داستانی ئەو شەڕەی هاوڕێیان سەردار مەحمود عارف  و نامیق عەزیز عەلی ” تێیدا گیانیان بەختبوو.  ٣١/٠٣/ ١٩٩١ڕۆژێکی زۆرناخۆش لە ژیانم.

0

داستانی ئەو شەڕەی هاوڕێیان سەردار مەحمود عارف  و نامیق عەزیز عەلی ” تێیدا گیانیان بەختبوو.

 ٣١/٠٣/ ١٩٩١ڕۆژێکی زۆرناخۆش لە ژیانم.

نووسینی / ئەنوەر نوری

(ئەمەی کە من دەینوسمەوە ئەوەیە کە من بە چاوی خۆم بینیومە. لەوانەیە هاوڕێکانی دیکەش ئەوەی بە چاوی خۆیان بیویانە بینوسنەوە، ڕەنگە ڕووداو و دیمەنی زۆرتریان بینی بێت).

لە یادی هاورێیانی گیانبەختکردو نامیق و سەردار و هەمووو ئەو مرۆڤانەی لەو ڕۆژەدا ژیانی خۆیا پێشکەشکرد لە پێناو ڕزگارکردنی ژیانی هەزاران لە خەڵکی کوردستان.

لە پێش ڕاپەرین ئێمە هەندێک لە هاورێ وخزموکەسی خۆمان چووبوینەوە دەرەوەی شار و لە ناوچەی قەرداغ خۆمان دەپاراست تا نەکەوینە بەر دڕندایەتی حزبی بەعس. ئەگەرچی  ئایندەمان دیار نەبوو کە چیمان بەسەر دێت، بەڵام چەکداربووین و زۆر بە باوەڕەوە خۆمان دەپاراست، و وەک هێزێک جوڵەمان دەکرد. ئەوکات هەموومان خۆمان بە چەپ و هەندێک بە کۆمۆنیست دەزانی قسەو باسی زۆر خۆشمان دەکرد. ڕێزو خۆشەویستی زۆرمان بۆ یەکتر هەبوو. ئەگەر چی خواردنمان بە پێی پێویست نەبوو، بەڵام هەر سەرحاڵ و بە ورە بووین.

لەو دەورەیەشدا لەگەڵ هاورێ نامیق و هاوڕێ سەردار پێکەوە بووین کە ڕاپەرین لە ڕانیە دەستیپێکرد ئێمە هەموومان زۆر متابەعەی وەزعی ناو شارمان دەکرد لەڕێگەی ڕادیۆوە. ڕۆژی ٠٨/٠٣/١٩٩١ گەیشتینەوە ناو شاری سلیمانی. من پاش چەند ڕۆژێک پەیوەندیم کرد بە شورای سەیوانەوە. هاورێ نامیق زۆرعەوداڵی بینینەوەی هاورێ ڕێکخراویەکەی بوو لە ڕەوتی کۆمۆنیست. زۆر کات سەردانی شورای ناوەندی جمهوری دەکرد. منیش ئەگەرچی هەڵسوڕاوی شورای سەیوان بووم کە ئەو چەند ڕۆژە لەو شورایە کاری زۆر باشمان کرد. پێشینەی سیاسی من ئەندامی ئالای شۆڕش بووم بەڵام زیاتر لە ٢ ساڵ بوو کێشەی سیاسیم هەبوو لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەدا و کەنار گیریم کردبوو.

بەهەر حاڵ ڕۆژی ٢٢ی ئازار١٩٩١ لە فولکەی خەبات  نامیق و سەردار و من یەکترمان بینی، پاش هەندێک هەواڵ وقسەو باس نامیق وتی ئاگات لێیە شەڕێکی قورس هەیە لە معسکر خالید و ناگیرێت، و بەعسیەکان مقاوەمەیەکی قورس دەکەن. وتی پێم باشە بچین بەشدار ببین بۆ ڕزگارکردنی ئەو سەربازگەیە. هەردووکمان ڕامان وابوو مانەوەی ئەو سەربازگەیە زۆر خەتەرە بۆ ئایندە.

