دۆی هەناران نووسینی: ئارام حەسەن
دۆی هەناران
نووسینی: ئارام حەسەن
26 ساڵ پێشتر، بەدەم پیاسەکردنەوە کوڕەکەی مامم گوتی:
ــ “ئا با بچین سەرێک لە مام ڕەمەزانی دراوسێمان بەین، ماوەیەکە زۆر نەخۆشە”
ــ “چیەتی؟”
ــ “نازانم، ئەڵێن قەت خەوی لێناکەوێ و ئەو شتانە”
دڵیم نەشکاند، کاتێک چووینە ژوورەوە، بینیم وا مام ڕەمەزان لە نێو کوڕ و کوڕەزا و خوشکەزاکانیدا لەسەر گازەرەی پشت لێی پاڵکەوتوە، پیاوێکی ئەسمەری سمێڵ ئەستووری خڕەڵەیش، کە تەمەنی هەروا پەنجا ساڵێک دەبوو، پێدەچوو هەر ئەو ڕۆژە سەرو سمێڵی ڕەش کردبێتەوە، بە چاکەت و پانتۆڵێکی نیللی و بۆینباخێکی سوورەوە، لە ژوور سەری مام ڕەمەزان بە چۆکدا هاتبوو، پارچەیەک لۆکە بە دەستی ڕاستیەوە بوو، ناوەناوە لە ئاوی نێو ژێرپیاڵەکەی هەڵدەکێشا و دەیهێنا بە نێوچاوان و ڕوومەتی مام ڕەمەزاندا، دیمەنێکی سەیر بوو بۆیە بە هێواشی لە کوڕە مامم پرسی:
ــ “ئەو پیاوە چیە، ئەی ئەوە چیە لەو ژێرپیاڵەیا؟”
ــ “چووزانم، بەڵام بیستوومە حەکیمیان بۆ گرتوە بە 1500 دینار”
[[ئەڵبەت مەبەستم دیناری سویسری ئەو ڕۆژگارەیه]]
ــ “ئاخر بەچی چاکی ئەکاتەوە، بە ئاو؟”
ــ “وسبە کوڕە، تۆ هەقت چیە، حەیامان مەبە”
چونکە منیش بە خەم حەیاوە نەبووم، ڕوومکردە کابرای حەکیم، دەنگم بڵندکرد، پرسیم:
ــ “بێزەحمەت ئەوە چیە لەو ژێرپیاڵەیا؟”
وەک بەرازێک، کە بیەوێ بە زۆر ملی خۆی بسووڕێنێ ڕووی تێکردم، بە چاوە ڕەش و باشقەڵەکانی خێسەیەکی لێکردم، گوتی:
ــ “گۆگردە!”
ــ “جا گۆگرد کوا شلە؟!”
ئیتر ئەوەندەمزانی شتەکانی خستەوە نێو جانتا ڕەشەکە، هەستایه سەرپێ، بە دەم ڕۆیشتنەوە گوتی:
ــ “ئەمڕۆ بەسە، سبەینێ سەرێ لێ ئەیەمەوە”
کەسوکاری مام ڕەمەزان هیچیان پێنەگوتم، بەڵام کوڕە مام چڕوچاوی خۆی گرژکرد، گوتی:
ــ “باشە تۆ هەقت چیە بەسەریەوە، گۆگردە یان تەڕەماشە، ئاخر بۆ قسە ئەکەی لە خۆتەوە، بۆ دەمی خۆت ناگری”
ــ “ئێ کاکە وەڵڵا گۆگرد شل نیە، ئەمە قۆڵبڕه، بەناوی حەکیمەوە پارە ئەکێشێتەوە، دە تۆ پیاڵەیەک عارەقی بەنێ بزانن سەد ئەوەنەی ئەو گۆگردە چاکتر نیە، وەڵڵاهی چاکی ئەکاتەوە”
کتوپڕ یەکێک لە خزمەکانی مام ڕەمەزان کەوتە قسەکردن، ڕووی کردە من، گوتی:
ــ “دکتۆر و شێخ و مشایەخی دنیامان پێکرد، هەموویمان تاقیکردەوە، شەرتبێ ئەو عارەقەش تاقی بکەینەوە”
ــ “نە کاکە، بەخوا گاڵتەم کرد، هەروا هات به دەمما، عارەقی چی و شتی چی”
ــ “شتی وا نیە، بەخوا بەخوا، ئەبێ عارەقیش تاقی بکەمەوە”
ڕۆژی دواتر، کوڕە مام هاتەوە بۆلام، گوتی:
ــ “بڕۆ عارەق پەیاکە”
ــ “بۆچی”
ــ “ئێ دوێنێ ئەو ناماقوڵیەت نەکرد؟”
ــ “با کردم”
ــ “دەی ناردوویانم بۆلات، بڕۆ پەیایکە، من نازانم ئەو گەنوگووە لەکوێ هەیە”
ــ “ئێ باشە تووڕه مەبە ئەچم”
چوومە سەرچنار، باش لەبیرمه بتڵێک عارەقی نەخلەم کڕی و پێچامەوە، بردم بۆ کوڕە مام، دامە دەستی و گوتم:
ــ “پێیانبڵێ کەمی بەنێ، با نەشڵێن ئەمه عارەقە بڵێن (دۆی هەناران)ە”
ئیدی لەڕێی کوڕە مامەوە هەواڵی مام ڕەمەزانم دەزانی، جاری یەکەم وتی کە حاڵی باشبووە، خەویشی لێئەکەوێ، بەڵام جاری دوەم گوتی:
ــ “قەوماوە، نازانم کێ پێیوتوە کە دۆ نەبوە، ئێستا ترساوە و دەم بۆ هیچ نابا، بەخوا بیستوومە بە توێکڵەوە سێویان خستووەتە بەردەستی وتوێتی لایبەن نایخۆم، بۆ نازانم بە سرنج عارەقتان تێکردوە”
بەڵام سێهەمین جار، پێویستی نەکرد بچم بۆ لای کوڕەمام بۆ هەواڵی مام ڕەمەزان، چونکە خۆی بە هەڵەداوان هات و پێیگوتم:
ــ “مام ڕەمەزان مرد”
لە یەکەم ڕۆژی پرسەکەدا، به کەسوکاریم گوت:
ــ “ئەوە منم، ئەگەر بە تاوانبارم ئەزانن ئەوەتام لەبەر دەستانا، بەڵام باوەڕکەن نیەتم باش بوو”
ــ “تۆ برای خۆشەویستی ئێمەی، مردن لە ڕێی هەموومانە، ئێمه هیچمان لە دڵا نیە”
کوڕە مامیش بە دزی منەوە، چوبوو بۆ لای مەلایەک، تا بزانێ ئەوەی من کردوومە، قەتڵە یان نە، مەلاکەش لە وەڵامدا گوتبووی:
ــ “وەکو قەتڵ، قەتڵ نیە… بەس یاخوا ماڵی ئەو ئامۆزایەت کاولبێ بۆ ئەو گوەی هاتوە بە دەمیا، باشە لەجیاتی عارەق، قوزەڵقورتێکی تر نەبوو بێتە سەر دەمی”