کوشتنی ژنان و بەردەوام بوونی  نووسینی: ئارێز محەمەدی

0

کوشتنی ژنان و بەردەوام بوونی

 نووسینی: ئارێز محەمەدی

پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و توندوتیژی کردن بەرانبەریان بەھەموو جۆرەکانیەوە دیاردەیەکە، ئەویش دیاردەیەکی جیھانی و تەنھا لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی تر ئەگۆڕێت کە ئەویش پەیوەندی بە جۆری کولتووری ئەو کۆمەڵگەیە ھەیە، بەڵام بە گشتی ئایین خاڵی ھاوبەشی نێوانیانە. لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا ژنان تێیدا نەک هەر وەک نیوەی کۆمەڵگە سەیریان ناکرێت، بەڵکوو لە ڕیزی چەندەمین دان بۆ ماف.

ژنان لەم کۆمەڵگەیانەدا بێماف ترینن و هەمیشە تێیاندا هەوڵ دراوە کە ژنان بێدەنگ و دەنگ کپ بکەن، گەر ژنێکیش هەوڵی بۆ ڕزگاربوون دابێت، ئاکامەکەی کوشتن بووە. یەکێک لەو کۆمەڵگەیانە کە کولتووری ژن کوشتن تێیدا هێشتا تێیدا بنەبڕ نەکراوە، کومەڵگەی کوردستانە. کەلتووری پیاومەزنی لە دەسەڵات و بنەماڵەو ناوەندە پەروەردەییەکان و هەروەها گرنگترین خاڵ کە ئایینە، هۆکاری ئەم کوشتنەی ژنانن. ژنێک کە خاوەنی جەستەی خۆی نەبێت و نەتوانێت بریاردەر بێت بۆ ژیانی خۆی و هەروەها خۆی و فکری و بوونی قەتیس بکرێتەوە لە مشتی پیاودا، ئەوا کوشتن هەرهەمان سێبەری زاڵ و هەمیشەیی دەبێت لە سەریان.

بەپێی کات و گوزەری زەمان و لەدایک بوونی نەوەی نوێ، نکۆڵی لەوە ناکرێت کە کۆمەڵگەش گۆڕانکاری بەسەردا هات. ڕاگەیاندنەکان زۆرتر بوون، دەنگ و ڕەنگی ژن زیاتر تێیدا دەرکەوت، ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان ژمارەیان زیاتر بوو. بەڵام ئایا بەپێی ئەم گۆڕانەش، گۆڕانکاری بەسەر مەسەلەی ژناندا هات؟ دەتوانم بڵێم نــە و ئەوچاوەڕوانیەی کە هەمانە نەهاتە دی.

کاتێک سیستمێک بۆ بەڕێوەبەری هەیە و ئەویش لەسەر بنەمای پیاومەزنی و دەسەڵاتی پیاوە، ژن تێیدا ڕۆڵێکی ئەوتۆ ناگێڕێت. پیاو هەر هەمان فەرماندەر و ژنیش فەرانبەر ئەبێت. بۆیە دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ مەسەلەی ژنان لە کوردستان ئاسان نییەو کات و کاری بەردەوامی دەوێت بۆ گۆڕانکاری ڕاستەقینە. ئێمه پێویستمان به بزووتنەوەیەکی سەرتاسەرییە بە ژن و پیاوەوە، بزووتنەوەیەک کە بتوانێت ئامارەکانی کوشتن و برینەکان، لێدانەکان و سووکایەتیەکان نەک ھەر کەم کاتەوە بەڵکوو بیگەیەنێتە سفر.

تا ئێستا زۆرمان بیستووە کە ئازادی کۆمەڵگە بەستراوەتەوە بە ئازادی ژن. لێرەدا لە نێوان ٣ وشەی ئازادی و کۆمەڵگە و ژن دەبینین کە چەندین وشەی پڕ مەترسی و بڤەی وەک کەلتوور، دین و دیسیپلینە توندە کۆمەڵایەتیەکان خۆی حەشار داوە. ئەمڕۆکە کۆمەڵگەی کوردستان کە زیاتر مەبەستی منە ڕووبەوێیە، ئەگینا بە گشتی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە سێبەری ئیسلامی سیاسی بەسەریەوەیە، دەست و پەنجە نەرم دەکات لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا، دەبینین ئازادی کە چەمکێکی گرنگە، تێیدا سنوردار کراوە و ئەمەش زیاتر سەرنج ئەخاتە سەر ژن و وای لێ ئەکات لە کونجی ماڵدا بمێنێتەوە.

لێرەدا مەسەلەیەکی گرنگ هەیە کە لە کۆمەڵگەی کوردی و زۆربەی کۆمەڵگە ئیسلامیەکاندا بەزەقی دیاره، ئەویش “نامووس” و “قەتڵی نامووسیە”. کە هۆکاری سەرەکی کوشتنی ژنانن. نامووس و نامووس پەرستی، وشەیەکی بێگانە یان مەسەلەیەکی نامۆ نییە لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا، بەهەرحاڵ ئەمەش هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، هەڵقوڵاوی نێو ئایین و کلتوورە دژە ژنەکانە.

