میرزا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی نووسینی: جەمال نوری
میرزا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی
نووسینی: جەمال نوری
دەکرێت مرۆڤ لەدەرەوەی نیشتمان بژی، بەڵام هەرگیز ناکرێت نیشتمان لەناو مرۆڤ دەربکرێت.
” ئێریش کێستنەر.”
مرۆڤ چەندێک ئەزموونی دنیا بکات و بەوپەڕی کراوەییەوە بچێتە نێو جیهانەوە، هێشتا ناتوانێت دەستبەرداری ئەو ئەندێشەیە بێت کە بێپچڕان لەناو ڕۆحیدا دەبزوێت، ئەندێشەی گەڕانەوە بۆ دەستپێکی دەرچوونی ئەو بۆ ناو جیهان، یان دروستتر بڵێم ئەوەی ئەو لەکوێوە هاتە دنیاوە و چۆن بتوانێت بۆی بگەڕێتەوە.
میرزا لەم دەقە نوێیەدا ڕاشکاوانە پەنجەی خستۆتە سەر ئەم مەسەلە بونیەویە و بەزمانی شیعر موخاتەبەی ڕۆحی خۆی پێ دەکات، حەکییم میرزا وەک هەموو شاعیرانی تر، لەم دەقەدا ئۆقرەی لەبەربڕاوە بۆ نیشتمان و شارەکەی، دەیەوێ بەر لەمەرگ بیبینێتەوە. ئەم حاڵەتە سایکۆلۆجیەی شاعیر، لەژیانی غوربەت و تاراوگە بڕسکی لێبڕیوە و ئولفەت بە بۆنی دایکیەوە دەکات، دەیەوێ جارێکی تر بانگی بکات دەمەو بەیانیان و هەڵیبسێنێ لەخەو، بۆنانی بەیانی، شاعیر گەرچی لە وڵاتێکی
ئەنسکەندەفیا ی لێوان لێو لە یاسا مرۆییەکان و دەستەبەرکراوی مافە مەدەنیەکاندا دەژی، بەڵام هەمیشە بیرو ئەندێشەی لای سلێمانی و سەرپۆشەکەی دایکێتی، وەک چۆن شێرکۆ بێکەسی شاعیر لەگۆڕستانی چراکاندا هەرشتێک دەبینێ لە مارکێت و مۆڵەکانی ستوکهۆلمدا چەند جوانبێ کاتێک دەست دەداتە سەرپوشێکی ئاوریشمی، بەڵام شێرکۆ لێی دەبێتەوە بەسەرپۆشە کۆنەکەی ئەوسای دایکی، یان جوانترین کڵاو دەیەوێ بکڕێت کاتێک لێی وردەبێتەوە دەبێتەوە بە سدارەکەی ئەوسای باوکی، میرزای شاعیریش بەهەمان شێوە چێژێک کە بیەوێ لێی وەربگرێ تەنها و تەنها پیاسەیەکی ئێوارانی شاری سلێمانی و کوڵانە کۆنەکانی حاجی حان و بۆنکردنی تێر تێری بیرەوەریەکانی لەگەڵ ئازیزانی و بەتایبەت دایکی ئێنرجی پێدەبەخشێتەوە.، واتە، مرۆڤ لەهەر شوێنێک هاتە دنیاوە لەدواجاردا هەربۆ ئەو جێگایە دەیەوێ بگەڕێتەوە.
ئۆدیسە دوای ئەو گەشتە وێڵئاراییەی بە دەریادا بۆ دەرەوەی گریک کردی دواتر هەر دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی دەستپێک، بۆ ماڵەوە. پلاتۆن لەدەرەوەی ئەسیناوە لەسەردەمی شەڕ و قاتوقڕيیدا گەڕایەوە بۆ ئەسینا و ئەکادیمیاکەی دامەزراند، کە ئەو ئەکادیمیایە لەوکاتەوە بووەتە دەستپێکی لەدایکبوونی هەموو ئەکادیمیاکانی جیهان.
