سیستەمی حیزبی یان شورایی   نووسینی: عبدالرحمن رسول

0

سیستەمی حیزبی یان شورایی

 

نووسینی: عبدالرحمن رسول

سیستەم واتە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کۆمەڵگە بە پشتبەستن بە چەندەها یاسا و بڕیار و شێوازوجۆری تایبەتمەند کە لەڕوانگەی یاسایی و ئیداریی و کارگێڕی و پەروەردەیی و ئابووری و بازرگانی و دیبلۆماسی یەوە پشتی پێ دەبەستێت. ئەمانەش وەکو (سیستەمی کۆیلایەتی ودەرەبەگایەتی و سەرمایەداری وکۆمۆنیستی   (جگە لەسیستەمی کۆمۆنیستی کەسیستەمێکی هەرەوەزکاری خەڵکی کۆمەڵگەیە)) هەریەکەشیان  لەسیستەمەکانی (سیستەمەکانی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی وسەرمایەداری) چەندین شیوازی جیاواز لەخۆ دەگرێت، بەڵام لەناوەڕۆکدا هاوشێوەن، کە لە ڕێگای حیزبەکانەوە بەپشت بەستن بە جۆرێک لە فکرو ئایدیای یەکێک لەم سیستەمانە کۆمەڵگەیان بەڕێوەبردوە، لەقۆناغی پێش دروست بوونی حیزبیش لەلایەن خێڵ و عەشیرەتەکانەوە کۆمەڵگە بەڕێوەبردراوە، لەقۆناغی ئێستاداش لەلایەن حیزبەکان دەسەڵاتی کۆمەڵگە بەڕێوەدەچێت بە پشتبەستن بە فەلسەفە و فکری زانا یان شارەزایانی ئابووری وسیاسی و فکریی، کە ئەوانەی دەسەڵاتەکان گرینگی پێدەدەن لایەنگران و پارێزەرانی سیستەمی سەرمایەداریین. خودی ئایین وخێلەکانیش پایەکی گرینگ بوون بۆ ڕاگرتن ومانەوەی جۆری سیستەمەکان لە مێژوو و لەقۆناغی ئێستاشدا، چونکە هاوکارو هاوپشتی یەکتری بوون بۆ درێژەدان بەهەمان جۆر لەسیستەم، تەنها بەلایانەوە گرینگ بووە کەپارێزەرانی سیستەمی دەسەڵات بەرژەوەندی و سوودی ئاژیتاتۆرەکانی و کەسایەتی خێڵ و ئایین بپارێزدرێت. لە قۆناغی ئێستادا بەگشتی سیستەمی سەرمایەداری تووشی قەیران و کێشەی گەورە بۆتەوە دەرئەنجام کێشە و نەهامەتی و دەردەسەری بۆمرۆڤایەتی سازکردووە بەردەوامیش لەگەڵ کێشە وقەیرانەکان ڕوبەروو دەبێت. خودی مرۆڤەکانیان بەجۆرێک کۆیلە و مل کەچ کردووە کە مێشک وهێزیان زنجیربەند کردووە، بەجۆرێک کە سەر ئەنجام مرۆڤایەتی بەناچاری لەگۆشەیەکەوە دەبێت دەست بۆ کۆتایی هێنانی کێشە و قەیرانەکانی بەرێت بەتێکۆشانی هاوپشتی ویەکگرتووانەی خەڵکی تێکۆشەری ناڕازی و کۆمۆنیست وئازادیخوازو یەکسانیخواز. لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران وعێراق و تورکیا ئاژیتاتۆرەکانی دین و قەوم وخێڵ بەکردەوەی فاشیزمانەو کۆنەپەرستیانە هاناسەی ژیانێکی باشتریان ڕاگرتووە، هەرچی ئاسۆی شارستانی و مەدەنی و نوێخوازی هەیە ڕوبەڕوویی هەڕەشەی لەناوچووەن دەبێتەوە، ئەم مۆدیلە ئیدارەدانە زۆر بەئاسانی لەکۆمەڵگای کوردستان بەدرێژایی دەسەڵاتدارێتی حیزبەکانی کوردایەتی گەشەی پێدەدرێت و بەردەوامیش ئاکارەکان و ڕەوشت و فەرهەنگ و کردەوەکانی فاشیزم وخێڵ و کۆنەپارێزی و دژەئینسانی لە کوردستان گەشەی