کەیسی شێروان شێروانی و زیندانیانی بادینان کەیسی ئازادییە، کەیسی کۆمۆنیزمە! نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

کەیسی شێروان شێروانی و زیندانیانی بادینان

کەیسی ئازادییە، کەیسی کۆمۆنیزمە!

نووسینی: ئیبراهیم حسێن

کەیسی گرتن و دادگاییکردنی شێروان شێروانی و سەرجەم هەڵسوڕاوانی بادینان و کوردستان، کەیسی کۆمەڵە هەڵسوڕاوێکی سیاسی و مەدەنی نییە بەتەنها، کەیسی ڕووبەڕووبوونەوەی چینی کرێکار و بەشەرییەتێکی کارگەر و ئازادیخواز و دەسەڵاتی کەمایەتییەکی سەرمایەداری کۆنەپەرستی دژی ئازادی و خۆشبەختییە.

  کەیسی کۆمەڵگەیەکە ئەو دەسەڵاتە سەرکوتگەرە بۆرژواییەی کوردایەتی ناوێ، برسێتی و بێمافی و داماوی قبوڵ ناکا، کەیسی کۆمەڵگە و چینی کرێکار و جیلێکی یاخییە لەو شێوە ژیانە ناقابیل و پەستەی ئەو دەسەڵاتە سەرمایەدارە کۆنەپەرستە، دەیانەوێ وەک تاقە شێوەی مومکینی ژیان، بە زۆر و سەرکوت بیسەپێنن. هەر بەوهۆیە کەیسی شێروان شێروانی و هەڵسوڕاوانی قوڵایی زۆنی زەردی بۆرژوازی، زۆنی قەڵای سەرکوت و دیکتاتۆرییەتی بۆرژوازی کوردایەتی، کەیسی کۆمۆنیزمە، کەیسی جەنگ و دەعوایەکی کۆمەڵایەتییە لەسەر ژیان، لەسەر ئازادی و خۆشبەختی ژیان، کەیسی تەقەلایەکی ڕەوای مرۆڤایەتییە بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵات و حاکمیەتی کەمایەتییەکی بۆرژوازی کۆنەپەرستە. کەیسی هەموو ئەو هەزاران ژنەیە کە بێکەس کوژ کران، ڕەتێنران و حورمەتی کۆمەڵایەتیان ڕوشێنرا. کەیسی هەموو ئەو لێشاوە ئینسانییە گەورە و فراوانەیە کە ژیانی ئازاد و بەختەوەریان لێ درێغ دەکرا. کەیسی هەموو ئەو مرۆڤایەتییەیە، کە دەستی لە هەموو ئیمکانێکی ڕێکخراو، لە حیزب و سەندیکا و شورا بڕاوە بۆ بردنەپێشی مەسەلە  ئینسانییەکانی خۆی.

 شێروان شێروانی و دەنگێک کە لەو ناوچەیە لە دژی ئیستبداد و دیکتاتۆرییەتی پارتی بەرزبوویەوە، دەنگێک بوو لە قوڵایی دڵی ئەو  ئینسانییەتە، و دادخوازی و سەرزیندویی ئەو ئینسانیەتە بێزارە بوو لەسەرکوت و دیکتاتۆرییەتی کوردایەتی و درێژکراوەی دەنگ و ڕەنگی نەزیر عمر و شاپور و قابیل و سەردەشت و بەکر علی و ئەو هاوارە گەورەیە بوو کە لە هەرشار و شەقام و کۆڵانێک، لە هەر ماڵ و لە هەر گۆشە و سوچێکی ئەو کۆمەڵگەیە، بە هەزار شێوە دێتە زمان و هەر ڕۆژ قوڵتر دەبێتەوە.

