هاوڕەگەزخوازی چییە و بۆچی هەندێک کەس هاوڕەگەزخوازن؟ هۆمۆفۆبیا لە کوێوە سەرچاوە ئەگرێت و پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری و فاشیزمەوە چییە؟ نووسینی: ماریا کارگەر
هاوڕەگەزخوازی چییە و بۆچی هەندێک کەس هاوڕەگەزخوازن؟
هۆمۆفۆبیا لە کوێوە سەرچاوە ئەگرێت و پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری و فاشیزمەوە چییە؟
نووسینی: ماریا کارگەر
بەشی دووەم و کۆتایی
لە هۆکارەکانی هۆمۆفۆب بوونی وڵاتانی ئیسلامی و ئەو بیرۆکانەی کە زۆر لە زانایان و مێژوونووسان هەیانە، بە ئاشکەرایی رۆڵی ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری پشت گوێ ئەخرێت و وەک بڵێی کە پیاوسالاری هەر بوونی نییە. بۆیە ئێستا ئەچمە سەر بابەتی هۆمۆفۆبی و پەیوەندی قۆڵی لەگەڵ پیاوسالاری و یاددۆلۆژی خێزانی کلاسیک کە پێکهاتووە لە پیاو و ژن و مناڵ. ئەو خانەوادەیەی کە گەرەنتی نەتەوە و پیاوسالارییە، وە ئەم سیستەمە وا پێکهاتووە کە باوک تێدا سالار و قسەی یەکەم ئەکات وە ژن تیایدا کەرەستەیەکە بۆ خزمەتگوزاری ناو ماڵ، سێکس و وەچەخستنەوە و بەخێوکردنیان. وە هەر کەسێک یان گروپێک یان ئایدۆلۆژیایەک کە رەخنەی لەم سیستەمە کلاسیکە هیترۆ پیاوسالارییە بگرێت و هەڕەشەی لە ناوبردنی بکات، مەحکومە بە سزادان و راوەدونان و لە ناوچون. رقی پیاوسالاری هیتۆنۆرم لە هاورەگەزخوازان هەر ئەوەندە بەهێزە کە پیاوسالاری لە کۆمۆنیستەکانە، کە سیستەمی خێزانی کلاسیک رەت ئەکەنەوە و بۆ هەڵوەشاندنەوەی تێ ئەکۆشن.
لە خێزانی هیتۆ پیاوسالار کە پشتیوانی بە هێزی دین و سیاسەتی هەیە، نەزمی پیاوسالاری هەیە، ڕۆڵەکان دابەشکراون هەر کەس ئەزانێت جێگە و رێگەی کوێیە و چۆن ئەبێت هەڵسوکەوت بکات. کە قسەی ئەوەڵ و ئاخر ئەکات. لەو خێزانە تەنانەت رۆڵی جێنسیش دیاریکراون. لەوە کەسێک هەیە کە ئەکات و کەسێک هەیە کە ئەدات. ئەوەی ئەکات پیاوەکەیە، ئەوەی ئەکات دەسەڵاتی هەیە، هەژمۆنی هەیە و رێزی هەیە. بەڵام ئەوەی ئەدات ژنەکەیە کە کۆیلە و خزمەتگوزارە. ئەوەی ئەدات بچوکە، لاواز و بێرێزە. لە بنەماڵەی هیترۆپیاوسالار، پیاو سەرچاوەی یەکەمی نانە. ئەو کار ئەکات و نان دەرئەهێنێت سەرپەنا ئامادە ئەکات و ژن لە ماڵەوە ئەبێت کاروباری ناوماڵ و مناڵ بەرێوە ببات. کاری دەرەوە گرنگە و کاری ماڵەوە بێنرخە. بۆیە ئەوەی کاری دەرەوە ئەکات دەسەڵاتدارە.
