مەحمود حەلاق: ڕێکخراوی فەتحی ناسیونالیست هیچی کەمتر نییە لە ئیسماعیل هەنیئە، و حەماسی ئینسانکوژی فەلەستین، هەردوکیان دوو ڕووی یەک دراون و هەریەکەیان لازم و مەلزومی یەکترین وەک حیزبەکانی کوردایەتی و ئیسلامیەکان …

0

مەحمود حەلاق: ڕێکخراوی فەتحی ناسیونالیست هیچی کەمتر نییە لە ئیسماعیل هەنیئە، و حەماسی ئینسانکوژی فەلەستین، هەردوکیان دوو ڕووی یەک دراون و هەریەکەیان لازم و مەلزومی یەکترین وەک حیزبەکانی کوردایەتی و ئیسلامیەکان …

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز مەحمود حەلاق سەبارەت بە کێشەی فەلەستین و ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیل

بۆپێشەوە: چارەسەری کێشەی فەلەستین تا دێت، قورستر دەبێت، لاتان وایە ئەم پرسە دەتوانێت وەڵامێکی کارساز وەربگرێتەوە؟ بە بۆچوونی ئێوە ڕیگاچارەی کێشەی فەلەستین چییە؟

مەحمود حەلاق: کێشەی فەلەستین، مەسەلەیەکی سیاسی گرێ خواردووی کۆنەو، سەدەیەکە خەڵکەکەی ئاوارەو خەڵتانی خوێن دەکرێت. ناسیونالیزمی عەرەبی نەک هەر دەستەپاچەو ساکاو بوون لەبەرامبەر حەلکردنی کێشەیەکی لەو چەشنە گەورەو مرۆییە، بەڵکو خودی خۆیشی بەشێکی هەرەگەورەی مەرگەساتەکانی خەڵکی فەلەستین بووە، وڵاتانی عەربیش سەرەڕای ئیدیعای پوچیان لەسەر خاکی فەلەستین و قودسەکەیان، لانی کەم نەهاتوون لەئاستی سیاسی و دیپلۆماتیدا کار لەسەر نەخشە ڕێگایەکی سیاسی بکەن بۆ بنەبڕکردنی کێشەکە، بەجۆرێک کە فشار بخرێتە سەر ئەوروپاو ئەمریکا کەبەجدی و لەمەیداندا ئاوڕێک لە دۆسیەی فەلەستین بدەنەوە، و لەدەوڵەتکۆیەکی بچکۆلانەدا جێگایەکی بۆ بکەنەوەو ئیتر کۆتایی بەم دۆسیەیە بهێنرێت. هەریەکێک لە وڵاتە عەرەبیەکان بە پەنهانی و ژێربەژێرو، لەم ساڵانەی دواییشدا بەئاشکرا پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستووە، ئەم نیفاق و هەزار ڕووییەی وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بەم دۆسیەیە، نیشانەی بێدەربەستی ئەوانە بەرامبەر بەخەڵکی فەلەستین و دۆزە ڕەواکەی. ساڵانە ڕیاکارانە هەریەکەیان سەرفیترەو سواڵ و سەدەقەی خۆی لەڕێی دەزگای تاڵانچی کۆمکاری عەرەبیەوە ئەنێرن بۆ کاربەدەستە کۆنەپەرستەکانی فەلەستین، هەتا وا پیشان بدەن کە هەمیشە دڵیان لەلای خەڵکی فەلەستینە، و جاروبار فرمێسکی تیمساح ئاساییان بۆ هەڵدەڕێژن. هەربۆیە بەم قەد و قامەتە سیاسیەی وڵاتانی عەرەبی و بزووتنەوە ناسیونالیست و ئیسلامیەکەیانەوە، فەلەستینیەکان نەک هەر وەڵامیکی کارساز لەپێناوی حەلکردنی دۆزەکەی وەرناگرنەوە، بەڵکو دەبێت هەتا ماوون باجی نەهامەتی زیاترو زیاتر بدەنەوە.

