بزوتنەوەی ژنان بزوتنەوەیەکی بەهێز دژ بە نابەرابەری و سەرمایەداری نووسینی؛ هەتاو عەبدوڵاهی
بزوتنەوەی ژنان بزوتنەوەیەکی بەهێز دژ بە نابەرابەری و سەرمایەداری
نووسینی؛ هەتاو عەبدوڵاهی
ئەمساڵ لە حالێکدا ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەرەوپیری هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان چوون کە سەرمایەداری بەپیلانی لە پێش دا داڕێژراو و بە بیانوی ڤایرۆسی کڕۆنا هەموو نارەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی سەرکوت کرد. سەرمایەداری سەرەرای ئەوەی روالەتی بێ کیفایەتی خۆی لەبەرامبەر قەیرانەکان بە کۆمەڵگەی مرۆڤی نیشان دا، هاوکات بە شێوەیەکی ڕوهەڵماڵڕاوانە هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ خەڵکی نارازی و وەزاڵە هاتوو لەو بارودۆخەی خوڵقێنەرێتی و هەمو دنیای تەنیوە بخزێنێتە کونجی ماڵەوە. لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو بە میلیۆن مرۆڤی بێ تاوان بەهۆی ناکارامەیی جیهانی سەرمایەداری… و دەولەتانی حاکم بە سەر جیهان دا گیانیان لە دەست دا. ئەو دەولەتانەی بە سەدان چەکی کۆمەڵکوژ بەرهەم دەهێنن و ڕۆژانە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین خەلکیان کردووە قوربانی سات و سەودای دەسەڵاتی خۆیان و هەناردەی چەک و چۆڵ بۆ ئەو ولاتانە دەکەن، لەبەرامبەر قەیرانی کۆرۆنا وەک باقی قەیرانەکانی تر ناکارامە و دەستەوەستان بوون و رواڵەتی ڕاستەقینەیان بۆ خەڵک دەرخست. ژنان وەک هێزێکی ئینسانی کە هەمیشە قوربانی جیهانی سەرمایەداری بوون لە هیچ کام لەو ولاتانی جیهان خاوەن ماف و ئازادی وەک یەک نین. ئەمساڵ لەحاڵێکدا ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بەرەوپیری هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان چوون کە لە هیچ شوێنیکی ئەم جیهانە پان و بەرینە ژنان خاوەن ماف و ئازادی مرۆڤی نین. سەرمایەدرای هەوڵی داوە پیناسەی هەشتی مارس کە ڕۆژی خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە ئازادی رەها و بزوتنەوەیەکی سیاسیە بگۆڕێ وپرسی ژن تاکە کەسی نیشان بدا. هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان وەبیرهێنەرەوەی بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە. ژنان لە هەشتی مارسی ئەمساڵ دا سەرەرای بوونی قەیران پەیامێکیان پێ بوو و بە جیهانیان نیشان دا پرسی ژن لەهەموو دنیا یەک پرسە و پرسێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیە نەک تاکەکەسی. ڕۆژی هەشتی مارس جارێکی تر بزوتنەوەی ئازادیخواز و یەکسانیخواز سەرمایەداری بە چۆک داهێنا و نیشانی دا کە بزوتنەوەیەکی بەهێز دژ بە چەوسانەوە و نابەرابەرییە. بزوتنەوەیەک کە سەرەرای کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگای تا بە هەنووکەش هەر لەسەر پێیە و لەگەڵ روداوەکانی ڕۆژ خۆی ئابدەت دەکاتەوە. هەر ئەو جۆرەی باسمان کرد هەشتی مارسی ئەمساڵ ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەهەر ڕێگایەک کە بۆیان لوا پەیامی نا بە ستەم و چەوساندەوەی رەگەزی و نا بە سیستمی سەرمایەداریان وتەوە. بەڕێوەچوونی هەشتی مارسی ئەمساڵ بەشێوە دوو هۆکاری بوو هۆکارێکی نیگەتیڤ و هۆکارێکی پۆزتیڤ. هۆکاری