دەمەتەقێ گفتوگۆی هونەرمەند کاوان قادر لەگەڵ هونەرمەند هیوا ساڵح
دەمەتەقێ
گفتوگۆی هونەرمەند کاوان قادر لەگەڵ هونەرمەند هیوا ساڵح
کاوان قادر : سڵاو هاوڕێ هیوا ماندوو نەبیت، دەڵێن (هونەر لە میسر سەری هەڵدا، لە لوبنان گەشەی کرد، لە عێراق دفن کرا) تۆ لە کێشانی ئەو تابلۆیەی عادل ئیمام ئەکتەری بەناوبانگی دونیای فیلم وشانۆگەری بابەتێکی گەورەت وروژاندووە، من لەڕوی هەڵسەنگاندنی هونەرییەوە قسە ناکەم، سەبارەت بە کۆمینتەکەت کەلەسەر تابلۆکە داتناوە قسە دەکەم، تۆ دەتەوێت بڵێی قوتابخانە هونەرییەکان تەنها شوێنێک نییە بۆ پەروەردەکردنی بەهرە هونەرییەکانمان من هاوڕام لەگەڵتا، لە هەمان کاتدا منیش پێم وایە قوتابخانە هونەرییەکان لایتێکن، یاخود با بڵێین وەسیلەیەکن بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگەکان، ئەوەی دەمێنێتەوە هەوڵی جدی ئینسانەکان خۆیانە تا لەو بوارەدا بچنە پێشەوە و گەشە بکەن، مەبدەئییەن لەگەڵتم بەشێوەیەکی گشتی بۆ زۆر بوار وایە، هەوڵ وجدی بوون گرینگە ئەمە حەقیقەتە، بەڵام هەمووکەس ناتوانێت لەگەڵ ئەو واقیعەدا شەڕ بکات، هەندێک کات ئەوە شەڕی کۆمەڵگەیە نەک تاکە کەس، بەداخەوە هەزاران خەون دەچنە ژێرچاڵەوە، زۆرجار تەسلیم ئەبن و ناچنە ئەو ململانییەوە، من و تۆ ئەوەمان لە پەیمانگە بینی تەنانەت زۆرکەسمان بینی تا نیوەی ڕێگە هاتن و کوژانەوە زۆر کەسمان بەتوانایەکی بەرزەوە بینی، بەڵام ئەو فرسەتەیان بۆ نەڕەخسا بەردەوام بن، کەواتە ئەوەی تۆ باسی دەکەیت لەهەمان کاتدا (ئیرادەیە) واتە کلیلی بەدیهاتنی هەموو خەونەکان…
هیوا ساڵح: بەڵێ دروست ئەمە وایە هیچ شتێک موتڵەق و موستەحیل نییە، بەدیهاتنی خەونی هەموو ئینسانێک پەیوەستە بەگوێرەی هەوڵ وتێکۆشانییەوە، تەنانەت ئەگەر وێنەیەکی گەورەتر بۆ سەلماندنی ئەو حاڵەتە بدەین بەدەستەوە ئەوەیە هیچ مەرحەلەیەک و قۆناغێک لە مێژووی بەشەرییەتدا بەبێ هەوڵ وخەباتکردن بۆی بەدی نەهاتوە و هیچیش بەبێ هەوڵدان حەتمی نییە، ئەگەر لە باسەکەم دوور نەکەومەوە کەم نین ئەوانەی بەجدی کاری هونەری دەکەن و بە مانای کەلیمە هونەرمەندن، دەرچوی زانکۆ وپەیمانگەکانیش نین و بەهرەکانیان پەرە پێداوە و چالاکن، تەنانەت هیچ ئەکادیماو چوارچێوەیەک لە قاڵبی نەداون و مەبەست و ئامانجەکانیان دەگەیەنن، بە بەراورد بەو چەندایەتییەی کە قوتابخانە هونەرییەکانیان تەواوکردووە ناتوانیت بڵێی جێ دەستیان دیار نییە. ڕاستە ڕێبازە ئەکادیمییەکان شوێنێکە و هەلومەرجەکەو هاوکارە بۆ پەروەردەکردن، من بەشێوەیەکی گشتی باسی دەکەم، نەک تەنها لای خۆمان لە هەموو دنیادا هەروا بووە. بەڵام بەداخەوە لای ئێمە خراپتر، هەموو شتێک مانایەکی جیاوازی هەیە خۆی دەسەڵات فەرهەنگی نییە تا ئیهتیمام بە فەرهەنگ بدات و دەستگیرۆیی بەهرەمەندان بکات، ئینسان ئەگەر بواری پێ بدرێ خەلاققیەت و داهێنانی سەرسوڕهێنەرە، ئەمە ئیتر گۆشەیەکی ترە لەخوارو خێچی ئەو سیستەمە لە هەموو دنیادا، ڕەنگە ئیتر ئەوە باسێکی تر بێت، دەمەوێت ئەو خۆش خەیاڵییە بڕەوێنمەوە کە پێمان وابێت قوتابخانەکان وەک قاڵبێکی کولیچە هونەرمەند بەرهەمدێنن، ئەوە هەوڵ و تەقەلای کەسەکان خۆیانە لە قوتابخانەی هونەری بێت یاخود نەبێت، هەروەک چۆن عادل ئیمام هیچ قوتابخانەیەکی هونەری نەخوێند، ئەو بلیمەتەی لێ پەیدابوو لای خۆمان و لە جیهانیشدا لەو نمونانە زۆرن، من با ئەوەش بڵێم کاتێک دەڵێم ژیان بێ مانایە مەبەستم ئەوەیە کەهیچ ئینسانێک بەگوێرەی تواناو بەهرەکانیان هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکرێت، بەڵام ئیتر ئەوە بەشێکە لە ژیانی ئینسانەکان لە سیستەمی نا دادپەروەری سەرمایەداریدا ، ململانێ ئەو گرێ کوێرەیە یەکلایی دەکاتەوە کە ئینسانەکان بەسەریاندا سەپێنراوە، ئەو مافە بەدەست دێنێتەوە کە لێی سەندراوەتەوە…