پیاوسالاری بە درێژایی هەزاران ساڵ ئەم سیستەمە خێزانییەی بۆ نەزمی کۆمەڵایەتی خۆی دروست کردووە و پاراستوویەتی، هەر کەس و هەر مۆدێلێکیتر کە ئەم رێکخستن و نەزمە پیاوسالاریە بخاتە مەترسیەوە، پیاوسالاری دژایەتی ئەکات. وەک هاورەگەزخوازان هەڕەشەن بۆسەر ئەم نەزمە دارزیوە نائینسانیە. هەروەها لە ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری جەستەی پیاو و پیاوەتی پیرۆزە و هێرۆیزە کراوە. بەتایبەت لە مومارسەی جنسیدا. پیاو ناکرێت لە جەستەی پیاودا پەسیف بێت وەک چۆن ژن لە مومارسەی سێکسیدا پەسیفە ئەدات و ناکات. پیاو لە جەستەی پیاوانەدا ئەبێت بکەر بێت ئەبێت بکات. هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە لە کۆمەڵگەکانی هەم رۆژهەڵات و هەم رۆژئاوا هاورەگەزخوازی ژنان ئەوەنە نامۆ نییە و ئەوەندە دژایەتی ناکرێت. چون لە روانگەی مومارسەی جنسی پیاوسالاری و وێنەکانی، ژن لەهەر حالدا ئەدا و پەسیڤە و لەهەر حاڵدا جەستەی وەک پێناسەی رەگەزی گرنگ نییە. بەڵام بۆ پیاو تابویە کە لە جەستەی پیاوانەدا لە ژێرەوە بێت و بیکەن. بۆیە هەر لە کۆمەڵگەی خۆشماندا زۆرجار ئەبیستین پیاوان و کوڕان مومارسەی سێکسیان هەیە، بەڵام ئەوەی کە ئەیکات شەرم ناکات و ئەڵێن کردم. بەڵام ئەوپیاوەی کە لە ژێرەوەیە و ئەکرێت ئەو سەرشۆڕە و عەیبەیە، چون ئەچێتە رۆڵ و پۆزیسیۆنی ژنەوە. جەستەی پیاوانە ئەبێت رۆڵی پیاوانە و هەڵسوکەوتی پیاوان و جلی پیاوانە و هەیبەتی پیاوانەی بێت. ئەمە رێگای پاراستنی پیاویەتی کە سەر بە سەر ژنیەتیدا. بۆیە قەبوڵنەکراوە کە پیاو جلی ژنانە لەبەر بکات و خۆی وەک ژن بڕازێنێتەوە وە هەڵسوکەوتی سێکسی وەک ژن بێت. پیاوانی هیترۆ کە بە کەلتووری پیاوسالاری گەورە بوون و پەروەردە کراون، پیاوانیتر کە هەڵسوکەوتی ژنان ئەکەن وەک پیاوانی هاورەگەزخواز ترانس جێندەرەکان، وەک هەڕەشە و بێرێزی و هێرش بۆ سەر پیاویەتی خویان، کە پیاویەتیەکی ژهراویە، ئەزانن.
ئەبێت ئاماژە بەوەش بکەین کە هەموو ئایدۆلۆژیەکی فاشیست هۆمۆفۆبن. لە رژێم و حکومەتە فاشیستەکان لە هەموو جیهاندا، هاوڕگەزخوازان و راوەدوونراون، زیندانی کراون، لە سێدارە دراون و مافەکانیان زەوت کراوە. بۆ نمونە لە کاتی دەسەڵاتی نازیەکان لە ئەڵمانیا (١٩٤٥|١٩٣٣) بە سەدان هەزار هاورەگەزخواز لە ئۆردوگاکانی کاری زۆرەملێ کوژراون. وە ئەورۆش سەیر بکەین لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئایدۆلۆژی فاشیزمی نەتەوەیی یان دینی حاکمە، هاورەگەزخوازی شەیتانی کراوە و لە ئەگەری ئاشکراکردنی خۆیان ژیانیان ئەکەوێتە مەترسی. وەک رژێمی فاشیستی ئیسلامی ئێران.
رژێمە فاشیستەکان ڕقیان لە هاوڕەگەزخوازانە چونکە فاشیستەکان بە هێچ شێوازێک رێگە بەو فکر و کەس و گروپانە نادات کە هەبوونی خانەوادە لە پێناسە کلاسیکەکەیا، بخاتە مەترسیەوە. ئەو خانەوادەی کە پیاو تێیدا سەرۆک و رێبەرو دەسەڵاتە و ژن تێدا کۆیلە و خزمەتگوزاری پیاوە و وەچە خستنەوەیە. ئایدۆلۆژی فاشیزم چ نەتەوەیی چ دینی، پاسەوانێکی سەرسەختی نەزمی پیاوسالارین. فاشیستەکان پێیان وایە ئەوان باشترین وباڵاترینن و ئەوان راستن و هەمووی ئەوانەی وەک ئەوان نین ئەبێت لەناو بچن. بۆ لە ناوبردنی هەموو ئەوانەش کە وەک ئەوان نین وە یا دژی ئەوانن، شەڕ ئەکەن. شەڕی کۆڵان بە کوڵان، شەڕ فرۆشتن بە وڵاتان و کیشوەرەکانیتر. شەڕ و داگیرکاری و خوێنڕشتن تەنیا کەرەستەیەکە کە فاشیستەکان بۆسەرکوتکردنی نەیارەکانیان ئەیناسن. شەڕ بۆ ئەوان لە نانی شەو پێویسترە، بۆیە بە هەمان ئەندازە سەرباز بۆیان گرنگە. سەرباز ئەبێت هەبێت بۆ ئەوەی شەڕێک بکرێت. بۆیە رێکخراوی خێزان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی و نەزمە پیاوسالاری ئەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە، هەتا سەربازەکانیش بوونیان هەبێت.
