نان و گێچەڵی سێکسی لەبەریتانیا   هەموو ٣ رۆژێک یەک ژن لە ئینگلتەرە و وەیڵزدا دەکوژرێت  نووسینی: سالار حمەسەعید

0

نان و گێچەڵی سێکسی لەبەریتانیا

هەموو ٣ رۆژێک یەک ژن لە ئینگلتەرە و وەیڵزدا دەکوژرێت

نووسینی: سالار حمەسەعید

 دوابەدوای ڕفاندن و کوشتنی ”سارا ئێڤرەراد” ی ٣٣ ساڵە کە لە ٣ی مارسی ئەمساڵدا بێسەروشوێن بوو و دواتر کە تەرمەکەی دۆزرایەوە،  ئەم ڕووداوە مەسەلەی توندوتیژی بەرامبەر بەژنانی دووبارە هێنایەوە پێشەوە و بووە سەردێری تەواوی رۆژنامەو بابەتی سەرەکی میدیاکان. تا ئەوڕادەیەی کە لە ئەنجومەنی لۆردەکان ”مجلس اللوردات” دا باس دەکرێت و یەکێک لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە کە لە نوێنەرایەتی حزبی سەوزی بەریتانیەوە پیشنیاردەکات کە ”پیاوان لە سەعآت ٦ ی ئێوارەوە چوونەدەرەوەیان لێ قەدەغە بکرێت تاکو ژنان هەست بە سەلامەتی بکەن”.

 ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ڕۆژانە رۆشناییەکی زۆر دەخرێتە سەر مەسەلەی گێچەڵ و هەراسانکردنی سێکسی بۆ سەر ژنان و کچان لە بەریتانیا. ژولی بندێل ی نووسەری فێمنیست پێی وایە کە ”ژیانی ژنان و کچان کورتکراوەتەوە بەهۆی ترس و توندوتیژی پیاوانەوە”.

