کاکەلاو تەحسین: دەسەڵاتی دادوەری بۆتە بوکەڵە بەدەست حیزب، حیزبەکان نەک تا ئێستا بوێری گوتنی بۆچونی خۆیان نییە لەسەر ئاین و ئیسلام تەنانەت بوێری تێپەراندنی تەکیەو خانەقاشیان نییە، دیمانەی بۆپێشەوە سەبارەت بە پێشنیاری دانانی دەستور بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز کاکەلاو تەحسین شارەزا لەیاسا و دەستور…

0

کاکەلاو تەحسین: دەسەڵاتی دادوەری بۆتە بوکەڵە بەدەست حیزب، حیزبەکان نەک تا ئێستا بوێری گوتنی بۆچونی خۆیان نییە لەسەر ئاین و ئیسلام تەنانەت بوێری تێپەراندنی تەکیەو خانەقاشیان نییە،

دیمانەی بۆپێشەوە سەبارەت بە پێشنیاری دانانی دەستور بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز کاکەلاو تەحسین شارەزا لەیاسا و دەستور…

بۆپێشەوە: وڵاتێکی وەکو بەریتانیا دەستوری نییە، و لە جێگای ئەوە عورف و یاسای هەیە… بەڵام حکومڕانیەکی دیموکراسی بۆرژوایی باوی هەیە… هیچ کێشەیەکیشی بۆ دروست نەبوو؟

کاکەلاو تەحسین: دەتوانین بلێین بەریتانیا دەستوری نوسراوی نییە و دەستورێکی عورفی ھەیە کە ھەمان ھێزی دەستورێکی نوسراوە، بەڵام ئەوەی وا ئەکات بەریتانیا دیموکراسی بێت مێژوو و پەروەردەی تاک و دامەزراوەکانیەتی.

بۆپێشەوە: ئایا دیموکراسی و حکومڕانیەکی باش، لە دەستور گرنگتر نییە؟ دەکرێت حکومڕانی خراپ و مافیایی بێت و دەستور دیموکراسی؟

 کاکەلاو تەحسین: بێگومان حوکمرانی تەندروست و باش ئامانجە و لە پێش ھەمو شتێکەوەیە، و  دەستوریش ھیچ نییە جگە لە پایەیەک بۆ ھێنانە کایەی حوکمڕانیەکی باش و دواتر پاراستنی لە ژێر سایەی ئەو دەستورە، و ئەوەی دیموکراسی و تەندروست بوونی دەسەڵاتێک دەسەلمێنێ ناوەرۆکی دەستورەکەی نییە، بەڵکو جۆری بەرھەمی بەرێوەبردنیەتی لە سایەی ئەو دەستورە، نمونە تۆ سەیری دەستوری عێراق بکە تا رادەیەکی باش بنەماکانی دیموکراسی و مافی تاک و سەربەخۆیی دامەزراوەکانی تیایە، بەڵام لە دەرئەنجامی ئەم دەستورە ئەو جۆرە لە فەرمانرەوایی ھاتۆتە بەرھەم؟ بێگومان نەخێر؛ بۆیە دەستوری دیموراسی بنەمایەکە بۆ حوکمرانی دیموکراسی بەڵام بە تەنھا بە دیھێنەری نابێت.

بۆپێشەوە: هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی دەسەڵات، بەکردەوە بروایان بە جیاکردنەوەی دین و سیاسەت و دەوڵەت نییە، لەو حاڵەتەدا چ دەستورێک دەبێتە بژاردە و زەمانەتی مافە فەردی و مەدەنی و ئازادییەکان دەکات؟

کاکەلاو تەحسین: ئەوەی باست کرد یەکێکە لە ئەرکە گرینگەکانی نوسینەوەی دەستور کە ئەبێت رێکی بخات، بەڵام ئێمە لە ھەرێمی کوردستان نەک تا ئێستا نەمان توانیوە بۆ ئەو ئامانجانە پێشبکەوین لەسەر ئاستی پەروەردە و دامەزراوە، بەڵکو ئێمە ئێستا دەگەرێینەوە ساڵانی ١٩٩٢ واتە سەرەتای ڕاپەرین، تۆ سەیر بکە ئێستا ھیچ باوەرێک و ھەیبەت بۆ پەرلەمان نەماوە و خولی سەرەتا باشتر بوو، دەسەڵاتی دادوەری بۆتە بوکەڵە بەدەست حیزب، حیزبەکان نەک تا ئێستا بوێری گوتنی بۆچونی خۆیان نییە لەسەر ئاین و ئیسلام تەنانەت بوێری تێپەراندنی تەکیەو خانەقاشیان نییە، ئیتر ئەو کارەکتەرانە ھەر دەستورێکیان بۆ بنوسرێتەوە ناتوانن بەدیھێنەری جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و ئازادییە فەردیەکان دابین بکات.

