سالار سۆفی: له سیسته‌مێكی ته‌ندروستی په‌روه‌رده‌دا، منداڵ خوێندنگه‌كه‌ی خۆش ده‌وێت، مامۆستا و هاوپۆله‌كانی خۆش ده‌وێت. منداڵ له‌وێدا، كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه و بڕوای به خۆی و به تواناكانی هه‌یه… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز سالار سۆفی وانەبێژی زانکۆ لە فنلەند، بەبۆنەی رۆژی جیهانی مناڵانەوە…
سالار سۆفی: له سیسته‌مێكی ته‌ندروستی په‌روه‌رده‌دا، منداڵ خوێندنگه‌كه‌ی خۆش ده‌وێت، مامۆستا و هاوپۆله‌كانی خۆش ده‌وێت. منداڵ له‌وێدا، كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه و بڕوای به خۆی و به تواناكانی هه‌یه…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز سالار سۆفی وانەبێژی زانکۆ لە فنلەند، بەبۆنەی رۆژی جیهانی مناڵانەوە…
بۆپێشەوە: سیستەمی پەروەردە چ کاریگەرییەکی لەسەر مناڵان هەیە؟
سالار سۆفی: كاریگه‌ریی سیسته‌می په‌روه‌رده به‌پێی جۆرایه‌تیی ئه‌و سیسته‌مه ده‌گۆڕێت، كه له هه‌ر وڵاتێكدا یان ناوچه‌یه‌كدا جێبه‌جێ ده‌كرێت. سیسته‌مێكی ته‌ندروستی په‌روه‌رده، واتا گه‌شه‌كردنێكی دروستی جه‌سته‌یی، ده‌روونی، كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی، له‌پێناوی خۆشگوزه‌رانیی منداڵ و داهاتوویه‌كی گه‌شتر بۆ خۆی و بۆ كۆمه‌ڵگه‌ش.
له سیسته‌مێكی ته‌ندروستی په‌روه‌رده‌دا، منداڵ خوێندنگه‌كه‌ی خۆش ده‌وێت، مامۆستا و هاوپۆله‌كانیی خۆش ده‌وێت. منداڵ له‌وێدا، كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه و بڕوای به خۆی و به تواناكانی خۆی هه‌یه. له‌وێدا منداڵ خاوه‌نی بیروڕای خۆیه‌تی و به‌پێی ته‌مه‌نی خۆی به‌رپرسیارێتیش هه‌ڵده‌گرێت. له سیسته‌مێكی ته‌ندروستی په‌روه‌رده‌دا بوار به گه‌شه‌كردنی تواناكانی منداڵ ده‌درێت، توانا شاراوه‌كانی ده‌دۆزرێنه‌وه و ده‌خرێنه سه‌ر ڕێڕه‌وی خۆیان و زه‌مینه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی تواناكانی بۆ ده‌ڕه‌خسێندرێت. له‌وێدا منداڵ فێری بیركردنه‌وه ده‌كرێت، هان ده‌درێت داهێنان بكات. فێر ده‌كرێت گیانی ملكه‌چبوونی تێدا نه‌هێڵرێت. فێری ڕه‌خنه‌گرتن و ته‌نانه‌ت ناڕه‌زایه‌تیش ده‌كرێت، له هه‌ر شتێك‌دا كه په‌یوه‌ندیی به منداڵه‌كه‌وه هه‌بێت بۆچوونی وه‌رده‌گیرێت و گه‌شه به به‌هره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌درێت. له سیسته‌مێكی ته‌ندروستی په‌روه‌رده‌دا، مه‌رج نییه هه‌ر منداڵێك ببێت به پزیشك و ئه‌ندازیار، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بوو به شوفێری پاسیش یان چێشتلێنه‌ریش، ده‌بێت