بەشێكی تر لەدەقی قسەی من بۆ مردویەك

0

بەشێكی تر لەدەقی قسەی من

بۆ مردویەك

 

قۆپچەی كراسەكەم بۆداناخرێت

دەستم  بەدڵمەوە  دەلەرزێت

بەم چارەكە  عومرە مەشلولەوە

چۆن ئەتوانم

دوا نیگای گەورە كچێكی هەڵەبجە

بەرمە بەر ئاوێنەو بەشانەیەكی دار

پرچە دوكەڵاویەكانی بۆشانەكەم

 

گڤەی ئەم بایە هەراسانی كردوم

من مردنم بەچاوەكانی خۆم بینی

بەگۆچانێكی خوارو خێچەوە

بێرەدا دەڕۆشت و لەدرزی دیوارەكانەوە

سەیری ماڵانی دەكرد

ئینجانەكان دەشكان

شووشەی پەنجەرەكان هاڕەیان دەكرد

 

دایكم لەبۆڵە بۆڵی من ڕادەچڵەكێت و

دەستی دەخستە سەر ناوچەوانم و

پێی ئەوتم ئەڵێی تاو هەیە ئەوندە بۆلێوت دەگەزیت

قۆپچەی كراسەكەم بۆدانەخرێت

بەچارەكێك دڵی كون كونەوە

چۆن ئەتوانم داوەتی باران بكەم و

پێی بڵێم باران خان ئەگەر كاتت هەیە

باقاوەیەك پێكەوە بخۆینەوە و

دوایش بەسەر خۆشی

پیاسەیەك بەناو ئەم گۆڕسانەدا بكەین و

سەری یەكتریش هەڵگرینەوە

 

من سەرم ێشێت

خەریكە لەكراسەكەی خۆم بێمە

دەرەوەو بەدەنگێكی تۆزاویەوە هاوار بكەم 

ئەرێ ئەم گەڕەكە بۆئەوەندە چۆڵە و شاشەی ئەم تێڤیانە بۆڕەش هەڵگەڕاون

ئەم كچانە بۆستیانەكانیان خوێنی پیادەچۆڕێتەوە

ئەم دار هەنارانە بۆوا حەپەساون

 

قۆپچەی كراسەكەم بۆداناخرێت

سەرم بۆ ناخرێتەوە شوێنی خۆی

پارچە شكاوەكانی جەستەم بۆلەیەك نادرێتەوە

ئەڵێی سەبری ئەیبوم هەیە ئەوەندە

بەرگەی تەنیایی خۆم دەگرم

من شێتم شێت تەكلیفی ماچ  لەباران دەكەم

بەئاو ئەڵێم ئەتوانیت ژمارەی تەلەفونكەی

خۆتم بۆ پۆستكەیت

من شێتم شێت ڕێگە لەباران دەگرم

لەبەرخۆمەوە قسە لەگەڵ خوادا دەكەم

مردوەكان ئەهێنمە پێكەنین

بەعومەری خاوەر ئەڵێم نەكەیت زیندوبیتەوەو بێیتە خوارەوە

 

قۆپچەی كراسەكەم بۆدانەخرێت

یەك قەسیدەی خۆمم بۆ ژیرنابێتەوە

هیچم لەگەڵ كەناریەكی ماتدا بۆ ناوترێت

كە بەلای خۆمدا دەڕۆم

خۆمم بۆ ناناسرێتەوە

لەسەر خۆشێكی بەد مەست دەچم

بیانو بەهەموو شتێك دەگرم

شەڕ لەگەڵ خوادا دەكەم

من شێتم شێت

كەدەكوژرێم زیندو دەبمەوەو

كە زیندوش دەبمەوە

دەهری دەبم

بنوسە گیانەكەم بنوسە

هەرچی دەنوسیت بنوسە

بەس مەنوسە خۆشمدەوێیت

…………..

میرزا

١٣/٣/٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.