فاشیستەکان، ڕقیان لە هاوڕەگەخوازانە لەبەرئەوەی هاوڕەگەزخوازی وەک هەڕەشەیەک بۆسەر خێزان ئەزانن. وە پێیان وایە ئەگەر زۆر هاورەگەزخوازی رێگە پێدراو بێت ئەوکات ئەوان بە یەکەوە ئەژین پیاو لەگەڵ پیاو و ژن لەگەڵ ژن و لەو کاتەدا مناڵ دروست نابێت و ئەمە ئەبێتە هۆی لە ناوچونی رەگەزەکەیان و لاواز بوونی نەتەوەکەیان. ئەوان بەهەمان ئەندازە رقیان لە پەنابەرانیشە کە لەگەڵ ژن و پیاوانی هاونەتەوەکەیان هاوسەرگیری بکەن و ئەمە بە تێکچون و پیس بوونی خوێنی پاکی رەگەزەکەیان ئەزانن. وە هەروەها فاشیستەکان زۆرتر رقیان لە کۆمۆنیستەکانە، چون کۆمۆنیستەکانیش تێئەکۆشن بۆ لە ناوبردنی پیاوسالاری و هەڵوەشاندنەوەی خێزان لە چوارچێوە هیترۆپیاوسالارەکەیدا و لەناوبردنی نەتەوەگەری و سنووری دەوڵەت نەتەوەکان هەروەها کۆمۆنیستەکان لایەنگری ئازادی و مافی هاورەگەزخوازان و پەنابەرانیشن.
گەرایش یان خواستەی سێکسی شتێکی تەواو تاکەکەسیە و پەیوەندی بە کەسەوە نییە؟
زۆرکەس هەن کە لە نیەت چاکی خۆیاندا وەک ئارگۆمێنت بۆ ئەوەی بە کۆمەڵگەی هیترۆسەنتەر بڵێن، دەست لە کۆڵی هاوڕەگەزخوازان بکەن و بهێڵن با بۆ خۆیان بژین، ئەوەیە کە بابەتی سێکس و خواستە سێکسیەکان شتێکی تەواو تایبەتن و بۆ کەس نییە تەداخولی بکات. بۆ کەس نییە سەر بکێشێتە نێو جێگەی خەوی من و ژووی خەوی من و بزانێت من چۆن و لەگەڵ کێ ئەخەوم. راستە منیش ئەڵێم ژووری نووستن و شێوازی خۆشەویستی دەربرین و بۆ کێ دەربڕینی تەواو تایبەتین. بەڵام ئەمە لەکاتێکدا کە ئێمە هەموومان لە کۆمەڵگەیەکی یەکساندا بژین و لە کۆمەڵگەدا هیچ ئاسەوارێک لە پەیوەندی و پێکهاتەی چینایەتی و رەگەزی نەمێنێت. کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان هیچ گرێدانێکی ئابووری کەسێک بە کەسێکیتر تێدا نەمێنێت. ئەم قسە کە سێکس شتێکی ئاساییە، لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری پیاوسالاری یان بە سادەلەوحیە یان فێڵبازی لیبێراڵیە. پەندێکی پێشینانی ئەمریکای لاتین هەیە کە ئەڵێن:” هەموو شت لە دونیادا بە دەوری سێکسدا ئەخولێتەوە و سێکس بەدەور هێزدا”. کەواتە هەتا ئەو رۆژەی بچوکترین ئاسەواری پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا هەبێت سێکس شتێکی پرایڤێت واتە تایبەتی نییە، بەڵکو بابەتێکە کە کە راستەخۆ پەیوەندی بە دابەشکردنی رۆڵ، کار، موچە، ماف، رێز، ئازادی، پەروەردە و دەرفەتەکانی پێشکەوتن بەشێوەیەکی نایەکسان لە نێوان رەگەزەکاندا هەیە، لە بەرژەوەندی پیاوانە هیترۆ.
