دەمە تەقێ کاوان قادر: بۆپێشەوە لاپەڕەیەکی ترە و سەکۆیەکی ترە لە نەخشەدانان  بۆ باشترکردنی ژیانی ئینسانەکان گفتوگۆیەکی هیوا ساڵح لەگەڵ کاوان قادری هونەرمەند

0

 دەمە تەقێ

کاوان قادر: بۆپێشەوە لاپەڕەیەکی ترە و سەکۆیەکی ترە لە نەخشەدانان  بۆ باشترکردنی ژیانی ئینسانەکان

گفتوگۆیەکی هیوا ساڵح لەگەڵ کاوان قادری هونەرمەند

هیوا ساڵح: سڵاو هاوڕێ کاوان قادر ئەمڕۆ هەموو شاهیدی بەرەنگاربونەوەیەکی خوێناوی بووین. خۆپیشاندانێکی گەرمی شەقام بووین لە کوردستان، تۆ وەک هونەرمەندێکی  پەیکەرساز چیت پێ یە یاخود بەشێوەیەکی تر بڵێم هونەرەکەت چی دەورێکی هەبوو بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران، ئێمە ئاگادارین لە ڕابردودا کارە هونەرییەکانت بەگشتی شۆڕشگێڕانە و ڕەخنەگرانە بووە، بەڵام ئێستە چی؟ کوا دەورو نەخشت بەتایبەتی لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەدا؟

