ئافرەت لەنێوان ماڵداری و کارکردن لە دەرەوە ” نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

0

ئافرەت لەنێوان ماڵداری و کارکردن لە دەرەوە “

نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

هەرچەندە لێرەلەوێ بیروبۆچوونى جیاواز هەیە لەسەركاركردنى ئافرەتان, بەڵام ئەگەر بێین و بەئینسافەوە دیقەت بدەین و بدوێین دەبینین لەزۆربەى هەرەزۆرى ئەوشوێنانەى كەئافرەتان كارى لێدەكەن و بەرێوەى دەبەن لەرووى سەركەوتنەوە پێشى پیاوان دەكەون هەم لەرووى خێرایى لەكاركردن هەم لەرووى بەفیرۆنەدانى كات و بوارنەدان بەرۆتینیات، ئەگەر تەماشاكەین دەبینین لەدواى 2003 ەوە بەشێوەیەكى بەرچاو ئافرەتان لەماڵەكانەوە هاتنەدەرەوە و هەنگاویان نا بەرەو كاركردن لەدەرەوەى ماڵ، لەئێستادا رەنگە كون و كەلەبەرێك نەبینیت كەئافرەتان كارى لێنەكەن و توانا و كارامەیى خۆیانیان لێوە نەسەلماندبێت، لەماركێتەكان و مۆڵەكان و فەرمانگەكان و كۆمپانیاكان و قوتابخانەكان و باخچەكانى ساوایان ئافرەتان رۆلێكى بەرچاویان هەیە و چوست و چالاكن لەبەرێوەبردنى كارەكان، بەسەرنجدانمان لەوشوێنە تایبەتى و گشتیانەى كەرۆژانە خودى خۆمان سەردانى دەكەین و كارمان دەكەوێتە ئەوێ دەبینین ئافرەتان هیچیان لەپیاوان كەمتر نییە لەبەرێوەبردنى كارەكان و لەزۆر شوێنیش هەرئافرەتە بەرێوەبەرەو دەیان كارمەندى پیاوى لەلایە و بەشێوەیەكى لێهاتووش كارەكانى رایى دەكات، كاروبارى رۆژانەمان بۆمان دەسەلمێنن لەماركێت و مۆڵەكان و فەرمانگەكان باشتر كاروبارى هاوولاتیان رادەپەرێنن وەك لەپیاوان، بۆیە بەم سەرنجدانانەمان ئەوەمان بۆروون دەبێتەوە و ئەو وتانەمان لەلا بەدرۆدەكەوێتەوە كەدەڵێن ئافرەت تواناى بەرێوەبردنى كارى نییە لەدەرەوەى مەتبەخى ماڵ، واتا زۆرێ لەپیاوان پێیان وایە كەئافرەت جگە لەخواردن ئامادەكرن بۆماڵ و منداڵ تواناى هیچى ترى نییە و ناتوانێت كارى تر بەرێوەببات. ئەگەر لەقوتابخانەكانیش سەرێك بدەین لەمامۆستا ئافرەتەكان دەبینین زۆرلەمامۆستا پیاوەكان باشتر منداڵەكان پەروەردە دەكەن و بۆداهاتووى ئەم وڵاتە پێیان دەگەیەنن، بۆیە دەبێت هەم كەرتى گشتى و هەم كەرتى تایبەتیش باشتر و زیاتر بوار بدەنە ئافرەتان بۆئەوەى توانا و سەلیقەى خۆیان بسەلمێنن و خزمەت کۆمەڵگە بكەن و هاوشان و هاوتەریب لەگەڵ پیاوان كاروبارى ژیان و كۆمەڵگە بەرێوەببەن. لەگەڵ گەیشتنی مرۆڤ بە قۆناغی پێگەیشتن هاوکات کارکردنیش دەبێتە ئەرکی تاکەکان، مرۆڤەکان هەرچەند زیاتر کار بکەن ژیان و گوزەرانیان باشتر دەبێت و چەندەش دڵسۆزانەتر کار بکەن وڵات گەشانەوەی پتر بە خۆوە دەبینێت جا لەهەر کەرتێکی کارکردن بێت .بۆیە وەکو رێزێک لەکار و ماندووبوونی کرێکاران، جیهان رۆژی١/٥ ی تایبەت کردووە بە چینی کرێکار، لە زۆربەی وڵاتانی دونیاش بە شێوازی جیا جیا ئەم رۆژە پیرۆز رادەگیرێت، لە رۆژگار و سەردەمی ئەمڕۆشماندا کە ژیان قورستر و پێویستیەکان زیاتر بووە و فشاری کارکردنیش هەڕەشەیە بۆ سەر توانای مرۆڤەکان، بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا ئافرەتانێکی زۆر هاتنە نێو گۆڕەپانی کارکردن و کەم کردنەوەی فشاری کارکردنی تەنیا رەگەزیکیان گرتە ئەستۆ، لە ئەنجامیشدا بەشێکی زۆری ئەو پاڵەپەستۆ داراییانەی خێزان کەمدەبنەوە کاتێک ئافرەت و پیاو شان بە شان کاردەکەن و داهاتیان دەبێت، تا ئێرە روون و بەرچاوە، بەڵام ئەوەی نادیارە ئایا ئەو ئافرەتە کرێکارەی کە رۆژانە بەپێی ئەو کاتژمێرانەی کە بۆی دیاری کراوە کار دەکات و دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی کە دەگەرێتەوە ماڵەوە دەتوانێت وەک پیاوێکی لە کار گەڕاوە پشوو بدات ؟؟ بێگومان نەخێر !! چونکە لە ماڵەوە کاری قورستر چاوەڕێی ئافرەت دەکات کە کولتوری پیاو سالاری کردوویەتی بە ئەرکی ئافرەت، واتا ئافرەتی کارمەند لە نێوان کاری ماڵەوە و دەرەوە و منداڵ بوون و بەخێوکردن کە قورسترین کارە لە مێژووی مرۆڤایەتی هێز و توانایەکی زۆر لەدەست دەدات و هیلاک بوونێکی لە ئەندازە بەدەر جەستەی دەتەنێ کە تەنها خۆی و و ئەوانە هەستی پێدەکەن کە لە رۆڵی ژنان و ماندووبوونیان تێدەگەن. لێرەشدا زۆر کەمن یا هەر نین، ئەو پیاوانەی لەسەر عەرشی غرووری پیاوەتیان دابەزن و هاوشانی ژن کارو ئەرکی ماڵەوە راپەڕێنن و بەشێک لە کاروباری ماڵەوە لە ئەستۆ بگرن وەک ئەرکی خۆیان نەک هاوکاری ژنەکانیان، بەم شێوە و ستایلە ژیان ئاسانتر ویژدانی پیاو ئاسوودەتر دەبێت و ژنیش لە رووی جەستەیی و مۆرالیەوە هاوسەنگ و جێگیرتر دەبێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.