هاوڕێی کۆمۆنیست و خەباتکار سالاری ئاسنگەر بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و ژیانئاوایی کرد!
هاوڕێی کۆمۆنیست و خەباتکار سالاری ئاسنگەر بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و ژیانئاوایی کرد!
بەرواری ٢٣ی ئەم مانگە هاوڕێ سالار جەبار، ناسراو بە سالاری ئاسنگەر… بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا.
هاوڕێ سالار سیماو ڕوخسارێكی خۆشەویست، کۆمۆنیستێکی پەیگیر، کادرێکی ماندونەناس، تێکۆشەرێکی بزوتنەوەی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان بوو، کە هەموو تەمەنی خۆی لەپێناو ژیانێکی باشتر بۆ ڕزگاری بێبەشان تەرخان کرد.
هاوڕێ سالار بەجیا لەوەی کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و ئەندامێکی چالاک و ماندونەناسی کۆمیتەی سلێمانی بوو، هاوکات خەباتکارێکی نەسرەوتووی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە رادیکاڵەکان بوو. نەخشی هاوڕێ سالار لە کاری حزبی و جەماوەریدا هێندە بەرجەستە بوو، کە کەم بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری هەبووە رۆڵی تیا نەگێرابێ… لە بزوتنەوە و ئاکسیۆنە ئایارییەکانەوە تا دەگاتە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و هەشتی مارسەکان، تا دەگات بەکاری خۆبەخشانە و ئینساندۆستی لەگەڵ توڕەکانی هاوکاری کۆمەڵایەتی… هێشتا ئەو لافیتانە دەشەکێنەوە کە هاوڕێ سالار بەبۆنەی یەکی ئایارەوە هەڵیدەواسین و سیمای شارو بەردەم کارگەکانی پێ دەڕازاندەوە، کە خواستەکانی چینی کرێکاری لەسەر بەیان کرابوو… هێشتا کرێکارانی کارگەکان چاوەڕوانن سالار بەشورو شەوقەوە ژمارەی نوێی دەنگی کرێکاریان بەدەست بگەیەنێت… بەڵی سالاری ئاسنگەر هەمیشە ئامادە و بەئومێدەوە بێ وەستان، تێدەکۆشا تا هەرچی زوتر کۆتایی بە زوڵم و بێمافی چینی کریکار و بێبەشان بێت و کۆمەڵگەیەکی خاڵی لەچەوساندنەوە و نابەرابەری و هەڵاواردن و بێمافی و دابمەرزێت… هەر ئەو رۆڵ و تێکۆشانە بەردەوامە ئەوی کردبووە، سیماو ڕوخسارێکی خۆشەویست و جێگا متمانە.
ماڵئاوایی ئەو هاوڕێ تێکۆشەرە، خەسارەتێکی گەورەیە بۆسەرجەم بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و ئازادیخوازی… ئێمە وەکو ستافی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی خۆمان لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی، کۆمیتەی سلێمانی و سەرجەم هاوڕێیانی لەبزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی و بزوتنەوە نارەزایەتییە جەماوەرییەکان و لە خێزان و سەرجەم خانەوادەو هاوڕێ و دۆستانی دەکەین، خۆمان بە هاوبەش لە خەمیاندا دەزانین…
بەرزو بەڕێز بێت یادی خەباتکارانەی هاوڕێ سالار و سەرجەم تێکۆشەرانی ڕێگای بنیاتنانی دنیایەکی باشتر…
بۆپێشەوە
٢٣/٥/٢٠٢١