من لەتەرەفی ئاوبوم … حەکیم میرزا

0

من لەتەرەفی ئاوبوم

حەکیم میرزا

 

دەستم بۆناخرێتەوە سەردڵم و

گرێ كوێرەی ئەم نائومێدییە حەپەساوەم

بۆناكرێتەوە

ویستم بەئێوارەیەكی سەرسپی بڵێم

ئەگەر دەتوانیت دوگمەی ستیانەكەت بترازێنە

با بەهەوەستی ئەم تەنیاییەی خۆم

هەناسەیەكی قوڵ هەڵكێشم و

كەمێك ئامۆژگاریت لێوەرگرم

 

گوێم لەبانگی  عیشایەو هەموو گیانم

مووچوڕكەی پیادێت

وەك ئەوسا سەرم لەهیچ بێتاقەتیەك دەرناچێت

ناتوانم بەژنەكەی دراوسێمان بڵێم

ئەگەر چویت بۆسەر قەبران سەبەتەیەك ئاهی سەرم لەگەڵ خۆتا بۆبێنەو

كەمێكیش هەناسەی خۆتی پیابپرژێنە

نەبا لەڕێگا بابیبات

من لەتەرەفی ئاوبوم

بەجوملە تەنیاییم دەفرۆشت

بەدانە مردنم هەڕاج دەكرد

دەروێشانە دڵداریم لەخوا دەكرد

زەردەخەنەم لەسەربان هەڵدەخست

قردێلەم لەپرچی گۆرانیە ماتەكان ئەداو

تاقوتابخانە ڕەوانەم دەكردن

 

ئەوسا لەتەرەفی ئاوبوم

هەموو ساڵێك دووجار قورئانم خەتمدەكرد

ئاوێنەم لەسەر سوچی هەموو كۆڵانێك دادەنا

چۆلەكەم فێری گەمەی مردن دەكرد

مردوەكانم بەئاگر ئەناسان

دڵی سۆفیەكانم بەدار ئەرخەوانەكاندا

هەڵدەواسی

 

ئەوسا كراسەكەم بەوتوكراوی لەبەردەكرد

رقم لەپێڵاوی ڕەشبوو

نەمدەزانی ڕێگاكانی گۆڕستان دەچێتەوە

سەركوێ

ئێستا پێش ئەوەی پیاسەیەك بەناو جەستەی

خۆمدا بكەم دەبێت ڕوخسەت لەمردوەكان

وەرگرم

 

نازانم بۆنامەوێ تێبگەم كەژیان گەمەیەكی

پێكراوەو دەبێت لەشەقامێكی جەنجاڵدا

دەستی بگریت و بیپەڕێنیتەوە بۆئەوبەر

كراسەكەم بۆلەبەر ناكرێت

ناتوانم بچمە بەر ئاوێنەكەو دەمووچاوم

بشۆم شانەم بۆناگیرێ بەدەستمەوە

هەناسەی قوڵم بۆ هەڵناكێشرێ

 

ئەوسا لەتەرەفی ئاوبوم

حەزم لەسەفەر نەدەكرد بۆ شارەكانی

تەنیایی

كەباسی شەمەندەفەریان بۆ دەكردم

ئەژنۆكانم دەكەوتنە لەرزین و سەرم گێژدەبوو

لەبەر خۆمەوە ئەمووت خودایە

من نەئەدرەێسێكم هەیەو نە شوناسنامەیەكیش

شكدەبەم تاپێی بپەڕمەوەو بۆئەوبەر

ماڵی ژیان

 

دەستم بۆناخرێتەوە ناوسنگم و مۆمێكم

بۆ داناگیرسێنرێت

ئەوەی بەدوای مندا دەگەڕێت

بالەم دەرگایە نەدات

من مردوم كەسیش نازانێت لەكوێ نێژراوم

ئەوسا لەتەرەفی ئاوبوم

ئێستا بەدیار ئاگرێكی

دڵڕەقەوە داڵغە بەتەنیایەوە

لێدەدەم

Leave A Reply

Your email address will not be published.