دۆسیەی گیراوەکانی بادینان و  ریسوایی دەسەڵات…

0

دۆسیەی گیراوەکانی بادینان و  ریسوایی دەسەڵات…

دوای ئەوەی ٦ ی ئەم مانگە دادگای پێداچوونەوە، پەسەندی بریاری دادگا و ٦ ساڵ زیندانی بۆ پێنج گیراوی بادینانی کرد، دادگای تەمیز و پرۆسەی دادگایەکە و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، رووبەڕووی کاردانەوەیەکی فراوانی بەرەی ئازادیخواز، ئینسان دۆست و رۆژنامەنووسانی ئازاد، و دادوەرانی خەمخۆری سەروەری یاسا و نارەزایەتیەکی بەرینی جەماوەی بووەوە.  هاوکات لەگەڵ ئەو نارەزایەتییە ناوخۆییە ڕیکخراوەکانی ئەمنیستی و ریکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەیان وڵاتی وەکو ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و یەکیتی ئەوروپا… دەیان ریکخراوە و یەکێتی کریکاری و رۆژنامەنووسی و ریکخراوەی مەدەنی…بوەوە. بەشێوەیەکی گشتی هەموو ئەو وڵات و لایەنانە ئیدانەی بریاری دادگا و دادگای پێداچوونەوەیان کرد و دەستێوەدانی سیاسی، بێ لایەن نەبوونی دادگا، تۆمەت هەلبەستنیان بۆ گیراوەکان پشت راست کردەوە. لەوەش زیاتر داوای ئازادکردنی گیراوەکان دەکەن… لەژێر ئەم گوشارە فراوانەدا ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگای پێداچونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان  راگەیاندنێکی دەرکرد تا خۆی لە گوشار و رەخنەکان دەرباز بکات و هاوکاتیش بۆ دانەخستنی دۆسیەکەو هیشتنەوەی بوار بۆ پاشەکشەیەکی ناچاری لە ڕاگەیاندنەکەیاندا دەڵێن “بۆ زانیاری هه‌مو لایه‌ك ئه‌و بڕیاره‌ هێشتا پله‌ی كۆتایی وه‌رنه‌گرتوه‌ و قۆناغی دیكه‌ی تانه‌لێدانی ماوه‌ كه‌ ئه‌ویش قۆناغی داواكردنی راستكردنه‌وه‌ی بڕیاری پێداچونه‌وه‌یه‌ (طلب تصحیح القرار التمییزی) به‌پێی یاسا، سزاداراوان ده‌توانن تانه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ راستكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه”…

‌نارەزایەتی بەرووی دادگادا، تازە نییەو کەس نییە لە کوردستان ژیان بکات، یان چاودیری پرسی یاساو دادگا بێت نەزانێت، کە دادگا لە کوردستاندا بە تەواوەتی حزبیەو دادوەرەکانیشی بەپێی بەش بەشینەی حزبی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دابەشکراون. بەدریژایی تەمەنی ٣٠ ساڵەی دەسەڵات، دادگا و یاسا نەک نەیتوانیووە تۆمەتبارێکی زلی حزبی توشی لێپێچینەوە بکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە بۆتە پارێزەریان و دیزە بەدەرخۆنە کردنی دەیان کەیسی ئاشکرای تیرۆری سیاسیی، تیرۆری نەیارانی دەسەڵات، تیرۆری رۆژنامەنووسان، دزانی ئاشکرا و قاچاخچیان و… هەموو ئەوانەش وایکردووە دادگا و یاسا لای جەماوەری هەرە فراوانی خەڵکی کوردستان، هیچ متمانەیەکی نەبێت و کەس بڕوا بەرۆڵی ئیجابی دادگا و یاسا نەبێت…

دۆسیەی گیراوەکانی بادینانیش، هێندەی تر ریسوایی دادگا و دادگای پێداچوونەوەی خستە ڕوو… لە ئێستادا ئەم دۆسیەیە بووە بە کەیسیکی تر بۆ ململانێی نێوان دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و بەرەی ئازادیخوازی کوردستان… هەروەها بزوتنەوەی نارەزایەتی بەرووی دادگا و دادگای لێپێچینەوە، کەئامڕازی دەستی حزبن بۆ پاراستنی دەسەڵات و ترساندنی دەنگە ئازاد و ئازاو ئازادیخوازەکان، بەشێکی لێکهەڵپێکراوە لەگەڵ بزوتنەوەی فراوانی جەماوەری بۆ کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتەی تۆبەکەی تەنها مەرگە. ئازادبوونی گیراوەکانیش لەدرێژەی نارەزایەتی فراوانی جەماوەری و گوشاری بەرەی ئازادیخوازیدا، بەمانای سەرکەوتنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە لە راستای خواستی راماڵینی دەسەڵاتدا، بۆیە پێویستە بلۆکی ئازادیخوازی کوردستان بەردەوام بن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای سزادراوان وئازادکردنی سەرجەم گیراوەکانی بادینان…

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.