لە بەرزڕاگرتنی شاپور عبدلقادردا بژی کۆمۆنیزم و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی! نووسینی: ئیبراهیم حسین

0

لە بەرزڕاگرتنی شاپور عبدلقادردا

بژی کۆمۆنیزم و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی!

نووسینی: ئیبراهیم حسین

ساڵانی شەڕی یەکێتی و پارتی بوو. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و ڕادیۆی حیزب و کۆمۆنیزم، تەنیا دەنگێک بوو کە لەو تاریکستانەی جەنگ و خوێن و ویرانی و بێئومێدیەی کە دوو هێزی سەوز و زەردی بورژوازی کوردایەتی بەرپایان کردبوو، بێتە گوێ. تەنیا هێز و نەفەسێک بوو که لە دژی ئەم جەنگ ودەعوایەی سەوز و زەردەی بورژوازی، بەهەرچی لە تونای دابوو دەکۆشا چینی کرێکار و ئۆردوی بێبەشان بکێشێتە مەیدان، دەکۆشا بۆئەوەی هۆکار وڕاستیەکانی جەنگ و دەعووای ئەم کەمایەتیە و باڵەکانی ئەم کۆنەپەرستیەی کوردایەتی دەربخاو ڕێگە لەوە بگرێ کە چینی کرێکار وجەماوەری بێبەش ببن بە ڕەشەلەشکری ئەم کۆنەپەرستیە و دەیگوت؛ ئەم دوو باڵەی کوردایەتی، بەرژەوەندیان، دەسەڵاتیان، سیاسەت و بیروباوەڕیان، شێوە و نوسخەیەک کە بۆ چارەنووسی کۆمەڵگە لەبەردەستیانە، لەڕیشە چینایەتیەکەی خۆیدا دژی خۆشبەختی و پێشکەوتن وئازادییە. کرێکاران و بێبەشانی بانگ دەکرد کە چەکی ئەو کەمایەتیەبۆرژوازیەی کوردایەتی هەڵنەگرن، دەستیان نەچێتە خوێنی یەکتر، یەکتر لە پێناوسەرگرتن و سەرپێکەوتنی دەسەڵاتی ئەم کۆنەپەرستیەی کوردایەتی داغدار نەکەن و ڕۆڵەکانیان نەسپێرنە مەرگێک کە ئەم بەرە سەوز و زەردەی بۆرژوازی ڕێکیانخستوە.

هەربۆیە تاوناتاوێ وبەردەوام، سەرباری ئەو کورەی جەنگەی لەسەر کۆنتڕۆڵی سەروەت و دەسەڵات بەڕێیانحستبوو، کەش وهەوای شەڕفرۆشیان بە کۆمۆنیزم وحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەهێنایە پێشەوە و تفەنگچی و چەکدارەکانیان کۆدەکردەوە و دەکەوتنە هەڕەشەکردن لەکۆمۆنیزم و چەندین جار تا ئاستی ڕاگەیاندنی جەنگ و کوشتار لە دژی کۆمۆنیزم و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، چوونە پێشەوە. چونکە دەیانەویست کۆمۆنیزم بێدەنگ بکەن، ئینسانیەت و چینی کرێکار تەسلیم بکەن و بە سپی لەسەر ڕەش دەیانوت کە ئێوە لێناگەڕێن شەڕەکەمان بە ئیسراحەت تەواو بکەین، ئێوە قسەتان توندە و مڕاعاتی ئێمە ناکەن و معنویاتی هێزی ئێمە لاواز دەکەن، ڕادیۆکەتان وا دەڵێ و وا قسەدەکا.

یەکێک لەو بڕگانە ئەوەبوو کە بۆ چەندین ڕۆژ و لەپریۆدێکی هەفتەییدا، بەڕادیۆوە گرتیان و ویستیان دایبخەن و سەرەنجام گردی زەرگەتە و ئەو ناوەیان تەوق دا و وەزعەکەیان تا ئاستی ڕاگەیاندنی شەڕ، بردە پێشەوە.

ئەوکاتە شاپور بەرپرسیارێتی ئەوکارەی پێ سپێردرا بوو. ئێوارەکەی لە عەسرەوە ئیتر نیشانەکان و ئەگەرەکانی شەڕ بەرەو توند بوونەوە دەچوون کە بەهۆیەوە حیزب و هەموو هێزی ڕادیۆ، لە حاڵەتی ئینزار دا بوون.

شاپور له کۆبوونەوەیەکی هێزی پاراستنی ڕادیۆ و ستافی ڕادیۆ  ئەوەندەی بیرم مابێ بەم جۆرە، قسەی کرد؛ هاوڕێیان ئێستا هەلومەرجێکی حساسە بۆ حیزب وکۆمۆنیزم، چونکە  بۆرژوازی بەهانەکانی بۆ پەلاماردانی ئێمە پێشتر جیاواز بوو، بەهانەی بە هەندێک لایەنی کار و هەڵسوڕانی ئێمە دەگرت، بەڵا  ئێستا بابەتی ڕووبەڕوونەوەکە خودی موجودییەتی حیزبە. بۆیە ڕاستی و دروستی و حەقانیەتی ئێمە لە محەکدایە، ڕاستی و دروستی هەرچی کردومانە و وتومانە، بەوە دیاری دەکرێ کە ئەمڕۆ چی دەکەین و بڕیار لەسەر چی دەدەین، ئێمە کەمین بەڵام ئێمە لەسەر حەقین و دەزانین بەرگری لە چی دەکەین. وتی ڕەنگە زەرگەتە ببێ بە سیمبۆل، ببێ بەدارستانی دەستەکان، وەک کۆمۆنەی پاریس، لە بەرگری لە قەزیەیەک کە باوەڕمان پێیەتی.

