عەبدوڵا مەحمود لەوەڵامی پرسیارێکی پێگەی ئەڵتەرناتیفی شوراییدا، سەبارەت بە پرسی ئازادی و گیراوەکانی بادینان

0

 عەبدوڵا مەحمود لەوەڵامی پرسیارێکی پێگەی ئەڵتەرناتیفی شوراییدا، سەبارەت بە پرسی ئازادی و گیراوەکانی بادینان

ئەڵتەرناتیفی شورایی: چۆن دەڕوانە ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستان و دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان؟

عەبدوڵا مەحمود: سەرەتا دەبێ ئەو چەمکە لەیاد نەکەین، کە ئازادی واقعی تەنها لە کۆمەڵگەیەکدا، دەتوانێ بە شێوەی واقعی ببینرێت و پیادەبکرێت، کە خودی ئەو کۆمەڵگەیە ئازاد بێت. بەستنەوەو گرێخواردنی ئازادی و مافەکانی ئینسان، بە خاوەندارێتی تایبەتیەوە، چوارچێوەی لە قاڵبدانی ئازادی و مافەکانە و خاڵی کردنەوەی کۆمەڵگەیە لەماف و  ئازادییە واقعییەکان.

 ئازادی رادەربڕین گۆشەیەک یان لایەنێک لە پرسی ئازادی و ئازادییەکانە بەشێوەی گشتی… بۆ ئەوەی بزانین ئازادی رادەربڕین لە چ ئاستێکدایە، دەبێ بزانین پرسی ئازادییەکان بە شێوەی گشتی لە چ ئاستێکدایە و کۆمەڵگە چەندە ئازادە.

لە کوردستاندا، بەشێوەیەکی گشتی وا دێتە بەرچاو ئازادی بیروباوەڕ، بەیان و کۆبونەوە، چاپەمەنی و خۆپیشاندان، ئازادی رەخنەگرتن تاد، هەیە… سەرانی حزبەکان و نووسەر و قەڵەم بەدەستەکانیان دەڵێن، ئەوە نییە دەیان رۆژنامە و گۆڤار، رادیۆ و تەلەفزیۆن، کۆڕو سمینار، بایکۆت و کۆبونەوە و مانگرتن و خۆپیشاندان، سۆشیال میدیا هەیە. ئەمانەش وەکو دەستکەوت و بەوێنەی رووی دیموکراسی و لایەنی جوانی دەسەڵاتی کوردی وێنا دەکەن. بەجێگای شانازی دەزانن و رۆژانە دەیدەنەوە بەرووی کۆمەڵگە و رەخنەگرانی دەسەڵات و سیستەمی سیاسییدا.

بێگومان ئەگەر کەسێک بوونی ئەمانە بکاتە پێوانە بۆ بوونی ئازادی، ئەوا کوردستان، لە لوتکەی سەخاوەت مەندی لەماف و ئازادییەکاندا، دەبینێ. ئەمەش تایبەتمەندیەکی کۆمەڵگەی کوردستان و زۆر کۆمەڵگەی ترە کە وا دیتە بەرچاو ئازادی و مافی پراکتیزەکردنی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان، تیایدا ئازادانەیە.

لەلایەکەوە دەیان و سەدان رۆژنامەو گۆڤار، رادیۆ و تەلەفزیۆن، کۆبونەوە و نارەزایەتی، و لەلایەکی تریشەوە  نووسەر و رۆژنامەنووس هەڵسوراوی سیاسی و مەدەنی و لەسەر چات کردن و کۆمێنت نووسین و وتارێکی رەخنە ئامێز و خستنەڕووی فایلێکی تاوانکاری دزی و تاڵانی. توشی گرتن و رفاندن و تیرۆر دەبێتەوە… ئەمە واقعیەتی کۆمەڵگەی کوردستان و زۆر جێگای تری دنیاشە، کە دەسەڵاتدارەکانیشی تا بڵێی داوکەتوو، بنەماڵەیی و دیکتاتۆر، و دژی دیموکراسی و مافە زۆر سەرەتاییەکانی ئینسانن. کەچی ئەم کەشەش هەیە… هۆکاری ئەمە چییە؟ ریشەی ئەم واقعیەتە لە چیدایە؟

