هێرشی ئیسلامیەکان و گروپی دواکەوتوو، بۆ سەر ئازادیی تاک مەحکومە! نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

0

هێرشی ئیسلامیەکان و گروپی دواکەوتوو، بۆ سەر ئازادیی تاک مەحکومە!

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە شەقامی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی دوو لاوی بەهرەمەند لە هەڵوێستێکی تابۆشکێنانەو جوان بە شانۆی سەما و بە بەهرەی خۆیان “نا” یان وت بە هەموو کەلتور و داب و نەریتێکی دواکەوتو کە لەلایەن سیستمە یەک لەدوای یەکەکانەوە بەسەر خەڵکدا سەپاوەو بەردەوام بەرهەم دەهێنرێ. ڕوداوێک کە کاردانەوەی بلۆکی دواکەوتوویی و ئایین و چەقبەستوویی لێ کەوتووە. هەرێمی کورستان لە سایە سەری دوو حیزبی عەشیرەیی و ناسیونال دینی ساڵەهایە بە پلانەوە هەوڵی بەرهەمهێنانی خورافە و ئایینی تێدا کراوە. ناسیۆنالیزم و ئایین بەتایبەت ئایینی ئیسلام هەردەم تەواوکەری یەکدی بوون و هەوڵی چەوساندنەوەی مرۆڤەکان و داڕمانی کۆمەلگە دەدەن. ساڵەهایە پارەی خەڵک سەرفی پەروەردەی بیر و هزری خورافە و دروستکردنی مزگەوتە یەک لە دوای یەکەکان دەکرێ، لەحاڵێکدا بە دەیان مناڵی ژێر تەمەن و ژنی بێ سەرپەرشت لەسەر شەقامەکانی ئەو وڵاتە بەسەر دەبەن و هیچ خانە و لانەیەکیان نییە، رۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی بیناکردنی مزگەوتەکان زۆرتر دەبێ. لەحاڵیک کە زۆربەی خەڵک لەبەر بێ موچەیی و بێ دەرامەتی دەنالێنن و چەند مانگ جارێک موچە وەردەگرن، مەلا مفتەخۆرەکانی ئەو وڵاتە بەتایبەت ئەوانەی لەلایەن دەسەلاتەوە ئەرکدارکراون مێشکی خەڵکی ئەو وڵاتە بە تایبەتی نەوەی نوێی بشۆنەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخیان باشتر دەبێ و باشترین ژیان دەکەن و هەموو تێچووی ژیانیان بەلاشە. ڕۆژ بە رۆژ ڕێژەی خەڵکی دواکەوتوو و ئەوانەی مێشکیان لە بیر و هزری خۆرافە ئاخێنراوە دەچیتە سەرێ. ئەوەی جێگای داخە و زۆر مەترسیدارە لەناو ئەو ڕێژەیەدا بەشێکی زۆری لاوان و مناڵان و نەوەی نوێی ئەو ولاتەن کە ئەوە مەترسیەکی جیدی بۆ سەر کۆمەڵگەیە. ئەحزابی گەندەڵی کوردستان بۆئەوەی مێشکی خەڵک بەلارێدا بەرن و پرسی سەرەکی کە مەودای چینایەتی و ماف و ئازادی مرۆڤە بشارنەوە پەرە بە دواکەوتوویی و چەقبەستوویی و بەرهەمهێنانی بیری خورافە دەدەن، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ئامرازەکانی راگەیاندنی ئەو وڵاتەیان خستۆتە گەڕ، پرسێک کە بۆ هەمووان رون وئاشکرایە. خەڵکی ئەو وڵاتە بەدەست هەژاری لە ڕادەبەدەر دەنالێنن و هیچ ئەمنیەتێکی گیانی وماڵیان نییە، بەڵام بە ملیۆن دۆلار سەرفی راگەیاندنە حیزبیەکان دەکرێ بۆ ئەوەی شەڕی دەسەڵاتی پێ بکەن و بیرۆکەی ئایینی بەتایبەت ئایینی قیزەونی ئیسلامی پێ بڵاوکەنەوە و بەرهەمبهێنن. ڕاگەیاندنێکی چەواشە و تەژی لە درۆ و هەڵفریودانی خەڵک کە بۆتە هۆکاری پشێوی و دووبەرەکی و توندوتیژی ناو کۆمەڵگە و شیرازەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستانی شێواندووە. لە دوای روداوی سەمای جوانی دوو لاوی بەهرەمەند لە شەقامی سەهۆلەکەی سلێمانی بە پلانی مەلا مێشک بۆگەنەکانی هەرێم و کەسانی ئایینی و دواکەتوو ئەوانەی دژی جوانی و شادی وئازادی خەڵک و لایەنگری کوشتن وبڕین و توندتیژین و مێشکی داعشیان هەیە هاتنە سەر شەقامەکان و رێک لەو شوێنەی ئەو دوو گەنجە سەمایان کرد نوێژی دواکەوتووییان خوێند، هەڵوێستێکی نامرۆڤانە کە دژ بە ئازادی تاک بوو و ئاستی پیشێلکاری ماف و ئازادیی مرۆڤەکانی لەو وڵاتە نیشان دا. هەڵوێستێک کە ئەگەر بە وردی ڕۆ بچینە ناخیەوە بۆمان دەردەکەوێ چۆن لە سایەی سەری ئەحزابی نالایەق و گەندەڵ شیرازەی کۆمەڵگە شێواوە و چۆن ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو داڕمان چووە. لەبەرامبەر هەلوێستی نامرۆڤانە و دواکەوتووانەی مەلایانی ئایینی و خەڵکی دواکەوتوو کە خۆیان قوربانی ئەو سیستمەن، بەرەی ئازادیخواز و لایەنگری ئاشتی و جوانی ئەوانەی کێشەی سەرەکی کە بوونی سیستمی نالایەق و نەبوونی پەروەردەی تەندروستە دەبینن و هەستی پێ دەکەن، پشتگیری خۆیان لەو دوو گەنجەو هونەرە جوانەکەیان بە تایبەتیی ئازادیی تاکەکەسی و تەندروستی کۆمەڵگە دەربڕێ و نایان وت بە دواکەوتوویی و چەواشە و خورافە. خەڵکی وشیاری و ئازادیخوازی هەرێمی کوردستان پێویستە لە بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایەی ئیسلام و ئایین بوەستنەوە و نەهێڵن ئەمرازەکانی دەسەڵات ژیان و ئازادیان بەرەو داڕمان ببات ونەوەی نوێی بە بیر و هزری دواکەتوو پەروەردە بن.