بەملیۆنان ژن و ئەندامانی کوویر، هاورەگەزخوازان بە تایبەت ترانس جێندەرەکان، لەبەر نەبوونی ئابووری سەربەخۆ و هەژاری لەسەر ئەم گوی زەویە، ناچارن لە پەیوەندیەکی خۆشەویستی یان زەواجی ناتەندروستا بمێننەوە، چون تەنیا هیچ داهاتێکیان نییە وە لەو پەیوەندیانەدا سێکسیش هەیە کە زۆرترینیان دەستدرێژین. چون سێکس وەک وتمان کاتێک ئازاد و تایبەت و چێژبەخشە کە خاڵی بکرێت لەهەر شێوازە پەیوەندی و گرێدانی ئابووری. دوای ژنان دەهەم قوربانیەکانی لەشفرۆشی هاورەگەزخوازانن بە تایبەت ترانسەکان. چون ئەوانیش وەک ژنانی هیترۆ و بگرە خراپتریش لەلایەن سیستمە سەرمایەداری پیاوسالاریەوە ئەچەوسێنرێنەوە و خاوەن دەرفەت و شانسی هاوبەش بۆ کار و موچەی بەرابەر نین لەگەڵ پیاوان. وە لەم چەوساندن و نابەرابەریە ئابووریە سەرمایەداری سودی خەیاڵی ئەکات. هۆمۆسێکسوالەکان وەک ژنان و پەنابەران هێزێکی هەرزانی کارە. سەرمایەداری لەرێگەی ئایدۆلۆژیای پیاوسالاریەوە ئەم بیزنێسە بۆ خۆی گەرەنتی ئەکات.
هاورەگەزخوازان بەتایبەت ترانسەکان، بەهۆی سەرکوت و جیاکاری رەگەزی، شانسی پەروەردەیەکی باشیان نییە. زوو واز لە خوێندن ئەهێنن چون لە قوتابخانەکانا توشی هەڕەشە و گاڵتە پێکردن و مۆبینگ ئەبنەوە. لە بەر ئەم هۆکارە زۆربەی هۆمۆسێکسوالەکان و ترانسەکان خاوەن شەهادە نین و کەمترین شانسیان لە بازارەکانی کاردا هەیە و کەمترین شانسیان بۆ سەربەخۆیی ئابووی هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، بە زۆر پەنا ئەبەن بۆ ئەو برانشانەی کار کە بەشی ژنانە ناسراون و موچەیەکی یەکجار کەم و سەعات کارێکی زۆریان هەیە، وەک بەشی پاک و خاوێن کردنەوە. بەشەکانی تەندروستی وەک پەرەستار، لە خێوەتگەی بەساڵاچوان، حەزانە و دایەنگەکان و گاسترۆنۆمی و زۆرترینیان بە هەژاری ئەژین.
بۆیە ئەمە تەنیا خەونی پەمەییە کە ئێمە پێمان وابێت لە سیستەمی سەرمایەداری کە تەواو هیترۆپیاوسالارە، بەدیهاتنی ئازادی و یەکسانی بۆ مافەکانی ئێڵ جی بی تی ئیمکانی هەیە. مرۆڤەکانی ئەندامی ئێڵ جی بی تی هیچ چارێکیان نییە بێجگە لەوەی کە ببنە هاوپەیمانی خەبات بۆ شۆڕش بۆ رزگاری رەگەزی و چینایەتی، لەگەڵ ژنان و چینی کرێکار و زەحمەتکێش.
هەڵبەت سیستمی سەرمایەداری تەواوی هەوڵی خۆی ئەدات بۆ ئەوەی ئێڵ جی بی تی نەبێتە بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی ڕادیکاڵ، خواستەکانی ئەوان تەنیا لە هەندێک داخوازی لیبێراڵ و دواکەوتوو لەچوارچێوەی ئەودا بهێڵێتەوە. وەک ئەو کەرنەڤاڵانەی کە ساڵانە بەڕێوەئەچن، وەک کەمپەینی زەواج بۆ هەمووان. نازانم زەواج و دروستکردنی خانەوادە چ گوڵێکی لە قژی مرۆڤایەتی داوە. خێزان دواکەوتووترین و گەندەڵترین ئۆرگانی پیاوسالاریە کە نزیکی نۆ سەد ساڵە، ناوەندی نابەرابەری رەگەزییە لە کۆمەڵگەکان. یانی ئەوان پێیان وایە کە دروستکردنی خێزان لەم سیستەمە گەندەڵەی سەرمایەداری پیاوسالاری چیان پێشکەش ئەکات.