ئایا بەراستی بوونی ئەو هەموو رادیۆ و تەلەفزیۆنە، گۆڤار و رۆژنامە و کۆڕ و سمینارات و خۆپیشاندان و بایکۆت و سۆشیال میدیایە… ئازادی نییە؟ ئەمە پرسێکە زۆر کەم لەسەری وتراوە، تا ئەوڕادەیەی دەتوانم بڵێم نەوتراوەو یەکێكی تر لە نەوتراوەکانە. هۆکار چییە، لە زۆر شوێنی وەکو عێراق، کوردستان، دەسەڵاتی بنەماڵەیی، تایفی و قەومی، ئیسلامی، دیکتاتۆر، هەن، کەچی ئەم کەش و دۆخەش هەیە، کە دەیان و سەدان نووسەر و رۆژنامەنووس و رەخنەگر، حزب ولایەنی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن و نەیاری دەسەڵات، گۆڤار و رۆژنامە و تەلەفزیۆن و رادیۆ، میدیای هەمە رەنگ هەن…  هاوکات لەگەڵیدا و کوشتن و رفاندن و زیندانی و تیرۆریش لەسەرشتی زۆر سادەی وەکو کۆمێنت نووسین، و چاتکردن، یان وتارێکی رەخنە ئامیز  هەیە و دادگاو یاساش یان نین یان بوکەڵەیەکن بە دەستی دەسەڵاتەوە.

واقعیەت ئەوەیە، ئەمە بەرهەمی بوونی ئازادی و ریزگرتن لە مافە فەردی و مەدەنیەکان نییە، لە هیچ کام لە یاساکانی حزبە دەسەڵات بەدەستەکان و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایشدا نییە، کە ئاوا کۆمەڵگە لەلایەکەوە ئاواڵا بێتە پیش چاو و لەلایەکی تریشەوە ترس لە سادەترین بەیان و رادەبرێن، بە زیندانی و تیرۆر وەڵام وەربگرێتەوە.

تێکەڵ بوونی کەشی ئاوەڵای سیاسی، نەبوونی یاسا و پیادەکردنی، وەکو بەرهەمی قوتبی نەبوونەوەی دەسەڵات، لەگەڵ پرسی ئازادی و بەرەسمی ناسینی ئازادی و مافە فەردی مەدەنیەکاندا، لەلایەن دەسەڵات و حكومەت و لایەنە سیاسیەکانیدا، بەرهەمی ئەم دۆخەیە.

لە کوردستاندا کەشی نیمچەکراوەی سیاسی هەیە، کە بەرهەمی نەبوونی قەوارەی دەوڵەتی، بەرهەمی نەبوونی حکومەت، بەرهەمی نەبوونی یاسا، بەرهەمی بۆشایی دەسەڵاتی حقوقی، بەرهەمی قوبی نەبوونەوەی دەسەڵات و لە بەرامبەردا بوونی چەند زۆن، چەند جغرافیا، چەند قەڵەمرەی سیاسی پشت بەچەک بەستوو، چەند دەسەڵاتی دەرەوەی هەرێم و فەرمانڕەواو زاڵ بەسەر دەسەڵاتی زۆنەکانی هەرێمدا، بەرهەمی ناتوایی لە کۆنتۆڵی میدیا و ماس میدیادا، بەرهەمی دەسەڵاتی حزبی لە جێگای حکومەتی بە فەرمی ناسراو، بەرهەمی نا سەقامگیری سیاسی و نەبوونی پێناسەی حقوقی، بەرهەمی نادیاری ئایندەی سیاسی، بەرهەمی شلۆقی دەسەڵاتەکان،…تاد، هۆکاری سەرەکیی ئەو کەشە نیمچە کراوە سیاسییە، کە لە کوردستان یان هاوشێوەی کوردستاندا، لە گۆشەو کەنارەکانی دنیا هەیە.

