هەڵەبجەیی لەڤیگەری توڕەییەکانی   ‏                                      ژەنەڕاڵی  پایزدا ..!   ‏                      شروڤەی شیعر/جمال  نوری

0

هەڵەبجەیی لەڤیگەری توڕەییەکانی

  ‏                                      ژەنەڕاڵی  پایزدا ..!

  ‏                      شروڤەی شیعر/جمال  نوری

کاتێک، دەبینی مرۆڤێک  توڕە دەبێ لەشتێک ڕەنگە بەلاتەوە سەیربێ، ئەو بابەتە هێند ناهێنێ کەسێک توڕه ببێ لەسەری، بەڵام بۆ دنیای ئەدەب و نوسین جودایە، فرۆید لەکتێبی شارستانیەت و نیگەرانیەکانی دا دەڵێ شارستانیەت سەرەتا لەوەوە دەستی پێکرد، کە یەکەمجار مرۆڤ لەو چرکەساتەی توڕە دەبێ، لەجیاتی ئەوەی توڕەبوونەکەی زیان بگەیەنێ  ئەوا جێگیر بوونی خۆیی تیا دەبینێتەوە ئەویش لەجیاتی بەرد بگرێتە بەرامبەرکانی لەکاتی توڕە بووندا وشەی تێگرت و بەکاری هێنا، واتە ئەمێستا کتێبەکان ئەرشیفی  توڕەییە دامرکاوەکانی نوسەرەکانیانە، هەرچەندە هەندێکجار نوسین رێگایەکە بۆ پاراستنی خود لەتوڕەیی، بەڵام ڕێگایەکی باش نیە، واتە ناکرێ تا ژیان بەردەوام بێ، هەتا چەوسانەوە بوونی هەبێ، هەتا وەکو نەفسیەتی مرۆڤەکان و بەرژەوەندیەکانیان جیاوازبێ، ئەوا توڕەبوون دەبێ بوونی هەبێ، ئەو دەمەی نوسەرێکت بینی لەنوسینەکانیدا ئارام و دانی بەخۆدا گرتوەو بێ دەنگ دەمێنێ و توڕە نابێ و نانوسێت، ئەوا بەدڵنیایەوە، بەرەو پوکانەوە لەناوچون دەچێ.

له‌ نێوان «تووڕه‌یی» و «نووسین»دا په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌یر هه‌یه‌؛ هیچ نووسه‌رێكی گه‌وره‌، به‌بێ تووڕه‌یی، ناتوانێت بنووسێت؛ و به‌بێ نووسین، ناتوانێت له‌ پشت تووڕه‌یی خۆیه‌وه‌ ده‌ركه‌وێت. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێكجار، نووسین ڕێگایه‌كه‌ بۆ پاراستنی خود له‌ تووڕه‌یی، به‌ڵام ڕێگایه‌كی باش نییه‌ بۆ دامرکانه‌وه‌ی.

بابزانین  چەمکی توڕەیی  لای  مەحوی  شاعیر  چۆن  گوزارشتی  لێکردوە  لە شیعرە تەسەوفیەکانیدا.

لەجێگایەک  مەحوی شاعیر، کەدەکەوێتە بەر قسەو قسەڵۆکی ناحەزو بەدەکانی، ئەو کەسانەی کە لەئێرەیی بردن بە مەحوی قسەی ناڕەوا  یان خستۆتە پاڵی، بەڵام لای مەحوی جێگای بایەخ

و گرنگی  نەبووە، چون بەر لەوان  مەحوی  خۆی باش خۆی ناسیوەو خۆی لە دنیاش  باش تێگەیشتوە، وەک لەم بەیتە شیعرەیدا ، سەرزەنشتی خۆی تیا دەکات بەڕوونی دەڵێ:-

شوکر هۆشیارە مەحوی   تێدەگات دنیا خەراباتە

کەبەد مەستی بکا ئەهلی خراپەی  بۆچی لێ دەگرم

مەحوی لەبەرامبەر ئەهلی  خراپەکاراندا کە هیچ کەڵکێکیان نییە، نە بۆخۆیان و نەبۆ ژیان.