بۆپێشەوە: تۆ دەلێیت دەستوریان بۆ بنوسرێتەوە نەک بینوسنەوە بۆچی؟

 

کاکەلاو تەحسین: من بەرپرسم لەو قسەیەم؛  ھەرێمی کوردستان ھەرگیز نابێت بە خاوەنی دەستور بە ویستی خۆی مەگەر لە دوو حالەت نەبێت یەکەم دەستورێک لە دەرەوە بسەپێنرێت بەسەر ھەرێم لە لایەن وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی. دووەم دەستورێک لە ناوەوەی ھەرێم لە لایەن حیزبێکەوە بسەپێنرێت. من ھەردوو ئەگەریش بە دوورو قورس ئەزانم، چونکە ھێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان حەز بە ھەرێمێکی شێواوی بێ چوارچێوە ئەکەن! ھەم بۆ ڕاگرتنی دڵی عێراق و دراوسێکان، ھەم بۆ دەستێوەردان و بەرژەوەندی خۆیان. لە ناوخۆش ھیچ ھێزێک نییە بتوانێ تاک لایەنە بۆچوونەکانی بە ڕاشکاوی لە دەستور بڵێت و بە خەڵک بڵێت دەنگی پێبدەن، چونکە کورد ھەموو شتێکی پارادۆکسە؛ واتە نە حکومەتە، نە خێلە، نە ھەرێمە، نە دەوڵەتە، نە دەسەڵاتە، نە ئۆپۆزسیۆنە، نە عەلمانییە، نە ئیسلامییە…تاد.

بۆپێشەوە: ئەزموونی دنیا نیشانیداوە کە ئەو دەوڵەتانەی دەستورەکەیان مەبناکەی هاوڵاتی بوون و یەکسانی مافی سەرجەم هاوڵاتیانە لە بەرامبەر یاسادا، وە دینیان لە دەوڵەت جیاکردۆتەوە، تا ڕادەیەکی باش مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادییەکان فەراهەم کراون، چ بکرێت بۆئەوەی دەستوری کوردستانیش بەهەمان شێوە دەستورێکی عەلمانی غەیرە قەومی بێت؟

کاکەلاو تەحسین: لە ھەرێم تازە تەکیەی شێخ دەکرێتەوە دەکرێت بە ناوەندی ناساندی ھەرێم بە دونیا چۆن دین جیا بکرێتەوە لە دەولەت؟ بێگومان گەر ھەر دەستورێک لەمرۆدا نەتوانێ بنەمای عەلمانیەت بچەسپێنێ، نەبوونی باشترە گەر نەتوانین دەسەڵات بکەین بەھی ھەمووان و دینیش بکەین بەھی تاکەکان، ئەوا ئیتر ئێمە چی رێک ئەخەین؟ بەڵام تۆ سەیری دەستوری عێراق و پرۆژەی دەستوری ھەرێم بکە دەڵێت نابێت ھیچ یاسایەک دەربچێت پێچەوانەی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان بێت. لەولاوە دەڵێت نابێت پێچەوانەی بنەماکانی ئاینی ئیسلام بێت و دواتر لە دادگای فیدرالی کە ئەرکی چاودێری جێبەجێکردنی دەستورە مەرج دانراوە کە دەبێت فەقیھ دابمەزرێت. لەولاوە ھەرێم ڕازی نییە سرودە نەتەوەییە کوردیەکەی بگۆرێت ئەی دەستور چۆن ئەنوسێت.

بۆپێشەوە : ئەوانەی باست کرد کۆسپەکانن دەکرێت چۆن وەلا بنرێن؟ بۆ نوسینەوەی دەستورێکی عەلمانی غەیرە دینی؟

 

کاکەلاو تەحسین: بەر لە ھەر شتێ دەبێت بزانین کێ بریار دەدات دەستور بنوسینەوە؟ وەڵام؛ ئەوانەی باوەریان بە دەسەڵاتی ڕەھاو پاوانخوازی ھەیە. کەواتە دەبێت ئەو دەسەڵاتدارانە بریاردەر نەبن، دووەم کێ ئەینوسێتەوە؟ لیژنەیەک لە پەرلەمان ھەلدەبژێردرێت، یان لیژنەیەک ڕاستەوخۆ لەلایەن گەل ھەلدەبژێردرێت. لە ھەردوو ئەگەر ھەم پەرلەمان پەرلەمانێکی زۆرینەیەکی تەزویری کەمینەیە، لە ئەصلا ھەم شەقام کۆمسیۆنێکی حیزبی بێ ئیرادە سەرپەرشتی تەزویر دەکات. کەواتە دەبێت لیژنەیەکی دەستوری ھەلبژێردرێ لەلایەن گەل و دواتر پەسندی بکات بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی رێکخراوە نێودەولەتیەکان. کێ ئەندام دەبێت لە لیژنەکە؟دەبێت دووربێت لە کەسانی نا پرۆفیشنال و دابەشکاری سیاسی و سەفەقات..لە ھەمووی گرینگتریش هوشیارکردنەوەی خەڵک بە ئەگەر و مەترسیەکانی دەستور.

