پارادۆکس لەدوالیزمی دەقی شیعریدا .. بەنمونە / لای محمد عزیزو ژەنەڕاڵی پایز دا نووسینی: جەمال نوری
پارادۆکس لەدوالیزمی دەقی شیعریدا ..
بەنمونە / لای محمد عزیزو ژەنەڕاڵی پایز دا
نووسینی: جەمال نوری
دەقێکی زیندوو، شاعیر موخاتەبەی خۆی دەکات لەڕێگای ئەوی دییەوە، تێکڕای پەیوەندیەکان و هەستەباڵاکانی بۆ ئەو زەمەن و شوێنەی تیایدا ڕاگوزەر بووە دەیخاتە ژێر پرسیارەوە، هەڵبەتە هۆکار گەلێک بۆ دروستبوونی ئەو دۆخە نەخوازراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوی بەرامبەری کە نەیتوانیوە یان نەیویستوە لەئاست ئەو هەستە باڵایەی شاعیردا بوبێ… گەر بەوردی سەرنج لەدەقە شیعرەکەی حەمە عزیز بدەین هەست دەکەین ، ئەوی دی وەها لە شاعیر دەکات کە هەست و سۆزی بۆی هەبێ، بەئەندازەی خۆش ویستنی، بەڵام دواجار تێدەگات کە ئەوی دی کەسایەتیەکی سایکۆیی هەیە، لەسەرەتادا وردە وردە سەرنجی ڕادەکێشێ تادەگاتە ئاستی خۆشەویستنی وەک لێرەدا بەجوانی تەوزیفی کردوە .
لە پێش چـاوی مـنا هێندەی چیـا سەربەرز و باڵا بویت
وەکو دەروازە بۆ هۆردوی حەزم سەرپشک و واڵا بویت
یەکەم پرشنگ کـە خۆری تۆ ڕژایـە سـەر کـەلی هــەستم
بـەرەو ئـاسۆی ژیـانـی مـن لەگـەڵ کـازیــوە ئـــاڵا بـویت
بـەڵــێ وا تــێـکـەڵاوم بـویــت لــە تــۆمـــاری ژیــانــمـدا
بە ئەندازەی تەمەن تێکڕا لەپــاڵ خـەون و خـەیـاڵا بویت
بەڵام دواجار تۆڵەی لێدەکاتەوە، ئەو حاڵەتە نەگەتیڤەی مەعشوق، کاریگەری لەسەر نوسەری دەق بەجێ هێشتوە تاوەکو ئیحساسی دوای ئەو گۆڕانکاریانەی لەهزر و قەناعەتیدا دروست دەبێ بە شیعر تەوزیفی بکات و سەرزەنشتی بکات. شاعیر لەکاتێکدا خاوەن خەونی خۆیەتی و پەرۆشی ئەوەیە کە لەساتێکدا بێت و خەونە سەوزەکەی بەربگرێ، بەڵام کاتێک دێت ئەو خەونە سەوزەی شاعیر پەرۆشی بووە لەگەروویدا دەتاسێ بە هۆی ئەوەوە. واته ئەو ناهێڵێ خەونەکەی چرۆبکات، بەهاتنی هەمووی خاپورو نوگرۆ دەکات، کەواتە بە خاپورکردنی ئەو تەلارو بێستانە سەوزەی کەبۆی ڕازاندۆتەوە یەکسەر خاپوری دەکات، دیارە بونیادی ئەو کەسایەتیە کەسایەتیەکی سایکۆپاتی هەیە، چێژ لە هیچ وەرناگرێ و بەشداری هیچ شتێک ناکات، جگەلە تێکدان و کاولکردن و لەناو بردن نەبێ.
کەچی ئــەو خەونە سـەوزەی مـن پەرۆشی بوم لە تاسەمدا
هـەموت خـاپور و نوگرۆ کرد لــە هاوتــای وشــکە ساڵا بویت..
