ڕێبین سەباح: ئەوەی جێگای نیگەرانی هەمووانە ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەت و حزبەکەی پێشتر لە ڕێگای لێدوانەکانیانەوە سزادانی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانەیان یەکلاکردبۆوە، پێش دادگا کەوتبوون لە بڕیاردانیان لەو کەیسەدا…

0

ڕێبین سەباح: ئەوەی جێگای نیگەرانی هەمووانە ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەت و حزبەکەی پێشتر لە ڕێگای لێدوانەکانیانەوە سزادانی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانەیان یەکلاکردبۆوە، پێش دادگا کەوتبوون لە بڕیاردانیان لەو کەیسەدا…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز ڕێبین سەباح پارێزەر و چالاکوانی مەدەنی سەبارەت بە دۆسیەی زیندانیانی بادینان.

بۆپێشەوە: وەک هەموو لایەک ئاگادارە دوای سزادانی ئەو گیراوانەی بادینان بە ٦ ساڵ زیندانی، ڕای گشتی شەقام و زۆرێک لە حزب و ڕێکخراو و کەسایەتی ناوخۆیی و دنیا دژ بەو سزایە هاتنە دەنگ. تا چەند ئەو بەرەیە دەتوانێت بڕیاری دادگا و ئەو سزایە هەڵوەشێنێتەوە؟

ڕێبین سەباح: دوای ئەوەی دادگای تەمیزی هەرێم بڕیاری سزادانی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی بادینانی پەسەند کرد، ئەم کارەیان کاردانەوەیەکی توندی ناڕەزایی زۆرینەی حزب و ڕێکخراو و کەسایەتی ناوخۆیی و ڕێکخراو و کۆنسڵخانە جیهانیەکانی لێکەوتەوە و گشتیان دژ بەو سزایە هاتنە دەنگ، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی هەمووانە ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەت و حزبەکەی پێشتر لە ڕێگای لێدوانەکانیانەوە سزادانی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانەیان یەکلاکردبۆوە، پێش دادگا کەوتبوون لە بڕیاردانیان لەو کەیسەدا. بۆیە دادگا تەنیا بڕیار و ڕێنوێنیەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و پارتەکەی جێبەجێکردووە. بۆیە بەشبەحاڵی خۆم بێ ئومێدم لەوەی کە ئەو سزایە کەم بکرێتەوە یان لەسەریان لاببردرێت، چونکە ئەوانە زەحمەتە پاشگەز ببنەوە لە بڕیارەکانیان. وێڕای ئەوەی هیوا دەخوازم کە فشارەکان ئەوەندە توند بن کە ببێتە هۆکاری لابردنی سزا لەسەر چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان ..

بۆپێشەوە: تاوانبارکردنی زیندانیانی بادینان بە سەردانیکردنیان بۆ قونسولخانەکانی ئەمەریکی و ئەڵمانی بەنموونە، بە سیخوڕی، نابێتە هۆی کێشەی یاسایی و سیاسی بۆ ئیدارەی حکومەتی هەرێم؟

ڕێبین سەباح: ئەوەی جێی سەرنج و سەرسوڕمانی هەموان بوو کە سەرەتا لە دادگای تاوانی ٢ لە هەولێر قسە لەسەر ئەوە نەکرابوو کە ئەوانە پەیوەندیان لەگەڵ قونسوڵخانەکانی هەرێمی کوردستان وەک قونسوڵخانەی ئەمەریکا و ئەڵمانیا  هەبووە! بەڵام دواتر لەدادگای پێداچوونەوە و لە پەسەندکردنی بڕیارەکەی دادگای تاوانی ٢ ی هەولێر باس لەوەکراوە کە ئەمانە پەیوەندیان بەو قونسوڵخانانەوە هەبووە و بەتاوان حسابکراوە، ئەمەش بەپێی عورف و یاسا کارێکی خراپە. چونکە ناکرێت پەیوەندی کاری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ قونسوڵخانەکان بە تاوان دابندرێت، هەربۆیە دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە هەریەکە لە قونسوڵخانەکانی ئەمەریکا و ئەڵمانیا هاتنە دەنگ  و بەیاننامەیان دژ بەو بڕیارە دەرکردوە. بۆیە ئەگەر خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و پارتەکەی ئەم هەڵەیە چاک نەکەنەوە؟ ڕەنگە کاردانەوەی خراپتری پەیوەندییە دەرەکیەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە لێبکەوێتەوە. هەروەها ناوبانگی هەرێم لە ناوەندە جیهانیەکان کێشەی تێ بکەوێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.