به كه‌سێكی پیشه‌یی و هه‌ست به به‌رپرسیارێتی ده‌كات و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه ده‌بێت و پێش هه‌ر شتێك، ڕه‌وشتی به‌رزی مرۆڤایه‌تی په‌یڕه‌و ده‌كات و مرۆڤه‌كان، خه‌ڵكی هه‌ر شوێنێك بن و له هه‌ر نه‌ته‌وه و ئاین و ڕه‌گه‌زێك بن و ڕه‌نگی پێست و قژیان هه‌رچییه‌ك بێت، به ناسنامه‌ی مرۆڤبوونه‌وه ده‌یانبینێت. له به‌رانبه‌ردا سیسته‌مێكی ناته‌ندروست، منداڵ فێری ملكه‌چی و ده‌سته‌مۆیی ده‌كات، هه‌نگاوه‌كانی له‌رزۆك ده‌بن و كه‌سایه‌تییه‌كی لاواز و فشه‌ڵی ده‌بێت. ئه‌و سیسته‌مه نادروسته، نه‌ك هه‌ر به‌دوای توانا شاراوه‌كاندا ناگه‌ڕێت، به‌ڵكو گیانی داهێنانیش له منداڵدا ده‌كوژێت و ده‌یكاته ئامێرێك كه ته‌نها فه‌رمانه‌كان جێبه‌جێ بكات. له‌و سیسته‌مه‌دا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر منداڵ ببێت به زانایه‌ك و فه‌رمانده‌یه‌كیش دوور نییه هه‌ر وه‌ك ئه‌و زانا و فه‌رماندانه بێت، كه بۆمبی ئه‌تۆمی و كیمیاییان دروست كرد و له هیرۆشیما و هه‌ڵه‌بجه‌دا تاقییان كرده‌وه.
بۆپێشەوە: کارکردنی پیشەیی بە مناڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، بەگوێرەی ڕێکەوتننامەی مافەکانی مناڵان رێگەپێنەرداوە، کەچی مناڵان دەخرێنە بەر کاری پیشەیی، ئەوە چ کاریگەرییەک لەسەر دنیای مناڵان دادەنێت؟
سالار سۆفی: كارپێكردنی منداڵان له چه‌ندین ڕووه‌وه، زیان به منداڵه‌كه و خودی كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت. كاركردنی منداڵان، واتا دووركه‌وتنه‌وه یان ته‌نانه‌ت دابڕانیش له خوێندن، واتا له‌ده‌ستدانی ئه‌گه‌ری په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست كه داهاتووی منداڵی له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێت. له‌لایه‌كی تره‌وه، ده‌بێته هۆی بازدان به‌سه‌ر قۆناغی منداڵی و دروستبوونی كۆمه‌ڵێك گرێی ده‌روونی، كه ده‌بنه هۆی گه‌شه‌كردنێكی ناسروشتیی منداڵ و بێبه‌شبوونی منداڵ له زۆرینه‌ی مافه‌كانی تریشی.
كاركردن به منداڵان له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، ده‌بێته هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌واری و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری و لێره‌شه‌وه دوور نییه سه‌ره‌تا بكه‌وێته ناو تاوانی بچووكی ورده‌دزیكردن و ده‌ستبردن بۆ توندوتیژی. به‌داخه‌وه ئه‌مه بۆ خۆی پڕۆسه‌یه‌كه و ده‌كرێت له كۆتاییدا وه‌ك نێچیرێكی ئاسان بكه‌وێته داوی گرووپه مافیاكانی مادده هۆشبه‌ره‌كان و ڕێكخراوه توندڕه‌و و تیرۆریستییه‌كانه‌وه.