 ئەو کات  ئێمە وەک کەسانی چەپ و کۆمۆنیست زۆر بە ئاگا نەبووین  و خاوەن تەجروبە نەبووین، بەگشتی بزوتنەوەی شورایی و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان بە تەجروبە بوون. نە حزبمان هەبوو نە ڕابەری خاوەن بە نفوز و خاوەن تەجرەبە، هەر بۆیە پەرشوبڵاو بووین. بەهەرحاڵ ئێمە بڕیارماندا لەگەڵ ئەو هێزەی یەکێتیدا بچین بۆ ئەو شەڕە. ئێمە خۆمان چەکمان هەبوو  زۆر بروامان وابوو ئەگە رحزبی بەعس نەمێنێت لانی کەم  ڕزگارمان بووە لە دەست تەواری و هاربی.

ڕۆژی ٢٦/٣ لە قوتابخانەی ناوەندی خەباتەوە بە پێشوازیەکی زۆرگەرمی خەڵکەوە بەرێکەوتین بەرەو کەرکوک، کە گەیشتینە چەمچەماڵ. لەوێ وتیان کە لێرە دەبین و لەوێ ماینەوە تا ئێوارەی ٣٠/٣

سەعات چوار و نیوی ئێوارە ی ٣٠/٣  ئاگاداریان کردینەوە کە دەڕۆین بۆ کەرکوک و خۆتان ئامادەبکەن. سەعات پێنجی ئێوارە دەرچوین، کە گەیشتینە چیمەن پێش کەرکوک سێ بەرزایی لەمبەر وئەوبەری جادەکەیە ئەو هێزەی ئێمە کە ٥٤ کەس بوین لە پێشی پێشەوە بوین، بەڵام ئێمە ئەوەمان نەدەزانی کە کەرکوک گیراوەتەوە و ئەوێ پێشی جەبهەیە. کراین بە سێ بەشەوە ئێمە هەموومان خزموکەس بووین کاک ئیسماعل مەسئولی عەسکەریمان بوو. کاک حەمەعەلی بەر خانەقاش مەسئولی هەمووو هێزەکە بوو.  گردی سەرجادەکەمان بەرکەوت. پاش نان خواردنێکی سەرپێیی و سەنگەر خۆش کردن بۆ شەو. سەعات ١١ شەو کاک حەمە علی گووتی” خزمەکانم ئەمە پێشی جەبهەیە و هیچ هێزک لە پێشمانەوە نی یە، گووتی لە عیبارەتی ئێستاوە هەرکەسێکتان بینی لەودیوی سەنگەرەکان ڕووە و کەرکوک تێی مەخورن و یەکسەر تەقەی لێبکەن”.هەروەها  گووتی ٢٤ سەعات لێرە دەبین وەک دڵی خەبەری دابێت گووتی” بە هیوام هیچ روونەدات”. برواناکەم کەسمان خەوتبێت ئەو شەوە، بەڵام بە ڕەسمی من و هاورێ نامیق هەم حەرەس بووین هەم  کەمین لە سەعات ١٢ی شەوەوە تا ٦ی بەیانی ئیتر دنیا ڕوون بوەوە پێویستمان بە حەرەس نەبوو چونکە هەمووو بە خەبەر و لە سەنگەرەکاندا بوون. کاک حەمە علی گووتی “خزمەکانم دەتوانن هەندێک دار بهێنن و چایەک لێبنێن و نان بخۆین”،  من و هاورێ نامیق چوین بۆ دار‌هێنان هەندێک داری ئاوماڵک کە لافاو هێنابووی کۆمانکردەوە و بە باوەشمانەوە بوو بانگیان کردین و گووتیان وەرنەوە خێرا لەوە دەچێت هێزەکانی سەدام هجوم بکات. دارەکەمان فرێدا، تفەنگەکانمان لە شانمان داگرت و گەڕاینەوە.بەدەم ڕێوە بووین هاورێ نامیق گووتی” زۆر گرنگە لەم شەڕەدا نەکوژریین و سەلامەت بین بەڵام ناشترسین هەرچیەک ببێت”.