بەپێچەوانەی محمد عزیزی شاعیر، ژەنەڕاڵی پایز (محمد عومەر عوسمان)، کاتێک لەگەڵ ئەوی دی هەنگاو هەڵدەهێنێ، بەم جۆرە تەوزیفی حاڵەتە ڕۆحیەکانی خۆی پێ دەکات، وەک داینەمۆیەک بزۆێنەری هۆش و هەست و سۆزی دەبێت کە تێکڕای ڕوانینی بۆ جوان دەکات وەک لێرەدا دەڵێ ;-
لەگەڵ ئەودا بووم بەفر پشکۆ بوو
کە گەڵا نەبوو بەڕووی دارەوە
من گوڵزارێکم دەهاتە بەرچاو
بەچڵی ڕووتی بەفرانبارەوە
سەرنج بدەن لەنێوانی محمد عزیز و ژەنەڕاڵی پایز پارادۆکسێک دەبینێرێ. لای حەمە عزیز هەرچی خەونی سەوزی هەیە، بە خولیای ئەوەبووە کە لەتاسەیدا بەر بگرێ و چرۆ بکات، وەلێ بە پێچەوانەوە ئەوی بەرامبەری هەر نایبیستێ، چون کەسایەتیەکی سایکۆپات، ئەوجورە کەسایەتیانە بەشداری هیچ دایەلۆگێک ناکەن و تابۆیان بکرێ دواجار هەموو شتەکان هەپرون بە هەپرۆن دەکەن، هەموو خەون و خولیاو دنیای سەوزی جوانی شاعیر هەبووە بەهۆی ئەوە پاکی وێران و ڕماندوە، وەک بێستانێکی وشک ۆ برینگی لێ بێت وەک وشکە ساڵی کە بەسەر ڕەزو باخ و بێستاندا دێت.
هەرچی لای ژەنەڕاڵی پایزیشە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە، ژەنەڕاڵ دەڵێ کاتێک لەگەڵ ئەودایە بەفر بەو ساردیەوە دەبێتە بڵێیسەو ناخی قوڵپ ئەدا، هەربۆیە کاتێک دەبینێ وەرزی بەهارەو گەڵا نابینێ بەڕووی درەختەکانەوە، بەڵام مادام لەگەڵ ئەودایە وەک گوڵستانێک ببینێ و درەختەکانیش گوڵی ڕەنگاو ڕەنگیان گرتبێ ئاوها دەیبینێ لەنێوان ئەم پارادۆکسە لەدوالیزمی دەق دەگەینە سەر ئەو بڕوایەی هەریەک لەو دوو شاعیرە بەڕێگای دنیابینی و ڕوئیای بۆ ئەو حاڵەتە ڕۆحی و ویژدانیەی بەزمانی شیعر وەسفی حاڵەتەکانیان کردوە کە دواجار لەناو دەقی شیعری هاوچەرخ دا جێگایان ببێتەوە .
منی سادە و تۆی جادوگەر
٭ حەمە عەزیز ٭
لە پێش چـاوی مـنا هێندەی چیـا سەربەرز و باڵا بویت
وەکو دەروازە بۆ هۆردوی حەزم سەرپشک و واڵا بویت
یەکەم پرشنگ کـە خۆری تۆ ڕژایـە سـەر کـەلی هــەستم
بـەرەو ئـاسۆی ژیـانـی مـن لەگـەڵ کـازیــوە ئـــاڵا بـویت
بـەڵــێ وا تــێـکـەڵاوم بـویــت لــە تــۆمـــاری ژیــانــمـدا
بە ئەندازەی تەمەن تێکڕا لەپــاڵ خـەون و خـەیـاڵا بویت
سـروشتی ئــاشنایـی تــۆ هـەوێنێکی بــە مــن بـــەخـشی
بەقـەد بـونت لــە خـۆشیمدا لــەتەک یــادگــاری تـاڵا بویت
ژیــانی مـن ئیــتر ئەوسـاتـە شـوێنکــەوتوی مـەرامێک بوو
لەنـاخدا چیم دەویسـت بـۆخـۆم وەکو هێز تۆم لە پاڵا بویت
کەچی ئــەو خەونە سـەوزەی مـن پەرۆشی بوم لە تاسەمدا
هـەموت خـاپور و نوگرۆ کرد لــە هاوتــای وشــکە ساڵا بویت
بـەوەی کـاتێک بـەهۆش هــاتم ئـیتر بــێ پەردە دەرکەوتیت
کــە بــۆ مـەرگـم لــە دانـــانــی پــلانــی گــۆڕ و چــاڵا بویت
وەکــو جــادو چـی زەبـــرێک بـویت لــەپڕ هــاتیتە نێو ژینم
لـــە نــێـچیـر کــردنــی مـنـدا لــە ئــاستی بـــاز و داڵا بویت
شکستم خـوارد لــە ئــەزمونــی گــەمەی تۆدا کــە نــەمزانـی
یەکەم دیدار لە توێی ساختە و درۆی چاوبەست و قاڵا بویت
بـژاردەم بویت، بـەڵام ئێسـتا بـــە خــۆمدا هـەڵدەشــاخێم و
دەڵێـم گــەمژە لــە بـڕیـاردا لــە هــەستی خــام و کــاڵا بویت
ڕەوایــە بـاجی چـەوتــێتیم بـدەم ، بانگکەن بڵێن ئەی خــام
لــە پــاکی و ســادەیی هـۆشدا لــە هـەڵوێستی مــناڵا بویت