کامەران محەمەد: من پێموایە گۆڕان کۆتایی پێهاتووە، بەم هاوپەیمانییەش دەیەوێت خۆی بشارێتەوە لە پشتی یەکێتیەوە، کە یەکێتی خۆشی حاڵی ئەوەندە باش نییە

0

کامەران محەمەد: من پێموایە گۆڕان کۆتایی پێهاتووە، بەم هاوپەیمانییەش دەیەوێت خۆی بشارێتەوە لە پشتی یەکێتیەوە، کە یەکێتی خۆشی حاڵی ئەوەندە باش نییە

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز کامەران محەمەد ڕۆژنامەنووس لەسەر پرسی هاوپەیمانی گۆڕان و یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی عێراق.

کامەران محمد؛ ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی زار بۆ بەرگری لە ئازادییەکان، لەماوەی ڕابردوو لە ڕۆژنامەکانی ئاوێنە، هاوڵاتی، لڤین و دەزگای هاوپشتی و چەندین دەزگای دیکەی ڕۆژنامەوانی  کاری کردووە، ئێستا لە تاراوگە دەژیت.

بۆپێشەوە: کاردانەوەی پارتی بەرامبەر بەو ڕێککەوتنامەیە چۆن دەبێت؟

کامەران محەمەد: پارتی بەهیچ ڕێککەوتنێک، کە خۆی تێیدا بەشدار نەبێت دڵخۆش نییە و کاریشی بۆ دەکات بۆ ئەوەی سەرنەگرێت، هەڵبەت لەم کارەشی سەرکەوتو بووە. لە ماوەی ڕابردوودا چەندین نمونەمان هەیە ڕاستی قسەکەمان دەسەلمێنێت، ڕێککەوتنی دەباشانی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە ساڵی ٢٠١٦، کە تێیدا پارتی یەکلایەنە ناخۆشحاڵی خۆی ڕاگەیاند و ئەنجامەکەش بەم شێوەیە بوو، کە پارتی دەیویست.

بۆپێشەوە: پارتی چۆن دەتوانێت ڕێککەوتنی لایەنەکانی دیکە لەبار ببات؟

کامەران محەمەد: بەهۆی ئەو بەرژەوەندییانەی لەگەڵ کەسە باڵادەستەکانی ناو حزبەکانی دیکە گرێی داوە. لە دوای ٢٠٠٣ ەوە پارتی جۆرێکی دیکەی سیاسەتی کڕینی خەڵک بەکاردێنێت! دەستی زۆر ئەندامی مەکتەب سیاسی حزبەکانی دیکەی بۆ کردنەوەی کۆمپانیا و کاری بازرگانی و نەخۆشخانە و دەرمان و شتی دیکەش ڕاکێشا. دیارە ئەم زەمینەسازییە، شێوازێکی تازە بوو بۆ هێنانی ئەو کەسانە بۆ ژێر ڕکێفی خۆی و گۆڕینی هەڵوێستی حزبەکان بۆ ئەو ئاڕاستەیەی کە خۆی دەیەوێت. من بەڵگەم هەیە، ئەندامی مەکتەب سیاسی حزب هەیە، لەدەرەوەی ڕێنماییەکان مۆڵەتی کۆمپانیای پاڵاوگەی بۆ کراوە، خۆم بینیومە ئەو مەکتەب سیاسییە چەندین جار، لە کاتی قەیراندا، هاتۆتە سەرشاشە و باری لاسەنگی پارتی ڕاستکردۆتەوە. بۆیە من لەسەرکەوتنی هەموو ڕێککەوتنێک بەدگومانم، مەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت بۆ جێبەجێکردنی.

بۆپێشەوە: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان دەبێت، تا پێویستی بە هاوپەیمانیەتی و ڕێککەوتنی نێوان ‌هێزە سیاسیەکان بێت؟

کامەران محەمەد: عێراق چ لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران بێت، یان ئاستی پەرلەمان، کاریگەرییەکی زۆری بەسەر هەرێمەوە هەیە، پارتی لە ئێستادا هەیمەنەی تەواوی بەسەر سەرجەم دەزگاکانی هەرێمدا هەیە و دەیەوێت هەمان هەیمەنەی بەسەر عێراقیشدا هەبێت (لەو بەشەی پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە)، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم هاوپەیمانییە بەسەر کۆمەڵگەی کوردستان، ڕاستیەکەی لە ئێستادا و بەو شێوە سیاسەتەی حزبەکانی دەرەوەی پارتی، پێموایە هیچ ڕێککەوتنێک سودێکی ئەوتۆی بۆ کۆمەڵگەی کوردستان نییە، بەڵکو تەنیا ڕاکێشانی بەڕەی بەرژەوەندییەکانە لەژێرپێی یەکتری. بۆیە دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر پرسیاری پێشوترت، هەر هاوپەیمانییەک لە کوردستان،  ئەگەر لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەبوو، پێویست ناکات ببینە بەشێک لە بەشانوباڵ هەڵدانی.