مەلاکان و گروپی دواکەوتوی کۆمەڵگە، کە دەسەڵات لەپشتیانە، شەپۆلێک لە کوشتنی ژنان و خۆکوژی ژنان، مویەکی جەستەیانی نەبزواند و دەنگیان لێوە نەهات. لەبەرامبەر بە هێرشی ئەردۆغاندا بۆسەر کوردستان، نقەیان لیوە نایەت. لەبەرامبەر بێ موچەیی و لێبرینی موچەدا، هەستیان لەجوڵە کەوتووە. لەبەرامبەر بەو هەموو دزی تاڵانییە ئاشکرایەی دەسەڵاتدا میشکیان مەیووە. کەچی لە بەرامبەر بە نمایشێکی هونەریدا، گڕیان گرت و غەزەبی ئیسلامیان وەکو بارانی ناوەخت رژاندە سەر کۆمەڵگە… هەر ئەم گروپە لە پۆخڵەواتی کۆمەڵگە، بەرگری لە گەورە بە بچوک، لە فرە ژنی، لە سوکایەتی لیدان لە ژنان، لە زەواجی مناڵانی نۆ ساڵ، دەکەن… بەڵام بەرگەی هیچ دیاردە و سیمایەکی جوانی کۆمەڵگە ناگرن و دەیانەوێ لەو رێگایەوە بەر بە گەشەو پیشرەوی و کرانەوەی کۆمەڵگە بگرن… دیارە لەو مەئموریەتەیاندا، شکستخواردوون و ئەم هەراو هۆریایەشیان ئاکامی شکست و پاشەکشەیانە و کاردانەوەیەکی پوچە لەبەرامبەر رەوتی روو لەپێشی کۆمەڵگە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.