دەمە تەقێ گفتوگۆی هونەرمەند کاوان قادر لەگەڵ نووسەر و رۆمان نووس ئارام حەسەن
دەمە تەقێ
گفتوگۆی هونەرمەند کاوان قادر لەگەڵ نووسەر و رۆمان نووس ئارام حەسەن
کاوان قادر: مارتین نایمۆلەر بە هۆنراوەیەک لە یەکێک لە یادەوەرییەکان بۆ هۆلۆکۆست کە جینۆسایتی جولەکەکان بوو لەسەر نازییەکانی ئەڵمانیا نوسیویەتی و دەڵێت :
یەکەمجار هاتن بۆ کۆمۆنیستەکان دەنگم هەڵنەبڕی چونکە کۆمۆنیست نەبووم
هاتن بۆ جولەکەکان دیسان دەنگم هەڵنەبڕی، چونکە جولەکە نەبووم
هاتن بۆ نەقابیەکان دیسان دەنگم هەڵنەبڕی، چونکە نەقابی نەبووم
هاتن بۆکاثۆلیکەکان دەنگم هەڵنەبڕی، چونکە پڕۆتیستانت نەبووم
دواجار هاتن بۆ خۆم لەو کاتەدا کەسێک نەمابوو دەنگ بۆ من هەڵبڕێ.
لەسەر ڕۆشنایی ناوەڕۆکی ئەم تێکستە و ڕۆڵی جەماوەری خەڵکی بێدەرەتان لەبەرامبەر ئەم ناعەدالەتی یەدا بەتایبەت دوای دۆسیەی ٦ ساڵ حوکمی زیندانی بەسەر ٥ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی و ناڕازی هەولێر و بادینان لەلایەن کابینەی ٩ بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ، تۆ وەک نووسەرێک چی دەڵێیت، دەیانەوێت چی پەیامێک بە خەڵکی بدەن؟
ئارام حەسەن:
ئێ وەختی خۆیشی ئاغاو دەرەبەگەکان هەر هەمان سیاسەتیان پەیڕەو کردوە، خۆ ئەمەی کوڕەکەی مەسعود بارزانی کردی، نە پەیامێکی نوێیە، نە داهێنانێکی تازە، ڕێک لاسایی هەمان ئەو ئاغایەی کردەوە، کە وەختی خۆی بێحورمەتی نەما بە خەڵکی بێدەرەتانی نەکا، بەڵام وەختێ زانی ئەوان هەر بێدەنگن، ئەنجا لەکاتی ڕاوکردندا دوو جوتیاری لەگەڵ خۆی دەبرد، کە دەبوو شانبەشانی تانجیەکان بەو هەموو هەرد و کێوەدا ڕابکەن. بەداخەوە، جەماوەری خەوخۆشی باشوور ئەوە ٣٠ ساڵە، وەها پەرت پەرت کراون، وەها قاش قاش و دابەشکراون بەسەر پێخەفی حیزبەکاندا، کە نەک لەسەر ئەو نادادیەی بەرامبەر بەو چەند ڕۆژنامەوان و چالاکوانە ناڕازیەی بادینان کرا.. وەخەبەر نایەن، بەڵکو هەتا یەک بە یەک نەخزێنرێنە گونج و زێراب و قوژبنی زیندانەکانی پارتی و یەکێتیەوە بەخەبەر نایەن.