چەند شیعری کرێکاری/خالید بایەزیدی(دلیر)
چەند شیعری کرێکاری/خالید بایەزیدی(دلیر)
1-
کرێکارێک!
هەتاکو و دوا ساتەکانی ژیانی
ئیش و ئازاری
بەکۆڵەوەیە
2-
بیرلە کرێکاران دەکەمەوە
کە هەتاکو و ئەژین
لەگەڵ ئیش و ئازار ئەخەون
وە لەگەڵ ئەوانیش هەڵدەستن
هەتاکوو ئاسۆیەکی روون
بۆ سەرمایەداران بەدیاری بێنن
وە ئاسۆیەکی تاریکیش بۆ خۆیان
ئای چەندە فیداکارن کرێکاران؟!
3-
کرێکاران !
بەهێزکردنی سەرمایەدارانن
سەرمایەداران
بێ هێزکردنی کرێکارانن
4-
بەردەوام کرێکاران
لە نێوان دوو خەمدا ئەژین
خەمێک کە ئیشیان دەست نەکەوێت
خەمێکی تریش کە…
ئای نەبادا!…
ڕۆژیک لە بینایەکی بەرزەوە
بکەونە خوار و
هەرگیز ! نەتوانن
پەڵە هەورە سپییەکان
بۆ مناڵەکانیان
ببەنەوە؟!
5-
کە نووسیم :
کرێکار
پێنووسەکەم
خەم دایگرت و وتی:
مەرەکەبەکەم
هەرگیز!
تاقەتی نووسینی ئەو هەموو
ئێش و ئازارەی نییە
تەنیا بە دڵۆپ… دڵۆپ فرمیسکەکانی
نووسی:
کرێکار…یانی: ئیش و ئازار
لەسەر سێبەری سەرمایەدار
6-
کرێکار!
لە ژیان دا…
هەر بۆ نان ئەژی
هەربۆیەش هیچ کات
بیرلەژیان ناکاتەوە
نە ژیانیش ئاوڕێکی لێیدەداتەوە؟!
ئای ژیان و کریکار
چەندە بەیەک نامۆن
7-
ئای!
من ونان
لە نەزمی نوێی جیهانیدا
هەرگیز…
بەیەک ناگەین
کاتێک کە نان هەیە
من نیم…
کاتێکیش کە من هەم
نان نییە
8-
لە بینایەکی بەرزەوە
کە ڕوانیمە شار
دیتم:
ئای… بە ئارەقەی کریکار
چەندە شارەکان
گەورە بوونەوە
بەڵام!
ماڵەکەی خۆشم بچوک
9-
ئامێرەکان
هاواریان دەکرد
ئەگەر زانی بایەم
بۆ چەوسانەوەی کریکاران
بەکارم دینن
هیچ کات…نەدەبووین
بە ” ئامیر ”
10-
بێگومان!
ئەگەر کریکاران
مافی خۆیان
پێ درابا
ئێستاکە گشت
کۆمپانییەکان
شکستیان پێ هاتبوو
11-
کرێکاران
وەک کتێبەکان وان
هیچ کەس نییە
بیان خوێنێتەوە
هەر بۆیەش
بەردەوام تۆزیان
لێ نیشتووە
12-
لەمەیدانی کار
وەستاوم
تەنیا بوونی خەیاڵی نان
هەڵدەمژم
وە بەمژمژەی دەم
هەناسەی ژیان
بە دژواری هەڵدەمژم
جگەرەیەک دادەگیرسێنم
چاوەڕوانی کەسێکم
کە بەشکوو بێت و
ئەمڕۆش وەک دوێنی…
بۆ پارووە نانێک
بمچەوسێنێتەوە