بۆپێشەوە: حزب و ڕێکخراوە ئیسلامیەکانی فەلەستین، هاوکار یان کۆسپی بەردەم چارەسەری کێشەی فەلەستینن؟ هۆکار چییە حزب و سیاسیە قەومیەکانی فەلەستین هیچ ڕۆڵێکی بەرجەستەیان نییە و مەیدانیان بۆ ئیسلامیەکان ئاواڵە کردووە تا خۆیان بە کێشەی خەڵکی فەلەستینەوە هەڵبواسن؟

مەحمود حەلاق: بەبڕوای من مەسەلەی فەلەستین و هەر مەسەلەیەکی تریش بەندە بەسۆشیالیزمەوە. تەنها ڕێگا چارەش بۆ نزیک کردنەوەی سۆشیالیزم، لەگرەوی ئەوەدایە کە خەڵکی فەلەستین و کوردستان خۆیان لەدەزگای فکری و هەژمونی ئیدیۆلۆژی و سیاسەتی ئیسلامی و سەرتاپای حیزبەکانی تر جیابکەنەوە، لەژێر چەتری شوراو ئەنجومەنی خۆیاندا، بەسیاسەت و ئامانجی سۆشیالیستیەوە لەدەوری یەکتری کۆببنەوە، و نەخشە ڕێگای ڕزگاری خۆیان بخەنە بەردەم کۆمەڵگە. ڕێکخراوی فەتحی فەلەستین و سەرتاپای حیزبەکانی تر خۆیان سەرچاوەی ئەسڵی نەهامەتیەکانی خەڵکن، ئەوان لەپاڵ دۆسەیەی فەلەستینیەکاندا کەڵەکەی سەرمایە دەکەن. ژن و کچەکانی یاسر عەرەفات یەکێکن لە دەوڵەمەندترین فەلەستینییەکان کەلەپاریس لەناو ژیانێکی شاهانەدان لەسەر حسابی وەهم و خۆشباوەڕی خەڵکی فەلەستین بەم یان بەو حیزب و کاربەدەستەکانی. لەکورستانیش هەمان شتە و زیاتر لە ٣٠ ساڵە خەڵک لەئەنجامی وەهم و خۆشباوەڕی و خۆشەویستی خۆی بۆ ئەم یان ئەو حیزبیان، بەدەستی خۆی خۆی گیرۆدەی ئەم حیزبانە کردووە و هەتا هۆش و عەقڵی خۆیشی جیانەکاتەوە لەفکرو سیاسەت و ئایدیۆلۆژی ئەوان، هەتا خۆی ڕێکخراوو یەکگرتوو نەکات هەرگیز ناتوانێت ژیانی لە ئێستای باشتر بێت.