بابزانین توڕەیی حەسەن هەڵەبجەیی لە شعری  کۆمەڵگەی عاردا چی تەوزیف دەکا..، خوێنەران و هەوادارانی   شعرو ئەدەب بەگشتی کاتێک ئەم شیعرەی حەسەن هەڵەبجەیی دەخوێنێتەوە کە بۆ چلەی حەمە عومەر عوسمانی هاوڕێی شاعیرمان نوسیویەتی و بەزمانی  ژەنەڕاڵی پایزەوە، لەتوڕەیی حەمە عومەر دەدوێ توڕەییەک کەبەر لەمەرگی  بەنامەیەک نووسیونی و دەیداتە  دەست  هەڵەبجەیی تا دوا پەیامی حەمە عومەر بگەیەنێ، لەڕاستیدا ئەم نامە شیعریە کەلێوان لێوە لەهەستە باڵاکانی شاعیر خۆی  واتە  ئیحساس و ڕادەی هوشیاری و وەفایی، هەستکردنی هەڵەبجەیی یه بەو غەدرە مێژوویی و کەلتوری و فەرهەنگییە  کە لە ئەدەب و شیعریان کرد لەناو کۆمەڵگەو حوکمڕانانی  کوردیدا  کە  هەر نەیانتوانی  بهێڵن  حەمە عومەر وەک ڕەمزو سیمبولی سلێمانی  و بەڕێگا ڕۆشتن و هەڵس و کەوت ئاسایی خودی شیعر بوو… لەشارەکەمان، واتە ئەوە حەسەن هەڵەبجەیی خۆیەتی  توڕەیە، توڕەیە لە دارو بەردی  نیشتمان لە هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی  حومکڕانانی شارو وڵات، لەو مەردوومە  دوو ڕوانەی خۆیان کردبوە  هاوڕێی ژەنەڕڵی پایز، لەکاتێکا  گەر تەنها لەوشەی  هاوڕێ  بگەشتنایە دەیانزانی  ئەوە ئەمان نین هاوڕێ  ژەنەڕاڵی پایز بن، بەڵکو دەمامکیان بەستوەو بەنوسینی دوا نامەکەی لەڕێگای  زمانی شعری حەسەن هەڵەبجەیی هاوڕێیەوە، ماسکەکانان کەوتە خوار و ئابڕویان  پێوە نەما ..

جەمال نوری

بۆ جەنەراڵی پایز

کاکە حەمە عومەر عوسمان

(کۆمەڵگای عار) شیعری  حەسەن  هەڵەبجەیی

لەگەڵ ئەو کۆڕو کۆمەڵگا هەرگیز

نایەمە کۆڕو یاد کردنەوەی تۆ

ناچاریان کردی کە خۆت بکوژیت و

هێند ڕوتکاون یادتەکەن ئەمڕۆ

***

هێندەی توڕەییت لە گشتیان تورەم

نەفرەت لەیەک یەک قەڵەمەکانیان

مردو پەرستان قەلەڕەشی خەم

هۆی مەرگی تۆبون دژبون بە ژیان

***

کامیان لە ژیندا دواجار هاوڕێت بون

بۆ چ بێ ئاگابون لەژینی سەختت

بۆ تفیان نەکرد لەروی گەورەی شار

نەیان وت نەفرەت لە تاج و تەختت

***

هێندەی سەگێکی بەرپرسێکی سەگ

موچەی ژیانیان نەبەخشی بەتۆ

کەچی ئەوەندە سوک و بێ ئابرون

دێن یادت ئەکەن ڕێزت ئەگرن ئەمڕۆ

***

هەر تەنها بەندە باش باش ئەزانێت

تۆچەن زویر بویت لەم کۆمەڵگەیە

لەم دەسەڵاتەی وەک دێوەزمەیەو

بوەتە مایەی عار بۆ ئەم دونیایە

***

ئەوەندەی خودا لە شەیتان زیز بو

حەمە عومەریش زیزبو لە ئێوە

لە یەکە یەکەی بەرپرسی وڵات

لەوەی کۆڕی مەرگ ئەبات بەڕێوە

***

ئەوهات دوا ڕۆژ و دوا توڕە بونی

پێ وتن گشتان سۆزانی وەفان

ئەم دوا نامەیە دوا نامەی ئەوە

خۆی هات پێ وتم کەئێوە وەهان

شیعری (حەسەن هەڵەبجەیی)

Leave A Reply

Your email address will not be published.