شەمال عەلی: بە پێچەوانەی ڕەوتە ئیسلامیەکانی سەرانسەری دنیا بەداخێکی گرانەوە ئیسلامیەکانی فەلەستین لە حەماس‌و جیهاد و ئەوانی تریش لەگەڵ کێشەیەکی عادیلانەی خەڵکێکی ستەمدیدە خۆیان تێکەڵکردووە…

0

شەمال عەلی: بە پێچەوانەی ڕەوتە ئیسلامیەکانی سەرانسەری دنیا بەداخێکی گرانەوە ئیسلامیەکانی فەلەستین لە حەماس‌و جیهاد و ئەوانی تریش لەگەڵ کێشەیەکی عادیلانەی خەڵکێکی ستەمدیدە خۆیان تێکەڵکردووە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز شەماڵ عەلی هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست و یەکێک لە سەرپەرشیارانی کەناڵی هیوا سەبارەت بە کێشەی فەلەستین و ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیل…

بۆپێشەوە: جارێکی تر کێشەی فەلەستین بۆتەوە بە پرسی ڕۆژ،  بەجیا لە هۆکاری بناغەیی کێشەی فەلەستین، ملهوڕی و هێرشی ئەمجارەی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی فەلەستین چییە؟

شەمال عەلی: هێرشی ئەم جارەی حکومەتی دەستەڕاستی‌و هاری نەتانیاهۆ لە درێژەی ئەو پیلانەدا دێت کە لەژێر ناونیشانی گرێبەستی سەدەدا بە هاوکاری ترامپ و ڕاستی توندڕەوی ئەمریکا بۆ تەسفیەکردنی کێشەی فەلەستین چنراوە. ناتانیاهۆ جگە لە کێشە یاساییەکانی خۆی کە ڕووبەڕوی دادگایی و زیندانی دەکاتەوە لە ڕێگای دنەدانی هێزە فاشیستە دژە عەرەبەکانی ناو ئیسرائیلەوە دەیویست ئەوە ڕابگەیەنێت کە پاش لەدەسەڵات کەوتنی ترامپیشەوە هەمان نەخشە و پلان درێژەی هەیە و داننانی ئەمریکا بەوەی تەواوی قودس پایتەختی ئەبەدی ئیسرائیلە هەنگاوێک بەرەوپاش نەگەڕاوەیە. دیارە جیاواز لەم دۆخە نوێیەش گوشار بۆ سەر خێزانەکانی گەڕەکی شێخ جەراح بەشێکی دانەبڕاوی ئاکارێکە کە سەرچاوەکەی ڕەگەزپەرستی کیانی ئیسرائیل و پێکهاتێتی وەک پرۆژەیەکی ئیمپریالیستانەی فراوانخواز.

بەشێک لە ڕەخنەگرانی ئیسرائیل تەنها لەگەڵ پەلامارە دڕندانەکانی ئەو دەوڵەتەدا پاش کەلەپاچەکردنی منداڵان بیریان دەکەوێتەوە ئەم پێکهاتە سەرەتانیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئیدانە بکەن‌و فرمێسک بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان هەڵڕێژن. من وای دەبینم کە سەرەتاییترین پابەندبوون بە عەدالەت‌و ئینسافەوە فەرزی دەکات بە سەرماندا، نەک تەنها لە کردەوەکانی ئیسرائیل، بەڵکو لە بوونی وەک پێکهاتەیەکی سیاسی ڕەگەزپەرست، پاوانخواز، فراوانخواز و ئەپارتایدی هەراسان‌و بێزار بین.

حەقیقەتێکی تر لەم ناوچەیەدا کە هاوپای ئیسرائیل هاتۆتە بوون، بەرەنگاریەکی قارەمانانەیە کە خەڵکی فەلەستین لەخۆی نیشانی دەدات. تێروانینمان سەبارەت بە هێزە باڵادەستەکان لەم بەرەنگاریە هەرگیز نابێت خەوش بخاتە سەرچاومان‌و بەرهەقی‌و عادیلانەبوونی ئەم بەرەنگارییە نەبینین. ئیسرائیل هەمیشە بەرانبەر ئەم بەرەنگارییە دڕندە بووەو یادەوەری هەر یەکێکمان پڕە لە دیمەنی دڵتەزێن‌و ئازاربەخشی ئەم دڕەندەییە. هێزی سەربازی خوێنڕێژی ئیسرائیل بەم پەلامارەی ئەمجارەی کۆمەکی بە هەموو ئەوانەش کرد کە یادەوەریان لاواز بووە ماهیەتی ئەم بوونەوەرەیان بێتەوە یاد.

