خەبات بۆ ئازادکردنی گیراوەکانی بادینان، بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەبات بۆ ڕاماڵینی دەسەڵات! نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

خەبات بۆ ئازادکردنی گیراوەکانی بادینان، بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەبات بۆ ڕاماڵینی دەسەڵات!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

پرسی گیراوەکانی بادینان، لەوەدەرچووە پرسێکی یاسایی بێت. لە بنەرەتیشدا دەستگیرکردنی ئەو هەڵسوڕاو و رۆژنامەنووس و چالاکوانانەی بادینان، کە ژمارەیان سەرو ٧٠ کەسە، پرسێکی سیاسی و پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادی و هەڵسوڕانی سیاسییە.

لە کۆمەڵگەیەکدا کەمترین ئازادی سیاسی هەبێت، بانگەوازو بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەریدا، سزای لەسەر نییە. دەسەڵاتێک هیچ دەربەستی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان نەبێت. شانی خۆی لە  دابینکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان خاڵی بکاتەوە. موچە دوابخات و دەست ببات بۆ برینی موچەی کارمەندان. سادەترین کاردانەوەی جەماوەری ئازادیخواز و هەڵسوڕاوانی سیاسی بەرەنگاری و هاتنە مەیدان و نارەزایەتی دەربرینە. گیراوەکانی بادینانیش لە جەرگەی خۆپیشاندانە نارەزایەتیەکاندا گیراون نەک پێشتر. واتە دۆسیەی. راستەقینەی گیراوەکانی بادینان، بانگەوازو بەشدارییە لە نارەزایەتی جەماوەری، نەک دۆسیەی تر و پاکەتی کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بە تایبەتیش پارتی بۆ هەموو هەڵسوڕاو و چالاکوان و رۆژنامەنووس و کەسانی سیاسی تێکۆشەرو دەستەمۆ نەبوو هەیەتی.

ئەگەر پارتی و دادوەری گشتی بەڵگەو دیکۆمێنتی جاسوسی و هەوڵی ئەو زیندانیانەیە لایە کە بۆتێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی!! و کاریان بۆ لایەنی دەرەکی کردووە، بۆچی ئەو کاتە دەستگیر نەکراون کە خەریکی ئەو کارانە بوون. بۆچی لە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا، ڕفێنران و دەستگیر کران.  وە ئەگەر بەڕاستی دادگایەک هەیە، و کەمترین سەربەخۆیی هەیە هۆکار چییە یەک دادوەری سەربەخۆ لەسنوری زەرد و سەوز بەرپرسیاریەتییەکیان نییە؟ هۆکار چییە سەرۆکی دادگای تەمیز، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، سەرۆکی داوکاری گشتی، سەرۆکی دادگای تیهەڵچوونەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی شورا، سەرۆکی وەزیری داد، هەموویان حزبین و دابەشی سەر هەردوو حزبی دەسەڵات” پارتی و یەکێتی” کراون؟ بوونی هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت کە چۆن هەرێم دابەشی دوو زۆن کراوە، ئاواش هێزی چەکدار و پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش، دژە تیرۆر… تا دەگات بە دادگا و دادوەرەکان دابەشی سەر پارتی و یەکێتی کراوان… ئەمەش بۆ ئەوەیە دادگا بەدەستەوە بگرن بۆ بەرگری لەدەسەڵاتیان و لەو تاوانانەی دەسەڵات لە هەموو بوارەکاندا لەدژی هاوڵاتیان و جەماوەری بێبەشی کوردستان ئەنجامی دەدەن. لەبەرامبەریشدا بەدەستەوەگرتنی دادگا بۆ ڕاپێچکردنی نەیارانی دەسەڵات و دەنگە ئازادەکان. بەکورتی دادگا و دادوەرەکان رۆڵی جەلاد لەبەرگی یاسادا لەدژی ئازادیخوازان و نەیارانی دەسەڵات دەگێرن. دوای ٣٠ دەسەڵاتی سیاسی بەو هەموو دزی و گەندەڵی و تاوانە ئاشکرایانە، بەو هەموو گرتن و رەودونان و تیرۆری کەسانی سیاسی و رۆژنامەنووسانە، یەک بەرپرسی حزبی و کەسی دەسترۆشتوی ناو بنەماڵە و بەرپرسێک روبەرووی دادگا نەکراونەتەوەو یەک تۆمەتباری ئەو دۆسیانەش رادەستی دادگا و لیپرسینەوە نەکراون، کەچی سەدان و هەزاران ئازادیخواز و کەسانی نارازی و نەیاری دەسەڵات و رۆژنامەنووس، ڕاپێچی بەردەم دادگا و لێپرسینەوە کراون. هەموو ئەوانە نیشانی دەدەن دادگا دامەزراوەیەکی سەربەخۆ نییە، و بە تەواوەتی حەربەیەکی سەرکوتە لەبەرگی یاسادا، بەدەستی دەسەڵاتەوە بۆ رەوایەتیدان بەو دەسەڵاتە سەرکوتگەر و مافیاییەی وێنەی لە دنیادا دەگمەنن.