كوشتنی ژنان لە ژێر ناوی پاراستنی نامووس، وەک دیارترین و زەقترین حاڵەتی توندوتیژیەکانه کە بەرانبەر بە ژنان دەکرێت. چاو لێکردنی ژن وەک موڵک و بەکەم سەیر کردنی و ئیزن پێنەدانی لە هەر بڕیارێکدا کە تەنانەت چارەنووسی خۆشی تێیدا لە گۆڕدا بێت، لە کۆمەڵگەی کوردی و لە مێشکی زۆربەی پیاوانی کورددا هەیە. ئەم کەلتووری پیاومەزنییە ئەوەندە قووڵ و قورسە کە هەڵکەندن و لێی ڕزگاربوون ئاسان نییە و ڕۆژێ لە ڕۆژان لە سووچی وڵاتێکی ئۆرووپی و خاوەن دیموکراسی و وڵاتی مافەکان، دەبینین و دەبیستین کە “ژنێک کوژرا “.

جێی ئاماژەیە تەنها لەماوەی ئەمساڵدا چەندین حاڵەتی ژن كوشتن لە شارەكانی کوردستان بەدەستی خۆشەویستەکانیان، باوک و براو هاوسەرەکانیان ڕوویدا. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە چەندە  بیری پیاومەزنی و نامووس پەرەستی قیزەون و ترسناکە کە هەستی باوکایەتی و برایەتی و خۆشەویستی دەباته ژێر پرسیار و لێرەدا هەردوو ڕەگەز دەبنە قوربانی..

کوشتنی ژنان، بەردباران کردن و سەربڕین و  لێدان و سووکایەتی کردن بە ژنان تاوانێكی یەکجار گەورەیە و لە ژێر هەر ناوێکیشدا و بە هەر هۆکارێکیش مەحکوومە. مەسەلەی ژنان  یەكێك لەو مەسەلە گرنگانەیە کە بووەتە جێی باسی هەموو کۆمەڵگە جیهانیەکان و پرسێکی سەرەکی هەموو ڕاگەیاندنەکانە.

ئەمانە و سەدان ئامار و هەواڵ و ڕووداوی دیکە پێمان دەڵێت کە کۆمەڵگەیەکی خەتەر و سێبەرێکی پیاومەزنانەی ترسناک سێبەری کێشاوە بەسەر ژن و کەسایەتی ژندا.

ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنانی کوردستان  ئەرک و هەوڵمان  بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی یەکسانە دوور لە هەر هەڵاواردنێکی ڕەگەزی لە هەموو بوارێکدا. ڕێکخراوەکان دەبێت خەباتێکی یەکسانیخوازانەیان هەبێت و هەوڵ بۆ یەکسانیی ماف بدەن و بە شوێن دۆزینەوەی دەرفەتێک بن بۆ هەرچی زیاتر وشیار کردنەوەی ژنان و پیاوان لە مافە هاوبەشەکانی نێوانیان. هەروەها لەبەر دۆخی تایبەتی لە ڕوژهەڵاتی کوردستان کە هەمووان دەیزانین، دەبێت ئێمە وەک ڕێکخراوەکان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەینه مەکۆی خەبات و بەرەوپێش بردنی ئەرکەکانمان.

دەبێت ئێمە لە دووبەشی کوردستان و ئەوروپا، چالاکانه چالاکیەکانمان بەرەو پێشەوه ببەین. مەبەستی سەرەکیمان بردنەسەرەوەی وشیاری کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان لەسەر مەسەلەی یەکسانیی ڕەگەزی بێت. هەروەها ڕێکخستن و پشتیوانیکردنی بزووتنەوەکانی ژنان و ڕێکخراوی تایبەت بۆ ئەو کارە لە ناوخۆی کوردستان، هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی شوێنێکی تایبەت بە ژنان لە کاتێکدا لە مەترسیدان و هەروەها ئاگادارکردنەوەی ڕیکخراوە پێشکەوتووەکانی ژنان  لە شوێنەکانی دیکەی دنیا لەو زوڵم و ستەمەی لە ژنانی کوردستان دەکرێ و بە گشتی بەهێزکردنی خەباتی ژنان لە کوردستان، دەبێت ئەری ئێمەی ڕێکخراوەکان بێت.

ئێمە دەبێت هەموو کات دژی هەموو ئەو ستەم و ناعەدالەتییە ئابووری و کۆمەڵایەتیانە بوەستینەوه کە جیا لە کاریگەریی خراپیان لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی، کاریگەریی خراپیان لەسەر دۆخی ژنان و زەوتی مافەکانیان دەبێ و ئاکامەکەشی زیاتر بوونی هەواڵی کوشتنی ژنانە لە هەر سووچ و شار و شارۆچکەیەکی کوردستان…

Leave A Reply

Your email address will not be published.