نێگەتیڤی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژنان خاوەن ماف و ئازادی یەکسان نین و بەردەوام قوربانین و ڕۆژانە بە هەموو جۆرێک دەچەوسێنەوە. لایەنی پۆزیتیڤی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ژنان لەبەرامبەر ئەو گشتە زوڵم و زۆر و نابەرابەریە ملکەچ نەبوون و هەردەم لە سەنگەری پیشەوەی خەبات دژ بە زوڵم و چەوساندەوە بوون. ئەوەی کە جێگای تێڕامانە چالاکی ژنان لەو ولاتانە بوو کە پێناسەی ژن تەنیا وەک دایک و هاوسەر و ژنی ناو ماڵ نیشان دەدەن. ولاتانێکی وەک ئێرانی ژێر حاکمیەی کۆماری ئیسلامی کە چەوساندنەوە و بێ مافی ژنانی لە یاسای بنەرەتیدا گونجاندووە و هەر جۆرە چالاکی و خەباتێک بۆ ژنان بە بڤە دەزانێ. کۆماری ئیسلامیەک کە زراوی لە بزوتنەوەی ژنان چووە و هەر لە سەرەتاکانی هاتنە سەر کاری و خۆسەپاندنی بەسەر خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕوالەتی دزێو و دژە ژنی خۆی نیشان دا. ژنانی ئێران زیاتر لەچوار دەیەیە لەگەڵ دەسەلاتێکی دژە مرۆڤ و دژە ژنی ئایینی بەرەوڕوون کە هەموو ماف و ئازادیەکانیانی بەرتەسک کردووەتەوە و هەر کات دەنگیان لە بەرامبەر زوڵم و زۆرەوە هەڵبریبێ بە زیندان وئەشکەنجە و کوشتن وەڵامی داخوازی رەوایان دراوەتەوە. لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی دژە ژن وتۆتالیتێر بزوتنەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی ڕاوەستاوە. بزوتنەوەی ژنان کە دوو مانگ دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی ڕژانە سەر شەقامەکان و نایان وت بە حیجابی زۆرەملێ، بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز کە ڕۆژ بە ڕۆژ بە هێزتر دەبێ و ساڵەهای ساڵە خەریکی خۆ ڕیکخستن لەگەڵ بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی تر بە تایبەتی بزوتنەوەی کرێکارییە. لە هەشتی مارسی ئەمساڵ دا سەرەڕای بوونی گوشاری لە ڕادەبەدەری کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و ڕەشبگیریەکانی چەند مانگی رابردوو کە هەموو بۆ خولقاندنی فەزای ترس و تۆقاندنە ژنان بە شێوەیەکی رێکخراوتر و بە هێزتر چالاکیەکانیان بەڕێوە برد و لە فەزایەکی ئەمنیەتی دا لە شارێکی وەکوو سەقز قەتعنامەیکی شانزدە مادەییان دا پەسەند کرد، کە تێدا ئاماژە بە زۆر خاڵی گرینگ کرابوو. ژنانی زیندانی سیاسی لە سیاچالەکانی کۆماری ئیسلامی دا هاوپشتی وهاوخەباتی خۆیان لە ژێر چەترێکی گشتگیردا نیشان داو پەیامی خۆیان بەو بۆنەوە بڵاوکردەوە. ژنانی جیهان بە گشتی و وڵاتانی ژێرحاکمیەتی دەسەلاتە دزێو و ئایینیەکان هاوپشتی خۆیان ویەکدەنگیان لە بەرامبەر زوڵم و زۆری دنیای سەرمایەداری و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان دەربڕی و ڕایان گەیاند پرسی ژنان لە هەموو جیهان یەک پرسە و تا ژن و پیاو یەکسان نەبن کۆمەڵگە ڕزگار نابێ. پێویستە ژنان هاوکات کە خاوەن بزوتنەوەی خۆیانن خۆیان بە رێکخستن بکەن و هاوتەریب بن لەگەڵ بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بە تایبەتی بزوتنەوەی کرێکاری، چوونکە ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە ژنان تەنیا و تەنیا لە سیستمێکی سۆشیالیستی کە مافی وەک یەکی تێدا بێ و بەری بێ لە چەوسانەوەی چینایەتی و رەگەزی بە ئازادی رەها دەگەن.