لە وەڵام بە ناسیونالیستێکی کۆڵەوار… نووسینی: ڕۆژ عەزیز

0

لە وەڵام بە ناسیونالیستێکی کۆڵەوار…

نووسینی: ڕۆژ عەزیز

کەسێکی ناسیونالیست بەناوی شاهین کەریمی لە واڵاکەی خۆی  ئەوە بۆ چەندەمین جارە هێرش دەکاتە سەر کۆمۆنیزم و مارکسیزم بێ ئەوەی ئاگای لە مارکسیزم وکۆمۆنیزم بێت. ئەم برادەرە پۆستەکانی بێ سەرەو بەرەیان پێوە دیارە بێ بەڵگەو بێ بنەما قسە دەکات. خۆی وەک کەسێکی ناسیونالیست نیشان دەدات تەنها خەباتی ئەو بۆ کوردایەتیە نەک بۆ کۆتایهێنان بە زوڵم وچەوسانەوەی هەژاری بەدەستی سەرمایەداری، ئەم ربادە باکی نییە هەموو بەشەریەت بمرن لەبرسا بەس گرنگ ئەوەیە کورد نەمرێت بۆ ئەو گرنگە  کوردایەتی کورد پەروەری و قەومپەرستی. من لێرەدا بەم باسەم تەنها تەنها وەڵامی شاهێن کەریمی نادەمەوە، بەڵکو وەڵامەکەم رووی لەهەموو ئەو ناسیونالیست و دژە مارکسستی و کۆمۆنیستیە کە بەردەوام کەوتونەتە بەرامبەرکێ و دژایەتی کۆمۆنیزمەوە.

 لەم باسەمدا کەمێک وەڵام بەپۆستی ئەم برادەرەش دەدەمەوە، کە لەپۆستەکەیدا دەڵێت “لە ڕوانگەی کۆمۆنیستەکانەوە، دەبێت یەکسانی هەبێت. ئەو کەسانەی خاوەن سامانی زۆرترن دەبێت سامانی خۆیان لەگەڵ نەدارەکان دابەش بکەن و هەژاری بنبڕ بکرێت” من تێناگەم لەکام  باس و بەرنامەی مارکسیزم و کۆمۆنیزمدا ئەمە هەیە ؟ بەقسەی ئەم برادەرە بێت کەسێک چوار مەشقی لەماڵەوە دانیشێت و کۆمۆنیستەکان بچن کاری کرێگرتە بکەن و پارە بۆ ئەو کەسە بنێرن کە دانێشتووە ، ئەمە  چ عەقڵ ومەنتیقێکە ئەم برادەرە خوێندویەتیەوە تا ئێمە لێی شارەزا نەبووین .

 بەڕێز ئەوە کاتێک ئیمکانی هەبێت کە دەولەت هەبێ یاخود کۆمۆنیزم بەدەسەڵات گەیشتبێت بەم جۆرەی تۆ نا  بەڵکو دەبێت داهاتی کۆمەڵگە بەیەکسانی بەسەر ئینسانەکاندا دابەش بکرێت، نەک کۆمۆنیزم دەسەڵاتی نەبێ کەسێکی کۆمۆنیست ئیش بکات و کەسێکیش نەکات بچن داهاتەکەیان دابەش بکەن. کۆمۆنیزم خەبات دەکات بۆ بەدیهێنانی ئازادی بەرابەری ئینسانەکان، خەبات دەکات بۆ نەهێشتنی موڵکدارێتی وکاری کرێ گرتە. کۆمۆنیزم رەنگی پێست زمان نەتەوە ناناسێت لە دەسەڵاتی کۆمۆنیستیدا جیاوازی ئینسانەکان نییە لەسەر زمان و نەتەوەو رەنگی پێست. تۆیەکی بێئاگا و کڵۆڵ بێگومان دوای هاشوهوشی نەتەوەپەرستی و بورجوازی کەوتویت بێگومان ناچاریت کۆمۆنیزم ئاوا هەڵسەنگێنی.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانی ئەم برادەرە ناسیونالیست خۆماڵیەدا باس لەوە دەکات کۆمۆنیستەکان تەنها ئەم داخوازی و دابەشکردنە روو بەسەرەو سەرمایەدارەکان بووە. لێت تێک نەچێ کۆمۆنیستەکان داخوازی لە سەرمایەدارەکان ناکەن تا داهاتیان لەگەڵ کۆمۆنیستەکان دابەش بکەن. دیسان سەرت لێ تێکچووە کۆمۆنیستەکان  داخوازی لە سەرمایەدار ناکەن سامانیان لەگەڵ دابەش بکەن، بەڵکو دەبێت سامانی سەرمایەدارەکان کە بە دزی تاڵانی سەرمایەیان کەڵەکە کردوە بیگەرێننەوە بۆ کۆمەڵگەو خەڵکەکەی. یەک هەقیقەت هەیە رەنگە تۆش ئەوە بزانی سەرمایەداری لەسەر شیلەی گیانی خەڵک و بەتایبەتی خەڵکی زەحمەتکێش نەبێ ناتوانێ سەرمایەکەی کەڵەکە بکات . سەرمایەدار ئەگەر بەدزی سەرمایەکەی پێکەوە نەنێ ناتوانێ سەرمایە کۆ بکاتەوە خۆ قابیلە بەرەنجی شان پێکی نەهێناوە.