هەر ٣ رۆژێک، ژنێک یا کچێک لە ئینگلتەرەو وەیڵز دەکوژرێت بەوتەی ”بندێڵ”. جا ئەوەی لێرەدا دەبێت باس بکرێت مەسەلەی گێچەڵی سێکسی و هەراسانکردنی سێکسییە لە وڵاتێکدا کە یاساکان زۆر ڕوون و ئاشکران سەبارەت بە هەراسانکردنی سێکسی و چەند ئەم مەسەلەیە بە جدی وەردەگیردرێت لە رووی یاساییەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێشتا ئەم  گێچەلی سێکسیە ڕوودەدات. وەک ئامارەکان دەریدەخەن لە سەدا ٩٧ ی ژنان ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە بەتایبەتی ژنانی تەمەن ١٨ بۆ ٢٤ ساڵ. ئەم لێکدانەوانەی کە لەلایەن هەندێ لە ژنانەوە خراونەتە ڕوو ناواقعیانە مامەڵەکردنە لەگەڵ کێشەی ژنان دا. ڕیشەی کێشەکان دەگێڕنەوە بۆ پیاو لەکاتێکدا ئەوە شیکاریەکی ناواقیعی و نائۆبژێکتیڤی ئەم کێشەیەیە کە کێشەکان لە سیستەمەکەدا نابینێتەوە، بەڵکو دەیگێڕێتەوە بۆ ڕەگەزی پیاو کە ئەویش خۆی گیرۆدەی هەمان سیستەمە کە ژنانی تیا دەچەوسێتەوە. ئەندامی حزبی سەوز ”بارۆنیس جۆنز” داوایەکی سەیر و سەمەرەی هەیە کە پیاوان لە چوونە دەرەوە قەدەغەبکرێن لە کاتژمێر ٦ ی ئێوارەوە بەپێی ئەم لێدوانی سیاسەتمەدارە ژنان ئیدی کێشەکانیان حەل دەبێت ئەگەر پیاوان لە چوارچێوەی ماڵەکانیاندا زیندانی بکرێن بۆ ماوەی ١٢ سەعات. واتە داوای ئەوە دەکات کۆمەڵگە دەستبەرداری نیوەی ڕێکی دانیشتوانەکەی بێت و واز لەکار و پیشەکانیان بێنن و بەرهەمهێنان ڕابگرن و نەچنە باڕو ریستورانت و ئوتێلەکانەوە تا ژنان سەلامەت بن!. بەڵام ئایا ئەوە کۆمەڵگەیە کە ئەم ژنە وێنای دەکات یا کۆمەڵگەی تەک ڕەگەزی؟ ئەمە چ ڕێگەچارەیەکە خاتوو جۆنز؟ دیارە جیهان تەنها لەیەک گۆشە نیگاوە دەبینێت. گومانی تێدا نییە کە ئەوەی هەڵدەستێ بە پەلاماری سێکسی یا گێچەڵی سێکسی کەمایەتیەکن دەبێ لێپرسینەوەیان لێبکرێت و نەهێڵرێت کە ببنە ڕێگری لە نێو کۆمەڵگەدا. نەک بە سزادانی تەواوی کۆمەڵگە. بەداخەوە ئەوەی باس دەکرێت لە میدیاکانەوە سەبارەت بەم بابەتە واتە گێچەڵی سێکسی زیادەڕەویە و ناواقیعییانە ڕوانینە لەم کێشەیە. پیاو بەگشتی بەبێ هەڵاواردن بە دڕندە وەسف دەکرێت لە وتارەکانیاندا تا ئەو ڕادەیەی کە یەکێک دەڵێت: ژنان بەردەوام لە ترسدا دەژین، ترسی بە زۆر سێکس لەگەڵ کردن و پەلاماردان و توندوتیژی، هیچ شوێنێک نییە بۆ ژنان لەم سەرزەمینەدا کە سەلامەت بێت بۆ ژنان”. کاتێک ڕەخنەدەگرین لەم بۆچوونانە مانای ئەوە نییە کە هەوڵی پاساوهێنانەوە بدەین بۆ تاوانکاران، بەپێچەوانەوە، ئەوەی لێرەدا مەبەستە، تێروانینێکی واقعییانەیە بۆ ئەم بابەتە، نەک بە گشتیکردن و گەیشتن بەو ئەنجامگیریە زیادەڕەویانە، بە تەریکردنی پیاوان لە کۆمەڵگەو تاوانبارکردنی تەواوی پیاوان. کە ئەمە تێڕوانینێکی فیمینیستانەی نادروستە لە کێشەی گێچەڵی سێکسی بۆ سەرژنان. هەندێ ڕاستی هەیە کە دانی پێدادەنێین لەوانەش توندوتیژی نێو ماڵە کە بە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر زیادی کردووە لە یەک ساڵی ڕابردوودا، لەوەتی ئەم پەتای کۆرۆنایە دەستی پێکردوە کە دەبێت سەرکۆنە بکرێت و ڕێگە نەدرێ بە بەردەوام بوونی ئەم دەستدرێژیانە.

لە کۆمەڵگەیەکدا کە لەسەر بنەمای  نابەرابەری و نایەکسانی دامەزراوە، سەروەت و سامانی کۆمەڵگە لەدەستی کەمایەتیەکی زۆر بچووکدا کۆبۆتەوە و زۆرینەش لێی بێبەشن، لەوەها کۆمەڵگەیەکدا بێگومان توندوتیژی و ئەنجامدانی تاوانی تیایدا هەمیشە بەرەو زیادبوون دەچێت. هەموو ئەم تاوانانەی کە ڕوودەدەن لە کۆمەڵگەدا لە کوشتن و پەلاماردانی بەردەوامی سێکسی و هتد.. دەرهاویشتەکانی کۆمەڵگە نابەرابەری و نایەکسانەکەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی و سیستەمی کاپیتاڵیزمە. وێناکردنی پیاوان بە مرۆڤکوژ و پەلاماردەری ژنان و ئەنجامدەری گێچەڵی سێکسی و توندوتیژی نێوماڵ بەوەی کە ئەمە لە سروشت و دەروونی پیاودا هەیە، لێکدانەوەیەکی ئیجگار هەڵە و نادروستە و دەبێت بەرامبەری ڕابوەستین و نەهێڵین ئەم ڕەوتە لە بیرکردنەوە بەردەوام بێت.

١٢ی مارسی ٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.