لە کەشێکی ئاوادایە، کە هەرکەس و لایەن و گروپ و دەستەیەک بەپێی لەرزۆکی دەسەڵات لە زۆنەکاندا، هەم دەتوانێت نمایشی خۆی بکات و هەم پراکتیکی توانایەکانی خۆی و هەمیش دۆخێک دروست دەبێت، کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بێت، لەوانەش کاری میدیایی… بۆرژوازی بەم کەشە دەڵێت، کەشی ئازاد و دەسەڵاتی دیموکراسی و نووسەر و قەڵەم بەدەستەکانیشی شانازی پێوە دەکەن. دیارە بەهەر ئەندازە دەسەڵات قوتبی تربێتەوە، چەقی دەسەڵات ناوەندی تر بێتەوە، رادەی ئەم فەزا و کەشە کراوە، سنوردارتر دەبێت و رادەی سەرکوت و داپڵۆسین و پایماڵکردنی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکانیش زۆرتر دەبێت. لەزۆنی زەردا، کە پارتی تاك دەسەڵاتی جێ بەجێکاری بێ رکەبارە، بەتایبەت لە بادیناندا، رادەی سەرکوت و کۆنترۆڵی دەنگی ناڕازییەکان و بلۆککردنی ئازادییەکان و لە قاڵبدانی مافەکان، زۆرترە. لە زۆنی سەوزدا، کە دەسەڵاتی یەکێتی تاک دەسەڵاتی بێ رکەبار نییە، و دەسەڵاتی سیاسی ناقوتبی و نا هاوهەنگ و شلۆقە، رادەی سەرکوت و پایماڵکردنی مافەکان، قورستر و جموجۆڵی نەیارانیشی بەرجەستەترە. ئەمەش بە هیچ جۆرێک بەمانای بوونی ئازادی نایەت و ئەم کەشەش خێر و سەدەقەی دەسەڵات نییە، بەڵکو ناتوانیەتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو واقعیەتانەو ئەم کەشە ناوازەیە کە لەهەردوو زۆنەکەی هەرێم دا، هەیە و بەرهەمی ملهوری ئەمریکا و جەنگ و دابڕدابڕبوونی عێراق و خرۆشانی راپەرێنی ساڵی ١٩٩١ کە. ئازادییەکان و ئازادی بیروڕا، بوونی نییە، بەڵکو توانای کۆنترۆڵکردن لاواز و پڕ کیشەیە. لەناو ئەو بێ توانایەی دەسەڵات و کەشی لەکۆنتڕۆڵ دەرچوونی میدیاییدا، پەراوێزێک بۆ کاری حزب و لایەنە سیاسیەکانی نەیاری دەسەڵات، بۆ میدیاکاران، بۆ کۆبونەوە و مانگرتن و رەخنەگرتن دروست بووە، کە دەسەڵاتی سیاسی هەموو هەوڵی بۆ سەرکوتکردن و لە قاڵبدانیەتی و هاوکاتیش بۆتە یەکێک لە مەیدانەکانی بەرامبەرکێی دەسەڵات لەگەڵ جەماوەری تینوی ئازادی. هەموو بوختان  و تۆمەتەکان، سەرکوتگەرییەکان، راوەدوونان و زیندانی کردنەکان، تیرۆرەکان، هیرش بۆ سەر رۆژنامەنووس و نووسەران و رەخنەگرانی سیاسی دەسەڵات، هیرش بۆسەر رۆژنامەو گۆڤار و کەناڵەکانی راگەیاندن، سزادانیان… بەڵگەی حاشاهەڵنەگری سەرکوتگەری دەسەڵاتی حزبی و ناکۆک بوونیانە بە ئازادی و ئازادیەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان. بەڵام ئەگەر لەکاتی هاتن و سەرەتای دەسەڵاتیان، سەرکوتی شوارکان و دەنگە نارازییەکان، کوشتاری ژنان و هێرش بۆسەر ئازادی و مافە زۆر سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان و کوشتنی خەونەکانی جەماوەی ڕاپەریوو بوو بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتیان، ئەوا لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ بەدواوە هیرش و ملهوری نواندنی دەسەڵات بۆسەر ئازادییەکان و مافە فەردی و مەدەنییەکان و بۆسەر نەیارانی دەسەڵات و رۆژنامەنووس و نووسەر و هەڵسوڕاوانی سیاسی، بۆ بەرگرییە لە پاراستنی دەسەڵاتیان، لەبەردەم بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریدا، کە گەیشتووە بە خواستی راماڵێنیان.

کارنامەی ٣٠ ساڵەی دەسەڵات و هێرشی بەردەوامی بۆ سەر کەشی نیمچە ئاوەڵای سیاسی کوردستان و ئەو دۆخەی بۆ کاری سیاسی و میدیایی و ئازادییەکان رەخساوە، تا تیرۆری دەیان کەسایەتی سیاسی نەیاریان، تیۆری کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕاوانی چەپ، رۆژنامەنووسان، و دەستئاوەلاکردنی کۆنەپەرستی ئیسلامی و رەوتە سیاسیەکانیان، هێنان و داسەپاندی دەیان یاسای سەرچاوەگرتوو لە یاساکانی بەعس و شەرع و تۆمەت بەخشینەوە و دۆسیە سازکردنی بۆ نووسەران و هەلسوڕاوانی سیاسی و جەماوەری و نووسەرو رۆژنامەنووسان، بەڵگەی دوژمنایەتی دەسەڵاتە لەگەڵ ئازادی و ئازادییەکان و مافە زۆر سەرەتاییەکانی ئینساندا. لەو چوارچێوەیەشدا داخستنی چەندین رۆژنامە، هیرشی رۆژانە بۆسەر رۆژنامەنووسان، رفاندن و تیرۆر تا هێنانی چەندین پرۆژە یاسا!! بۆ کۆنترۆکردنی کاری میدیایی لە ژێر ناوی” ریکخستنی کاری میدیایی” ریکخستنی میدیای ئەلکترۆنی” کە لەئاکامی ڕووبەڕووبونەوەی دەنگی نارەزیەتی فراوان، پاشەکشەیان پێکرا، تا دەگاتە سزا قەرەقوشیەکانیان بۆ زیندانی ٣٠ ساڵەی کەمالی سەید قادر، تا بریاری سزای زیندانی ٦ ساڵ بەسەر گیراوەکانی بادیناندا و دۆسیە بۆ سازکردنیان، بە جیا لەسەرکوتگەری و دژایەتی ئازادی و ئازادییەکان، هاوکات نیشانەی نەبوونی هیچ یاسایەک و دادگایەکە کە کەمترین بەهای مرۆڤ ڕێز لێبگرێت یان بەرگری لە ماف و کاری نووسەر و رۆژنامەنووسان و نەیارانی دەسەڵات، بکات.

