کوردستان کۆمەڵگەیەکی مەدەنییە نووسینی: مستەفا باهیر

0

کوردستان کۆمەڵگەیەکی مەدەنییە

نووسینی: مستەفا باهیر

لەم ڕۆژانەدا لە شەقامی سالم کە ناسراوە بە سەهۆڵەکە لەشاری سلیمانی کوڕو کچێکی گەنج سەمایەکی زۆر جوانیان نمایشکرد، کە بووە جێگای پێشوازی ئەو کۆمەڵە گەنجەی لەوێ بوون.  دوای تەوابوونیان بە چەپڵەیەکی قایم دەستخۆشیان لێکرا کە پێم وایە بەشێک لەوانەی کە چەپڵەیان بۆ لیدان ئەو ڕۆژە بە ڕۆژو بوون و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئەو نمایشە نەبوو. بەڵام لە ڕۆژی دواییدا کۆمەڵێک لە داعشی نوستوی شاری سلیمانی پەتی تەحەمولیان پچڕاو هێرشیانکردوە سەر خاوەنی ئەو قاوەخانەی کە سەماکەی لەبەردەمدا نمایشکرابوو هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکرد. ناچار خاوەنی قاوەخانەکە نەیتوانی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر شوێنی کارەکەی بکاتەوە. کۆمەڵێکی تر لە داعشەکان هەمان ڕۆژ نوێژی تەراویحیان بردە سەر ئەوشەقامەو ڕێگاوبانیان لە خەڵکی گرت. یەک دوو پارێزەریش لە ڕێگای کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەریەوە بە پەلە داوایان لە پارێزگارو داوکاری گشتی کرد کە ئەو تاوانبارانە بگرن و سزایان بدەن، چونکە ئەوانە جەریمەیان کردوەو لە شوێنێکی گشتیدا سەمایان کردوە. دانەیەکی تریان هاتە دەنگو وتی ئێمە کوردایەتیمان بۆ ئەوە نەکردوە کە حیز پەروەردە بکەین. بەکورتیەکەی حزبە ئیسلامیەکان ئەندامە گوێ لەمستەکانی خۆیان ڕاسپارد بەهەر شێوەیەک بۆیان دەکردێت  بەرامبەر بەو سەمایە کاردانەوەیان هەبێت.

ئەم حزبە ئیسلامیەکانە زۆر دەمێکە بە کۆمەکی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی وەک سعودیەو ئیمارات کە چەندەها ساڵە بە هەزاران ملیۆن دۆلاریان خستوتە خزمەتیان تا بتوانن بەهۆی هەژاری خەڵکەوە دەورو نەخشێکیان هەبیت بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو کۆنەپەرستی، بۆیە لەکاتێکدا کە دەبینن  خەڵکی بە گەرموگوڕیەوە پێشوازیان لە دوو گەنجە کرد، و شادیان نواند لەکاتی سەماکەدا، ئەمان بەتەواوی نیگەران بوون کاردانەوەی ناڕەوایان ئەنجام دا تا کار گەشت بەوەی ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبێکیان بە وشەی ناشیرین و قێزەون کەوتە قسەکردن و جنێودان.

ئەم پێشکەوتنەی خەڵکی کوردستان بەتەنها حزبە ئیسلامیەکانی کوردستانی نیگەران نەکردوە، بەڵکو دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەشی نیگەران کردوە. ئەوەتا نوێنەری دەوڵەتێکی کۆنەپەرستی وەک ئیسلامی ئیران ئاغای ئایەتوڵا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئیران  لەکاتێکدا کە سەردانی عێراق دەکات لەگەڵ نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان هوشیار زێباری کۆدەبێتەوە پێی دەڵێت،” نابێت ڕێگا بدرێت کولتورو شێوازی ژیانی ڕۆژئاوای زاڵبێت بەسەر خەڵکی کوردستاندا”. واتە بە تەواوەتی نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن کە خەڵکی کوردستان دورکەتوەتەوە لەو کولتورە کۆنەپەرستیەی کە ١٤٠٠ ساڵە  ئیسلام بە زۆر سەپاندویاندا بەسەریاندا. زۆر نیگەرانن بەوەی خەڵکی کوردستان ڕویان کردوەتە کەلتورێکی ڕۆژئاوایی.

دەبێت حزبە ئیسلامیەکان و هەموو دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بەتایبەتی جمهوری کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران ئەوە باش بزانن هەموو ئەو نمایشانەی کە حزبە ئیسلامیەکان لە شاری سلیمانی و هەولێر کردیان هیچ لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە کە کوردستان کۆمەڵگەیەکی مەدەنییە و زۆر دوورە لەوەی ئیسلامی سیاسی بتوانێت ببێتە خاوەن دەسەڵات تیایدا. خەڵکی ناڕازی کوردستان بە کردەوە سەلماندیان چۆن دژی پارتی و یەکێتی وەستانەوە، بەهەمان شێوە دژی ئەحزابی ئیسلامیش وەستانەوە و بارەگای ئەوانیش وەک بارەگای حزبەکانی دەسەڵات سوتێنران. بەگشتی لە کوردستان و لە ناوچەکە ڕۆژی ئیسلامی سیاسی بەرەو ئاوابوون دەڕوات، بەڵام پێویستی بەهێزی یەکگرتوی ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکانە تا پاڵێکی پێوەنێن و  فڕێی بدەنە زبڵدانی مێژووەوە.

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.