بەشێكی تر لەدەقی قسەی من بۆ مردویەك
بەشێكی تر لەدەقی قسەی من بۆ مردویەك
ئەوە كێیە بەم نیوەشەوە
ئێسك قورسە فوو لەمۆمەكانم
دەكات
بەردەگای بەتەنیایم گرتووەو
هەڕەشەی كووشتنم لێدەكات
حەزم لەخواردنەوەی قاوەێكە
حەزم لەبێدەنگیەكی ڕەش پۆشە و
حەزم لەگۆرانیەكە
كەسەرم پڕكات لەهاتوو چۆی
بەیانیەكی بێسەرپۆش
لەعەسرێكی بێ ستیان
لەئێوارەیەكی ڕووتوو قوت
زۆر سەیرە حەزدەكەم دەرسی
خۆكوشتن بخوێنم
خەریكە ئەبم بەخواو
لەكراسەكەی خۆم بێمەدەرێ
ئەوە كێیە بەم نیوەشەوە
بەد مەستە لەدەرگاكەم ئەدات
من لێرەنیم
سەرقاڵم بەناشتنی تەرمەكەی خۆمەوە
سەرقاڵم بەو شتانەی تۆبیری لێناكەیتەوەو
منیش بۆم ناخرێتە ڕستەوە
بیری دایكم دەكەم
ئەم لەرزو تایە نەفەسی لەبەر بڕیوم
لەبەر خۆمەوە قسەدەكەم
نازانم باران بۆدەبارێت
ڕەشەبا بۆ هەڵدەكات
پەنجەرەی ئەم ژوورە دووكەڵاویەم بۆناكرێتەوە
دەمێكە دایكم ناێتە خەوم و
پێمناڵێت لەژێر كراسەكەتەوە
چاوم لەلێدانی دڵتەو
ڕۆحت دەبینم
ئەوەكێیە بەم نیوەشەوە
ئەیەوێ سەرم بەرێتە دەرەوەو
بەدرواسێكانم بڵێت
ئەم ماڵە بۆگەنی كردوە
حەزم لەخواردنەوەی قاوەیەكە
ئەمەوێ لەپێستەكەی خۆم بێمەدەرێ و
بەهەردوو دەست بەم بەسەری خۆمداو
خۆم بەنەعلەتكەم
خۆم بەرد بارانكەم
نازانم من شێتم یان لێرە بەفر نابارێت
دایكم سەرپۆشەكەی پڕكردووە
لەسێبەرەكەی من و
بەكۆڵانەكاندا دەگەڕێت و
هاوار دەكات
ئەرێ كەس خاوەنی ئەم سێبەرەی نەدیوە بێرەدا بڕوات
كەس ئەم هەناسەیە ناناسێتەوە
ئەم غەریبە بەلاتانەوە
غەریب نییە
حەزم لەخواردنەوەی قاوەیەكە سەر پڕكات لەتۆ و
دڵخۆشی دایكم باتەوە
بنوسە گیانەكەم بنوسە هەرچی ئەنوسیت بنوسە
بەس مەنوسە خۆشمدەوێیت
…………..
میرزا
١٨/٥/٢٠٢١