ئەم دەسەڵاتە قابیلی حورمەت و شکۆی مرۆڤ نییە! نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

ئەم دەسەڵاتە قابیلی حورمەت و شکۆی مرۆڤ نییە!

نووسینی: ئیبراهیم حسێن

هەر دەقە و سەعاتێکی ژیانکردن لە سایەی دەسەڵاتی کەمایەتییەکی سەرمایەداری کۆنەپەرست، خەسارەت و بەفیڕۆچوونی ژیانە. بەفیڕۆچوونی ئیمکان و دەرفەتی ئازادانە ژیانە، لەدەست دەرچوونی خۆشبەختی ژیانە. دیمەنەکانی ژیانی هەر ڕۆژەی کۆمەڵگەی کوردستان لەسایەی دەسەڵاتی ئەو کەمایەتییە بۆرژواییە، گەواهی لەسەر ئەو ڕاستیە دەدەن. وەرن با کەمێک لەپای هەندێک لەو دیمەنە خەمناکانەی ژیانەوە دانیشین و سەیری بکەین بزانین مرۆڤ بە ژیانکردن لەژێر سایەی چ کۆنەپەرستییەک مەحکوم کراوە.

 بارزانی سەفەری پاریسی کرد، میدیای زۆنی زەرد قیامەتێکیان سازکرد کە چۆن سەرۆکی کورد و پارتی لە فەرەنسا پێشوازی لێکراو چۆن ئەوروپا و فەرەنسا کلیلی کێشەکانیان لە هەرێم و دەسەڵاتی ئەو هەرێمە داماوەدا دۆزیوەتەوە و ڕێگای ئاوریشمی هاتنە ناوەوەی ئەوروپا و فەرەنسا قەرارە بە هەولێر و زۆنی زەرددا تێپەڕێ. کەسێک لەو حەشاماتە بەکرێگیراوەی میدیای بۆرژوازی بەسەرخۆیدا نەهێنا کەدەسەڵات و حاکمیەتی ئەو بارزانیەی کە ئەوەندە بەسەر باڵیدا هەڵدەدەن،  کۆمەڵگەیەکی برسی کردوە، بێ ئاو و کارەبا ی کردوە، و بێبەشی کردوە لە سیستەمێکی گونجاوی بیمە تەندروستی و   کۆمەڵایەتییەکان، بێبەشی کردوە لە سەلامەتی و لە یاسای کار و لە لانیکەمەکانی ژیانێکی شایستەی مرۆڤ، مافی کار و زەحمەتێک کە چینی کرێکار و ئۆردوی مرۆڤی کارگەر دەیکێشن، نەک بۆ مانگ و دوو مانگ بەڵکو بۆ چەند ساڵ زەوت کردوە. بەسەرخۆیدا نەهێنا کە سەرۆکی ئەو دەسەڵاتە زۆنێکی دروستکردوە کە تیایدا ناڕازیان و ڕەخنەگران و هەڵسوڕاوانی سیاسی بە تاوانی ناڕازی بوون و ڕەخنەگر بوون، دەفڕێنرێن، دەخرێنە بەندەوە و فایلیان بۆ هەڵدەبەسترێ و ئیعتیرافاتی بەزۆریان لێوەردەگیردرێ و دواتر بڵاوی دەکەنەوە، زۆنێک کە مرۆڤ ناتوانێ لە کەرامەت و حورمەتی مرۆڤانەی خۆی دڵتەئمین بێت.

ئەگەر ئەو ڕووداوانە لە کۆریای باکور ڕوویاندابا ئەوا دەماری پارێزەرانی دیکتاتۆریەتەکانی ژێر باڵی دیموکراسی ڕۆژئاوا گەرم دادەهات و وەک نیشانەی بێبەها بوونی بەهای ژیان و ئازادی مرۆڤ، جاڕیان دەدا، بەڵام ئەمانە منداڵۆکەی ژێر پارێزبەندی دیموکراسی بەدبەختی بۆرژوازی ڕۆژئاوان و کار و سەرکوت و بەدبەختیەک کە ژیانی مرۆڤایەتی کرێکار و بێبەشیان پێ گیرۆدە کردوە، هیچ گەردێکی لەسەر نییە و دەشێ فەرشی سوور لەبەرپێی ئەو فەرخە دیکتاتۆرانە ڕاخەن.

بەڵام چینی کرێکار و مرۆڤایەتی بێبەش مافی خۆی لە ژیان بە شتێکی زیاتر دەزانێ لەوەی کە ئەو کەمایەتییە سەرمایەدارە سەپاندویەتی و ئێستا ئەم ڕەتکردنەوە و ئەم نەویستنە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی دەسەڵاتی ئەم کەمایەتییە بۆرژوا کۆنەپەرستە خۆی گۆڕاوە بە خەسڵەتێکی ژیان و خولیای نەوەی ئەمڕۆی چینی کرێکار و بێەش و نەوەی گەنجی کۆمەڵگەی کوردستانە.

خەڵک جارێک ئەم ڕاستڕەوییە بەدبەختی هێنەرەی بۆرژوازی کوردایەتی هەڵبژارد و بەو ڕۆژە ڕەشە و بەم بەدبەختیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و سیاسییە گەیشتن کە بە گۆشت و پێستەوە تاقیان کردەوە.

بێگومان ئەگەر چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش بیانەوێ ژیانیان، چارەنووسیان، ئازادی و خۆشبەختیان لە دەستی ئەم کۆنەپەرستیە بۆرژواییە دەربێنن، دەبێ چەپ کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی کۆمۆنیستی هەڵبژێرن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.