سەرۆکی حکومەت پێش لە دادگا و دادگاییکردن، تۆمەتی جاسوسی و کار بۆ وڵاتانی تری خستە پاڵ گیراوەکانی بادینان و دادگاش هەمان تۆمەتی سەرۆکی کردە سزا و زیندانی شەش ساڵی بەسەردا سەپاندن. بەراستی ئەو تۆمەتبارکردنەی گیراوەکانی بادینان بەر لە دادگاییکردن لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە تاوان نییە؟ پوچی دادگا نیشان نادات؟ ڕاگرتنی شەش مانگ لە گیراوەکان لە زیندان بێ لێپرسینەوە و دادگایی کردن، بی ئەوەی ڕیگەبدەن کەس و کاریان سەردانیان بکەن، تاوان نییە؟

وەڵامی لۆژیکی هەرکام لەو پرسیارانە دەریدەخات، بەڵگەو تاوانێک لەسەر گیراوەکانی بادینان لەئارادا نییە، جگە لەوەی کەئەم رۆژنامەنووس و هەڵسوڕاوانە نارەزایەتیان لەدژی بێمافی و بێ موچەیی و لێبرینی موچەو بێدەرەبەستی دەسەڵات بەرامبەر بە کۆرۆنا ڤایرۆس… دەربریوەو رۆڵیان لە سازدانی خۆپێشاندانەکاندا هەبووە، بەم کارەشیان تەلیسمی ترس و تۆقاندنی زۆنی زەردیان تێك شکاندووەو ئاوێزانی نارەزایەتی خۆپیشاندانی سەراسەری کوردستان بوون.

کەوایە دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوان و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان، بەجیا لەسەرکوتی ئاشکرای ئازادی سیاسی، هەوڵێکی ئاشکرای دەسەڵاتە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، کە رۆژ بەرۆژ لەگەڵ نارەزایەتی فراوانی کۆمەڵایەتی بەرەوڕوو دەبێتەوە. دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لە کاتی قۆرغکردنی دەسەڵاتەوە، تا روخاندی رژیمی بەعسی گۆربەگۆر و سەرهەڵدانی نارەزایەتی فراوانی جەماوەری، هەموو هەوڵی سەرکوتگەرانەی بۆ داکوتانی پایەکانی دەسەڵات و خامۆشکردنەوەی دەنگی نارەزایەتی بوو، لەم کاتەش بەدواوە بە دیاریکراویش لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ وە، هەوڵ و سەرکوتی دەسەڵات گۆراوە بۆ پاراستنی دەسەڵات لەبەردەم شەپۆلەکان و زنجیرە خۆپیشاندانە لێکدانەبراوەکان بۆ ڕاماڵێنیان.