کاوان قادر: هاوڕێ گیان سوپاس بۆ سەرنجەکەت ئەوە ڕاستە کە لەم دەورەیەدا کەمتر کاری هونەری پەیکەرسازی دەکەم، بەڕاستی هۆکارەکەشی ئەگەڕێتەوە بۆ سەرقاڵیم لەگەڵ ڕادیۆی پێشەنگدا، ٦ مانگ بەر لە ئێستە  ڕادیۆی پێشەنگ پاش ئەوەی دەورەیەکیان کردەوە بۆ فێربوونی بێژەری، بەباشم زانی لەو هەلە سود وەربگرم ئەو دەورەیەم وەرگرت. خۆشبەختانە بەسەرکەوتوویی تێپەڕی، هەڵبەت زۆر لە مێژە خۆم ئارەزووی شیعرو ئەدەبیاتم هەیە، بۆیە بڕیارم دا دوای کۆتایی دەورەی بێژەرییەکە لەگەڵ ڕادیۆی پێشەنگ کاربکەم، کە بۆ من هەمان ئەو چێژە هونەرییە دەبەخشێ کە وەک خولیایەک و ئارەزوویەک چێژی لێ وەردەگرم، لە لایەکی ترەوە  هەستم کرد ئەوە من نیم ئەو مەیدانەم هەڵبژاردبێت، بەڵکو ئەوە پێویستی مەیدانەکەیە منی هەڵبژاردووە، کاتێک باس لە سیاسەت دەکەم لە ڕێی هونەرەوە، بەو بڕوایە گەیشتم کە پەیوەست بوونم بە ڕادیۆی پێشەنگەوە وەک بێژەرێک و تەکنیککارێک کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی زیاتری دەبێت لەم  وەزعەدا، لێت ناشارمەوە هونەر ئەو هاوڕێ دێرینەیە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لەگەڵما گەورەبووە، ئەگەر کەسێک من بناسێت بەهۆی هونەری پەیکەرسازییەکەوەیە، هەرگیز نامەوێت فەرامۆشی بکەم دڵنیات دەکەمەوە کات بۆ ئەویش تەرخان دەکەم و بەردەوام دەبم، ئەوەش بزانە ئێمە هەموو ئەو باکگراوندە ئیستاتیکیەی لە هونەرەوە فێری بووین کاریگەری لەسەر هەموو ڕوویەکی ژیانمان هەیە لەسەر هەموو چالاکییەکانمان، بەو هۆیەی لەو جیهانە هونەرییەدا دەژیم و ئارەزووم بۆ ئەدەب زۆر ئاسانکاری بۆ کردم کە بچمە دنیای بێژەرییەوە. جێگەی خۆیەتی کە بڵێم لەڕێگەی ڕادیۆوە بەخوێننەوەی شیعری شۆڕشگێڕانەو تراکتی سیاسی و ئەو وتار و باسانەی لەپەیوەند بەو خۆپیشاندانانەوە کە باسیان دەکەیت دەورێکی زۆر ئیجابیمان هەبووە لە خۆپیشاندانەکاندا، ئەوەش بڵێم هەروەها کارکردنم لەگەڵ بڵاوکراوەی بۆپێشەوەدا لاپەڕەی (هونەرو ئەدەب) سەرپەرشتی دەکەم، ئەویش بەجێی خۆی کارێکە پێویستە و لەو مەیدانەشدا بووین. بۆپێشەوە لاپەڕەیەکی ترە و سەکۆیەکی ترە لە نەخشەدانان  بۆ باشترکردنی ژیانی ئینسانەکان، بۆ هەموو ئەو بەشانە (سیاسەت وهونەرو ئەدەب و ڕادیۆ ) تەنها ٪٥ ژیانی خۆتی بۆ تەرخان بکەیت هێشتا بە زۆر مەیدانی تر ڕادەگەیت و هێشتا کاتت زیادەیە، سەرەڕای کارکردن بۆ ژیانی ڕۆژانە،   کاتێک تێڕوانینم بەو جۆرەیە کە ناکرێ لە ستۆدیۆکەتەوە خەڵوەت بەدیار کارێکی هونەرییەوە بگریت، لەکاتێکدا ئەو هەموو مەیدانە زیندوو کاریگەرەش هەیە و پێویستی بە کەسانی وەک من و تۆ هەیە، ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەگەر دوای ژیانێکی باشتر دەکەیت دەبێ و ناچاریت قوربانی بۆ بدەیت، هاوڕێ گیان لەم ڕۆژگارەدا من و تۆ ئەوە دەزانین سۆشیال میدیا چەند تێکەڵ بە ژیان بووە و میدیا چەند بە خێرایی کاریگەری لەسەر ژیانمان هەیە. من ئەمڕۆ ئەمەوێ شانبەشانی خەڵکی بەشمەینەت شەڕی نان بکەم، شەڕی ئازادی بکەم ئەگەر بمەوێت ئەو دەنگە بم؟! میدیا یەکێکە لەو ڕێگە فعال وخێرایانە بۆ بیستنی ئەو شتانەی نەبیستراون، جیڤارا کە دکتۆر بوو وازی لە پیشەکەی هێنا و چووە ڕیزی شۆڕشگێڕە کوباییەکان پێی وابوو بەو ڕێگەیە زیاتر خزمەت دەکات. بەلای منەوە ئەوە سوننەتێکی جوانەو هەقی چاولێکردنی هەیە، لەو کوردستانە هەزاران نمونەی وامان هەیە، کەم نین ئەوانەی دەستبەرداری بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بوون دژ بەم کۆمەڵە مافیا سەرمایەدارە وەستاون کە تەنانەت دەستدرێژی بۆ سەر سفرەی خاڵی کەم ئەندامێکیش دەکات، ئەو هاوڕێیانە تێدەکۆشن خەبات دەکەن لەسەر حساب و ژیانی خۆیان بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵك. هاوڕێ گیان ئامانجی من هونەرەکە خۆی نی یە، بەڵکو لای من هونەر وەسیلەیەکە بۆخزمەت کردن بە ژیانی ئینسان بە بزوتنەوەیەک کە بۆ ژیانێکی باشتر تێ دەکۆشێت، لە هەر شوێنێک ڕێکخستنی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش هەبێت دەبێت لەوێ بین، دەی منیش ئەو ماوەیە بێ دەنگ نەبووم ئەو کارانەم کردووە، پاشان با لە یادمان نەچێت خوێننەوەش خۆی لەخۆیدا شێوەیەکی ترە لە هونەر، بڕوانە لەو کۆمەڵگەیەدا هەموو بزوتنەوەیەک قسەکەر و زمانحاڵی خۆی هەیە، هەر لە ئیسلامییەکانەوە بگرە تا ئەوپەڕی ناسیونالیزم، میدیا و تەلەفیزیۆنی هەیە، ئەوە کرێکارانن بێ بەشکراون، دەنگیان کپ کراوەتەوە ئەمڕۆ لەهەرکات زیاتر پێویستە ئەو دەنگە ببیسترێت، لەو مەیدانەدا هەوڵ ئەدەم ئەدەبیات و هونەری شۆڕشگێڕانەش پەرە پێ بدەم، ڕادیۆی پێشەنگ ئەو دەروازەیەی بۆ من کردۆتەوە بۆچی نا؟ تاقە دەنگێکە کە من پێم وایە دەبێت دەستی پێوە بگرین و دەستخۆشیان لێ بکەین، بەڕای من هەرکەس لە هەرشوێنێ کاریگەری زیاتری هەبوو پێویستە سەنگەرەکەی بۆ ئەو شوێنە بگوازێتەوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.