تەیارەی سیخۆ بەسەرماندا دەسوڕایەوە گووتیان هیچ نییە ئەوە تەیارەی تەحالفەو حیمایەمان دەکات، ئەوە زۆر ورەمانی زیاد کرد، هەرچەندە واش نەبوو تەیارەی سەدام بوو. کاک حەمە علی  بانگی پێشمەرگەیەکی کرد ئەگەر هەڵە نەبم ناوی جمال بوو خەڵکی پێنجوین بوو. کاک حەمە علی گووتی” بچۆ جیهاز بکە داوای هێز و چەکی قورس بکە و بڵێ وەزعەکە زۆر خەتەرناکە”. ناوی نهێنی  جیهازەک مامە قالە بوو زۆر هاواری کرد لە جیهازەکەوە مامە قالە، مامە قالە جواب نەبوو . کاک جمال چووە بەرزایەکی کە زۆر محاوەلەی مامە قالەی کرد هەر وەڵام نەبوو. گەڕایەوە لامان و نائومێد بووین لە هێزی یارمەتی. ئیترتەیارە  سیخۆکان نەمان و هەلیکۆپتەر پەیدا بوو، ٣ هەلیکۆپتەری شەڕکەر و ٢ هەلیکۆپتەری حەماڵ. کاک حەمە علی لەو کاتەدا بە هەموومانی گووت” خزمەکانم دەتوانین ڕابکەین و نەکوژرێین، بەڵام باوەڕتان هەبێت لەدوای خۆمانەوە ئەو هێزەی دوژمن بە هەزاران لە خەڵک دەکوژن کە ئاگایان لەم هێڕشە نییە. با بکوژرێین و ئەو خەڵکە دەربازببن”، ئێمەش سەری ڕازیبوونمان بۆ شەڕکردن لەقاندو گووتمان تۆ فەرماندەیت بڕیار لای تۆیە. هاوڕێیانی شانی چەپمان بە دۆشکە تەقەیان لە هەلیکۆپتەرەکان کرد و هەلیکۆپتەرەکان دورکەوتنەوە لە چاومان ون بوون، ئیتر لە هەردوو لاوە بانگ کراین کە  ‌‌هێزەکانی دوژمن دەستیان کرد بە جوڵە بەرەو ڕوومان دەهاتن.

 فەرماندەی گشتی هاواری کرد لێیان دەن لە هەر سێ گردەکەوە تەقەمان لە هێزەکە دەکرد، زۆر نزیک بوون  کەمتر لە ٢٠٠ مەتر بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەعات بۆ ٤٥ دەقیقە ئێمە زۆر مسەیتەر بووین، چاومان لێبوو فەرماندە عەسکەریەکانی ئەوان بە دار لە جوندیەکانیان دەدا بۆ هێرشکردن بەرە و گردی لای دەستە ڕاستمانەوە، بەڵام مەجالمان پێ نەدەدان .