پێدەدرێت. واتە ئیدارەدانی حیزبیان کردۆتە مۆرانەیەک بۆ وێرانکردنی جەستەی کۆمەڵگەی کوردستان. سیستەمی حیزبی بۆتە بەڵایەک بۆتێکشکاندنی ئیرادەی تاکی هاوڵاتی بەتایبەتی گەنجان ولاوان. ئەمەش وای کردووە کە کاری سیاسی و حیزبایەتی ناشیرین و بێ ئەرزشکردووە. هەرچەندە کاری حیزبی و کەسایەتی سیاسی بەپێی باوەڕبوونیان بەجۆری فکرو بیرکردنەوەی حیزبی لەشێوازدا گۆڕانی بەسەردادێت بەڵام لەناوەڕۆکدا هەریەکە لەکادرەکانی حیزب یەک دیسپلینیان هەیە کەزۆر دڵسۆزانە پابەندن پێیەوە بۆجێبەجێکردن، ئەویش داکۆکیکردن و بەرگریکردنی ڕاستەوخۆیە لەبەرنامەو ئاکاری حیزب و ڕەتکردنەوەو بەر ڕەخنەدانی سەرجەم فکروبۆچوون و تێڕوانینە جیاوازو دژبەرو ڕەخنەگرەکانی حیزبەکەیانە. هەربۆیە هەڵسوڕانی حیزبەکانی دەسەڵات بەردەوام کۆمەڵگای کوردستان دادەچۆڕێنن لەسیمای شارەستانی و نوێخوازی و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و کاردەکەن بۆگەشەدانی ڕاستەوخۆی فکری کۆنەپارێزی و دواکەوتوویی و بیروباوەڕی ڕازیبوون بە یاساکانی کۆیلایەتی وچەوسانەوە و دژە ئینسانی ئامانج وکاری بەردەوامیانە. ئەمەش لەپێناوی مانەوەی خۆیانە لەدەسەڵات و نەگۆڕانی کۆمەڵگەی کوردستانە بەرەو کۆمەڵگەیەکی نوێ تر وباشتر. بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵاتدارێتی لەباشووری کوردستان بەم جۆرە ئیدارەی کۆمەڵگە دراوە لەلایەن حیزبەکانەوە کەپشت و پەنایەکی بەهێزبوون بۆ ڕاگرتن و مانەوەی سیستەم و یاساکانی خێڵایەتی و کۆنەخوازی هەر بۆیە لەتێکشکاندنی ئیرادەی تاکدا کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆی کردۆتە سەر کادرو ئەندامانی دەرەوەی حیزبەکانی ناو دەسەڵاتیش بەحیزبە ئیسلامی ولیبراڵ وشیوعی وچەپە وکۆمۆنیستەکانیشەوە. یەکێک لەکاریگەرییە نەرێنێکان ئەوەیە کە حیزبەکانی ئیسلامی و لیبرالەکانی وەک بزوتنەوەی گۆڕان و زەحمەتکێشان و سۆسیالیست وشیوعی و حیزبە سێبەرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان عیراق ویەکێتی نیشتمانی کوردستان هەروەک یەکێتی وپارتی ڕاستەوخۆ کادرەکانیان لەژێر ناوی خانەنشینی و فەرمانبەرەوە کرانە موچەخۆری حکومی بۆ هەڵسوڕانی حیزبی، بەمەش تەواوی ئەندامان و کادیرانیان دوورخستەوە لەپشت بەخۆ بەست وبێ ئیرادە کرد، سەرجەمیان چاوەڕوانی ئەوەیان لەحیزبەکەیان هەیە کە پارەی باشیان پێبدات بەبێ ئەوەی کاری باش بکەن. تەنانەت ئەم جۆرە کارە نایاسایییە بۆتە هۆکارێکی بەهێزو کاریگەر بۆ داڕووخانی ئابووری کوردستان بەتاییبەت کەرتی کشتوکاڵی و گەشتوگوزارەوە، ئەگەر ڕژێمی فاشیزمی بەعسی دەسەڵاتداری عێراق بەجێبەجێکردنی پلانێکی زۆرەملێی دژە ئینسانی گوند و دێهاتەکانی چۆڵ کرد و ڕووخاندنی لەدوایی ١٩٩١ لەژێر سایەی دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی جارێکی تر گوند و دێهاتەکانی کوردستان چۆڵکرا ئەم جارە بەرنامەی دژە ئینسانی حیزبەکانی کوردایەتی دەسەڵات بوو بۆ وێران بوونی ئابووری کوردستان، ئەمەش بۆئەوە بوو کەخەڵکی کوردستان بۆ بژێوی ژیانی پشت بەخۆی نەبەستێت، بەردەوام چاوەروانی دەستی حیزبەکانی دەسەڵاتداربێت، چونکە هەرچی کادرو ئەندامی ئەو حیزبانە هەیە نایاسایی کرایە موچەخۆری حکومی، بەڵام بەبێ ئەوەی کاری حکومی بکەن، هەموولایەک دەزانن لەهیچ دەوڵەت و حکومەتێکدا نییە کەبەم جۆرەی کوردستان حیزبەکان ئیدارەی کۆمەڵگە بکەن و هەرچی داهاتی زۆری گشتی کۆمەڵگەیە تەخشان و پەخشانی پێبکەن. هەروەها دوورە پەرێزی و دوورکەوتنەوە لەهەڵسوڕانی ڕاستگۆیانەی سیاسی و حیزبی ئاراستەبوون بە زیاتر گیرۆدەبوون بەکاری کەسی وبەرژەوەندچێتی و خۆپەرستی و کاری بازرگانی لەژێر چەتری هەڵسوڕانی سیاسی و حیزبایەتیدا، کە بەدرێژایی تەمەنی هەڵسوڕانی سیاسی حیزبەکانی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان کاریان لەسەرکردووە ئەمەش دوو ئامانجیان بەدەست هێناوە: (١-تێکشکاندنی ئیرادەی هەبوونی هیوا و ئومێدی شۆڕشگێڕانەی تاک بۆشۆڕش و گۆڕانکاری نوێتر و باشتر لەناوکۆمەڵگەی کوردستان دا، کە بەنەخشە ڕێگای حیزبی ئەنجام بدرێت. واتە بەجێبەجێکردنی ئەم پلانە خەڵک لەجیاتی فشار خستنە سەر دەسەڵات بە ڕێکخراوبوونی خۆیان (خەڵکی نارازی) کە دەسەڵات ناچاربکات مل بە ڕیفۆرم وچاکسازی ڕیشەیی بکات کە دەسەڵاتی حیزب و دین لەحکومەت جیابکاتەوە، کۆمەڵگە بەرە وکۆمەڵگەیەکی شارستانی ومەدەنی بچێت هەروەها سوود لەئەزموونی باشی وخراپی تێکۆشانی خەڵکی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگیرێت بەپێچەوانەوە، بەتەواوی جێبەجێکردنی ئەم پلانەی دەسەڵات کە بێ ئیرادەکردنی تاکی هاوڵاتی بوو بۆ ئەوەی بۆ ژیان پشت بەخۆ نەبەستن بە ئیرادە نەبن بۆ ئیدارەدان و خۆبەڕێوەبەری و ڕێگری بکرێت لەگەشەی ئازادی و مافە مەدەنی و یاسا و فەرهەنگی شارستانی و سیکۆلاری .٢-ئەگەرچی خەڵک ناڕازییە لەدەسەڵات و جۆری ئیدارەدانی حیزبەکانی کوردایەتی، بەڵام ئەم ناڕازی بوونە نەتواندراوە سنوورەکانی حیزبایەتی تێکبشکێنێت (حیزبایەتی دەسەڵات). واتە سنووری دێگەڵە هەڵبوەشێنێت، ڕاستەوخۆ کاریگەری خستۆتە هەڵسوڕانی دەرەوەی دەسەڵات. ئەوانە کە بەحیساب ئۆپۆزیسیۆنن لە کوردستان، تەنانەت کاریگەری نەرێنی خستۆتە سەر نەک حیزبەکانی لیبراڵ و ئیسلامییەکان کە ئاوێتەبن بە لوکاڵی بوونیان، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەری خستۆتە سەر حیزبەکانی چەپ وشیوعی وکۆمۆنیستەکانیش کەپاش چەندەها ساڵ کارکردنیان نەیان توانیوە سنوورەکانی لوکاڵی بوونی خۆیان لە هەڵسوڕانی سیاسییان ببەزێنن. تەنانەت نەیان توانیوە لەڕوویی ڕاگەیاندنیشیانەوە ئەو سنوورە تێک بشكێنن کە حیزبەکانی