کۆمەڵە کۆمۆنیستێک بەسەر گردێکەوە و بە ڕادیۆیەکەوە و بە ئیمکاناتێکی بێ ئەندازه مەحدودی جەنگی و بەرگری کردن لەخۆ، تەسلیم بە زۆری هەڕەشە نەدەبوون، تەسلیم بەوە نەبون کە قسه و سیاسەت و باوەڕی خۆیان بە حەقانیەتی مەسەلەکەی خۆیان، بپێچنەوە.

ئیتر کاتێک ئێوارە بەرەو تاریک بوون دەڕۆیشت، هێزەکەی ئاسایش و میلیشیای یەکێتی، بە تەواوی نزیک بوون و ئەگەری تێک هەڵچوون و شەڕ، گەیشتە ئاستی تێک خۆڕین ونەیەیتە پێشەوە بە دەنگی بەرز.

لەوسەروبەندە لەگەڕەکەوە کەسێک هات کە وتی من نوێنەری خێزانەکانی گەڕەکم کە زۆرتر پێدەچوو لە ئاسایشەوە هاتبێ بۆ زانینی باری ڕوحیەو معنویات و ئامادەیی ئێمە، وتی وا باشترە ئەم کارە لێرە تەواو بێت و ئێوە کەسانی گەنجن و حەیفە و ئێرە ناو گەڕەکەو و خەڵکی مەدەنی لێێیە. شاپور پێی وت، ئێمە نەچووینەتە سەر کەس، هەڕەشەمان لەکەس نەکردوە و ئاسایشی کەس ئێمە تێکمان نەداوە. ئەوە ئەوانن هاتونەتە سەر ئێمە وهێزیان هێناوە و ئارامی ئاسایشیان تێکداوە، دووەمیش ئێمە دەزانین کە بەرگری لە چی دەکەین وبۆچی لێرەین، بەڵام زۆر بە داخەوەین ئەوکەسەی ئێمە تەقەی لێ بکەین و بکوژرێ کوڕی خێزانێکی زەحمەتکێشە کە یان لە ناچاری یان نازانێ، دەبێتە قوربانی. بۆیە لە ئێستاوە بۆ ئێمە ئێرە مەنتیقەی جەنگە و بڕۆ بە و خێزانانە بڵێ کە لەو نزیکانە دەژین ئێرە چۆڵ کەن یان خۆیان بپارێزن و بەوانیش بڵێ لە ئێستا بە دواوە یەک مەتر هاتنەپێشەوە بە مانای شەڕە و تەنانەت سێبەریش بێت تەقەی لێدەکەین.

ئیتر پاش ماوەیەک لە گەڕانەوەی کابرا، ئاسایش و میلیشیای یەکێتی گەڕانەوە و تەواو بوو.

ئەم باوەڕە بەسەرکەوتنی کۆمۆنیزم، بەسەرکەوتنێکی سیاسی چەپی کۆمۆنیستی و کرێکاری کۆمەڵگە، باوەڕ بە دەوری ئیرادە و تەقەلای وشیارانە و باوەڕ بەوەی کە ئێمە لەسەر حەقین، ئازادی لەسەر حەقە و دەبێ بۆ سەرکەوتن بجەنگێ، ئەوان و شێوەکاری ئەوانی گۆڕی بە پەنجەرەیەکی ڕوون له تەقەلای چینی کرێکار و ئۆردوی بێبەشان لە پێناو ئازادی و ئاسودەیی و کوردستانێکی ئازاد و بەختەوەر.

ئەم تەقەلا و ئەم جوڵانەوەیە بەردەوامە و ئێستا، ئەو کۆمەڵگەیە و چینی کرێکار و بێبەشان بۆ سەرکەوتن لەودەعوایەدا لەهەر کات زیاتر، شێوەکار و ڕابەرایەتیەکی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵ و حیزبی کۆمۆنیتستی کرێکاری دەخوازێ و ئێستا لە هەرکات زیاتر کاتیەتی،  سۆسیالیزمی کۆمەڵگە و کرێکارانی سۆسیالیست و ڕابەرانی کرێکاری و کۆڕ و کۆمەڵەکانیان، ژنانی وەتەنگ هاتو لەدەسەڵاتی کوردایەتی و ئیسلامی ژنکوژ و ڕابەرانیان، ئەو حیزبە و ئەو کۆمۆنیزمە بە دەستەوە بگرن، کۆمیتەو ڕێکخستەکانی، لەهەر گەڕەک و کۆڵانێک دروست بکەن، بەدەرک و ڕەخنەی ئەو کۆمۆنیزمە بەم بەبەرییەتە تەیار ببن و کۆنەپەرستی بۆرژوایی، لە هەر ڕەنگ و بەرگێکیدا بێدەنگ بکەن.

بەرز وپایەدار بێت یادی شاپور وعبدالقادر و قابیل عادل!

بەقەرار بێ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی!

١٨.٤.٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.