 جار جارە سەیرێکی یەکترمان دەرکرد بۆ زانینی ساغ و سەلامەتی. هەلیکۆپتەرەکان گەڕانەوە سەر ئاسمانی شەڕەکەو زۆر بە چڕی و دەقیق قەسفیان دەکردین. هەر لەسەرەتاوە عەدەد دۆشکەکەمان (شەهابە کۆڵ) بە قەناس پێکرا، بە سەیارەکە بردیان بەرەو سلێمانی بەڵام بە داخەوە لە ڕێگا گیانیبەخت کردبوو، نە گەشیتبووە خەستەخانە. وردە وردە تەوازنی شەڕەکە دەگۆڕا، ئێمە بەس بە کڵاشینکۆف و ئاڕبیجی شەڕمان دەکرد، دوژمنیش بە پێشکەوتوترین چەکی قورس. وا دەزانم ئێستەیە نازانم تۆپ بوو یان ساروخ دای لە گردەکەمان  ئەوەندە بە هێزبوو قورێکی زۆری کرد بە سەرماندا و  هاورێ(نامیق) ی فرێدایە دەرەوە لە سەنگەرەکەی تفەنگەکەی لە دەست پەڕی و هەستایەوە گووتی” ئەرێ ئەوە چی بوو”، خۆشبەختانە سەلامەت بوو تەنانەت برینداریش نەبوو بەڵام سەنگەری گۆڕی. کورێک بە ناوی علی بە سوکی لێوی بریندار بوو. برینەکەی بوو بە خێر بۆیی و چووە دواوە و ڕۆیشت دەرباز بوو. ئەوەی من دەیگێرمەوە لە فلیمی شەڕیشدا نەبینراوە بەس گر و دوکەڵی چەکەکانی دوژمن ئاسمان و زەویەوە دنیای گرتبوو. وات دەزانی زەویەکە دەکوڵێت،  بەڵام هەم ئەو دەور و بەرە مێرگ بوو هەم سەنگەرەکانی ئێمەش قایم و مەحکەم بوو، بۆیە هێشتا هەر سەلامەت بووین.هەر ورەمان بەرز بوو. دیار بوو هاوڕێیانی ئێمە لە دوو گردەکەی تر کە توانایی بەرگریان کەم بوو بوو تەوازنی شەڕەکە لە ڕووی چەک و تەقەمەنی یەوە زۆر جیاوازبوو.

بریار درا پاشەکشە بکەین بەڵکو دەربچین، چونکە ئەوەی لەدەستمان هاتبێت کردمان شەڕێکی زۆر لێبڕاوانەمان کرد، کار گەیشتبووە ئەوەی تێکەڵ ببین لەگەڵ هێزەکانی دوژمن دا. ئێمە حەلێکمان نەبوو خۆشمان نەدەدا بە دەستەوە.  دەبابەیەک تەنگی بە گردەکەی ئێمە هەڵچنی دەیویست بێتە سەرەوە! کاک حەمە علی گووتی محاوەلە دەکەم بەڵکو ئەم دەبابەیە تێکبشکێنین یان پەکیبخەین، چونکە بهاتایەتە سەرەوە هەموومانی دەکوشت. من و کاک ئیسماعل و کاک حەمە علی مابوینەوە بەس ئەو سیانە . محاوەلەی کرد بە ئاربیجی لە دەبابەکە بدات، تەقەیان لێکردین نەیتوانی تەقە لە دەبابەکە بکات محاوەلەی دووەم کاک حەمە علی یان بە قەناس پێکا. بە جۆرێک پێکایان دیار بوو دڵی پیکرا بوولەگەڵ کەوتنیو  یەکسەر گیانی دەرچوو. شوێنی کەوتنەکەی لێژ بوو لاشەیم  سوڕان سەری بۆ سەرەوە و ئیتر بە نائومێدی بە بێئومیدی ڕزگار بوونم چەکەکەی ئەویشم هێنا، و منیش دەستم کرد بە ڕاکردن، هاورێکانم بە سەدان مەتر دورکەوتبونەوە، بەڵام هەر دەم بینین هەر ڕایان دەکرد. بەشێک لە هێزەکەی دوژمن پێشڕەویان کرد بەرەو قەرەهەنجیر چەندین کیلۆمەتر ڕۆیشتبوون. کۆپتەرەکان وازیان لە ئێمە هێنا. ئەوەی شپرزەی کردبووین دۆشکە، تۆپ، قەناس و کلاشینکۆف بوو کە وەک باران بەرەو ڕومان دەهات لە پێش و دوامانەوە هەر تەقەیان لێدەکردین. حالەتەکە ئەوە بوو بۆ ئەوەی بە دیلی نەیانگرتینایە هەر کەسەو دەبوایە دیفاعی لە خۆی بکردایە بە تایبەت ئەوانە هێشتا دەرباز نە بوبون،  من یەکیکیان بووم . قەناس بە دەستەکانیان وێرانیان کردبووین لە کاتی ڕاکردنیشدا.