بۆپێشەوە: زۆریك لە ڕێكخراو و حزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان، تەمەنی مناڵ بە ١٦ ساڵ دادەنێن، ئێوە لەو بارەیەوە بۆچوونتان چییە؟
سالار سۆفی: ئه‌گه‌ر وا بێت، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره و لێكدانه‌وه‌یه‌كی نازانستیی مه‌ترسیداره. له‌م وڵاته‌ی من تێیدا ده‌ژیم هه‌ر كه‌سێك كه ته‌مه‌نی ١٨ ساڵی پڕ نه‌كردبێته‌وه، به منداڵ داده‌نرێت و مافه‌كانی له چوارچێوه‌ی مافه‌كانی منداڵاندایه و یاساكانی تایبه‌ت به منداڵان ده‌یگرێته‌وه. ئه‌مه له ڕێككه‌وتننامه‌ی مافه‌كانی منداڵانیش هه‌ر به‌م جۆره‌یه. به‌پێی یه‌كێك له دوایین توژینه‌وه زانستییه‌كان كه له ئینگڵستان ئه‌نجام دراوه، مرۆڤێكی ئاسایی تا نه‌گاته ته‌مه‌نی ٣٠ ساڵی، هێشتا مێشكی گه‌شه‌ی ته‌واو‌ی نه‌كردووه و به گه‌وره‌ساڵ دانانرێت. پڕۆفیسۆر پیته‌ر جۆنس له زانكۆی كامبریجه‌وه ده‌ڵێت؛ هیچ كه‌سێك له نێوان شه‌وڕۆژێكدا له قۆناغی منداڵییه‌وه ناگوازرێته‌وه بۆ قۆناغی گه‌وره‌ساڵی. كه‌واته ئه‌م گواستنه‌وه‌یه پڕۆسه‌یه‌كی زۆر درێژتره و به‌پێی كه‌سه‌كانیش ده‌گۆڕدرێت.
بۆپێشەوە: ژینگەیەکی سالم و ئارام بۆ مناڵان دەبێ چۆن بێت؟
سالار سۆفی: دیاره ڕێككه‌وتننامه‌ی مافه‌كانی منداڵان له‌لایه‌ن ڕێكخراوی منداڵانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (یونیسێف) تا ڕاده‌یه‌كی باش مافه‌كانی منداڵانی ڕوون كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام به كورتی ژینگه‌یه‌كی ئارام به مانای نه‌بوونی هیچ توندوتیژییه‌كی جه‌سته‌یی و ده‌روونی، نه‌بوونی هیچ فشارێكی ده‌ره‌كی، ده‌ستڕاگه‌یشتنی ئاسان و به‌خۆڕایی به خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستیی پشكه‌وتوو و خوێندنێكی هاوچه‌رخ و ژیان له چوارچێوه‌ی خێزانێكدا، كه مندااڵ تێیدا له‌لایه‌ن گه‌وره‌ساڵه‌كانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت. له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروستدا، منداڵ ئازاد ده‌بێت له ده‌ربڕینی بیروبۆچوونه‌كانی و ئاره‌زووه‌كانی، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا سنوور بۆ ڕه‌فتاره‌كانی منداڵانیش داده‌نرێت.
بۆپێشەوە: تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چ کاریگەریەکیان لەسەر مناڵان هەیە؟ تا چەندە بەکارهێنانی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بۆ مناڵان شیاوە؟
سالار سۆفی: بوونی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕاستییه‌كه كه ناكرێت له منداڵان بشاردرێته‌وه. تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ك هه‌ر بابه‌تێكی تریش ڕووی باش و خراپی خۆی هه‌یه. ناكرێت به بیانووی مه‌ترسییه‌كانه‌وه منداڵ له‌و جیهانه دابڕێنرێت، به‌ڵكو ده‌كرێت ڕێگای دروست بۆ به‌كارهێنان بدۆزرێته‌وه. به‌شداریكردنی دایك و باوك له‌گه‌ڵ منداڵدا له كاتی چوونه ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و تۆڕی ئینته‌رنێت به‌گشتی و ڕێنوێنیكردنی منداڵ له شێوازی به‌كارهێنان و چۆنیه‌تی خۆپاراستن له مه‌ترسییه‌كانی، ده‌توانێت زیانه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سنووردار بكات و به‌پێچه‌وانه‌وه سوود و خۆشییه‌كانی زیاتر بكات. ڕاهێنانی منداڵ له‌سه‌ر ڕاستگۆیی و به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی منداڵ و كراوه‌یی له‌گه‌ڵ دایك باوكدا، بنه‌مای سه‌ره‌كی و پێشمه‌رجه‌كانی دوورخستنه‌وه‌ی منداڵن له لایه‌نه نه‌رێنییه‌كه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. بێگومان دانانی سانسۆر له‌سه‌ر هه‌ندێك له لاپه‌ڕه و به‌شه‌كان، له‌لایه‌ن دایك و باوك یان سه‌رپه‌رشتیارانه‌وه، هاوكار ده‌بێت له‌م ڕووه‌وه.