بۆپێشەوە: هێرشی ئیسرائیل بۆسەر خەڵکی فەلەستینە، نەک گرووپە ئیسلامیەکانی وەکو حەماس و جیهادی ئیسلامی، ئەم رەوتە ئیسلامیانە چ جێگاو ڕێگایەکیان هەیە، چ  پەیوەندییەکیان بە کێشەی فەلەستینەوە هەیە؟

شەمال عەلی: بەر لەوەی سەبارەت بە ماهیەتی ئەو ڕەوتە ئیسلامیانە هیچ بڵێین. دەبێ ڕاستیەک بسەلمێنین، ئەویش ئەوەیە کە بە پێچەوانەی ڕەوتە ئیسلامیەکانی سەرانسەری دنیا بەداخیکی گرانەوە ئیسلامیەکانی فەلەستین لە حەماس‌و جیهاد و ئەوانی تریش لەگەڵ کێشەیەکی عادیلانەی خەڵکێکی ستەمدیدە خۆیان تێکەڵکردووە، جیاکردنەوەشیان لە دۆخی ئێستادا کارێکی ئاسان نییە. ئەوەی کە ئیسلامیەکان لەمڕۆدا بوونەتە دەمڕاستی بەرەنگاریی خەڵکی فەلەستین بەشێکی دانەبڕاوی تراجیدیای ئەو خەڵکەیە لە دیدی مندا. بەڵام من وا دەزانم وەک چۆن جەماوەری فەلەستین بە تەبلیغاتی ئیسلامیەکان نەهاتوونەتە مەیدانی بەرەنگاریەوە، بەڵکو خودی دۆخی بەرەنگاری ‌و بازنەی داخراوی ستەم‌ و جەنگ‌و ماڵوێرانیی ئەوانی لەسەر سینیەکی زێڕین پێشکەش بە ئیسلامیەکان کردووە، هەرواش تەبلیغاتی دژە ئیسلامی‌و ڕاگەیاندن‌و گوتنەوەی ڕستەی ناکاریگەری وەک “ئیسلامیەکان هیچ پەیوەندییان بە کێشەو ستەمی خەڵکەوە نییە” جەماوەر لە دەست ئەم تاریکخوازانە ڕزگار ناکات. بەڵکو سەرکەوتن‌و ئومێدەواری‌و پێشڕەوی لە خەبات‌و بەرەنگاریی بەرانبەر ملهوڕی ئیسرائیلدا، سووکردنی باری قورسی ستەم لەسەر شانی خەڵکی فەلەستین درزێک دەخاتە دەروازەی ڕزگاربوونیان لەدەست ئیسلامیەکان.

بۆپێشەوە: رەوتە ئیسلامیەکان لە فەلەستین، کە خۆیان بە کێشەی فەلەستینەوە هەڵواسیوە، لەڕێگای هەڵدانی موشەک بۆ شارەکانی ئیسرائیل، دەتوانن چ کاریگەریەک لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل هەبێت؟ هەڵدانی ئەو مووشەکانە بەو ژمارە زۆرەوە و بەو بێکاریگەریە چ پەیامێکی لە پشتە؟

شەماڵ عەلی: لە دیدی مندا لەنێو هەزاران عەیب‌و عار کە لە ئیسلامیەکانی بگرین، یەکیکیشیان هەڵدانی موشەک نییە بۆ ئیسرائیل. دیارە کە هەڵدانی موشەک بە مەبەست بۆ ناو شارەکان بۆ کوشتنی کەسانی سیڤیل تاوانەو نابێت بکرێت، بەڵام موشەکبارانکردنی مۆڵگەی سەربازی‌و ئەمنی ئیسرائیل‌و دەزگا‌و ئیدارەکانی کردەوەیەک نییە هیچ سەرزەنشتێک هەڵگرێت. ئەوەی لە ئیسرائیلدا هەیە جەنگێک نییە بابایەکی ئاشتیخواز لە ڕۆژێکی ئافتابیدا پاش ئەوەی شانی چاکەتەکەی بە پەلەپیتکە دەتەکێنێت بڵێت منی دژی جەنگم‌ و توندوتیژی هەردوولا مەحکومە. لە کوردستان تەنها کاربەدەستانی پارتی‌و بندەستەکانیان شەرم ناکەن بڵێن جەنگی نێوان تورکیاو پەکەکە مەحکومە. دەبوو لە بابەت پەلاماری دڕندانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە‌و ئەو موشەکانەی دەگیرێتە ئیسرائیلیش هەروا بووایە.

من هاوڕای ئەو بۆچوونەش نیم کە هەڵدانی ئەو موشەکانە بۆسەر ئیسرائیل بێ کاریگەریین. ئەوەی دەوڵەتێکی پڕچەک کە خاوەنی هێزێکی سەربازی تۆقێنەرە، ناتوانێت بە هەموو ئەو دڕەندەییەوە پارێزگاری لە ئەمنیەتی خۆی بکات و ڕێگربێت لە موشەکبارانکردنی. دەکرێت ئەو ئەفسانەیە بەدرۆ بخاتەوە کە ئیسرائیل بە ملهوڕی‌و زەبر‌وزەنگ دەتوانێت ئیرادەی بەرەنگاریی خەڵکی فەلەستین تێکبشکێنێت. حەماس هەرچی بێت، ئامانجی موشەکەکانی چەندە مایەی ئیدانە بێت، ئەو ڕاستیە ناشارێتەوە کە موشەکبارانکردنی ئیسرائیل گیانی خەباتکاری‌و بەرەنگاری خەڵکی فەلەستینی ژیاندەوەو بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا جووڵانەوەی بەرەنگاریی جەماوەری فەلەستین وەک هێزێکی یەکپارچە لە تەواوی ناوچەکاندا هێنایە مەیدان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.