بۆپێشەوە: باسی دەستور و یەکڕیزی چ پەیوەندییەکیان بە یەکتریەوە هەیە، بۆچی بەیەکەوە هێنراونەتە گۆڕ؟

کاکەلاو تەحسین: ئەم باسکردنە لە ئەنجامی نەخوێندوارییە، چونکە باسکردنی دەستور و یەکریزی وەک باسکردنی ڕەش و سپیە بەیەکەوە. خۆی لێرەوە ئەبێت لەو دروشمەوە تێبگەین کە بۆچی نابین بە خاوەن دەستور، دەستور لە بنەمادا دادەنرێت بۆ رێکخستنی جیاوازییەکان، نەک بۆ یەکخستنی جیاوازیەکان؟ بە واتایەکی تر دەستور جیاوازی رێک دەخات یەکی ناخات، ئەوان ھاتوون کۆنفرانسی دەستور دەکەن لەژێر دروشمی یەکریزی؛ من دەپرسم یەک ریزی چییە؟ ئەگەر فرەییە ئەوە نابێت بە خراپ سەیری بکەین، چونکە بنەمای دیموکراسی و ململانێی شارستانییە. ئەگەر یەک ھەڵوێستیە بەرامبەر دوژمن و نەبوونە بە پیاوی دوژمن؟ ئەوە ئەرکتان ئەوەیە یەک ھەلوێست بن بەرامبەر دوژمن، بەڵام کە ئەو داوایە ئەکەن واتە ئێوە وا نین! بۆیە خۆتان ئەیسەلمێنن جاش و نۆکەری داگیرکەرانن و داوای تۆبە و یەک ریزی دەکەن. ئەصلەن ئەو ھێزانە بەلای منەوە زۆر یەک ریزن چونکە یەک ریزن بۆ نەبوون بەخاوەن دەستور، بێلایەن نەبوونی حکومەت، بێ ھەیبەتی پەرلەمان، لاوازی دادگا، گەندەڵی …دواجار پاراستنی ئەو شێوازەی حوکمڕانیە.

بۆپێشەوە: ھێنانە پێشەوەی دەستور ئامانج لێی نوسینەوەی دەستورە لە پێناو ھێنانەکایەی حوکمڕانیەکی باشتر بۆ ھاوڵاتیان یان بۆ پێویستی و بەرژەوەندی حیزبی و کەسیە؟

 

کاکەلاو تەحسین: بە دلنیاییەوە بۆ بەشی دووەمی پرسیارەکەتە. تۆ سەیر بکە ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ١٩٩٢ ئەیتوانی ببێت بە خاوەن دەستوری ناسراوی یەک لایەنە، و ئەم دەستورەی دەکرد بە بنەمای ھەر رێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ناوەند، یان دەیکرد بە بنەمایەک بۆ بەشداری لە حکومەتی نوێی دوای ڕووخانی صەدام، بەڵام نەیانکرد! بەتایبەت پارتی بۆچی؟ چونکە بەرژەوەندی حزبیان دەکەوتە مەترسیەوە. دواتر لە دەستوری عێراق لە مادە ١٢٠ ماف درا بە ھەرێم دەستوری ھەبێت، کەچی ئێمە زۆرجار دەلێین عێراق مافە دەستوریەکانی ھەرێم جێبەجێ ناکات، کەچی ئەو مافە تەنھا بە خۆمان جێبەجێ دەکرێت کە پێمان دراوە، کەچی جێبەجێی ناکەین! وردتر بڵێم ساڵی ٢٠٠٥ پڕۆژەکە نوسرایەوە ئیسلامیەکان دژی بوون، دواتر مادەی ئاینیان بۆ زیاد کردن بۆ بەرژەوەندی حیزبی ڕازی بوون و دەنگیان پێدا، بەڵام نەیان خستە راپرسی تا ٢٠٠٩ بزوتنەوەی گۆران دروست بوو یەکێتی و پارتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و گۆرانیش بۆ بەرژەوەندی سیاسی دژی وەستانەوە و دواخرا. لە ٢٠١٣ نەوشێروان مستەفا سەری زمان و بنی زمانی گەڕانەوەی پرۆژەی دەستور بوو، لە مانگی ٦ی٢٠١٣ دەستور گەڕایەوە پەرلەمان، لە ٢٠١٤ گۆڕان سەرۆکایەتی پەرلەمانی وەرگرت کە دەبوو بە گوێرەی یاسای ٣٠ حوزەیران لە یەکەم مانگ کار لەسەر دەستور بکات. کەچی کاتێک مسعود بارزانی تەنھا ٣ مانگی مابوو پرسی دەستوریان ھێنایە ناو پەرلەمان و نەوشێروان مستەفا گوتی دەستور ھەر پێویست نییە ھەبێت و کار لەسەر یاسای سەرۆکایەتی بکەن. ئەمڕۆش کە پارتی زۆرینەی پەرلەمانیە؛ دیسان ئەو پرسەیان بۆ فشارە و سەفەقەی سیاسی ھێناوەتەوە بەر باس. ئیتر ئێمە لە دوای ٣٠ ساڵ نەمانتوانی بێت دەستورێک بۆ خزمەتی گەل دابنێین؟ تۆ ناڵێیت ئەمرۆ کە لە ھەموکات زیاتر بەرەو تۆتالیتاری دەچن دەستور دابنێن گەر بۆ خزمەتی خۆیان نەبێت؟

Leave A Reply

Your email address will not be published.