هێزی گۆڕانکاری لەنێوان بەهێزبوون و چەمانەوە عبدالرحمن رەسوڵ

0

هێزی گۆڕانکاری لەنێوان بەهێزبوون و چەمانەوە

عبدالرحمن رەسوڵ

ئاڵوگۆڕی باشتر لەکۆمەڵگەدا هەمیشە بەهێزو ئیرادەی باشتر دەکرێت کە بتوانێت ئومێد و هیوای هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی ئینسانی بێت، ئەمەش بەوە دەکرێت کە دەنگ و هێزە ناڕازییەکانی چەوسانەوە و دزی و گەندەڵی لەیەک تێکۆشان و سەنگەری هاوبەش و یەکگرتوودا ڕێکخراوبکرێت بۆ ئەنجامدانی کاروچالاکی دڵسۆزانەی کرداری. بۆیە ناکرێت لەتێکۆشان بۆهێنانەدی کۆمەڵگەدا ڕەچاوی یاساو بنەما مرۆڤایەتییەکان نەکرێت، یەکێک لەبنەما مرۆڤایەتییەکانیش ئەوەیە کە لەتێکۆشاندا باوەڕی کرداریی و دڵسۆز بەتێکۆشانی هاوپشتی و هەماهەنگکاری هەبێت لەنێوان هەموو ئەوانەی کەدژایەتی چەوسانەوەو نابەرابەری و سەرکوت و دزی و گەندەڵی دەکات. بەداخەوە کەمترین هەنگاو لەو بارەیەوە دەنرێت، هەموو ئەوانە کەنارازین بەتایبەتی ڕێکخراو و حیزب و گروپەکان هەریەکەیان پێی وایە دەبێت لەداهاتوو ئەو کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت لەبەرئەوەی بەحیسابی خۆی ڕاستی و دڵسۆزی بۆ هەژاران و چەوساوەکان و کرێکاران لەلای ئەوە، ئەگەرچی کەمترین کاریگەری هەیە لەئاراستەکردنی کۆمەڵگەدا، ئەم خەنجەر لێکهەڵکێشان و ڕەخنە لەبنەما فکری و تێڕوانینەکانی یەکتری بەتایبەتی کۆمۆنیست و شیوعی و چەپەکانی کوردستان خۆیان بەرەو سەرگەردانی و بێ ئاسۆی زیاتر دەبن. نەخشە ڕێگای هاوخەباتی لەکاروچالاکی دا ئاسۆیی تێکۆشانە ئینسانییەکان ڕوونتر و بەئیرادەتر دەکات، ئەمەش بۆئەوەیە بۆ ئەوەی لەڕوویی کرداری و کاریگەربوون بوونەوە جیاوازو پێچەوانە بێت بە یاساکانی دەسەڵات و سیستەمی چەوسێنەر کەباکی بە قوربانی دانی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەکەی نییە، بەردەوام کۆمەڵگا پارچە پارچە دەکات و دابەشی دەکات بەسەر خێڵ و شار و ناوچەکاندا، بەردەوام لەکارگەی سیستەم و دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەرو کۆنەخوازدا مرۆڤەکان لەڕێگا سەپاندنی یاسا چەوسێنەرەکانی وەک سەپاندنی باجی زۆرو بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و گەشەی سەرکوت و بێکاری و هەژاری و برسێتی وئاوارەیییەوە بەردەوام مرۆڤەکان دەبنە قوربانی، ئەمەش تەنها لەپێناوی مانەوەی دەسەڵات و بەرژەوەندی خۆیدا. ناکرێت چاوەڕی ئەوەی هەبێت کەخەڵک شۆڕش بکات دواتر خەڵک بڵێ فڵان و کەس و حیزب ببە بەسەرکردەو ڕابەر. هیزی گۆڕانکاری ئەو هێزەیە کە لەشەقامەکانەوە سەرهەڵدەدات و ئاراستەی داهاتووی کۆمەڵگە دیاری دەکات. لەلایەکی تریشەوە بێکاری و هەژاری و برسێتی و زیادکردنی باج و ڕسومات زیاتر کۆمەڵگەی بەرەو وێرانتر بردووە کە هەرگیز ڕیفۆرم و چاکسازی درۆزنانە کۆمەڵگە لەو وێران بوونە ڕزگارناکات. کەواتە ڕاستکردنەوەو بەخۆداچوونەوەی خەبات و تێکۆشانمانە بەربگرین بە چەمانەوەی ‌هیزی گۆڕانکاری کە بزوتنەوەی نارەزایەتی شەقامە، ئەمەش بە ڕێکخراو نەبوون و پەرتەوازەبوونیان هەنگاوەکانیان دەشێوێت و ئاراستەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەبێت. ئەرکی هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازو یەکسانیخوازو کۆمۆنیست و شیوعی یە، یەکەم هەنگاوی هەنگاونان بۆ دەست خستنە ناودەستی  کاروچالاکی هێنانە کایەوەی بزوتنەوەیەکی هاوپشتی لەکۆمەڵگەدا کەدژ بەچەوسانەوە و نابەرابەری و داگیرکاری بێت. چیتر دەستە و ئەژنۆ دانەنیشێت لەبەرامبەر زیاتر برسیکردن و هەژارکردن وێرانکردنی کۆمەڵگای کوردستان.

سیستەمی سەرمایەداری ئەوەی بەلاوە گرینگە زیاترکردنی قازانج و سەرمایەی سەرمایەداران و بازرگان و دەسەڵاتدارە سەرکوتگەرەکانە بەناوی یاساکانی دیموکراسییەوە جەهەنەمێکیان لەچەوسانەوەو ئازاردان و بۆ مرۆڤەکان بنیاتناوە، کە بەردەوام زۆرینەی مرۆڤەکان بەتایبەت کرێکاران و هەژاران زیاتر دەهاڕێت بەسەپاندنی باجی زیاتر و بێکارکردنی زیاتر ئەمە واتە گەشەدان بەهەژاری و برسێتی و نەخۆشی زیاترە. هەربۆیە لەقۆناغی ئێستادا سەرجەم مرۆڤایەتی پێویستی بە ڕاپەرین و شۆڕشی ئینسانی هەیە کە ڕەگ و ڕیشەی یاساکانی چەوسانەوە و سەرکوت و نایەکسانی و هەڵاواردن و نابەرابەری لەناوبەرێت. بۆ سەرکەوتن و هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر و بێ چەوسانەوە پێویستە کار لەسەر گەشەی هێزی تێکۆشانی گۆڕانکاری بکرێت واتە سەرجەم ئەوانەی کە دژی یاساکانی چەوسانەوەو دزی و گەندەڵین ئەرکیان خەباتیان یەک بخەن و هێزی هاوپشتی بەهێز بکەن بەرەو ڕوخانی دەسەڵاتی تاڵانچی و سەرکوتکەرو دزو گەندەڵ هەنگاوی کرداری و دڵسۆزانە بنێن. ناکرێت هێزی گۆرانکاری بەرەوچەمانەوەی ملبنێت. چونکە لەبیرمان نەچێت لەپەرتەوازەی خەڵکی ناڕازی دا خەڵک بەرەو بێ ئومێدی وبێ ئیرادە بوون دەچێت، بەناچاری لەبێ ئاسۆیی دا بەرەوچەمانەوە دەچێت لەبەردەم هێزی کۆنەخوازی و کۆنەپەرستی دا، دواجار هەر گۆڕانکارێک ڕوو بدات لەبەرژەوەندی ڕەوتی کۆنەپەرستی و دژە ئینسانی دا دەبێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.