ئەوەندەی بە حیزبە ئیسلامیەکانی فەلەستین دەگەڕێتەوە وەکو حەماسی ئیسلامی، دەبێت بڵێم سەرچاوەی گەورەی نەهامەتی فەلەستینیەکانە بەتایبەت لە بەشی غەززەدا، حەماس ئەجێنداو سیاسەتەکانی حکومەتی ئاخوندەکانی ئێران جێبەجێدەکات، هەروەکو حیزب اللەی لوبنان و حوسیەکانی یەمەن، حەماس  لەسەر لاشەو برینی جەستەو ئاوارەیی خەڵکەکەی ئەژی و مەسەلەو دۆزی فەلەستین دەغیلە و سەرچاوەی مادی زەبەللاحە بۆ کەڵەکەی سەرمایە. حەماس  دەست و سەرتاپای خوێناوییە بە تەقینەوە ئینتیحارییەکانی لەناو پاس و جەرگەی شارەکانی ئیسرائیلدا، بەم هۆیەوە ڕاستەوخۆ بووەتە غودەی سەرەتانی دۆزی فەلەستین. فەلەستین و دۆزی فەلەستین وەک مەسەلەیەکی سیاسی سەرچاوەیەکی گەورەی بازرگان و بزنس مانەکانی ناو هەناوی ڕەوەندی ئیسلامین لەجیهاندا و بەهۆی مەسەلەی فەلەستینەوە هەزاران مفتەخۆری ئیسلامی کردۆتە سەرمایەدار لەسەر حسابی وەهم و خۆشباوەڕی خەڵکەکەی بەئیسلامی قەومیەکانەوە. ئەوان لەسەر لاشەو کاولکاری فەلەستین و خەڵکەکەی، بەدوای کۆکردنەوەی ئیحساساتی دواکەتووی خەڵکەوەن لەجیهاندا، و دەیانەوێت لەو ڕێگایەوە هێزو نفوزی سیاسی خۆیان کۆبکەنەوە بۆ لەبەر یەک هەڵوەشاندنی زیاتری دۆزی فەلەستین و ببێتە لەمپەری ئەسڵی لەئەگەری هاتنە سەرکاری دەوڵەتێک بۆ خەڵکەکەی، کە پێم وایە لەم پێناوەدا شانسێکی ئەوتۆی نییە. سەرەڕای ئەوانەش ڕێکخراوی فەتح بەسەرپەرشتی محمود عباس و پێشتریش عەرەفات، خۆیان و حیزبەکەیان لەمپەری بەردەم دۆزی فەلەستین بوون لەدیاریکردنی چارەنوسی فەلەستینیەکان بەرەو پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، هەروەکو ئەحزابی سەرمایەداری کوردایەتی، ڕێکخراوی فەتحی ناسیونالیست هیچی کەمتر نییە لە ئیسماعیل هەنیئە، و حەماسی ئینسانکوژی فەلەستین، هەردوکیان دوو ڕووی یەک دراوون و هەریەکەیان لازم و مەلزومی یەکترین وەک حیزبەکانی کوردایەتی و ئیسلامیەکان.

 بۆپێشەوە: لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆسەر غەزە و فەلەستینیەکان، نزیک بە ٢٥٠ کەس بوونەتە قوربانی، ٨٠ کەسیان مناڵن، لەوبارەیەوە تەعلیقتان چییە؟

مەحمود حەلاق: ئەو جەنگە کۆنەپەرست و ئینسانکوژەی ئیسرائیل وەڕێی خستووە، بێگومان خەڵک کوژو ئینسان کوژە بە منداڵانیشەوە، بۆمب وموشەکە زیرەکەکانی گەورەو بچوک ناناسێت، لەماوەی چەند دەقیقەدا دەبێت لەژێر داروپەرد بۆ جەستەکان بگەڕێیت. حەماسی ئینسانکوژ لەولاوە بەمووشەک بەربۆتە گیانی هەرئەو خەڵکەی کەهەتا چەند ڕۆژ پێشتر خۆپیشاندانیان دەکرد لەدژی دەوڵەتی هارو دڕندەی ئیسرائیل لەپێناوی فەلەستینیەکاندا. بەبڕوای من  ئەم کردەوە فەلەستین کوژەی حەماس لەڕێی دنەدانی ئێرانەوە لەدژی ئیسرائیل هاتۆتە پێشەوە، بۆئەوەی بەڵکو ئەمجارە لەدانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا لایەکی جدی لەئێران بکاتەوە بۆ لابردنی ئابڵوقە خنکێنەرەکانی و مژدەیەکی خۆشی بداتێ، هەر ئەم کردە نامرۆییەی حەماس کە کردی بە خەڵات بۆ فەلەستینیەکان، دەبێت خەڵکی بەشمەینەتی فەلەستین لەم هاوکێشەو سیاسەتەدا باجی کاولکاری و قەتڵ و عام کردن و ئاوارەیی بداتەوە.

