جەنگی فاشیزمی ئیسلامی سیاسی لە دژی ئازادی و ئینسانیەت لە کوردستان نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

جەنگی فاشیزمی ئیسلامی سیاسی

لە دژی ئازادی و ئینسانیەت لە کوردستان

نووسینی: ئیبراهیم حسێن

ئیسلامی سیاسی لە کوردستان، دانسی دوو گەنجی لە شاری سلێمانی گۆڕی بە بەهانەیەک بۆ ئەوەی لەدژی شادی و خۆشی و مەدەنیەت و لەدژی ئینسانیەت، جەنگێکی قێزەون ڕابگەیەنێ.

هەمان ئەو ئیسلامە سیاسیەی کە شۆڕشی ئێرانی سەرکوت کرد و بەدبەختیەکی ئیسلامی بە خوێن وکوشتار وئیعدام داسەپاند، هەمان ئەو ئیسلامە سیاسیەی کە هەر ڕۆژ لەسەراسەری ڕۆژهەڵاتدا، دەکوژێ و سەردەبڕێ و ئیعدام دەکا و بۆمب دادەنێتەوە و دەتەقێنێتەوە و هەڕەشە لە مەدەنیەت و ئینسانیەت دەکا، هەمان ئەو ئیسلامە سیاسیەی کە سوریا وموسڵ و عێراقی گۆڕیوە بە وێرانە و هەزاران ژن و کچی کرد بە کەنیزە و دەستدرێژی کردە سەر حورمەت و شەرافەتیان و لەبازاڕەکاندا وەک کۆیلە کڕین و فرۆشتنی پێوەکردن و شار و ناوچەیەکی بە مۆزەخانەو و شوێنەوارییەوە تاڵان و وێران کرد، ئێستا لە شەقامی شارەکانی کوردستان، لە جێگەیەک کە تەنیا چەند دە کیلۆمەترێک لە شوێنی ئەو بەربەریەتە دوورە، سەری بەرزکردۆتەوە و لەژێر باڵ و عەبای ناسیوناڵیزمی پوچی کوردایەتی و تەنانەت بە ڕێگە خۆشکەری میدیایی و لەپیلانێکی قێزەونی دوسەرەی سیاسیدا، بەربۆتە سەرشەقامەکان و دانس و مۆسیقا و شادی و گۆرانی، وەک تاوان ڕادەگەیەنێ. لەژێر باڵ و عەبای دەسەڵاتی پوچی کوردایەتیدا،  جەسارەتی بە خۆیداوە کە مەدەنییەت و ئینسانیەتی کۆمەڵگەی کوردستان و هەر دەرکەوتنێک و جیلوەیەکی مرۆڤانە، بانگی ڕووبەڕوونەوە بکات.

تەنانەت ئەگەر ئەم شاڵاوەی ئۆباشی چەقۆکێش و ئینسانکوژی ئیسلامی ڕوویەکی تری پیلانێکی هاوبەشی ئەو دوو هێزه کۆنەپەرستە بۆرژواییەی ئیسلامی سیاسی و کوردایەتی نەبێ، ئەوە باڵەخانەی کوردایەتی لەوە وێرانترو لە کۆنەپەرستی و دژایەتیەکەی بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی لەوە خاوەن بەرژەوەندیترە کە چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکرێ بە فاشیزمی ئیسلامی سیاسی بڵێ لە پشتی چاوت برۆیە.

