دارسەیران سەلماندی سەنگەری خۆڕاگری دژ بە کۆنەپەرستی و تاقمە سەلەفیەکانە! نووسینی: هەتاو عەبدولاهی
دارسەیران سەلماندی سەنگەری خۆڕاگری دژ بە کۆنەپەرستی و تاقمە سەلەفیەکانە!
نووسینی: هەتاو عەبدولاهی
کۆمەڵگەی ئێران دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و بە لارێدابردنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەرەو ئاقارێکی نالەبار چوو. کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی جەلادەکەی جەماران نوێنەرایەتی بیرۆکەیەکی چەقبەستوو و سەدەناوەڕاستی دەکرد. خومەینی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە هەر بیرێکی ئازادیخواز کە دژ بە بیرۆکەی دواکەتوو با و لە بەرامبەری دا راوەستابا بە هەر جۆرێک کە بۆی دەلوا لە ناوی دەبرد. هەر لە سەرەتاکانی هاتنە سەر کاریەوە دەستی دایە تێرۆر و کوشتنی جیابیرانی و ماشێنی سەرکوت و کوشتاری بە کۆمەڵی بە ناوی خوا و ئیسلام و قورئانەوە وەگەڕ خست. بە دەیان کەسی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز بە تایبەتیی لە بەرەی چەپی ئەو ولاتە کە ڕۆڵی گرینگیان لە نەمانی ڕژیمی پاشایەتیدا هەبوو بە ناوی ئایینەوە لەناو برد و ئیعدامە بە کۆمەڵەکانی وەرێ خست. ڕەوتی سەلەفی و ئیسلامی سیاسی هەموو ئەبزار و کەرەسەیەکی لەبەردەست بوو بۆ ئەوە پڕوپاگەندە بۆ دواکەتویی و خورافە بکەن و ئەرکدار کرابوون کۆمەڵگەی ئێران بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی و سەدە ناوەڕاستی بەرن. ئێران بەهۆی بافتێکی کۆمەڵایەتی کە هەیەتی و مێژوویەکی دورو درێژ لە خەبات و بەرخۆدان خاوەن خەڵکێکی ئازادیخواز و شۆڕشگێرە، بەرەیەک کە بە هیچ جۆرێک دەسەلاتی ڕژیمی ئێران و بیرۆکەی جەلادەکەی جەمارانی قبوول نەبوو، بۆیە ئەو دوو رەوتە واتە بەرەی ئازادیخواز و بەرەی دواکەتوو هەمیشە دژ بە یەکدی راوەستاون و بەرەی ئازادیخواز هەردەم لە سەنگەری بەرخودان بووە و ئێستاش کۆڵی نەداوە، بۆ بەڵگەش دەتوانین چاوخشاندنێکمان هەبێ بەسەر ڕوداوەکانی هەناوی کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەت ئەو ڕەشبگیریانەی چەند ساڵی رابردوو کە نیشانەی بێدەسەلاتی کۆماری ئیسلامی و ئایینی ئیسلامە لە بەرامبەر بەرەی ئازادیخواز. کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە یاسای سەدەناوەڕاستی و کۆیلەیی ژنانی پەسند کرد و بڕیاری دا کە ژنان دەبێ لە ئێران پابەندی پۆششی ئیسلامی بن و هەموو هەوڵەکانی خستەگەڕ لە ڕیگای دانانی قەیدوبەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی ژنانی ئێران کە نەخش و ڕۆڵی گرینگیان لە بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانی ئێران دا هەبوو، وە هەردەم لە سەنگەری پێشەوە بوون بخزێنێتە کونجی ماڵەوە و لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و ئابوری دوریان بخاتەوە، هەولێک کە هەر بەرەی ژنان و بزوتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخواز پوچەڵی کردەوە. هەنووکە ژنانی ئێران لە هەموو ناوچەکان بوونە گەورەترین مەترسی بۆسەر دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی ئێران. پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نانەوەی دووبەرەکی لە ئێران بۆ ئەوەی دەسەلاتی خۆی بەڕێوە ببا یەکجار زۆر بوو وەک شەڕی شیعە و سونی وەک شەڕی نەتەوایەتی و تا ئێستاش ئەو پیلانانە بەردەوامن. هەر وەک لە مێژوودا هاتووە کوردستان یەکەم ناوچە بوو دوای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی نای بە خومەینی وت. کوردستان چونکە خۆی خاوەن ئەزمونی سیاسی و حیزبی خۆجێی بوو توانی هەموو مەشروعیەتی کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر پرسیار و زۆر زوو رواڵەتی دزێوی ئەو رژیمەی بۆ دەرکەوت. کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر خۆڕاگری و نا وتنی خەڵکی کوردستان بێ دەنگ نەبوو و شەرێکی نابەرامبەر بەهەموو کەرەسە و ئەرتش و هێزێکی نیزامی بۆ ماوەی سێ مانگ بە دژی کوردستان راگەیاند. شەڕی سێ مانگە لە حاڵیکدا کۆتایی هات کە کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی خومەینی خوێنڕێژ لە بەرامبەر ئیرادەی خەڵکی ئەو ناوچە بە چۆک دا هات. دوای شکستی کۆماری ئیسلامی و