قەت ناتوانم ئەو  دیمەنە لە بەرچاوم دەربکەم کە ئەوکاتەی کە دەستم کرد بە ڕاکردن بینیم هەندێک لە هاورێیانی گردەکەی چەپمانەوە نازانم  دەیان ویست ڕابکەن یان  بگەنە لای ئێمە بۆ ڕاکردن پیکەوە. ئەو شوێنە پردیکی لێبوو، بەڵام ئەو هاورێیانە  نە گەیشتبونە پردەکە،  هێزێکی زۆری دوژمن گەیشتە سەریان دەمبینی گولە بارانیان دەکەن دەخولانەوە و تلیان دەدا لە ناو ئەو قوڕ و لیتەدا. بەڵام هەر بەردەوام بێ وێژدانانە فیشەکیان پێوە دەنان و گوللەبارانیان دەکردن.  لەوانە کوڕی پیاوێکی تێدابوو بە کراسەکەی بەریدا ناسیمەوە کە شەو هات بۆ بەرەی شەڕ. ئەگەر هەڵە نەبم باوکی بوو ئێوارەی پێشو هینای بۆ ئەوێ، دەوری سەعات حەوتی ئێوارە بوو پیاوەکە ناوی کاک یەحیا بوو کوڕەکەی ناوی سیامەند بوو زۆر بەداخەوە سیامەند لەو چەند کەسەدا کوژرا و هاورێکانیم نەدەناسیەوە.

پاش راکردنێکی زۆر و خۆدان بە زەوی و تەقە و بەد بەختیەکی زۆر گەیشتمەوە بە هاورێیان سەردار و نامیق. من گووتم من  ئەخیر کەس هاتووم کاک حەمە علی کوژرا. زۆر ناڕەحەت بووین. نامیق گووتی” شێت بووم بەدەست تفەنگەکەمەوە، چونکە وەقفە زۆر دەکات دەوەستێت”، سەرداریش گووتی” دیکتارۆفەکە زۆر قورس بوو بۆم نەدەهات فرێمدا”، منیش گووتم “باشت کرد دەستت خۆش بێت”. ئالەوێدا نامیق تفەنگەکەی کاک حەمە علی لە من وەرگرت و تفەنگەکەی خۆی دا بە سەردار. بریاری  دەرباز بوونی زیاترماندا. ئەو شوێنە چەمۆڵک چەمۆڵکە وە  و ئاو دڕە لەگەڵ دەرچوندا قەرار بوو ئەوان بەدوای مندا بێن پێکەوە بین، بەڵام  من کەوتمەوە ڕێگەیەکی هەڵە و جارێکی کە کەوتمەوە نزیک هێزەکانی دوژمن، چونکە بەرەو شوێنێکی خراپ جوڵابووم وەک بۆ دواوە گەڕابێتمەوە وابوو. ئیتر هاتە مێشکم و گووتم” ئەخیر فرسەتی خۆمم لەدەست دا”. بەڵام بڕیارمدابوو کە نابێت بە دیلی بگیرێم خەمی کوشتنمم نە بوو. تەقەیەکی زۆریان لێکردم و جارێکی کە دنیا بوەوە بە ئاگر و دوکەڵ، پشتم گردێکی بەرزی ناخۆش نزیکیشم هێزەکانی دوژمن؛ من کەوتم لەوان وایە پێکرام و کوژرام لەو کاتەدا نازانم ئەو کەسە لەکام لە هێزەکانی خۆمان بوو نەم ناسی دەیگووت” چەکەکەت فڕێدە دەت کوژن”،  گووتم” تۆ برۆ هەقی منت نەبیت” گووتم “خۆ هەر کوژراوین ئیتر چەک بۆ فرێدەم” ئەو بێ چەک بوو. نازانم ئەو چی بەسەر هات. من زیاتر لە چارەکێک بێ جووڵە بووم . زیاتر لە دە چەکداری عیراقی دیار بوو کاریان پاراستنی ئەوێ بوو بەرەو من دەهاتن. نازانم بۆ چەکەکەم یان بۆ پارەی گیرفانم گەرچی بەس ٢٠ دیناریشم پێ بوو. ئومێدی دەرچونم نەمابوو بەڵام گووتم” خۆ من هەر کوژراوم بڕیاری تەقەمدا” هەر لەگەڵ تەقە کردنم و هەموویان هەڵهاتن بۆ سەر جادەکە و ئەو بەری جادەکە،  جارێکی کە مەجالم بۆ کرایەوە و ڕامکرد. لە سەنگەرەکانی خۆمانەوە بە دەیان بە ئەنواع چەک تەقەیان لێدەکردم بە سوتفە دەرچوم خەریک بوو دەرباز دەبووم بینیم کەسێک لە پێشمەوە ڕادەکات بینیم کاک (ئیسماعیل) ە بەڵام ئەو بە قەناس پێکرا و بریندا بوو کەوت. گەرامەوە پاش محاوەلەی دەربازکردنی ئەو خوێن بەربونێکی زۆرو ور و گێژ بوبوین. گوێمان کاس ببوو هیچمان نەدەبیست. هەر چۆنیک بوو تۆزێک دورکەوتینەوە. دوو کەسیکەمان بینی پاش تێخورین و پرسیار لێکردن ئەوانیش دوو کەس بوون لە هێزەکەی خۆمان کە ئێمە نەمان ناسیبوون. هەردوکیان بریندار بوون بە ناوەکانی  (مام ئەنوەری نانەواچی و کاک سدیق) خەڵکی ئیران بوون ئەندام و چەکداری کۆمەڵەی یەکسانی بوون. دەرباز بوونی من بە سوتفە بوو نەک ئازاتر لە هاوڕێکانی کەم. هەمووو ئەو هاورێیانە ئازا و لێهاتوبوون سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لەو هاورێیانەی کە لەگەڵ کاک ئیسماعیل دا هاتبون تەمەنیان خوار ١٨ ساڵی بوو. سەڕای ئەو هەموو نەخۆشیە دڵم خۆش بوو گووتم هاورێیان سەلامت بوون و دەرباز بوون، بەڵام سەد حەیف (سەردارو نامیق) گیانیانبەخت دەکەن و مێژوویەکی پڕ سەروەریان بۆ خۆیان نوسیەوە و ئازارێکی زۆریش بۆ هاوڕێانیان.