کوردایەتی کاری لەسەر دەکات بۆ بێئیرادەکردنی تاکی هاوڵاتی ناڕازی کە لەجیاتی هەڵبژاردنی ڕێگای ئاوارەیی و بۆ چوونە ئەوڕوپا یان خۆکوشتن وخۆخنکاندن ببێتە ئەندام و کادری ئەو حیزبە کۆمۆنیستەی کە لەبەرنامەی حیزبیدا خۆی بەدیل و ئەڵتەرناتیڤی حیزبەکانی دەسەڵات دەزانێت. قسە لەسەرئەوە نییە ئەوەی بەرنامەی حیزبە کۆمۆنیستەکان ڕاست نییە، قسە لەسەر ئەوەیە کەنەیان توانیووە وەڵامی ئەوپرسیارە بدەنەوە کە بۆچی نەتواندراوە سنوورەکانی دێگەڵە و هەولێر ودهۆک وسلێمانی وکەرکوک وهەڵەبجە تێکبشکێنن لەهەبوونی کاریگەرییان لەبەستنەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ کاروچالاکی گشتی سەراسەری لەتێکۆشانی یەکگرتووانەو هەماهەنگکاری و هاوپشتی دا؟؟! پێویستە هەرچی زووترە ئەو کۆدە بکەنەوە کە ئاراستەی کاریگەرییان بەرەو چەقی گۆڕانکارییەکان وەرچەرخێنن. پرسیار ئەوەیە ئایا چۆن دەکرێت بەئیرادەی بەهێزەوە بەرەو ئاسۆیەکی مەدەنی و سۆسیالیستی مل بنێت جگە لە تێکۆشانی یەکگرتووانەو هاوخەباتی بۆ گەشەدان بەبزووتنەوەیەکی جەماوەری کە خەڵکی ناڕازی بنیاتی بنێت هیچ ڕێگایەکی تر لەئێستادا ئیمکانی نییە. لەبەرئەوەی کاریگەری دژەئینسانی حیزبەکانی دەسەڵاتی کوردایەتی بەجۆرێکە کەناخی تاکی هاوڵاتی کوردستان پارچە پارچە کردووە. ئەوان دەڵێن ئێمە لەناو کەشتیەکداین کە هەمووان لەناویدان، واتا حزبەکان بە ئەندامان و کادێران و سەرکردەکانی، لەگەڵ خەڵکدا، لەنێو ئەو پاپۆڕەن، کە ئەوان نەمێنن کەشتی یەکە لەناودەچێت واتە خەڵک لەناودەچیت ئەوان (حیزبەکانی دەسەڵات) بەردەوام خەڵک دەترسێنن. حیزبەکۆمەنستەکان خۆیان بەتێکۆشانی یەکگرتوانە جەماوەرییانە خۆیان بۆ ڕزگاری… کۆمەڵگە کەشتی یەک بنیادبنێنن لە یەکخستنی ناڕەزایەتییەکان و خواستەکانی خەڵکەوە  لەیەک تێکۆشانی ڕێکخراوەیی جەماوەری دا، ئەگەر حیزبە کۆمۆنیست و شیوعی و ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکان  پێکەوە  پشتیوان و هاوکاری گەشەی بزووتنەوەی جەماوەری خەڵکی ناڕازی بێت بەدڵنییایی دەبێ بەهەوێنی هێزێکی بێ وێنەو ئیرادەیەکی هاوبەشی یەکگرتووانە. پێویستە کار لەسەر بەهێزکردن و بەرەوپیشبردنی نارەزایەتیەکان بکرێت بە ئاسۆیەکی باشترو ڕوونتر بە چینی  چەوساوە و کرێکار نیشان بدرێت بۆ خەباتکردن و بەرەوپیشبردنی شۆرشێک کەتێیدا چینی کرێکارو چەوساوە بتوانێت بەماف و ئامانجە ئینسانییەکانی بگات. بەڵام  بەداخەوە حیزبەکان (کۆمۆنیست و شیوعی) یەکان دەیانەوێت چینی چەوساوەو ناڕازی و کرێکار بجوڵێت و دواتر خۆی ڕێکخراو بکات و بانگیان بکات بڵێت وەرن ئێوە ببنە ڕابەرو سەرکردەی چینی کرێکارو ناڕازی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەمەش هەمان کاریگەری حیزبەکانی دەسەڵاتدارە لەسەریان کە نەیان توانیوە دەربازببن لەم قۆناغە.