 کۆمۆنیستەکان هەرگیز داخوازی لە سەرمایەدار ناکەن سەرمایەکەیان لەگەڵ بەش بکەن، بەڵگو گەرانەوەی سەروەت و سامانی سەرمایەداریکی دزو مافیا دەبێت بگەرێتەوە بۆ دەوڵەت و دەوڵەت دەستی بەسەردا بگرێت دوای بیداتە خەڵک، ئەمە لەکاتێکدا ئیمکانی هەیە کە دەسەڵاتی کۆمۆنیزم بزانێت پارەکەی کەڵەکەی کردوە  بەرەنجی شان و بە رێگای دروست وبێ غەش کەڵەکەی نەکردوە. لەتۆ دەپرسم ئەو سەرمایەدارانەی کوردستان بگرە زۆربەی جیهانیش بەچی سەرمایەکەیان کەڵەکە کردوە؟ دەکرێت خۆت وڵامی دروست بدەیتەوەو بگرە لەمن باشتر دەزانی بەس نازانیت کۆمۆنیزم ئەگەر دەسەڵاتی هەبێ مەبەستی چییە؟ بەس تۆ چونکە یان بێ ئاگای یان خەریکی چەواشەکاری.

شاهین کەریمی “لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئینجا دێتە سەر چەپ دەڵێت چەپەکان باوەریان بە ئەنتەرناسیونالیسم هەیە” دیسان لەمەشدا شا‌ێن بەهەڵەدا چووە، چونکە چەپ زۆر هەیە ئەسڵەن قەومین یان بورجوازین بگرە نە باوەریان بە یەکسانی هەیە نە بە کۆمۆنیزمیش، ئیتر نازانم ئەم برادەرە تێکەڵەو پێکەڵی کردوە، کە گوایە چەپێک باوەری بەوە هەیە نابێ کرێکاریکی بەرازیلی یان نابێ جیاوازیان هەبێ” نازانم ئەم برادەرە چۆن لەمەسەلەکان گەیشتووە؟ کریکاری بەرازیلی وهۆلەندی بۆ باس کراوە؟ ئەو چەپەی کە ئەو باسی دەکات رەنگە خۆشی سەری لێ دەرنەکات خۆ شەرت نییە چەپ باوەری بە یەکسانی کرێکاران بێت یان ئینسانەکان بێت.

 ئەگەر مەبەستی جیاوازی نەکردن بێت لەنێوان کریکاریکی هاوزمانێکی بەرازیلی هاوزمانێکی هۆڵەندی، بەڵام بۆی روون نەکردینەوە یەکسان بن لەچیدا لەزماندا لە کاردا لەیاساو سیستەم و قانوندا ؟. ئەگەر چەپ و کۆمۆنیستێک وەک یەک سەیر دەکات دیسان بەهەڵەدا چووە چەپ وکۆمۆنیست نەزەریان جیاوازە  بۆ نمونە ئەگەر لەکوردستان هاوڵاتیەکی عەرەب، تورک، فارس، هۆلەندی، سویدی، ئەمریکی یان هەر کەسی تر لەوێ بژی و کۆمۆنیستەکان  دەسەڵاتیان هەبێ ئەو هاوڵاتیە ئیقامە یان جنسێی هەبێ لەکوردستان لەبەرامبەر ماف و ئازادیەکانی لەبەرامبەر یاساو قانوندا بێگومان یەکسانن لەگەڵ هاوڵاتیەکی کورد زماندا .

شاهین کەریمی لەبەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا باس لەوە دەکات و دەڵێت “بەپێی ئەم پرەنسیب و بنەمایە قەت بۆ وێنە ئەگەر کۆمۆنیستێک لە سوید ٢٠ هەزار کرۆن داهاتی هەبێت، بڵێت من ئەم مانگە ١٤ هەزارم پێویستە و ٦ هەزار بنێرێت بۆ کرێکارانی بەنگلادش (بەپێی ئەوەی خۆیان دەڵێن هەرکەس بەپێی پێداویستی خۆی سەرف بکات)، بەڵام وەک لیبڕاڵ و سەرمایەدارەکان، پارەکانیان پاشەکەوت دەکەن، شتی جوانتر دەکڕن، خواردنی باشتر دەخۆن و گەشتی هاوینان دەکەن .” شاهێن دەیەوێ فێرمان بکات کە بەرنامەی کۆمۆنیزم  چۆنەو کەمێک ئاشنامان بکات بە کۆمۆنیزم کە ئێمە ژیانمان باشەو بچین پارە بنێرین بۆ کریکاریکی بەنگلادیشی، بەس لەوە حاڵی نابێ کۆمۆنیزم کاری دەستەجەمعی و خەبات دەکات لە سەراسەری جیهاندا بۆ دنیایەکی باشترو ئایندەیەکی باشترو بەرابەر بۆ ئینسانەکان و بۆ ژێرەوژوورکردنی نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی  کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان حکومەتی کۆمۆنیستی کە هەموو ئینسانێک یەکسان بن یەکسان بژین. بەڵام ئەم برادەرە کۆمۆنیستەکان وەک فەردو وەک حکومەتی سەیر دەکات وا دەزانن کریکاریکی کۆمۆنیست دەبێت داهاتەکەی لەگەڵ کرێکاریکی هەژاردا دابەش بکات  وا دەزانێ کرێکارە کۆمۆنیستەکە دەوڵەتی هەیە.