ئا لەو کاتەوە ئەوە  ٣٠ ساڵی تەواوە هەمووو ساڵێک لەم مانگەدا،  زۆر لە خەوی شەوانمدا ئەو دیمەن و کارەساتە دێتەوە یادم بۆ سەردار و نامیق دەگەڕێم و دەڵێم” نایەڵم ئەمجارەیان لێم ون ببن! کاتێک خەبەرم دەبیتەوە  پشتیەکەم تەڕ بووە لە فرمێسکی چاوانم . هەناسەیەکی قوڵ و خەو زڕانیکی درێژ. ئەگەر ژیان بسڕایەتەوە ٣١ی سێم  لە ژیانمدا دەسڕیەوە…

یادی هەمووو ئەو هاورێیانە بەرز و بەڕێزە کە لەو رؤژەدا زۆر نیاز پاکانە گیانی خۆیان بەختکرد لە پێنا و ڕزگار بوون و سەلامەتی خەڵکی کوردستاندا. بە گیان فیدایی نامیق و سەردارو کاک حەمە علی  وسیامەند و  دەیان هاوڕێی ترمان کە خەڵکی کوردستانیان لە ئەنفالیکی تر پاراست… لە کؤی ٥٤ کەس لەو شەڕەدا ٢٢ کەسمان گیانیبەخت کرد.

 یادیان هەمیشە بەرز و بەڕێزە لە یادەوەریەکانمدا. ڕێگایان بەردەوامە بۆ دنیایەکی باشتر…

Leave A Reply

Your email address will not be published.