دیارە یاسا بەشێوەی گشتی، بە پێچەوانەی قسەکەرانی بۆرژوازی بۆ پاراستنی مافی تاکەکان و رێکخستنی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو لە بنەرەتدا بۆ کۆنتۆڵکردنی کۆمەڵگە و پاراستنی نیزامی سیاسی قازانج پەرستی چینایەتییە. لە وڵاتە تا رادەیەک پیشکەوتو و ناونراو بە دیموکراسیەکاندا، و لە ئاکامی تیکۆشانی بزوتنەوەی ئازادیخواز وئینسانیەکاندا یاساکان نەرمترن و بەلای لایەی دیموکراسی بیشکەی مافەکانی رادەژەنن و ناچارن لەپاڵ بە بەفەرز وەرگرتنی پاراستنی پایەو ستراکتۆری دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری. سەرمایەدا، بەهایەیەکی نیوە ناچلیش بە ئینسان ببەخشن و یاسا بۆ بەرگری لە بەشیک لە مافەکانیان، زامن بکەن… بەڵام ئەمە لە ژیر دەسەڵاتی رژێمە دیکتاتۆرو مەزهەبی و سەربازییەکاندا، یان لەژێر سایەی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیاییدا، هیچ جێگایەک بۆ بەها و شکۆی ئینسانی نییەو یاسا وابەستەیە بەسەرکوت و داپلۆسین و گرمۆڵەکراوە لەدەست حزبیدا، بۆ خەواندن و بێدەنگە پێکردنی کۆمەڵگە.

لە هەموو دنیای ناونراو و ناسراو بە دیموکراسیدا، تا ڕادەیەک دەسەڵاتەکانی تەشریعی  و تەنفیزی و دادوەری

لەیەک جیاکراونەتەوە، لە ژیر ساباتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، دەسەڵاتی جێ بەجێکار، دەسەڵاتی راپەراندنە کە حکومەت!! و لەراستیدا حزب و لەناو حزبیشدا، کەسانی دەستڕۆشتوی بنەماڵەن… هەر ئەوەشە وا دەکای سەرۆکی حکومەت بەر لەدادگا، تۆمەتی تێکدەو و سیخوری بداتە پاڵ گیراوەکان و پاشانیش دەسەڵاتی داوەری کە دەبێ سەربەخۆ بێت، دەبێتە گوی لەمستی سەرۆکی حکومەت و بەهەمان تۆمەتی لە پێشدا بریارلێدراوی سەرۆک تۆمەتبار دەکرێن.

راگرتنی ٦ مانگ لە گیراوەکانی بادینان بێ دادگایی و بێ ئەوەی ڕێگە بدرێت کەس و کاریان دیداریان لەگەڵ بکەن، تاوانێکی زۆر گەورەیە بەرامبەر بە ئینسان و تەنانەت بە یاساش… لەوەش زیاتر تۆمەتبارکردنیان بەر لە دادگایی بە تێکدەر و سیخور و نۆکەری بێگانە… پوچی رۆڵی دادگا دەخاتە روو.

ئەوەی لە دادگایی گیراوەکانی بادیناندا روویدا، رووی راستەقینەی دەسەڵاتی میلیشیایی خستە ڕوو، ئەو راستیەی نیشاندایەوە، کە ئەم دەسەڵات و دادگایە. لازم و مەلزومی یەکترین، بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتی رەشی بزوتنەوەی کوردایەتی و میلیشیاییەکەیان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.