 ئەو لەسەر لێشێواوی کۆڵەواریدا  کۆمۆنیستێک و دەسەڵاتی کۆمۆنیستی وەک یەک سەیر دەکات. شاهێن کەریمی دیارە کوردایەتی ناسیونالیزم وای لێکردوە شتەکان تێکەڵ بکات وەک دەروێش حاڵی لێ هاتووە، چونکە بانگێشت کراوە بۆ لە کۆنفرانسی دووهەمی ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات، دیارە ئەم کۆنفرانسە شاهێن کەریمی دەمەزەر کردۆتەوە بۆ کوردایەتی و نەتەوەپەرستی، بۆیە وا گەرم بووە کەوتۆتە گیانی کۆمۆنیزم. شتێکی دیکە کە زۆر سەرنجی راکێشام وێنەیەکی مارکسی داناوە لەگەڵ پۆستەکەیدا کە ئارمێکی شیوعیەکانی پێوەیە. دیارە ئەم برادەرە مارکسی بەشیوعی شوبهاندوە ئەمەش بەوەدا دەردەکەوێ چەپ کۆمۆنیست و شیوعی لێک جیاناکاتەوە لەبێ ئاگایدا.

دەمەوێ لە شاهێن کەریمی بپرسم  ئەرێ ئەو دەسەڵاتەی لەدنیادا هەیە دەسەڵاتی کۆمۆنیزمە یان بورجوازی و قەومی؟ دەمەوێ هەر نمونەی زۆر دوور نەهێنمەوە ئەو دەسەڵاتەی لەکوردستانی عێراقدا هەیە دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکانە یان دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیونالستی بورجوازی کوردیە؟. لەتۆ دەپرسم ئەرێ لەسایەی ئەحزابی کوردایەتیدا لەکوردستان چ باسە؟ هەر بەراست ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان لەلایەن هاوزمان وهاونەتەوە پەرستانەکەتەوە چ باشە ژیانی خەڵک بەکوێ گەیشتووە؟ ئەرێ هەر بەراست لەکوردستان ستەمی و میللی و کێشەی میللی بەوجودە یان کێشە نابەرابەری هەژاری و فەقرو فەلاکەت بەوجودە؟ لەجیاتی ئەوەی بێی فێری بەرابەریمان بکەیت ئەی بۆ ئەرک ناکێشی نەتەوەپەرستەکانی هاوزمانت و دەسەڵاتی هاوزمانت و هاو قەومیت فێری یەکسانی بکەیت کە لەسایەیدا هاوزمانەکانی دەسەڵاتی کوردی و هاوزمانی جەنابیشت لەجەهەنمدا دەژین لە سایەی ئەو ئاوات و ئامانجەی کە تۆ خەباتی بۆ دەکەیت کە لەکوردوستانی عێراقدا دەمێکە بەوجودە .

 سەیرێکی دنیای ئەمرۆ خودی کوردستانی عێراقیش بکە تووشێ چ بەڵاو موسیبەتیک بوون بە دەست ناسیونالیزم و بورجوازیەوە، کەچی تازە بەتازە گەرم بوویت دێیت فێرمان دەکەیت یەکسان بژین لەبەرئەوەی کۆمۆنیستەکان باسی یەکسانی دەکەن لەکاتێکدا تۆ فەردو دەسەڵاتی کۆمۆنیستیت وەک یەک سەیر بکە. من پێم باشە بخوێنیتەوە بەئاگا بێیت ئەوسا دەکرێت رەخنەش بگریت، نەک قسەی بێ بنەماو بێ بەڵگە باس بکەیت. لێت تێکنەچێ کۆمۆنیستەکان نین دەسەڵاتیان هەیەو بەڵاو موسیبەتیان بەسەر خەڵکدا هێناوە، بگرە ئەوە بورجوازی سەرکردەو بنکردەی ناسیونالیستی جەنابتە کۆمەڵگەیان کاول کردوە ..

Leave A Reply

Your email address will not be published.