  بۆپێشەوە: ئەوەی کە پێی دەوترێت وڵاتانی عەرەبی کاردانەوەیان لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیلدا زۆر لاوازە، نەبوونی کاردانەوەیەکی بەرجەستە هۆکارەکەی چییە؟ ئایا کێشەی فەلەستین تا ئەو ڕادەیە لاواز بووە کە قابیلی بەرگریلێکردن نەبێت، یان پەیوەندی بەرۆڵی سازشکارانەی دەوڵەتە عەرەبیەکانەوە هەیە لەگەڵ ئیسرائیل؟

مەحمود حەلاق: ئەوەی کە پێی دەوترێت وڵاتانی عەرەبی و کۆمکاری عەرەبی، ئەتوانم بڵێم دەزگایەکە یان بەیتولمالێکە کەسەرفیترەو سواڵ و سەدەقەی تێ دەکرێت لەلایەن وڵاتانی عەرەبیەوە بۆ فەلەستین، ئەویش بۆ خەڵکە بەشمەینەتەکەی نا! بەڵکو لەپێناوی سپی کردنەوەی ڕووی دزێوی ناسیونالیزمی عەرەب کە بە ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس ئەویش کەوتە ژێر فشارێکی گەورەی کۆمەڵایەتیەوە لەسەرانسەری جیهانی عەرەب و دەرەوەشدا، و ئەو ڕەواجەی کەپێشتر هەیبوو لەساڵانی حەفتاکاندا نەیما. لەلایەکی تریشەوە وڵاتانی عەرەبی خۆیان ئێستا یارو یاوەری ئیسرائیلن و دەیان ڕێکەووتنی ئابوری و بازرگانییان لەگەڵ یەکتریدا واژۆکردووە لەپێناوی کرانەوەی بازاڕی یەکتری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا. بەم هۆیەوە هیچ وڵاتێک ئامادە نییە بازاڕی خۆی بکاتە قوربانی بزووتنەوەی حەماس  لەناو کێشەی فەلەستیندا لەکاتێکدا کە حەماس سیاسەت و پرۆژەو ئەجێندای ئێران بەئاشکرا دەباتە پێشەوە. هەربۆیە مەسەلەی فەلەستین ئەو گرنگیەی خۆی لەدەست داوە لەناو بازاڕی سەرمایەی وڵاتانی عەرەبیدا.

بۆپێشەوە: کابینەی ئەمنیەتی ئیسرائیل بەسەر پەرشتی نەتانیاهۆ، راگرتنی یەکلایەنی هێرشەکانی بۆسەر فەلەستین قبوڵ کرد، چۆن دەڕواننە ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل؟

مەحمود حەلاق: بەبڕوای من ڕاگرتنی تاکلایەنەی کاولکاری و قەتڵ و عامی فەلەستینیەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، فشاری جدی ئەمریکا و پاڕانەوەی ئەوروپا بوو لەپێناوی گەورە نەکردنەوەو تەشەنە نەکردنی شەڕی نێوان ئامریکا و ئێران لەناوچەکەدا، ئەوەی کە ئیسرائیل مەبەستی بوو لەتێکشاندن و گێڕانە دواوەی حەماس لەچەند ڕؤژێکی کەمدا کردی، ڕوخاندنی چەندین تونێلی ژێر شاری غەزە بەرە و حیزب اللەی لوبنان، تیرۆرکردنی چەندین سەرو کەللەی گەورەی حەماس، وێرانکرنی بەشێک لەبونیەی تەحتی غەزە بەقیمەتی زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلار، سەرخەتی ئەو ئامانجانە بوون کە ئیسرائیل لەکورترین ماوەدا جێبەجێی کرد. بەم پێیە حەماسی بۆ چەندین ساڵ لەهێز بردە دواوە و لەم ڕاستایەشەوە حەماس نەک هەر ناچێتە پێشەوە و کڕیاری تری بۆ پەیدا نابێت، بەڵکو بەهۆی جێبەجێکردنی ئەجێندای ئێرانەوە حەماس  هێندەی تر کێرڤی دەچێتە خوارتریشەوە و درەنگ یان زوو ئەم سیاسەتە ئیسلامیە ئێرانیەی حەماس  لەباری کۆمەڵایەتیەوە بەهای زیاتری خۆی لەدەست ئەدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.