لە کاتێکدا زۆر ڕوون ئاشکرایە کە دەیان ملیۆن لە خەڵکی عێراق و کوردستان بەدەست هەژاری، و نەداری و نەبوونی لە ڕادەبەدەر و و نەبوونی سەرەتایترین ماف و ئازادی وپێداویستییەکانی ژیان و ژیانێکی ئارام و شاد لە لایەکەوە دەناڵێنن، و لەلایەکی تریشەوە دەوڵەمەندییەکی کەمی بێ وێنەی تاقمێک لە سەرمایەدارانی چاوبرسی و سەرکردەی حیزبەکان و بەرپرسانی باڵای حکومی لەڕێگەی دزی و گەندەڵی پێی گەیشتوون. جیاوازی چینایەتی زۆر گەشەی کردووە، ئەوەش ئاشکرایە ئەم ناڕەزایەتییەی کوردستان و عێراق ناڕەزایەتییەکی چینایەتی یە زیاتر و کە لەئەنجامی  گەورە بوونی زیاتر و قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری وکێشە سیاسی وئیدارییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەرئەنجامی ساڵانی ڕابردوویی دەسەڵاتدارێتی حیزبەکانی کوردایەتی لەکوردستان و حیزبە قەومی ودینییەکان لەعێراق، کە کۆمەڵگەی کوردستان و عێراق بەرەو کاول بوون بردووە و بەپێی ڕاپۆڕتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاستی هەژاری لە کوردستان و عێراقدا لە ٢٠١٨ ەوە چەند قات بەرزبۆتەوە و زیاتر لە سێیەکی خێزانەکان ناتوانن مانگانە ٣٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەدەستبهێنن. حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە زەبر و زەنگ و توندوتیژی و سەرکوتی بێوێنە بەگژ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا چۆتەوە، و لەکە تێیدا سەدان هەزار لە کارمەند و موچەخۆران و گەنجانی بێکار گولەی ئاگرینی ڕاستەقینە و سۆندەی ئاوی ئاگرکوژێنەوە و غازی فرمێسکڕێژی بەرکەوت کە بەجۆرێک بوو لە کردەوەی دژە ئینسانی  پێشینەی نەبووە و بێ وێنەبووە. لەئەنجامی ئەم تێڕوانینەی سەرەوە کە ئاماژەی پێدراوە بۆ دەربازبوون و ڕزگار بوونی کۆمەڵگا، ئەڵتەرناتیڤی شورایی یە، هەروەکو ئێران کەچۆن بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی جەماوەری شورایی هەنگاو بەهەنگاو دەیەوێت مۆری خۆی وەک بزوتنەوەیەکی چینایەتی لەئاراستەکردنی کۆمەڵگای ئێران بدات. سات لەدوایی سات و هەنگاو بەهەنگاو بەرەو پێشەوە دەچێت. بۆڕزگاری کۆمەڵگای عێراق وکوردستانیش باشترین نەخشە ڕێگای ئینسانی تێکۆشانی هاوخەباتییە بۆ هێنانەکایەوە و ڕێکخراوبوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەجۆری کۆمیتەی ئەنجومەن و شورایی شۆڕشگێری کەزۆر ئازادانە خەڵکی ناڕازی بەشداری  لە دیاریکردنی چارەنوسی  خۆی بکات، نەک هەر چەند ساڵ جارێک بەشداربێت لەدەنگدان، بەڵکو بەردەوام ڕاوبۆچونی خەڵک کاریگەری هەبێت لەئاراستەکردنی