ژنێک لەماسی یا ماسییەک لەژن نووسینی: جمال نوری
ژنێک لەماسی یا ماسییەک لەژن
نووسینی: جمال نوری
ئەو دەمانەی ئینسانەکان زۆر نزیکتر لە سروشتێکی پەتی و لەگیانەوەران ژیاون، وێنەی ئەوانیان بە دیقەتەوە کێشاوە، ئەو دەمانەی ئینسانەکان خۆیان وەک تێکەڵەیەک لەبوونی خودایی و ئینسانی و تامەزرۆی نەمری بوون، نیگاری هاوبەشی خۆیان کێشاوە.
ئەو دەمەی هونەرمەند ئاوێزانی سروشت دەبێ، وێنای دەریای لە نیگا و جوڵەی ماسییەکانی ناویەوە کێشاوە، کریستینا مانەزۆنی هونەرمەندی تەشکیلی فەرەنسی لەم تابلۆیەیدا دەیەوێ ئەوە پیشانی چاوی بینەرو هەوادارانی هونەرەکەی بدات کە ژن بەهۆی ناسکی و جوانی و نازو نەرم و نیانی بزێویەکەی لەقۆناغێک لەقۆناغەکانی گەشەکردنیدا تەوزیف بکات بۆ شێوەی ماسییەکی ناو دەریا کە هەردەم لە دەیمومەدایە بەجوڵە و ژیانکردنیشی ئیحایەکی جوان دەبەخشێ بە نیگای چاوەکانی ئێمەی بینەر، هەڵبەتە “کریستینا” لەکاتێکدا دەستی بردوە بۆ وێناندنی تابلۆ، کریستینا بەردەوام لەهەوڵی دۆزینەوەی شێواز و ستایلی تایبەت بەخۆی هەبێت، سەلیقەیی خانمە هونەرمەند بۆ هونەری شێوەکاری دەگەڕێتەوە بۆ چەند فاکتەرێکی گرنگ :-
لەوانە چۆنیەتی بەکاربردنی ڕەنگ و ئاڕاستەکردنی بۆناو تاک بەتاکی کۆمەڵگەی فەرەنسی و وڵاتانی تری ئەوروپاو ئاسیا.
کریستینا لەهونەری شێوەکاری زۆرترین چێژ وەردەگرێ بەتایبەت لەقۆناغی پراکتیکی هونەری شێوەکاری، لەگەڵ خوێندکارەکانیدا، کە بەشێوەیەکی ئەکادیمی و هونەری و تەکنیکی، چۆنێتی و چەندێتی لە وێنای هونەری تەشکیلی خوێندکارەکانی پەروەردە دەکات کە لەئایندەدا لە ماهیەت و ڕۆڵی هونەر و ڕەنگدانەوەی لەسەر عەقڵی تاکی کۆمەڵگە دروست بکات.
کریستینا لەم تابلۆیەدا دەیەوێ پێمان بڵێ کە ژن لەڕووی سیمایەوە بە ماسی دەچێت، واتە کاتێک دەڵێ ژنێک لەماسی، بەو مانایەیە دێت کەژن، لەڕووی سیماوە لەماسی دەچێ، سیما وەک ڕووخسار نییە. سیما شتێکە کە لە ڕوخسار سەرتر دەچێت، سیما دانەپۆشراو و ئاشکرایی روخسارە بەتەواوی ڕووتیەکەیەوە، سیما پێچەوانەی ڕووخسارەو نابینرێت، کریستینا دەیەوێ لەڕێگای ئەم تابلۆیەوە بڵێ ژنێک لەماسی لەڕووی سیمایەوە لەتوخمی دەرکەوتن و دۆزینەوەیە لەڕووی ئێستاتیکای هونەری کەئەمەش خەسڵەتێکی ئیجابی ژن نیشان دەدات. بەتایبەت لەوێنەکەیدا کریستینا وەک وێنەی ڕاستەقینەی خۆی کێشابێ پۆشاکی بەریشی عەزیەکی پان و بەرینی پولەکەیی لەفۆرمی ماسیەکی جوڵەداری ڕەنگ و ڕەنگی پرشنگدار کەبۆتە مایەی تێڕامان بۆسەر چاوی بینەرانی.
نیگار زمانێکی جیهانییە، کاریگەرتر لەمۆسیقا بووە، کێشە گەورەکانی ئینسانیەت، نەمری، بەختەوەری، ئازادی ویەکسانی، لە چاوی پۆرتریتەکاندا دەخوێنینەوە.
ئەم تابلۆیەی ” کریستینا ” لەچاوی هەوادارەکانی و خوێندکارەکانی و بینەرانیشی ژنێک لەفۆرمی ماسیدا وێنادەکات، بەمانایەکی تر کاتێک ژنێک لەفۆرمە گشتیەکەدا ماسییەک بێت، گواستنەوەی بۆ بەرچاوی بینەرەکانی پۆشاکی بەری عەزیەکەی بەریشی شێوەی سەرو دەم وچاوی ماسیەکمان پێ نیشان بدات، لەم فۆرمەیدا کریستینا سەرکەوتووبووە. لەبەرئەوەی کریستینا لەتابلۆکەیدا کاری لەسەر سیما کردوە، نەک ڕووخسار، ئەمەش هۆکاری سەرکەوتنی کارە هونەریەکەیەتی، کەبەچاو نوسیویەتی بە بیرو ئەندێشەش بە ڕەنگ و تۆنی ڕوناکی و هێڵەکان و خاڵەکان و فیگورەکانی دەنەخشێنێ.