بۆپێشەوە: دەوترێت ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی هەنگاوێکە بۆ گوشارخستنە سەر پارتی، ئێوە لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

کامەران محەمەد: بەدڵنیایی وایە، پیشاندانی هێزە لەلایەن هاوسەرۆکەکانی یەکێتیەوە بەرامبەر پارتی، بەتایبەت لە دوای کۆنگرە ئەمە یەکەم هەڵبژاردنە، کە ڕاستەخۆ لەژێر سەرپەرشتی لاهور و پاڤێڵ بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئایا خەڵک قازانج دەکات؟! ئەمە پرسیارە جەوهەریەکەیە؟ من پێموایە شەڕەکە بۆ بردنی پشکی زیاترە لە کێکی بەرژەوەندییەکان.

   بۆپێشەوە: هاوپەیمانیەتی یەکێتی و گۆڕان، تا چەندە دەتوانێت باڵانسی هێز بە سودی زۆنی سەوز لەبەرامبەر زۆنی زەردا بگۆڕێت؟

کامەران محەمەد: من پێموایە گۆڕان کۆتایی پێهاتووە، بەم هاوپەیمانییەش دەیەوێت خۆی بشارێتەوە لە پشتی یەکێتیەوە، کە یەکێتی خۆشی حاڵی ئەوەندە باش نییە. سەرکردایەتی ئێستای گۆڕان دەزانن ئەگەر بە هاوپەیمانییەوە نەچنە هەڵبژاردنەوە، بچوکترین حزب دەبێتە خەسمییان (بەرامبەرکێیان)! پێموایە هەڵە دەکەین ئەگەر بڵێین فلان کەس لە گۆڕان هێلکەیەکی پیس دەرچوو، یان  فیسار کەس گوێزێکی پوچ دەرچوو،  بەڵکو دەبێت بڵێین خودی بزوتنەوەی گۆڕان هێلکەیەکی پیس دەرچوو.

سەبارەت بە باڵانسی زۆنی سەوز و زەرد، پێموایە پارتی زۆر کێشەی لەوەدا نییە زۆنێک هەبێت کە ئەو لە ڕووە شکلیەکەی باڵادەست نییە تێیدا، چونکە ئەو بە ڕێگەیەکی دیکە باڵادەستە، ئەو لە ڕێگەی نوێنەرانی زۆنی سەوزەوە، لەسەر هەر سێ ئاست (جێگری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکومەت) توانیویەتی زۆنی سەوزیش کۆنترۆڵ بکات. لە ڕابردوو بینیمان چۆن لە ڕێگەی قوبادەوە ئەو تۆمەتبارانە ئازادکران کە بە هێرشکردنە سەر دکتۆر غالب دەستگیرکرابوون، دەیان نمونەی ترمان هەیە.

 بۆپێشەوە: ڕێککەوتنی گۆڕان و یەكێتی، دەکرێت وەک سەرەتای دەستبردن بۆ بلۆک بەندییەک لە بەرامبەر پارتیدا تەماشا بکرێت، یان تەنها بۆ بەشدارییە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا؟

کامەران محەمەد: وای نابینم، بلۆکبەندیی پێویستی بە  هەندێک بنەمای کۆنکریتی هەیە تا بتوانێت بێتە ئاراوە، من ئەم بنەما کۆنکریتییە نابینم، شەڕی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ پارتی شەری بەرژەوەندییە حزبییەکانە، شەڕی لاهور و مەسرور شەڕی یەکتر خوێندنەوەیە، نەک شەڕی ئازادی و دیموکراسی، پارتیش باش لەم یارییە دەگات، لە کاتی زۆر پێویست کارتێکی بەرژەوەندی دەخاتە سەر مێز و ئیتر ئاو بێنە و دەست بشۆ! بیرمان نەچێت، پارتی هیچ شتێکی بۆ نەچۆتە سەر ئەگەر یەکێتی هاوکاری نەکردبێت، ئەوان خۆیان لەکاتی لێکنزیکبونەوەیان بە ئاشکرا لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەڵێن بەڕیوەبردنی ئەم هەرێمە لەسەر شانی ئێمە (پارتی و یەکێتی)ە دەبێت بەیەکەوە بەڕێوەی ببەین، ئەمە مانای ئەوەیە ئەوان تەواوکەری یەکترن، ئێستاش هێزێک دروست ببێت مەترسی لەسەر پێگەیان دروست بکات، بە هەردووکیان بلۆکبەندییەک دروست دەکەن و دژایەتی دەکەن. ئەوەندەی من ئاگادار بم لە ماوەی ڕابردوو بەتایبەت لە هەڵبژاردنی ڕابردوو، هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی بەرەیەک یان وەک ئێوە دەڵێن “بلۆکبەندییەک” لە بەرامبەر ئەو جەبەڕوتیەی پارتی ڕابگەیەنرێت، بەڵام سەری نەگرت.

بۆپێشەوە: بۆ سەری نەگرت؟

کامەران محەمەد: چونکە ئەو خیلافەی کە هەیە، خیلافێکی جەوهەری نییە و بەوەرگرتنی پۆستێکی باڵا کاڵ دەبێتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.