ئەرتشی نەزانی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە کۆماری ئیسلامی کەوتە پیلان گێڕان و سەرەرای ئەوەی دەسەلاتەکەی دژ بە ڕەوتی سونی بوو هێزە سەلەفی و توندرەوەکانی کوردستانی زیندوو کردەوە، کە وەک نمونەی ئاشکرا دەتوانین باس لە تاقمی سەلەفی و مەترسیداری مفتی زادەکان بکەین کە لە بەرامبەر حیزبەکانی کوردستان کە خاوەنی مێژویەکی پڕشنگدار لە خەبات بوون زیندووی کردنەوە وپشتی گرتن و بۆ مەبەستی خۆی بە کاری هێنان. لەو کاتەوە تا بە ئێستا تاقمێکی سەلەفی و دواکەتوو و مەترسیدار لە کوردستان بوونیان هەیە کە لە بەرامبەر ئیرادەی خەڵک بێ هێزن و ناتوانن بە شێوەی پێویست چالاکی بکەن. هەر کات قەیرانەکان لە ئێران زۆر بوون و کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ماف و ئازادی خەڵک دەستەوەستان مایەوە ئەو گروپ و تاقمە سەلەفیانە سەرهەڵدەدەن بۆ ئەوە روداوەکان و کێشەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستەوەستانی ئەو ڕژیمە بەلاڕێدا بەرن. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو ڕەش بگیری لە کوردستان دەستی پێ کردووە. هەر دەنگێکی ئازادیخواز کە بچوکترین ڕەخنەی لە بارودۆخی ناوچەکە و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی گرتبێ بە زیندان و ئەشکەنجە وەلامی دراوەتەوە. لەناو دەست بەسەردا گیراواندا ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنان و چالاکی مەدەنی و شاعیر و نوسەر و چالاکانی ژینگەپارێز دەبیندرێ و تەنیا ئەو پەیامە دەگەیەنێ کە کۆماری سێدارە دژی هەر بزوتنەوە و چالاکیەکە کە لە بەرامبەر دواکەوتوویی و خورافەدا ڕاوەستێ. دوایین روداوەکانی ئەم دوایانە و پیلانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناوچەکە ڕوداوەکانی دارسەیرانی شاری مەریوانی خۆڕاگرە. کۆمەڵێک سەلەفی لەژێر ناوی بەرگریکردن لە خوا و ئایین و قورئانەوە کە گوایا لەلایەن کەسانێکەوە بێڕێزی پێ کراوە، هەڕەشەی کوشتن و بڕینیان لە خەڵک دەکرد. مەلا مێشک بۆگەنەکانی ئەو ناوچە و لایەنگرانی خوڕافە بە ئاشکرا و بێ ترس پڕوپاگەندەیان بۆ کوشتنی خەڵکی دارسەیران دەکرد و بە ڕوهەڵماڵڕاوییەوە فتوایان دەدا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ە بلاویان دەکردەوە بۆ ئەوەی فەزایەکی ترس و تۆقاندن بخولقێنن و خەڵک چاوترسێن بکەن. خەڵکی خۆراگری دارسەیران بەژن و پیاوەو هاتنە سەر شەقامەکان و چاوەڕیی کەسانی سەلەفیان دەکرد بۆ ئەوە وەلامێکی پڕ بە پێستیان پێ بدەنەوە. دوای ئەو ڕوداوە سەلەفیەکان ڕایانگەیاند کە هێرش دەکەنە سەر خەڵک و گەرەکەکە و هەر کەس بێتە سەر ڕیگایان لە ناوی دەبەن، ئەوان بە خەیاڵی خاویان وایان دەزانی خەڵک لە ترسان دەچنە کونجی ماڵەوە و چاوەرێ دەکەن کەسانی سەر بە رەوتی ئیسلامی بە پشتبەستن بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستدڕێژی بکەنە سەر خەڵک و توندوتیژی بخولقێنن، بەلام خەڵکی خۆڕاگری دارسەیران بە پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی دەوربەر بە ژن وپیاوەوە ئامادەی هێرش بوون تا ئەو جێگایەی کە سەلەفیەکان هەستیان بە مەترسی کرد و پاشگەز بوونەوە. ئەم هەڵوێستەی خەڵکی دارسەیران دەرسێکی باشی بە سەلەفی و تاقمە تێرۆریستەکانی ناوچەکەدا کە چیدی خەڵک فریوی ئەوان ناخۆن و ڕەوتی ئیسلامی و بیرۆکەی خورافە بە هەموو لق و پۆپەکانی لە بەرامبەر ئیرادەی خەڵکی شۆڕشگێڕ دەستەوەستان و زەبوونە. هەلوێستی خەڵکی شۆڕشگێڕی دارسەیران نیشانی دا کە هەر گروپێکی توندڕەو تەنانەت ئەگەر پشتیوانی دەوڵەتیشی هەبێ ناتوانێ لە بەرامبەر هێزی خەڵکی دا راوەستێ و پشتی دەشکێ، بۆیە خەڵکی ناوچەکە دەبی باش بزانن یەکگرتوویی و خۆڕاگریان و بردنەسەری ئاستی وشیاری و نا وتن بە بیرۆکەی خورافە و دواکەتوویی رێگەچارەی دەرباز بوون لەو سیستمەیە. کاتێک خەڵکی دارسەیران توانیان بە رێکخستنی پێویست و بەجێ گروپی تێرۆریست و سەلەفی بە چۆکدا بێنن، بێگومان بە رێکخستنی ئاوا لە بەرەی گەورەتر و جەماوەری تر دەتوانن کۆتایی بە دەسەڵاتی دواکەتوو و سەرۆکی هەموو گرپە توندرەوەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە دەسەلاتی کۆماری ئیسلامیدا بێنن و لە ناو بەرن. یەکگرتن و رێکخستن ڕەمزی سەرکەوتنی خەڵکە .