هەچۆنێک بێ دەستوری جوڵانەوەی ئیسلامی بۆ ژیان ڕوونە و وەک لەبەرنامە و کارنامەیاندا هاتوە و ئەگەر چینی کرێکار ومرۆڤایەتی ڕێگا بدا جۆری کۆمەڵگەی دڵخۆازی ئیسلامی سیاسی سەر بگرێ، ئەوا؛

-ژیانی ئازاد و ئازاد ژیان تاوانە

-دانس ومۆسیقا و گورانی تاوانە

-جل پۆشینێکی دروست و ئازاد تاوانە

-شیعر و خەلاقیەت وداهێنانی هونەری ئینسانی پێشڕەو تاوانە

-ڕەخنەو بیری ئازاد و ئازادئەندێشی تاوانە

-ناڕەزایەتی و داواکردنی ژیانێکی ئازاد تاوانە

-عەشق و عەلاقەی مرۆڤ بۆ یەکتر تاوانە

ئێوە دەتوانن ئەولیستە زۆر لەوە درێژتر بکەنەوە تائاستی تایبەتیتیرین شتی مرۆڤ و ئەگەر لیستی تاوانەکان لە لایەک بنوسین و لە پاڵیدا لیستی سزاکان بنوسین کە ئۆباشی فاشسیتی ئیسلامی لە سبەینێی دامەزراندنی کۆمەڵگەی جۆری ئیسلامیاندا جێبەجێی دەکەن، دەتوانن بیهننەبەرچاوی خۆتان کەچی ڕوودەدا و بەچ جۆرە چارەنوسێک مەحکوم کراون. ئەوکاتە و لەوەها دەسەڵاتێکدا لەسەر هەر کوچە وکۆڵانێکدا، گەلەی ئیسلامیەکان دەبینن کە لاوان شەللاق کاری دەکەن لەسەر ئەوەی جۆرێک جلی لەبەرکردوە، جۆرێک قژی داهێناوە وجۆرێک پێکەنیوە کە گومانی لای ئەو گەلەیە دروستکردوە کە لەفەرمانەکانی ئادابی شەرعی دەسەڵاتی ئیسلامی لایداوە. دادگا ئیسلامیەکان دەبینین کە دەست و پێ و سەری خەڵک دەبڕن. دیمەنی بەدارەوەکردن و ئیعدام کردن و سەنگەسارکردنی ئەو ژن و پیاوانە دەبینین کە ڕەنگە عاشقی یەکتر بووبن. جەنازەی ئەو کەسانە دەبینین کە ڕەنگە قسەیەکیان کردبێ و ڕەخنەیەکیان لەبیروباوەڕ و دەسەڵاتی ئەو فاشیزمە ئیسلامیە بەدەمدا هاتبێ و گۆرانی وشیعرێکیان وتبێ ونوسیبێ و دانسێکیان کردبێ.

بە کورتی لیستی دەستدرێژی و سزاکانیان، بەئەندازەی لیستی ئەو شتانەیە کە بەتاوانیان ناساندوە.

ئێمە دەبێ لەزمانی خۆیانەوە و بە پێی بەرنامه ڕاگەیەنراویان و بە پێی کارنامەی هەموو ئیسلامی سیاسی باوەڕ بکەین کە ئەمە نوسخەی ئەوانە بۆ ژیان و بۆ دەسەڵات وجۆری کۆمەڵگەیەک کە خەونی پێوە دەبینن. ئێستا ئەگەر وایە دەبێ بپرسین ئایا چینی کرێکار و ئینسانیەت، ئایا ژنان و لاوانی کوردستان و هەر مرۆڤێک کە شەرافەتێکی ئینسانی شک دەبا فرسەت بە ئاینندەیەکی لەو جۆرە دەدەن؟ فرسەت بەوە دەدا کە کۆنەپەرستییەکی لەوشێوەیە، فاشیزمێکی لەوجۆرە ژیان و چارەنوسیان دیاری بکات و ئازادی و ئینسانیەتیان سەرکزو داماو بکات یاخود لە پاڵ ئێمە، لە پاڵ چەپ و کومۆنیزم و ئینسانیەت، بە هەموو ئەو شەرافەت و ئینسانیەتەی کە لە وجودیان دایە، بۆ بێدەنگکردن و کردنەوە کونی ئەم فاشیزمەی ئیسلامی سیاسی، نەک هەر لەسلێمانی و هەولێر بەڵکو لەتاران و تەواوی ناوچەکە ڕادەوەستن.

٢٥.٤.٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.