لەدەرەوەی دادگا کارتۆنییەکانی دەسەڵات، لەدەرەوەی قەڵاکانی ترسی زۆنی زەرد و سەوز، دادخوازییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرڕاست و گەورە لەئارادایە، کە ئەو دەسەڵاتە بۆرژواییە پوچەی لەسەر ژیان، لەسەر نان و ئازادی هێناوەتە پای لێ پرسینەوە و هەر ڕۆژ زیاتر و زیاتر لە هەر ئیعتبار و مەشروعیەتێکی کۆمەڵایەتی ڕووتی دەکاتەوە.

دادگا کارتۆنییەکان و میلیشیا و ترس و ئیرهاب بڕیار بوو کەمێک ئەو ترسەی پارتی و بورژوازی لە کۆمەڵگە، ئەو تۆقانە واقعییەی لە کابووسی بەرز بونەوەی فریاد و هاواری ئەو کۆمەڵگەیە، ئەو چینی کرێکار و ئەو نەوە لاوە چاو لە دووی ژیانە، چاو لە دووی ئازادی و ژیانێکی شایستە بە مرۆڤە دورتر بخاتەوە. بەڵام هەر زوو دەرکەوت دەسەڵاتێک کە ناچار دەبێ لەبەرامبەر جووڵانەوەیەک کە تەنها داوای ژیان و نان و ئازادی و شەرافەتی خۆی دەکا، دەست بۆ ڕفاندن و پێچانەوەی ناڕازییانی ئەو مەملەکەتە لە نێو ماڵ و منداڵ و خێزانیان دەکا و لە دنیا دایاندەبڕێ، نیشانەی جەبەروت و بەهێزی ئەو حیزبە نییە، نیشانەی ئەوە نییە کە ئەو دەسەڵاتە لە هیچ سوچێکی دڵی ئەو ئینسانیەتە ڕەگێکی ئەوتۆی هەبێ، بەڵکو نیشانەی وشک بوونی دوا ڕەگی پەیوەندی ئەو حیزب و دەسەڵاتەیە بە هەر شتێکی ڕەسەنی ئینسانی لەو کۆمەڵگەیەدا. ئەم ئاڵوگۆڕە لە مێژووی کوردستاندا بێگەڕانەوەیە و بێوێنەیە. تازە خەریکە قۆناغێکی تر لە مێژووی کوردستان و لە ئاڵوگۆڕ دەستپێدەکا.

ئەم کەیسە نیشانیدا کە بۆرژوازی ناتوانێ ئازادی بدات، ناتوانێ سازش لەسەر دانی هەر ئەندازەیەک ئازادی هەڵسووڕانی سیاسی، ئازادی خۆدەرخستن، مانگرتن و ڕەخنە و خۆ بەیانکردن بۆ چینی کرێکار و بەشەرییەتی کارگەر و ئازادیخواز بکات. بۆرژوازی ناتوانێ ئازادی بدات، چونکە لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی ئازاد لەو جۆرەدا، لەهەر ئاستێکی کرانەوەی کەشوهەوای ئازاددا بەشەرییەت بێمافی قبوڵ ناکات، برسێتی و هەژاری و نەداری قبوڵ ناکات و تێدەکۆشێ بۆ ژیانێکی شایستە بە شکۆی ئینسانی خۆی و لە کرانەوەی دەرفەتی هەر دەرکەوتنێکی ڕادیکاڵ کە چینی کرێکار و کۆمۆنیزم و چەپگەرایی بتوانێ قسە و ئەجێندای خۆی لەو جەنگەدا بەتەواوی سەرڕاستی و لەئاستی کۆمەڵگەدا بخاتە بەردەست، شکستی بۆرژوازی دەگۆڕێ بە ئەگەرێکی واقیعی تر. بۆیە بۆرژوازی تا کۆتایی ناتوانێ دیکتاتۆر نەبێ، ناکرێ خۆێناوی و کۆنەپەرست نەبێ، ناتوانێ دژی ئازادی هەڵسووڕانی سیاسی و حیزبی و جەماوەری نەبێت. ئەمە خاسییەت و پێویستی دیکتاتۆریەتە بۆ ئۆردوی بۆرژوازی.

٢٦.٢.٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.