بەداخەوە دروستکردنی خێزان و زەواجی هاورەگەزخوازان و ترانسەکان، هیچ بەرهەمێکی جوانی بۆیان نییە بێجگە لە گەڕانەوەیان بۆ ئەو رۆڵە کلاسیەکانەی کە زۆر نابەرابەر دابەش کراون. من هەم لە کوردستان و هەم لە ئەوروپا چەندین هاورێی هاورەگەزخوازم هەیە، کە پێکەوە لەگەڵ پارتنەرەکانیان ئەژین، پەیوەندیەکانیان تەواو لەسەر بنەمای پیاوسالاری بونیاد ئەنێن و خۆیان ئەخەنە قاڵبی ئەو رۆڵە پیاوسالارانەی کە ژن و پیاو لە بنەماڵە و لە نێو کۆمەڵگەدا هەیانە. لە نێو جوتە هاورەگەخوازەکاندا بە زۆری یەکیان رۆڵی ژن و یەکیان رۆڵی پیاو ئەگێڕێت لە واتای دەسەڵات و هێز.
لە هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا و لە ئەمریکاش زەواجی هاورەگەزخوازان یاساییە و ئەوان هەندێک مافی سنوورداریان هەیە بۆ نمونە هەموو ساڵێک چەندین فێستیڤاڵ و کەرنەڤاڵیان هەیە. ئەتوانن ئاشکراشی بکەن کە هاورەگەزخوازن. واتە سزای سیاسی و دەوڵەتی نادرێن لەبەر ئەوەی کە هاورەگەزخوازن. بەڵام هەموو ئەمانە ئەو توندوتیژیانەی کە رۆژانە لەسەر شەقامەکان و لە قوتابخانە و لە شوێنی کار و لە بنەماڵە و هتد… بەرامبەر هاورەگەزخوازان کەم کردۆتەوە؟ بە دڵنیایەوە نا.
خەباتی چینایەتی و رەگەزی هاوبەشی ژنان و کرێکاران و ئێڵ جی بی تی
یەکەم هەنگاوی هاوڕەگەزوازان و ترانس جێندەرەکان بۆ رزگاربوونیان لەو بندەستی و چەوسانەوە بە ڕای من، ئەوەی کە چیدی خۆیان نەشارنەوە و ژێرزەمینی ژیان نەکەن. ئەوان ئەبێت شانازی بە خۆیان بکەن و بزانن کە کەسانێک تەواو سروشتی و جوانن و ئەو کۆمەڵگەیە کە هۆمۆفۆبە ناسروشتی و نەخۆشە. ئەوان ئەبێت بە ئاشکرا خاوەن کەسایەتی و حەزەکانیان دەرکەون و شەڕ بۆ بەدیهاتنی مافەکانیان بکەن. هاوڕەگەخوازان ئەبێت خۆیان رێک بخەن. بۆ خۆیان گروپ و رێکخراو و کۆمیونیتی بزوتنەوە دروست کەن هەم بۆ پەروەردەی فکری و هەم پەروەردەی فیزیکی (وەرزشی رەزمی) بۆ پاراستنی خۆیان لە توندوتیژی جەستەیی و سێکسی. ئەوان ئەبێت بزانن کە تەنیا بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بۆ مافەکانیان ئەتوانن بگەن بە ژیانێکی شایستەی بێ ترس و خۆشاردنەوە و چەوسانەوە. هاورەگەزخوازان ئەبێت بزانن هەتا ئەو کاتەی کە یەک بەرد لە پیاوسالاری لەسەر ئەم گۆی زەویە بێت و هەتا یەک تۆزقاڵ لە کۆمەڵگەی چینایەتی (سەرمایەداری) بوونی هەبێ ئەوان ئازاد و رزگار نابن. ئەوان ئەبێت بزانن کە چارەنووسیان لەگەڵ چارەنوسی ژنان و کرێکاران و زەحمەتکێشان گرێدارە بۆیە تەنیا دۆست و هاوپەیمانیان بۆ خەبات دژی ئەو زوڵم و نابەرابەری و داپڵۆسانەی سێ کوچکەی دین نەتەوە و سەرمایە بەرامبەریان ئەیکات، ژنان و کرێکارانن. بێ بەشداربوونیان لە خەباتی رزگاری رەگەزی و چینایەتی، ئەوان هیچ شانسێکیان بۆ بە دیهێنانی ژیانێکی شایستە و ئازاد وەک مرۆڤ نییە.