مەولانای نەقشبەندی دوای ئەو گەشتە ڕۆحی و عیرفانییەی بەرەو خۆرهەڵات کردی دواجار بە مەشقێکی ڕۆحانی نویوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە بۆ نیشتیمان، ئەگەرچی ماڵەوە هێندە خراپەیان لەگەڵدا کرد کە ناچاربوو ئەمجارەیان خۆنەویستانە لێیهەڵبێت. نالیش چەندیک دوورتر دەکەوتەوە لە نیشیمان پتر پرسیاری ئەوەی لە سالم دەکرد، ئاخۆ کەی بێت بگەڕێتەوە. پیرەمێرد دوای خۆپێگەیاندنی ئەکادیمیاییانەی خۆی لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە شار و ڕوناکی و فەرهەنگی بۆ دەهێنێتەوە. ئەم گەڕانەوەیە بۆچی؟ زۆر بەسادەیی دەکرێت بڵێین مرۆڤ ناتوانێت دەستبەرداری ئەو شوێنە بێت کە یادەوەرییەکانی ڕابوردووی تیایە. شوێنک کە من دەناسێت و منیش ئەو دەناسم، خەڵکەکانی دەناسم و ئەوانیش من دەناسن. کۆڵانەکانی، شەقامەکانی خوێندنگاکانی و فەرمانگەکانی و چایخانەکانی و کتێبخانەکانی و باخچەکانی و بازاڕەکانی، بریتین لەو شوێنانەی بوونەتە پارچەی نەمری ناو دەروونی مرۆڤ. ڕەنگە مرۆڤ لەبەر گوشاری سیاسی و ئابووری ناچار بێت نیشتیمان بەجیبهێڵێت، بەڵام ناتوانێت خەون بەگەڕانەوەیەوە نەبینێت. ڕەنگە مرۆڤ لە قێزهاتنەوەی لە کولتوری کۆمەڵگاکەی نیشتیمان بەجێ بهێڵێت، بەڵام گەر قێزی لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکانیش بێتەوە ناتوانێت قێزی لە خاک و باخەکان و سروشت و ئاسمانی نیشتیمان بێتەوە. لەبەرئەوەی نیشتیمان بریتییە لەو ئەلبومەی کە هەموو وێنەکانمانی تێدا دەپارێزرێ ئەم وێنانە کەرەسەیەکی ڕۆحین بۆ بەستنەوەی بە سلێمانیەوە بۆیە لە هەموو تەماشاکردنێکی ئەو ئەلبومە ئێمە جۆرێک لەگەڕانەوە بۆ کاتێکی بەسەرچوو ناکەین، چونکە ئەو ڕۆژگارە هیچ شوێنەوارێک و هیچ ئاماژەیەکی نەماوە، بەڵکو پتر گەڕانەوە بۆ شوێنەکە دەکەین.
بێهۆنییە، شاعیر دەخوازێ بەر لەمەرگ سلێمانی ببینێتەوە، شاعیر وەک ئاوارەیەک بەردەوام ئەو ئەلبومەی بەهەموو وێنەکانیەوە لە خەیاڵداندایە و هەموو گەڕانەوەیەکی بۆ نیشتیمان تەماشاکردنەوەیەکی قووڵی نۆستالجیانەی ئەلبوومەکەیە. لێرەدا نیشتمان ڕێک و ڕەوان بریتییە لە (شوێن ) نەک لە (کات)، بریتییە لە دەستپێکەکان، نەک لە نەریت و فەرهەنگەکان، بریتییە لە زادگە نەک لەسەرکێشییەکان. مرۆڤ لەدەرەوەی نیشتمان پتر بە نەریت و فەرهەنگەکانی جیهان ئاشنا دەبێت وەک لەماڵەوە، میرزا زۆر بەڕاستگۆیانە ئەم دەقەی نوسیوەو تیایدا بەو پەڕی ڕاشکاویەوە دەیەوێ ئێواران شنەبای نەسیمی سلێمانی لەگەڵ سەرپۆشەکەی دایکیدا فێنکی بکاتەوەو سەرخەوی شیعرێکی نوێ بنوسێ.. ژیان لەتاراوگە زۆرشتی پێ بەخشی، بەڵام غوربەت ڕۆحی لێستاند، دەیەوێ هەناسەکانی لەسلێمانی کۆبکاتەوە و خەونە ڕەنگاڵیەکانی بەئاسمانی دنیای ئەدەبی بابانەوە ببینێ…
وەسێتی من
………
ژیان لێرە هەرهیچ نییە
بەتاڵ بەتاڵە لەجوانی
سەد خۆزگە پێش لەمردنم
ئەچومەوە سلێمانی
لەحەوشەكەی
ماڵی دایكم
لەدارو بەردم ئەڕوانی
گوێم شلدەكرد
بۆهەناسەی دایكم و
بانگی بەیانی
…………..
میرزا
١٦/٨/٢٠٢٠
ئێستا