەشی
بێ جیاوازی لەسەر ڕەمز و نیشان
هەڵگرن پاچ و چەک وبێڵ و قەڵەم
هەر لەڕۆشنبیر هەتا شوان و سەپان
هەڵتەکێنن ئەم نیزامە بۆگەنە
دابڕێژن کۆشکی یەکسانی ژییان.

ئەبێت ڕۆژێک ئەم هێزە یەک بخرێت  و بخرێتە سەنگەرە ڕاست و دروستەکەی خۆیەوە کە هیچ هێزێک نەتوانێت پاشەکشەی پێبکات هەتا ئەو کاتە دەسەڵاتی خەڵک لەڕێگای شوراکانی خەڵک خۆیەوە دادەمەزرێنێت. جیهانی ئێستا بەرەو وشیاربوونەوەی چینایەتی دەڕوات، بەردەوام تارمایی هەوری شۆڕش و ڕاپەرینی خەڵکی چەوساوە بە‌ئاسامانی دەسەڵاتی شەقاوەکان و شەق وەشێنەکان دێت و دەچێت هاکە لەپڕ ولەناکاو لەوڵات و کۆمەڵگەیەک کردییە زریان و گەردەلولی ڕاپەرینی خەڵکی چەوساوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.