بۆپێشەوە: گومان هەڵنەگرە هەرچی ستەم و بێبەشی و بێمافی هەیە، ڕیشەی لە نیزامی قازانج پەرستی سەرمایەداریدایە، ئایا دەکرێت لە ژێر سایەی ئەو نیزامەدا، مناڵان لە بێبەشی و بێمافی… ڕزگار بکرێن و ژیانیێکی ئارام و ئازاد و سەربەخۆیان هەبێت؟
سالار سۆفی: هه‌تا سیسته‌می ئابووریی سه‌رما‌یەداری زال بێت به‌سه‌ر جیهاندا، سیسته‌می چینایه‌تیش هه‌ر به‌ده‌وام ده‌بێت و مه‌حاڵه بواری یه‌كسان بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ بڕه‌خسێت و هه‌موویان وه‌ك یه‌ك خاوه‌نی ماف و ئازادییه‌كانی خۆیان بن. ئه‌م ڕاستییه‌ش كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌ران و مافه‌كانی منداڵان هه‌یه. بۆیه مه‌حاڵه له‌ژێر سایه‌ی سیسته‌مێكی چینایه‌تیدا، بوار بۆ سه‌رجه‌م منداڵان بڕه‌خسێت كه به مافه‌كانی خۆیان شاد بن.`ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه ده‌بێت مرۆڤایه‌تی چاوه‌ڕوانی كۆتاییهێنان به ڕژێمی سه‌رمایه‌داری بێت و ده‌سته‌وه‌ستان دا‌نیشێت. مرۆڤ هه‌رده‌م له هه‌وڵدایه به‌ره‌و باشتر. هه‌ر ئێستا له هه‌ندێك له وڵاتاندا، منداڵان به به‌شێكی گرنگ له مافه‌كانیان گه‌یشتوون، به‌تایبه‌تی له باكووری ئه‌وروپا و بۆ نموونه فینله‌ند كه من لێی نیشته‌جێم. به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چێت، ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ش به خه‌باتی دوورودرێژ و له‌مێژینه‌ی چینه نه‌داره‌كان هاتوونه‌ته ئاراوه، بۆیه به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان و به‌بێ خه‌باتی نه‌پساوه‌ی چینه نه‌داره‌كان، هیچ دڵنیاییه‌ك بۆ به‌رده‌وامبوونی ئه‌و مافانه نییه.
بۆپێشەوە: چۆن دەکرێت کۆتایی بە سزادانی جەستەیی مناڵان بهێنرێت و لە گوشار‌و ئازاردانی دەرونی بپارێزرێن؟
سالار سۆفی: كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه هه‌میشه و به‌تایبه‌تیش له ده‌یه‌كانی ڕابردوودا توندوتیژی به‌سه‌ریدا زاڵ بووه. كۆتاییهێنان به توندوتیژی به‌رانبه‌ر به منداڵان پڕۆسه‌یه‌كی دوورودرێژه و پێویستیی به به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه، كه تێیدا سیسته‌می په‌روه‌رده ڕۆڵی بنچینه‌یی ده‌بینێت. پێویستیمان به یاسایه‌كی منداڵپارێزیی هاوچه‌رخی گونجاو هه‌یه، به مه‌رجێك لایه‌نی جێبه‌جێكار به‌بێلایه‌نی و به‌بێ ڕه‌چاوكردنی دۆخی كۆڵتووری و سیاسی و ئاینی، بیسه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌موواندا.
بۆپێشەوە: چەکدارکردنی مناڵان، یان بەکارهێنانیان لە رێکخراوە سەربازییەکاندا، چۆن دەکرێت بەری پیبگیرێت؟
سالار سۆفی: خه‌باتی مرۆڤ بۆ ڕزگاركردنی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی له هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری و چه‌وساندنه‌وه و جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر هۆشیاریی كۆمه‌ڵ و بایه‌خی ئاشتیخوازی، بناغه‌ن بۆ ڕێگریكردن له توندوتیژی و له ئاڕاسته‌كردنی منداڵان به‌ره‌و ڕێكخراوی چه‌كداری. گه‌شه‌پێدانی هۆشیاریی كۆمه‌ڵ، به په‌یڕه‌وكردنی په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست، له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی و جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئاشتی و قه‌ده‌غه‌كردنی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره بیروڕایه‌كی توندوتیژی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی ده‌بێت. ڕه‌گه‌زپه‌رستی و په‌ڕگیری به‌گشتی، كوڕان به‌ره‌و ڕێكخراوه چه‌كدارییه‌كان ده‌بات و كچانیش به‌ره‌و ملكه‌چی و زیندانیی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بات، به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن خێزانه په‌ڕگیره ئاینیه‌كانه‌وه.
بۆپێشەوە: تا چەندە لەگەڵ ئەوەدان مناڵان رابێکێشرێنە ناو دنیای سیاسەت و خەبات؟ و دیمەنی نابەرابەری و زوڵمی سەرمایەداریان پێ ئاشنا بکرێت؟
سالار سۆفی: من پێم سه‌یره كه ده‌بینم كه ئه‌و كه‌س و پارت و ڕێكخراوانه‌ی كه خه‌بات بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی توێژێك، گه‌لێك، چینێك، یان ته‌نانه‌ت سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن و داوای ڕزگاری و ئازادی بۆ هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌ن، له هه‌مان كاتدا ده‌بنه به‌شێكی كاریگه‌ر له زه‌وتكردنی پاكترین و بێده‌سه‌ڵاتترین بوونه‌وه‌ری مرۆیی كه ئه‌ویش منداڵه. دایكێك، باوكێك یان هه‌ر سه‌رپه‌رشتیارێكی منداڵ، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ماف به خۆی ده‌دات منداڵه‌كه‌ی ڕابكێشێته ناو كێشمه‌كێشه سیاسی و ئایدیۆلۆژییه ئاڵۆزه‌كانه‌وه، كه ڕه‌نگه نه‌ك ته‌نها منداڵه‌كه‌ی، به‌ڵكو خۆیشی سه‌ری لێ ده‌ر نه‌چێت. سه‌یر ئه‌وه‌یه، دوورنییه هه‌ر كه‌سه‌كه خۆی پاش چه‌ند ساڵێكی تر، ڕێڕه‌وی ژیانی بگۆڕێت و بچێته ناو ڕه‌وتێكی تره‌وه و نموونه‌شمان بۆ ئه‌مه زۆره. پێویسته منداڵ تا قۆناغی منداڵی ته‌واو ده‌كات، دوور بخرێته‌وه له سه‌رجه‌م كێشمه‌كێشه سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئاینییه‌كان و هیچ یه‌كێك له‌مانه نه‌كرێنه به‌رنامه‌ی كاركردن له‌سه‌ر منداڵان و سه‌پاندن به‌سه‌ریاندا. ته‌نها ڕه‌فتاری یه‌كسانیخوازی و دادپه‌روه‌رانه‌ی دایك و باوك كه پێویسته له په‌روه‌رده‌كردنی منداڵدا ڕه‌نگ بداته‌وه، به‌سه بۆ وه‌رگرتنی هه‌مان ڕێچكه له‌لایه‌ن منداڵه‌وه. بۆیه من پێم وایه، به‌شداریپێكردنی منداڵان له هه‌ر جۆره خه‌بات و ئایدیۆلۆژیا و ئاینێك، پێشێلكردنی مافه‌كانی منداڵانه و تاوانێكه كه ده‌بێت سه‌رپه‌رشتیار و پارت و ڕێكخراو و لایه‌نه سیاسی و ئاینییه‌كانی له‌سه‌ر سزا بدرێت.