واتە دۆسیەی گیراوەکانی بادینان، لە بنەڕەتدا درێژکراوەی دۆسیەی ململانێی نێوان سەرکوتی دەسەڵاتی سیاسی و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و ئازادی سیاسیە. هەربۆیەش دەسەڵاتی سیاسی و پارتی لەگەڵ هەر راگەیاندنێکدا، دەڵین ئەمە بریاری کۆتایی نییەو بواری دەرفەت بۆ تانەلێدان ماوە و دەسەڵاتی باڵای هەرێم دەتوانێت لێبوردنی تایبەتی دەربکات. واتە لای دەسەڵاتی سیاسیش دۆسیەکە لەوە دەرچووە تەنها وەک و پەروەندەیەکی یاسایی لێی بڕوانرێت. ئەمەش ئاکامی ڕاوەستاوی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستانە بۆ تەسلیم نەبوون بە بریاری پوچی دادگا و تۆمەتە بێ بناغەکانی.

ئێستا دۆسیەی ٧١ گیراوی بادینان و سزای پێنج کەسیان بەسزای ٦ ساڵ زیندانی، دۆسیەی ململانێییەکی فراوانی کۆمەڵایەتییە. دۆسیەی سەرکوتی دەسەڵاتە لەبەرامبەر ئازادی و ئازادیخوازاندا، دۆسیەی دادگایەکی پوچی حزبییە، لەگەڵ هەر یاساو ریسایەکی سەربەخۆ و ئازادیخوازانە.

بەرگری لە گیراوەکانی بادینان و تیکۆشانی هەمەلایەنە بۆ ئازادکردن و قەرەبووکردنەوەی مەعنەوی و مادیان، بەشێکی فراوان و لەراستیدا دریژکراوەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە بەدژی دەسەڵات، بێگومان لەونێوەدا و لەچوارچێوەی ململانێی سیاسیدا کەسانێک هەن دەیانەوێت خۆیان بەو بزوتنەوە ئازادیخوازییەوە هەڵبواسن، بەڵام ئەمە هەرگیز بەمانای کەم رەنگکردنەوەی بزوتنەوەی ئازادیخوازی و پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگەی کوردستان نییە لە دژی دەسەڵاتی سیاسی و پاشکۆکانیان و خیڵی موچەخۆر و ویژدان فرۆشان.

دۆسیەی گیراوەکانی بادینان، بەشوێنێک گەیشتووە کە جگە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی ناوخۆ و ریزبەستنی کۆمەڵایەتی لەبەرامبەر سەرکوتی دەسەڵات و دادگا پوچە حزبی و بنەماڵەیەکەیدا، دنیای دەرەوەو زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ریکخراوەی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ، تەنانەت یەکێتی ئەوروپای ناچار بەوە کردەوە لەژێر ناوی بەرگری لە مافی مرۆڤ و ئازادییەکاندا بێنە مەیدان، و بە ئاشکرا نیگەرانی لە رەفتاری دەسەڵات و دادگا دەرببڕن وداوای سەربەخۆیی دادگاکان و ئازادکردنی گیراوەکان بکەن. ئەمەش بەرهەمی خەباتی بلۆکی ئازادیخوازی کۆمەڵگەیە بەرامبەر بەهێرش و تۆمەتی دەسەڵاتی سیاسی بەرامبەر بە گیراوەکانی بادینان و بۆسەر ئازادی و ئازادیخوازی.

ململانێی نێوان دەسەڵاتێکی کەمایەتی و مافیایی و بنەماڵەیی لەگەڵ بزوتنەوەی فراوانی کۆمەڵایەتی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان، لەسەر دۆسیەی گیراوەکانی بادینان و ئازادی و ئازادییەکان، گۆشەو لایەنێک و درێژکراوەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد.

سوربوونی بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگەی کوردستان لەبەرگری لەئازادی و ئازادییەکان و لەوچوارچێوەیەشدا بەردەوامی دان بە خەباتی هەمەلایەنەو فراوان بۆ ئازادکردنی سەرجەم گیراوەکانی بادینان و هەڵوەشاندنەوەی سزای پارتیانە و بەعسیانەی پێنج لە گیراوەکان، تاکە ڕێگای کارسازو کاریگەرە کە دەتوانێت، دەسەڵات ناچار بکات بە ئازادکردنی سەرجەم گیراوەکان و قەرەبووکردنەوەیان.

ناوەراستی ئایاری ٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.