کۆمەڵگا و دەستنیشانکردن وکاریگەری هەبێت لەسەر بەرپرسان و سیاسەتی ئیدارەدانی کۆمەڵگەدا، هەروەها پێویستە، نەک تەنها خەڵک وەک دەنگدەرێک بەشداربێت، بەڵکو وەک بەڕێوەبەرو بەرپرسی ئەنجامدەر لە کاروبارو چارەنوسی سیاسی کۆمەڵگە بەشداربن. واتە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بە باشترین شێوە نوینەرایەتی بکەن. خەڵک پێویستە وشیارانە کار لەسەر تێکۆشانی بزوتنەوەی شورایی بکات و داهاتوێکی باشتر بۆخۆی مسۆگەربکات. بڕیاردانیش لە شوراکاندا لەکۆتایدا لەسەر بنەمای ڕایی تاکەکانە، بەڵام ڕایی تاکێکی ئەندامی شورا بەتەواوەتی لە ڕای کەسیک کە ئەبێت لە گۆشەگیری وتەنیایی خۆیدا بڕیار بدات جیاواز ئەبێت. یەکەمیان نیشانەی دەسەڵات و ئیرادە و هاوڕایی و هاوچارەنوسی تاکە لەگەڵ ئەوانی تردا، دووهەمیان نیشانەی گۆشەگیری و بێزاری و لاوازی کەسایەتی و بەربەرەکانێی تاکە لەگەڵ ئەوانیتردا. لەهەلبژاردنی پەرلەمان تەنها خەڵک دەنگ دەدات و تەواو هەتا چوارساڵ ئەو ئەندام پەرلەمانە کادیری حیزبی یە و تەنها بەرژەوەندی کەسی و حیزبەکەی لەلاگرینگە، نەک خەڵک هیچ کەس ناتوانێت لای بەرێت و دووری بخاتەوە، واتە دیموکراسی پەرلەمانی بۆکەمینەی سەرمایەداری و سەرۆکی حیزبەکانە، چونکە تەنها ئەوان سوودی لێ دەبینن و بەناوی زۆرینەوە بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەبنە پێشەوە شێوازیکی گونجاوە بۆ کۆکردنەوی پارەو بازرگانی و دەوڵەمەندبوونی خێرای خۆیان و هەژارکردنی زۆرینەشە، ئەمەش بەرژەوەندی خەڵکی کرێکارو هەژارو برسییەکان ناپارێزێت، بەڵکو زیاتر ئاراستەی ملکەچ بوونیان دەکات بەیاساکانی چەوسانەوە وهەژاری و بێکاری زیاتر. هەربۆیە باشترین نەخشە ڕێگای ئینسانی ئەوەیە کە هێنانەدی ماف و ئازادی و خۆشبەختی سەرجەم خەڵکی کرێکارو زحمەتکێش و هەژاران و تەواوی کۆمەڵگا لە گرەوی  ئەڵتەرناتیڤی شوراییدایە کە سیستەم و حکومەتی شورایی و کارو ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵکە لە کاروباری ئیداری و دیبلۆماسی وکارگێری کۆمەڵگەدا. ناکرێت چیتر ڕێگا بدرێت کۆمەڵگە لەناو گێژاوی چەوسانەوەو بێمافی وسەرکوت و هەژاری و بێکاری ڕابگیرێت، گەنجان و لاوان و تەواوی خەڵکی کوردستان ئەرکیان بەرەو هێنانەدی ئاسۆیەکی نوێ بە لەگۆڕنانی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە ملهوڕو چەوسێنەرو کۆنەخوازە هەنگاوی کرداری بنێن بەڕێکخراوبوونی خۆیان لەناو بزوتنەوەی شوراکانی خۆیاندا، کە بەئیرادەیەکی بەهێزەوە کۆمەڵگەیەکی باشترو دوور لەچەوسانەوە بەدی بهێنن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.